دیسان هەلبژاردنە!!!

Friday, 12/02/2010, 12:00

1217 بینراوە



جارێكی تر وادەی ئەوە هاتەوە بۆ ئەم خەڵكە داماوە بەلێنەكانتان بخەنە ڕوو بێ ئەوەی ئەوەنەی پێشوو جێبەجێ بكەن،دیسانەوە دەتانەوێت خەڵكی لێقەوماوو ڕەش وڕووت بێ نەوت وبێ كارەباو گەنجی دانەمەزراو وپیری نەخۆش وبێ داو دەرمان وخەلكی گوندە بێ بەشەكان وخەلكی شارە نیوە فرۆشراوەكان وشارۆچكە بێ خزمەتگوزرایەكانمان بجولێنن بەرەو دەنگدان بۆ كێ؟بۆ ئەوانەی هەژدە ساڵە زیندانیمان دەكەن بێ دادگا و تۆمەتبارمان دەكەن بێ بەڵگەو پارەو پولمان دەخۆن بێ ئەوەی بەشمان بدەن ،زۆر سەرم سوڕ دەمێنێ ئەرێ ئەوە ئێوەن زۆرزان وفێلباز وڕێوی خەسلەت یان ئێمە گێلو نەزان ونەفام وگەمژەین ؟ئەوە چەندین جارە بەڵێنمان پێ بدەن كە هەموو كێشەكانتان چارەسەر دەكەین كەچی كێشەمان هەر زۆر دەبێت دەفەرموو سەرێك بدە لەكۆلانەكانی شار بزانە بەم زستانە چ قوڕو چەلپاوێكە نازانم ئەم ڕاگەیاندنەی حیزبە دەسەلاتدارەكان چاویان نابینی یان خۆیان كۆرە دەكەن نازانم بۆچی تەنها دووسێ كەنالە كەی دەرەوەی دەسەڵات هەر ئەوان كەم وكورتیەكان نیشان دەدەن،ڕۆژنامە بەلاشەكانیان زۆرەبەی لاپەرەكانیان بەپیاهەڵدانی دەسەڵات پڕدەكەنەوە،بەپارەو پولی ئەم میللەتە ملیۆنان دینار خەرج دەكەن بۆ ئەوەی بیخەلەتێنن،خۆ ئەگەر ئەم خەڵكە ئەوەندە نەزان بێت وئێوە نەناسێت ئەوا دەستتان خۆش بێت چی بەسەر دەهێنن ئەوە مایەی دلخۆشی ئێوەیە كەخەڵكنەزانەنەخوێندەوار بێت وكەس نەبێت ڕەخنەتان لێبگرێت وئەگەر میدیای خۆتانیش لەگوڵ كاڵترتان پێ بلێت ئێوە زوو بەركەناریان دەكەن ئەوە دەگۆڕن وئەمەش لادەبەن وەكو هەمیشە كردووتانە،یانیش دەبێت بەر لەڕخنەگرتن لەئێوەی پیرۆز دەمێك باسی پیاوچاكی وخەبات وتێكۆشانی ئێوە بكات ئینجا ئازایەتی ئەوەی هەبێت بلێت ئێوە ئەم هەلەیەتان هەیە.

هەلبژاردن بۆ پەرلەمانی عیراقە نەك كوردستان عیراقێك كە چەندین ساڵە كار لەسەر ئەوەدەكات هەرچی مافی كورد هەیە وهەرچی دەستكەوت هەیە زەفتی بكات،ئێوەی بەڕێزیش بەوپەڕی شانازیەوە لەگەل ئەم وئەو هاوپەیمانی پێكدەهێنن بێ ئەوەی كەس لەكوردستان لەنەهێنی ئەم ڕیككەتنانەو هاوپەیمانانە شتێك بزانێت،ئەوەی ئێمە دەیبنین تاوەكو ئێستا كورد مایە پووچ بووە لەعێراق لەدۆڕاندن وشكست بەولاوە هیچ بۆ بەجێ نەماوە،جا نازنم ئەمجارە چ بەلێنێكتان پێیە بیدەن بەخەڵك ڕەنگە ئەگەر ئێوە سیاسەتوانی ژیر بوان لەبەغدا بۆتان دەكرا چەندین دەست كەوتی تر بۆ كوردستان بەدەست بهێنن بەڵام ئێوە وادەزانن هێنانی 17لەسەدای بودجە سەركەوتنە یان دادگایی كردنی تاونبارانی ڕژێم یان بوونی كوردێك بەسەرۆكی عێراق وكورسی پوۆستی تر لەوانەیە بەلای ئێوەوە سەركەوتن بووبێت پێمانی بفرۆشنەوە بەلام من پێم وایە ئەمانە هیچتان بۆكورد نەبووە بەڵكو هەمووی بۆ حیزب وبنەماڵە وتاكی خۆتان بووە نەك خەڵك ئەگینا ئێوە ئەگەر بۆ خەلكتان بوایە دەبێت زۆر بێ باك بن لەهیچ نەترسێن چونكە كەسی ڕاست ودروست لەهیچ ناترسێت كەسی تەواو دادگەرو بێ كەم وكورتی گەورە هیچ باكی نیە نە لەڕخنە دەترسێت نەلەیاسا نە لەشەفافیەت نە لەدەزگای نەزاهە نەك لەبەر ئەوەی كە ئەوان لەژێر جنگی ئەودان وەكو ئێوە بەكوتەك وهێز هەموویان بێدەنگ دەكەن بەڵكو لەبەر ئەوەی ئەو دامەزرێنەر وخەباتكەرە بۆ هێنانەدی ئەو كارە باشانە بەڵام ئێوە نە دادگەرن ونەشەفان ونە حەزتان لەدەزگای نەزاهەیە ئەو دەزگای نەزاهەیەی كە ئێستا لەپەرلەمان یان لەناو حیزبەكانتان دروستی دەكەن بۆ ئەوەیە چاوی ودەمی خەڵك ببەستن ئەگینا كوا بەرهەمیان لەكوردستانێك كە منالێكی سەرەتاییش ئەزانێت گەندەڵی هەیە ئەگینا بۆچی مامۆستاكەی ئەو هەژارە ونەخوێندەوارێكیش حوكمی بەسەردا دەكات بەلێ لەكوردستانی ئەمڕۆدا نەخوێندەوارێكی سەربەحیزب و نزیك لە بەرپرسێك زیاتر لەخاوەن شەهادەیك ڕێزی هەیە بۆچی چونكە ئەوەی كەسێكی نەخوێندەوار ئامادەیە بیكات كەسێكی خوێنەوار نایكات چونكە ئەوەی تر بۆپاروە نانێك پێویستی بەئێوەیە ئەوە سیاسەتی ئێوەیە.

دروشمەكانتان با ئەوە بێت كەوا ئێمە مەنەتمان بە ئێوە نیە وهەردەردەچین وكورسی خۆمان مسۆگەرە ،ئینجا ئەگەر بێنەسەر سندووقی دەنگدان ئەوا دە بێ دەنگ بۆ ئێمە بدەن ئەگەریش نەیەن ئەوا هەر بەخۆمان بۆتان پڕ دەكەینەوە وكۆمسیۆن وئەوانەش دەخەینە ژێر هەژموونی خۆمان چونكە سوپاو ئاسایش وپۆلیس وفەرمانبەرانی سەر سوندووق وهی تریش هەمووی هی خۆمانن. ئەوە راستترین دروشمە ئەگەر بەرزی بكەنەوە.بەخەلك بڵێن ئێوە گێلن وتێ ناگەن وئێمە لەجیاتی ئێوە كار دەكەین بەخەڵك بڵێن ئێمە چەندین جار لەشەڕەكانی شاخ وشار ئێوەمان بەكوشتدا بۆچی بۆئەوەی خۆمان هەموو شت بین نەك ئەوانی تر بۆ ئەوەی ئێمەی دوو حیزبی پارتی و یەكێتی لەسەرووی هەموو شتێكەوە بین لەسەرووی یاسا وپەرلەمان وگەل وبەرژوەندی باڵای نەتەوە،بەڵكو هەر ئێمەین نەتەوە.ئەوانی تر خائینن دەستیان لەگەل بەعس تێكەڵە ئەوان بوون لە31ئابی سالی 1996 دەبابەی بەعسیان هێنا وڕوویان كردە پەرلەمان كوردستانیان خستە ژێر پۆستاڵەكانیانەوە.ئەوە حیزبەكانی تربوون شەڕی ناخۆیان كردوو دواتریش بێ تاوان بۆی دانیشتن ئەوە حیزبەكانی تر بوون كەوا نەوت دەفرۆشن وكەس نازانێت داهاتەكەی بۆكوێ دەچێت ولەكام گیرفان ئۆقرە دەگرێت.زۆرتان هەیە بیلێن ئێوە لەقسەو دەربڕین كەسانی گەندەلچی باشتان هەیە تەنها ئەوەندەیە پارەیان بۆ هەلڕێژن وئیتر ئەوان دەكەونە قسە هەموو خەڵك بەقسە سیحراویەكانیان چاوبەست دەكەن.بۆیە دیسان هەلبژاردنەو كاتی بەلێنە گەورەكانە .ئەگەر نەلێم درۆ شاخدارەكان.
 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە