هه‌ر کاتێک به‌رهه‌م ساڵح ده‌رده‌که‌وێت، هه‌ڕاجکردنی نیشتیمان خۆی نمایش ده‌کات!

Saturday, 26/01/2013, 12:00

1996 بینراوە


ئەمڕۆ چەند کەس لەگەڵ تەرمەکەتدا بۆ گۆڕستان رێده‌کات، ئەوە نابێتە مێژوو بۆ سبەینێت "نووسراوی سەر تابوتێک".

بەرهەم ساڵح دەڵێ: تاکو ئێستا چاکسازی گاڵتەقینە بووە.
کەچی ئۆپۆزیسیۆنە نەخۆشەکە بەدەمیه‌وە پێدەکەنێ.
ئێوە بازرگانن، یان سیاسی؟ خۆتان ساغ بکەنەوە، ئایا دەتوانن دەستبەرداری یەکێکیان بن؟

لەکەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە د. بەرهەم ساڵحم دی قسەی دەکرد، من لەجیاتی ئەو کاکەیە گیانم بوو بە ئارەق، ئه‌و رۆژه‌ و ئەو قسانەم بیرکه‌وته‌وه‌، کە لەماڵی شەهید رێژوان لەبەردەمی خێزانه‌ کۆستکەوتووه‌که‌ی شارەکەیدا بۆیان دەدوا و پەیمانی پێیان دەدا. وا دیسان ئەمڕۆش هەمان قسە به‌بێ کەم و کوڕتی دەجوێته‌وه‌ لەبەردەم ئەو مێدیایانەدا به‌و په‌یمان و قسانه‌وه‌ ده‌په‌یڤێت، کە هیچ کام له‌ میدیاکان ئه‌و ئازایەتیه‌یان تێدا نەبوو به‌ شێوه‌یه‌یک له‌ شیوه‌کان بیده‌نه‌وه‌ به‌ڕوویدا!  یان هێندە ترسنۆک و نەخوێندەواربوون، بەو بێ بەرهەمە بڵێن ئەرێ شتێکی تر نازانیت بیڵێیت؟ تۆ هەموو ڕۆژێک هه‌مان قسه‌مان بۆ ده‌که‌یت! چاکترە بڵێم هەموو ژەمێک به‌رهه‌م ساڵح کە دەردەکەویت هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌ڵێت، که‌ دەیڵێتەوە، بێ ئەوەی شەرم لە خۆی بکات.
جگه‌ له‌وه‌ش به‌ بێ ئەوەی یەک ووشەی تاکو ئێستا خستبێته‌ بواری جێبەجێ کردنەوە:



کاتیکیش نێچیر بەو کوردییە تێک شکاوەکەی قسەی دەکرد، بەرهەم ساڵح سەری بۆ دەلەقاند و پیاوە ڕیش بۆزەکەش گفتی شیرینی دەبەخشییه‌وە، من ووتم ئیتر شتێک لەو نیشتمانە داگیر کراوەی ئێمەدا نەماوە ناوی ئۆپۆزیسیۆن بێت .

من سێ - چوار کەسایەتی دەموچاو ناشرین هەیە، کە لە شاشەی تێڤێکانەوە دەیان بینم، بەدەست خۆم نییە نامەی نووسەری گەورەی ئازەری "سەمەدی بێهرەنگ"م بیردەکەوێتەوە، کە بۆ هاوڕێیەکی نووسیوە، تێیدا باس له‌ شای ئێران دەکات، که‌ ده‌ڵێت هێڵنجم بەقسەکانی شای ئێران ده‌هات، بەڕاستی منیش هێڵنجم بەقسەی ئه‌مانه‌ دێت: (د. فواد حسێنی قسەکەری مەسعود. نێچیر بارزانی، جەبار یاوەر، عیماد ئەحمەد و مەسعود بارزانی) ئه‌مانه‌ چونکه‌ له‌ ناخه‌وه‌ له‌ کوردبوون دوورن، بۆیه‌ به‌ زمان و ئاخافتن و قسه‌کانیان تێده‌گه‌یت، که‌ کوردیان خۆش ناوێت و به‌زۆزر خۆیان به‌سه‌ر کوردبووندا سه‌پاندووه‌! هێندە ناشرین بەکوردی قسە دەکەن لەناخەوە شەرم لەکورد بوونی خۆت دەکەیت، که‌سێک نییه‌ پێیان بڵێن بابە بڕۆن خۆتان فێری کوردی بکەن. ئه‌گه‌ر دایکتان کورد بووه‌، بە زمانی دایکتان قسەبکەن بەو زاراوەیە قسە بکه‌ن کە شەرم لە خۆتان دەکەن پێی بدوێن .

بێینەوە لای بەرهەم ئەو کەسەی وەک مامە پەکەوتۆکەی ڕۆژەکان وەک پینەدۆز بەیەکەوە پینەیان ده‌کرد و لەهەموو دەرکەوتنێکدا به‌رهه‌میش کۆمەڵێک پەیمان دەدات.
لەم ڕۆژانەدا ووتارێکی خوشکە "گەزیزە"ی هونەرمەندم خوێندەوە لە سەر ئەنشتاینەکانی کورد (داهێنه‌ره‌کان)، ئەو خانمە باسی بەرهەم ساڵح دەکات، کە لە کاتی هەڵبژاردنەکەدا زەنگی تەلەفۆن بۆ گەزیزە لێدەدا و پێی دەڵێ:
(ئێمە چەند گەزیزەمان هەیە!؟ تۆ داواکارییه‌کانت بنووسە و بۆم بنێرە لە چاو تروکانێکدا جێبەجێ دەکەم، ئەوە پێنج ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ته‌له‌فونه‌دا رۆیشت، گەزیزە دەڵێ هەر پەیوەندیشی پێوە نەکردمەوە).



ئه‌م به‌رهه‌مه‌ی راستگۆیی له‌ مه‌زهه‌بییدا نییه‌!

کاتێک سەردانی ماڵپەڕە کەی بەرهەم ساڵحم کرد،  هەسم بەوەکرد ئەم کاکەیە ڕابردووی نییە، چونکە دوای بەربوونی لە زیندان، کە ئه‌م زیندانییه‌ش بۆخۆی چیرۆکێکە، رابردووی به‌رهه‌م تەم و مژاوییه‌! ئاخر چۆن له‌سه‌رده‌می سه‌ددامدا بەبێ ئەوەی لێبوردن هەبێت لەلایەن بەعسییه‌کانەوە لە زیندان مەرەخەسی ده‌که‌ن؟ چۆن یه‌کسه‌ر لە زیندانەوە به‌ناوی خوێندنه‌وه‌ ره‌وانه‌ی لەندەنی ده‌که‌ن؟


به‌رهه‌م ساڵح لە ڕێگەی بەغدادی تاوانەوە دەچێتە لەندەن و لەوێش چێدەکات، دیسان ئه‌مه‌ش بەتەم و مژاوی هه‌ر ماوەتەوە و بۆ خۆشی باسی هیچیان ناکات، کە لەعورفی دنیادا وایە کەسێک بێتە ناو دنیای سیاسەتەوە، یان هەر کارێکی تر بکات، دەبێ سیڤییه‌که‌ی به‌ خەڵک ئاشنا بکات، بەڵام دەڵێن له‌ ماڵی بارزانی کۆمەڵێک دیکۆمێنتیان له‌سه‌ری کۆکردۆته‌وه‌، بۆ رۆژی ره‌شی خۆیان و به‌رهه‌م دایان ناوه‌، تا له‌ کاتی پێویستدا بیده‌نه‌وه‌ به‌ چاویدا! ئیستا وه‌ک ده‌ڵین به‌رهه‌م ژێر به‌ژێر بۆته‌ کۆیله‌ی ماڵی بارزانی، یه‌کێکه‌ له‌وانه‌ی له‌ کاتی نه‌مانای تاله‌بانییدا گومانی ئه‌وه‌ی لێده‌کرێت یه‌کسه‌ر به‌بێ مه‌رج بچێته‌ باوه‌شی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و پارتییه‌وه‌! له‌ ئیستادا سه‌ری زۆر بۆ شۆڕکردوون. لە دوای نەخۆشییه‌کەی تاڵەبانی، بەرهەم ساڵح پێیەکی لە سلێمانییە و پێیەکەی تری لە هەولێره‌، با له‌ بیریشمان نه‌چێت له‌ دایکه‌وه‌ نێچیره‌ڤان و به‌رهه‌م بۆره‌ خزمایه‌تییه‌کیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش شلبوونێکی تره‌ بۆ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی.

ئێمە سیڤییه‌که‌ی به‌رهه‌م وادەخوێنینەوە:

- دوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991 کەسێک لە قوتابخانەیەکی پڕگومانەوە هاتۆتەوە نیشتمان و بۆتە سیاسەتمەدار لێمان.

- ئه‌م که‌سه‌ گوماناوییه‌ باوەش دەکات بەعەرەبە شۆڤێنییه‌کاندا!

- ئەمەریکییه‌کان لە ئامێز دەگرێ.

- لەحزوری ئیسلامییه‌کاندا به‌  بێ دەستنوێژ لە مزگەوتەکاندا خوتبە دەدات. من بۆ خۆم لە مزگەوتی بەختیاری گوێم لێ بوو قسەی دەکرد.

- لەسەر گۆڕستانی شەهیدان بێ ئەوەی لە حزوری شەهیداندا شەرم بیگرێ قسەدەکات.

- لەکۆنگرەی ١٣ی بنەماڵەدا بۆ شڤان پەروەرێکی خۆفرۆش سەر دەلەقێنێت.

- لە نێوان مەسعود و نێچیردا، دێتەوە سلێمانی و دەبێتە شایەر لەگەڵ عەزیز وەیسی ئیتلاعاتدا.

- لە هەڵەبجە بەزمانێکی ناشرینی عەرەبی خیتاب دەدەت.

- وا ئه‌مڕۆش بەوە ناوەستێ بۆ ڕازی بوونی ئێرانییه‌کان مزگەوتی حوسەینییەمان بۆ دەکاتەوە لە سلێمانی.

سه‌یر بکه‌ن به‌رهه‌م ئەم نمونه‌یه‌مان بۆ بەرهەم دەهێنێت.



- جگه‌ له‌وه‌ به‌رهه‌م نەوت ئاودیو دەکات.

- لەقەرەداخ و شەدەڵە هەزاران دۆنم زەوی داگیر دەکات.

- گردێک بەرامبەر شوقەکانی کارێزەوشک داگیر دەکات، دەڵێ لاسایی نەوشیروان دەکەمەوە، من خەڵکی ئێرەم، هەزاران جار بۆ پیشۆک کردنه‌وه‌ هاتووم بۆ ئەم گردە با بارەگاکەم لێرە بێت.

- بەعسییەک دەکات بە بەرپرسی دەزگای خەندان، دەڵێت: کارکردن لەگەڵ بەعسییه‌کاندا ئاسان ترە.

- گەورەترین خیانەت ئه‌م به‌رهه‌م ساڵحه‌ کردی و که‌م که‌س پێی ده‌زانێت، کردنەوەی قوتابخانەی کەرتی تایبەت و قوتابخانەی تایبەت بوو، کە ئیتر لە نیشتمانی ئێمەدا خوێندن و پەروەردە ئیفلیج بوو، بۆ ئەوەی زانست و خوێندەواری هێندەی تر ڕیسوا بکەن ، کەچی کوڕ و کچەکەی خۆی لە ئەمەریکا خراونەتە بەر خوێندن.

- بەرهەم بەوەوە نەوەستاوە لە سنوری سلێمانی بازرگانی جگەرە دەکات لە ڕێگەی براکەیەوە خراپترین جگەرە دەهێننە ئەم ووڵاتەوە، بۆیە ژمارەی قوربانییه‌کانی شێرپەنجە تا بێت لە هەڵکشاندایە.

- لە ڕۆژەکانی ١٧ی شوبات و دواییدا بەرهەم زیڕه‌ی کردبوو، هەموو ڕۆژێک دەچووە هەرجێگەیەک دەیووت بەڵا ڕووی لەم ووڵاتە کردووە، لە ناو ئۆتۆمۆبیل و لای حیمایەکانیشی دەیووت تۆ بڵێی خەڵک لێمان خۆش بێت؟ کەسێک بۆی گێرامەوە کە بەرهەم ووتبووی بەس لەم ئەزمەیە ڕزگارم بێت، هەر واز دەهێنم و دەچمە دەرەوەی ووڵات دادەنیشم و ناشڵێم کوردیشم.

- دوای داگیر کردنی بەردەرکی سەرا و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران، بەرهەم هه‌موو ئه‌و پیاوانه‌ی سه‌ر به‌ دەزگا سەرکوتکەرەکان بوو، خەڵاتی کردن.

- لەم ڕۆژانەشدا به‌رهه‌م بووە بە نوێنەری مەسعود بارزانی لەگەڵ نێچره‌واندا و ڕوو لە دەروازەی به‌ ناو ئۆپۆزیسیۆنەکان دەکەن. من دەڵێم هەر ئەوەی، که‌ بەرهەم و نێچیر دێن و قسەدەکەن، ئەوە ئیتر مانای وایە هیچ ناکرێت و بانگەوازی مەرگی ئۆپۆزیسیۆنیشە.

 بەرهەم کاتێک دەردەکەوێت ئیتر پلانی هەراجی نیشتمان خۆی نمایش دەکات .و مەترسی ڕاستەقینە لە دەرکەوتنی ئەم کەسانەوە دەردەکەوێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە