مەلا مووچه‌خۆره‌کانی لقی چواری پارتی !

Saturday, 06/08/2011, 12:00

1617 بینراوە


کاتێک کاک ئەحمەدی شێخ خەریکی کڕینی کیلۆیەک هێلکە دەبێت ، دیارە لەو زەمانەدا هێڵکە کێشراوە ، کاک ئەحمەدی شێخ لەکاتی کێشانەکەدا ڕووی وەر دەگێڕێ هاوڕێکەی پێ دەڵێ بۆ ڕووت وەر دەگێڕێ دەڵێ: نەک گوناهباربم. شێخ مەحمودی نەمریش بۆ تاقیکردنه‌وه‌ بە وەزیری داراییەکەی خۆی (کەریمی ئەلەکە) دەڵێ: کە بۆچی نابێته‌ موسڵمان لە وەڵامدا بە شێخ دەڵێ ئەگەر موسڵمانەتی وەک تۆ بێت ئەوە بۆم ناکڕێ، ئەگەر وەک خەڵکیش بێت ئەوە نابم، هەر بەگاوری دەمێنمەوە ، ئەو مرۆڤە  جوانەی کە ژیانی هەزاران کەسی لەبرسێتی ڕزگار کرد.
کوردستان پڕێتی لە نمونەی بەررزی مەلای دینی و ئەوانە کەسانێک بوون لە مێژوودا جێ دەستیان دیاربوو ، کەسمان ناتوانین ئەو مەلا جەوامێرە فەرامۆش بکەین کە بەقورئانەکه‌یه‌وە ڕۆیشت تاسوپا جەلادەکەی بەعس نەیەنە گوندەکەوە، ئەفسەرە ترسنۆکه‌که‌ مەلا و قورئانەکەی خەڵتانی خوێن کرد ، بەندە قەت ناتوانم ئەو مەلا ئازایە فەرامۆش بکەم، کە بەیانییەک لای هەریر لە گوندی سیساوە دەلیلمان بوو بەدەمانچەیەکی سمسەوە، کە دنیا ڕووناک بویه‌وە مێزەرەکەی بەست و دەمانچەکەی کردە بەرپشتێنەکەی و بەرەو مزگەوتەکە ڕۆی بۆ بانگدان.
ڕابەرانی دین دەبێ نمونەی خەڵکانی جوان و دەست پاک بن، سەیری ووڵاتی ڤێتنام کە سەرکردەیەکی ڕۆحی خۆی دەسوتێنێ
له‌ ساڵی 1963 دا(سیش کانگ دۆک) زه‌عیمی روحی بوزییه‌كان له‌ باشوری ڤێتنام، خۆی سوتاند بۆ ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له‌ سته‌مه‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌ی حکومه‌تی ئه‌و کاته‌ی فێتنام، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو (سیش كانگ دۆك) له‌ ناو ئاگره‌كه‌دا تا كڵوكۆی دامركا و به‌ته‌واوه‌تی سوتا ‌ده‌نگێكی لێ به‌رزنه‌ بوویه‌وه و جوڵەشی بۆ نەکرد.
ئێمە بەئێوەی زانای دینی ناڵێین لە تاو ئەو هەموو نا بەرابەری دزیی و تیرۆرە خۆتان بسوتێنن ، چونکە ئەوە ئێوە نین بتوانن ئەو کارە جوامێرییە بکەن، پێتان ناڵێین وه‌کو کاک ئه‌حمه‌دی شێخ بکه‌ن، نه‌تانه‌وێت ده‌ستی دزێک ببینن، پێتان ناڵێین وه‌کو شێخ مه‌حمود داوا له‌مه‌سیحییه‌کی جوان بکه‌ن، که‌ ببێت به‌ ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ی ئاینه‌که‌ی پێ رۆشنتر و جوانتر بکات، ده‌زانیین ئێوه‌ی ناپاک به‌ ئاینه‌که‌تان، ئێوه‌ی بازرگان به‌ ئاینی ئیسلام و بیروباوه‌ڕتان نابن به‌و که‌سایه‌تییه‌ جوانانه‌، لایەنی کەم دەتوانن لە لوقمە نانی ئێمە، کە دزراوە وەری مەگرن و مه‌یخون. ئەوە چ ویژدانێکە لقی چوار جگە لە جاسوسیی و ته‌قه‌کردن بە (بی کەی سی) گه‌نجه‌کانمان دەکوژن و فەسادی دەکەن ، ئێوەی ڕابەری دینیش لە دەرکی پشتەوە دوای دەستنوێژ هەڵکردن و زکر و ئایەت ده‌خوێندن دەچن له‌و ده‌سته‌ تاوانبارانه‌ 200 هەزار دینار وەردەگرن؟ ئه‌وه‌ چ شەرمەزاریەکە بۆ ڕابەرێکی دینی دز بێت،  قبوڵی بێت نانی دزیی و لوقمی داماوان نۆش بکات؟ ئەی لەحزوری خوادا وەڵامتان چی دەبێت ، کاتێک ئەم هەواڵە بڵاو بوویه‌وە، من وەستام و ووتم ئەمە زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێ ،چونکە ئیستا مانگی ڕەمەزانە و خەڵکی زیاتر سەرگەرمی ئەرکە دینییه‌کانیانن ، بەرۆکی ئەو 309 مەلا ساختەچییە دەگرن، کە پایامی دینیان هەڵگرتووە و دزیشمان لێ دەکەن .

جاران دایکم بە تامەزرۆوە نانی بەفەقییه‌کان دەدا، کە بەقوڵینەیەکەوە دەهاتن نانیان کۆدەکردەوە و دایکم لەدەمی ئێمەی دەگرتەوە دەیدا بەوان ، ئێمە هیچ لاریمان نەبوو ، ئیستا ئەوانە هەموویان مەلان نازانم ئەو فەقێیانەن، کە نانی ئێمەیان دەخوارد؟ ئەگەر وابێت ئەوە بەدەردتان بێت، چونکە ئێمە بەدەیان شەو بەبرسێتی لەناو جێگەدا گنگڵمان دەدا ، سەمەرەیە لە نیشتمانی ئێمەدا موڕاڵ چۆتە قاتی، هەر ڕابەری دینی مابوو، که‌ تۆزێک هیوامان لەسەریان بوو، ئەوانیش بوونه‌ مه‌عاشخۆری خوێنڕێژی گەنجەکان. داوەشین باشترە.

هیوادارم بتوانرێ ناوی هەموو ئەو ساختەکارانە تۆماربکرێت و بڵاوبکرێته‌وه‌، خەڵکی ئیتر لەدوای ئەو دزانەوە نوێژ نەکەن و ئیتاعەتی خوانەکەن و مزگەوتەکانیان لە سەر کڵۆم بکەن.
ئەو مه‌لا ڕیسوایانەی دزیمان لێدەکەن، وەزارەتی ئەوقافیش دەبێ بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە