ئەیاد حوسێن: هاوپەیمانى كوردستان پارەى نەدامێ

Saturday, 27/03/2010, 12:00

2502 بینراوە


ئەیاد حوسێن بە مەبەستى بەشداریكردنى لە چەند بەرنامەیەكى هونەرى كەناڵە كوردییەكان گەڕایەوە كوردستان و لە شارى هەولێر بەشداریشى لە ئاهەنگى لیستى هاوپەیمانى كوردستان كرد، بەڵام لە دیمانەیەكیدا ئەوە رەتدەكاتەوە، كە ئەو لیستە پارەى پێدا بێت، گوتى "لیستى هاوپەیمانى كوردستانى یەك دینارى نەداوە بەمن، هەشە هاوكارى دەكرێ، بەڵام من پێموایە لیستى هاوپەیمانى كوردستان هى جەماوەرى كوردستانە و لیستێكى دیكەش هەبێ هەموویان ئامانجێكیان هەیە، ئەویش خزمەتكردنە بەكوردستان و خەڵكى كوردستان". ئەوەش دەڵێ هەر لیستێك بزانێ خزمەت بە كوردستان دەكا، وەك هونەرمەندێك ئامادەیە هاوكارى و پشتگیرى بكا، بێ هیچ مەرج و بەرامبەرێك.
ئەیاد حوسێنى گۆرانیبێژ، كە یەكەم ئەلبوومى لەساڵى 2003 بە ناوى (فریشتە) و دووەم ئەلبوومیشى بە ناوى (نامە) لە ساڵى 2007 خستە بازاڕەوە، لە دیمانەیەیدا باس لەوە دەكا، لەبەغدا لە دایكبووە و ئامادەش نییە ساڵى لە دایكبوونى خۆى ئاشكرا بكا، بەڵام گوتى "لە گەڕەكى تەیراوە و ئیبن مستەوفى شارى هەولێر گەورە بوویمە"، ئەو ئاماژەشى بۆ ئەوە كرد، دواتر بە هۆى شەڕى براكوژى كوردستانى جێهێشتووە، كە هەرچەندە چواردە ساڵە لە وڵاتى سوید دەژى، بەڵام هەمووكات هەست بە غەریبى خۆى دەكا و گوتى "من لەساڵى 1996 كوردستانم جێهێشت، دیارە ئەوكات وەزعى كوردستان زۆر سەخت و ناخۆش بوو، سەرەكیكترینیان شەڕى براكوژى بوو، كە هەمووانى نیگەران كردبوو، تەنانەت ئەوكەسانەى بەشدارى شەڕەكەشیان كردبوو، ناچاربوون كوردستان جێبهێڵن، ئەگەر كوردستان وەك ئەمڕۆى كوردستان بووایە، قەد بیرم لەوە نەدەكردوە جێی بهێڵم"، ئەیاد ئەوەش دەخاتەسەر قسەكانى، كە دواى چواردە ساڵ مانەوەى لە وڵاتى سوید ئێستاش هەست بەغەریبى و بێتاقەتى خۆى دەكا، پێشیوایە دوورەوڵاتى بەربەستەكانى بەردەم هونەرى ئەوی قورستر كردووە، لەبەرئەوە پێى خۆشە بگەڕێتەوە كوردستان، دەڵێت "هەرچەندە چواردە ساڵە لەوڵاتى سوید نیشتەجێم و قۆناغە سەختەكانى وەك فێربوونى زمان و خوێندن و كاركردن و تێگەیشتنم بڕیووە، بەڵام لە دوورەوڵاتیدا زۆرجار تووشى مەواقیفى وادەبى، بە بیرم دەهێننەوە، كە من لێرە هاووڵاتییەكى نمرە دووم، واتا پێم دەڵێن ئێرە وڵاتى تۆ نییە، حاڵەتی وات نیشان دەدەن، هەست بەغەریبایەتى دەكەى، بە تایبەت بۆ كەسێكى وەك من، كە لە بوارى هونەر كار دەكا، ئەوەش كاریگەرى راستەوخۆى دەبێ لەسەرت، واتا ناتوانێ هەموو ئەو ئامانج و كارانەى تۆ دەتەوێ ئەنجامیان بدەى، بۆت بچێتەسەر". لە بارەى ئەو گلەییانەى هونەرمەندانى ناوخۆ، كە پێیانوایە زۆربەى هاوكارییەكانى حكومەتى كوردستان بۆ هونەرمەندانى دەرەوەى وڵاتە، ئەیاد حوسێن گوتى "راستە هونەرمەندانى دەرەوە زۆر سوودمەندى هاوكارییەكان بووینە، بەڵام دەبێ بزانین ئەو هاوكاری و پارەیە بە كام هونەرمەندى دەرەوەى وڵات دراوە؟ من خەڵكى شارى هەولێرم و چەندین ساڵە كارى هونەرى دەكەم و بەشداریشم لە زۆربەى بۆنەكانى كوردستان كردووە، بەڵام تائێستا حكومەت پێمى نەگوتووە: فەرموو ئەو هاوكارییە، یەكجار داوام كرد و رەفزیان كرد"، ئەو گۆرانیبێژە ئەوەشى نەشاردەوە لە سەردانى ئەمجارەیدا بڕێكى كەم هاوكارى كراوە، كە بەقسەى خۆى "ئەو پارەیە بەشى بەرهەمهێنانى دوو گۆرانى ناكات".
ئەو هونەرمەندە گلەیى لە كۆمپانیاكانى كوردستان هەیە، كە پێیوایە لەبەر گرنگیدان بەهونەرمەندانى بیانى، هونەرمەندانى كوردیان فەرامۆش كردووە، ئەیاد حوسێن گوتى "باوكێك ئەگەر منداڵەكەى برسى بوو، دەبێ پێش هەموو شتێك منداڵەكەى خۆى تێربكا، ئینجا خێر بداتە دراوسێى، بەڵام خەریكە لە كوردستان وای لێهاتووە، كە خزمەتەكە بۆ گۆرانیبێژانى بیانییە و ئەوانەى خۆشمان فەرامۆش كراون، كە خۆمان هونەرمەندى زۆر بە توانامان هەیە، شیاوى ئەو خزمەتەن، ئەگەر من بە عەرەبى و توركى گۆرانیم بگوتبایە، ئێستا حیسابی من لە شوێنێكى دى بوو، بەڵام لەبەر كوردایەتى و وڵات و شارەكەى خۆم ئەو كارەم نەكرد".
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە