ئەگەر تۆ ١١ساڵ پێشمەرگە بوویت، مەهێڵە عیماد ئەحمەد بێتە ماڵەکەت !

Friday, 05.18.2012, 12:00

1847 بینراوە


هیچ کەس وەک عیماد ئەحمەد لێزان نییە، لە هەموو شوێنێک شەنی خۆی لەگەڵ هەموو بایەکدا دەکات، لەوەتای کابینەی حەوتەم پێکهێنراوە، عیماد هەموو ڕۆژێک لەمێدیاکانەوە دەردەکەوێت، زوو زوو بەکوردیە تێک شکاوەکەی قسەی هەلەق بەلەق دەکات و لە نێوان دوو قسەیدا قسەیەکی پوچی بەدەمەوە گرتوە، سڵاوی نێچیری وەستای بەخەڵکی دەگەیەنێت، وەک ئەوەی نێچیر کەسایەتییەکی خۆشەویست بێت، لە رێگای ئەوەوە خۆی خۆشەویست بکات، بەڵام ئێمە تێدەگەین کە مەبەست لەمە ئەوەیە ئەو پەیامەیە، کە بە بنەماڵەی مەلا مستەفا بڵێت خزمەتیی خۆم لەناو یەکێتییەوە دەگوێزمەوە بۆ لای پارتی، ئەوا ئەمە کلیلی بەختی ئەم پیاوەیە کە لەڕێگەی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە بەکورسی بەخت گەیشتووە. دوێنی لە شارەوانی سلێمانی لەبەردەم دەیان مایکرۆفۆنی ناشریندا ووتی: (ئێمە کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو دادەنێین) لەکاتێکدا پرسیار ئەوەیە داخۆ عیماد بۆ خۆی کەسی شیاوە بۆ ئەو پۆستە؟ گەر ئێوە شیاون فەرموون لە کەژاوەی ئۆتۆمۆبێلە ڕەسمییەکان دابەزن و حیمایە قات لەبەرەکان دەربکەن، ئەو کەسە پوچانەی بوونەتە سێبەرتان و وەک سەگێکی بەوەفای ئێوە خەڵک دەپشکن و دەست بۆ پشتی سمتیان دەبەن و پەیامی ئەوەمان دەدەنێ کە بقەومێ تەقە دەکەین.
خۆزگە ئەو کەسانەی، کە خۆیان بەدێرین دەزان، کە من باوەوڕناکەم کەسێک پێشمەرگە بووبێت ئیتر دێرین بێت، پێشمەرگە ئەو کەسەیە، کە پیر نابێت، ئەوە دەسەڵاتی کوردییە ڕەوەی خۆفرۆشانیان تێکەڵتان کرد و بۆ جیابوونەوەتان ووتیان ئێوە دێرین و جاش، ئیستخبارات، ئەمن و ئەنفالچییەکانیش پێشمەرگەی نوێن، ئێوە دێرینن ئەمانیش نوێ.
لە دوای رزگاربوونی جەزائیر، یەکێک بە براکەی خۆی دەڵێت، کە کاتی خۆی یەکێک بووە لە شۆڕشگێڕە جەزائیرییەکان و ناوی خالید بووە: خالید مادام لێرەیت شتێک داوا بکە، ئەی تۆ شۆڕشگێڕ نەبوویت؟ قۆڵێکت لەم شەڕەدا دانەنا ؟ داوای دوکانێک بکە بۆ بازرگانێتی بشێ. داوای پارچە زەویەک، یان لۆرییەکی بار بکە، هیچ داوایەکت ڕەت ناکەنەوە. مافی خۆتە. خۆئەگەر ویستت بۆ منی دابنێ تاسودێکی لێببینم و خۆم و منداڵەکانمی پێبژێنم. ڕێزی تۆ دەگرن و دەشت ناسن، بەڵام کەس من ناناسێ، شێتیە ئەگەر مافت لەم نیشتمانە وەرنەگریت. خۆ خێرت پێناکەن، خەڵکی وا بڕوانامەی خەباتگێڕی پێیە، کە هیچ پەیوەندی بە شۆڕشەوە نەبووە، بڕوانامەی تۆ بە لەشتەوەیە.
ئەمە گفتوگۆی پێشمەرگەیەکی بێقۆڵی جەزائیریە لەگەڵ برایەکیدا کە خەونی ئەوەی هەیە لە ڕێگەی برا هونەرمەندە بە هەڵوێستەکەیەوە بە غەنیمەی دزراوی وڵاتەکەی دوای شۆڕش بگات، لە ڕۆمانی (بیری لەش) کە خانمی ئەحلام مستەغانمی نووسیوێتی، هەموو جارێک دەڵێم ئەی لە کوردستان و دوای شۆڕش ئێمە چەند خالیدمان هەیە ؟ بریا هەموو ئەو کەسانەی ناویان لێناوە دێرین و پێشمەرگە، ئەو ڕۆمانەیان دەخوێندەوە بۆ ئەوەی ئیتر ڕاکە ڕاکە نەکەن بۆ سواڵکرن .
من ڕەفتاری ئەو پێشمەرگە ١١ساڵەیە، لە ناخەوە هەڵی تەکاندم، بێزم لە ڕۆژەکانی شۆڕش و سەرفرازی و هەڵزنان بەچیادا دەکردەوە. بەچۆکدا هاتم و ئیستاش داوای لێبوردنم لەهاوڕێ و هاوخەباتە شەهیدەکانم دەکەم، کە ئەوان شەهید بوون بەختەوەربوون، چونکە پێشمەرگەیەکی بەناو ١١ساڵەیان نەبینی، کە چۆن حیمایە خرپنەکانی ئەم دەسەلاتە دەیانپشکنیی، وەرە سەیر بکە، عیماد ئەحمەدێک ... پیاوێکی ڕاکردوو لە سەربازیی ببینن، ئەو پیاوەی کە کەسمان نەمانزانی چۆن گەیشتە ئەو پۆستە باڵایەی، کە ئەمڕۆ بەناو پێشمەرگە دێرینەکان بەدوای تۆزی ئۆتۆمۆبێلەکەیدا ڕادەکات و دەقیژێنێت و هاوار دەکات! ئاخۆ داوای چی لێدەکات! ئەی کە ئازارم خوارد لە ناخەوە.
عیماد ئەحمەد دەڵێ: من لەبەر ئەوەی دوانەکەوم ئەو پیاوە دێرینەم نەدیوە، ئەی لەو قارەمانە نەیزانی چۆن حیمایە قات لەبەرەکان چۆن وەک گورگی برسی کابرایان دۆشی، پیاوە دێرینەکەیان پشکنی، ئەی عیماد تۆ خۆ چاویلکەی ڕەشت لەچاودا نەبوو بۆ لەحیم کردن؟ چۆن ئەو ڕووداوەت نەدی؟ یان ترسایت ئەوە داوێک بێت بۆت نرابێتەوە، نا مەترسە چونکە سلێمانی ئاسۆی دەلاکی تێدا نەماوە، ئێوە ئەوانەشتان بەخۆتانەوە ناشرین کرد، ئاخر کاکی دێرین گەر تۆ بەناوی پێشمەرگەوە قسەت نەکردایە، لام چاکتر بوو، چونکە کەسێک پێشمەرگە بێت ئاوا ڕاکە ڕاکەی نابێت بەدوای کەسێکی بەرپرسدا کە لە سێبەی خۆشی دەترسێت.
دەچمەوە لای ڕۆمانەکەی ئەحلام و بیری پێشمەرگە کانی دەهێنمەوە وەک خالید ڕوو لە بەرپرسەکان بکەن بڵێن:
گەر بەوردی بیخوێنایەتەوە، بەوشانازیەوە سەیری بکوژەکانی نەدەکرد و خەونیشی بەپلەیەکی پایتەخت و ئۆتۆمۆبیلێکی جوانترەوە نەدەبینی، پێشوەخت تفی لە ڕووی بکوژەکانی دەکێشا. . . جوێنی وای پێدەدان بەکەسی نەدانێت، لە زەماوەندەکاندا قایل نەدەبوو تەوقەیان لەگەڵدا بکات، دەیووت:
"گەوادینە. . دزینە. . پیاوکوژینە. خوێنیشمان نادزن. هەرچی دەتانەوێت گیرفانی لێ پڕبکەن. . حسابەکانیشتان بەهەر پارەیەک بێت، کە دەتانەوێ. . خوێن و بیر بۆ ئێمە دەمێنێتەوە، هەر بەو دوانەش سزاتان دەدەین. . بەوانیش ڕاوتان دەنێین، ئەم نیشتمانە سەر لەنوێ ئاوادان دەکەینەوە " خالید ئاوای بە حەسانی برای ووت.
جا هیوادارم پێشمەرگە ١١ساڵەکە ببێتە خالید و سبەینێ عیماد ئەحمەداکان دەربکات لە ماڵەکەی، دەرگاکەی کڵۆم بدات، شانسی ئازایەتی و نەمری یەک جارێک دێن، با پێشمەرگە ١١ساڵەکە گەر بەڕاستی پێشمەرگە بووە بیرێک لە کەسایەتی هاوڕێ شەهیدەکانی بکاتەوە، ئەوان گیانیان بەخشی، ئێمە با واز لە سواڵکردن بهێنین، چونکە من لەوە بەئاگام کە تۆ نمونەکانی وەک تۆ، خۆیان بەغەدر لێکراو دەزانن، لەوە داماوی تر نییە مرۆڤ خۆی بە کەسی تر بە راورد کات، دەسەڵاتی کوردی ٢١ساڵە لە سەر تێکشکاندنی کەسایەتی کورد کار دەکات، ئاخر پێشمەرگە جوانترین روخساری شۆڕش بوو، بەڵام ئیستا ئەوان کەسایەتی پێشمەرگەیان ڕووت کردەوە، ئەوەتانێ کەسێک ئامادە بووبێت بەقسەی خۆی ١١ساڵ پێشمەرگە بووبێت، چۆن ئەو هاوار هاوارە دەکات تا بەر پرسێکی گومان لێکراو ببینێت.
گەر دەتەوێت بەڕاستی پێشمەرگە بیت و ئەو ناوە لەکەدار نەکەیت، سبەینێ مەیەڵە عیماد ئەحمەد بێتە لات یان بچیتە لای!
********************

********************