داود ئۆغڵۆ لە ئامەد بۆمبەکانی دەبارێنێت ..

Sunday, 05/08/2012, 12:00

1310 بینراوە








داود ئۆغڵۆ لە ئامەدەوەدێت و لە باشوری کوردستان باسی ئازادی دەکات ، لە ئامەدەوە دێت و دەچێتە کەرکوک بۆلای چەند هەزار تورکمانێك ، هەر لە ئامەدیش ئینکاری بونی زیاد لە بیست ملیۆن مرۆڤی کورد دەکات ، لە هەولێر باس لە ئازادی و کێشەی سوریا و یەک پارچەیی خاکی سوریا دەکات ، لە کاتێكدا کێشەی کورد لە وڵاتەکەی خۆیدا زۆر لەوە گەورەترە کە نایانەوێت باسبکرێت و بەسەریدا دەڕۆن ، لە ڕاستیدا ئەمەیە هەقیقەتی ڕووی ناشرینی شۆڤینیزمی تورکی کە بونی نەتەوەیک ئینکار دەکەن و خۆیان نابینا دەکەن و نایانەوێت وەک هەمیشە دان بە هەبوونی گەلێكدا بنێن ...!!..

بە بڕووای من هاتنی داود ئۆغڵۆ بۆ هەولێر ، مەبەست لێی دڵسۆزی و خەمخۆری و مرۆڤ دۆستی نیە بۆ گەلانی سوریا ، بەڵکو ئێش و ترسی تورکیایە لەو یەکێتی و یەکڕیزیییەی گەلی کورد کە ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا هەیە ، ئەوان دەزانن بەهاری کوردیش لەکەنارییاندایە ، بەڵام بەهەر جۆرێکیش بێت ناتووانن ڕێگری بکەن لەو بەهارە کوردییە .
دەسەڵاتدارانی ئەنکەرە لە نێو کۆشکەکانی خۆیانەوە کێشەی دەرەوەی سنورەکانیان دەبینن و ، داوای ماف و ئازادی بۆ گەلانی دیکە دەکەن ، بەڵام لە سنورەکانی خۆیانەوە شار و گوند وێران دەکەن و ... منداڵانی کورد دەخەنە زیندانەوە و هەبوونی نەتەوەی "کورد"ئینکار دەکەن و هیچ مافێکیان بۆ بە ڕەووا نابینن .!..
لە ڕابردو ئێستایشدا ‌گۆڕانی دەسەڵاتەکان لە تورکیادا بەردەوام هەبووە ، بەڵام هیچ گۆڕانێک لە هزری شۆڤینیزمی تورکیدا نابینرێت ، بەئیسلامی و عەلمانییەوە هەرکامیان دەسەڵاتیان گرتبێتە دەست ، هەڵگری هەمان ئایدۆلۆژیای کەمالیزم بوون ، واتە ئەوەی لە تورکیادا دەبینرێت و باس دەکرێت ، وەك دیموکراسییەت و مافی مرۆڤ و .. هتد ... هەموو ئەمانە تیۆرە و ئەوەی کە بە پراکتیزە کراوە ، ئۆپراسیۆن و باراندنی بۆمبەکانیانە بەسەر گەلی کورددا .
دەکرێت لە ئێستادا عێراق و سوریا و وڵاتانی ناوچەکە ئەزموونێکی باشبن بۆ تورکیا ، چونکی کەمالیزمەکان چەندین دەیە سیاسەتی سەرکوتکردن و ئینکاری گەلی کورد بەڕێوەدەبەن ...!.. هیچ بەرهەمێکیشی نەبووە ، جگە لە ڕشتنی خوێن و سوتاندنی جەرگی دایکانی کورد و تورک !
لە ئێستایشدا هیچ هێزێك ناتووانێت بەر لە هێزی کوردی بگرێت و کاتیش لەبەرژەوەندی تورکەکاندا نیە ، لەبری هاتنی داود ئۆغڵۆ بۆ هەولێر و کەرکوک و خۆ مەژغوڵکردنیان بە کێشەی سوریاوە ،چارەسەرکردنی کێشەکان لە وڵاتی خۆیاندا زەرورترە ، یەک ڕێگایش لەبەردەم دەسەلاتدارانی تورکیادا ماوە ، ئەویش چارسەری بەپەلەی کێشەی کوردە ...!...

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە