بۆیە ناچم بۆ دەنگدان، چونکە ئەمەوێ عەقڵ بگۆڕدرێ نەک سەرکردە

Friday, 13/09/2013, 12:00

1968 بینراوە


توڕەیی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی نەوشیروان مستەفا و دروستبوونی حیزبی تازە بوو، ئەویش بزوتنەوەی (گۆڕان)ە.
زۆرینەی ئەمڕۆی خەڵکی کوردستان، لە دەسەڵاتی پارتیی و یەکێتیی توڕەیە، بەدوای ئەڵتەرناتیڤێک و گۆڕانێکی بنەڕەتییدایە، بە دوای هیوا و ئاسۆیەکی رووندا وێڵە، تا لەکۆڵ ئەم دەسەڵاتە خۆسەپێنە بکاتەوە، ئەوە بوو گۆڕان لە ساڵی ٢٠٠٩ دا دروست بوو، دروشمی گۆڕانکاری و دادپەروەری و دژە گەندەڵیی و ئازادی کردبووە بەرنامەی خۆی، بۆیە زۆرێک لەجەماوەری توڕە بەپەرۆشەوە هیواکانی بەم حیزبەدا هەڵواسی. کە دەڵێم حیزب، ماناکەی دیارە کە هەیکەلی گۆڕان، بوونی لە حیزبدایە، تا ئیستا نازانم بۆ خۆی وەکو رێکخراوێکی سیاسیی و حیزبێک راناگەیەنێت، تەنها وەکو بزووتنەوەیەک پێناسەی خۆی دەکات.
من لەسەر ئەم بزووتنەوەیە بە گومانەوە ئەم چەند سەرنجانەی خوارەوەم هەیە:


گۆڕان و نانبڕین.
گۆڕان بێ لێکدانەوە بۆ پێشهاتەکان داوای لە خەڵک ئەکرد کە نەترسن و خۆیان ئاشکرابکەن و دەنگ بدەن بەگۆڕان و کەس ناتوانێ موچەیان ببڕێت ، ئاکامەکەی ئەم داخوازیە نانبڕین کردنی چەندین کەسی لێکەوتەوە ، بەڵام گۆڕان ئەیتوانی داوا لەخەڵک بکات کە بەنهێنی دەنگ بدەن و نانبڕاویش نەکرێن.

پاشەکشێی گۆڕان و ئۆپۆزسیۆن لە ماف و داخوازی خەڵک
دوای سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی و ڕوخانی ڕژێمەکانی تونس و میسر لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان پێیان وابوو تەواو ئیتر کاتی ئەوە هاتوە کە دەسەڵاتدارانی کوردستانیش بڕوخێنن بەڵام خۆیان نەیکەن بەڵکو هانی خەڵک بدەن و ئەمانیش لە دورەوە سەیر بکەن و ئەگەر شۆڕش و ڕاپەڕین سەریگرت ئەوا ئەمان خۆیان بکەن بە خاوەنی، گەرناش ئەوا ئەمان بێبەرین لە شکستەکان و جەماوەر بەتەنیا جێبهێڵن.
سەرەتای دروستکردنی بەهاری کوردیش بە بەیاننامەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستی پێکرد، لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە بەیاننامەیەکی ئاگر ئامێزیان بڵاوکردەوە، هانی خەڵکیان ئەدا بۆ ڕاپەڕین و بەهاری کوردی، ئەوەبوو سەردار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە بەغداد وتی لەماوەی ٣ مانگدا دەسەڵات ئەگرینە دەست، بەڵام لەگەڵ شەهیدکردنی ڕۆڵەکانی سلێمانی زوڵملێکراو لەلایەن لقی چواری پارتیەوە و ڕەوانەکردنی هێزی زێرەڤانی بۆ سلێمانی بۆ داگیرکردنی گردی زەرگەتەی بارەگای سەرەکی گۆڕان ، نەوشیروان موستەفا و یەکگرتووی ئیسلامی بەپەلە بەیاننامەیەکیان بڵاوکردەوە دژی خەڵکی ڕاپەڕیو بەگێرەشێوێن ناویان بردن، ئەمەش بۆ پاراستنی ژیانی خۆیان.

هەڵوێستەیەک لەسەر بەیاننامەکەی یەکگرتووی ئیسلامی و گۆڕان
1. ئەگەر گۆڕان و ئەم دوو حیزبە لە خۆیان بەشک نین بۆ بەیاننامە دژی خەڵک دەرئەکەن
2. چۆن هێزێک داوای ڕاپەڕین ئەکات، کە خەڵک یەکتر بکوژن بەفیشەک، بەڵام تەنها جەماوەری بەردهاوێژ بەئاژاوەگێڕ ناوببەن؟
3. ڕێبین هەردی، ئەو کورە گەنجەی کە هێشتا تەمەنی نەگەیستۆتە 65 ساڵ بە پلەی چەند ئەستێرەیەکەوە دەسەلاات خانەنشینی کردووە و هیچ شەرمیش ناکات، لە نەجمەکانی سەر شانی، نە لە گوفتارەکەی کە لە حەڤدەی سوباتدا وتی بەڵێ ئەو بەیاننامەیە من نووسیومە ئێمە ئاگادارنەبوین، کە خەڵک شەهید کراوە! ئەم قسەیە ٢ پرسیاری لێ دەبێتەوە:
یەکەم : چۆن گۆڕان، کە لە ناو جەماوەی سلێمانییەوە دروست بووە و خۆی بە خاوەنی ئەو شارە دەزانێت و ئاگاداری ئەو کوشتارگەرییە و دەستدرێژیەی پارتی نەبوو بۆسەر ڕۆڵەکانی سلێمانی لەکاتێکدا کە ڕاگەیاندنەکان سات بەسات هەواڵەکانیان بڵاوئەکردەوە، لە هەمانکاتدا پشتیان کردە ئەو جەماوەرە؟
دووەم: چۆن نەوشیروان موستەفا ئیمزا لەسەر بەیاننامەیەک ئەکات کە خۆی نەینوسیووە، رێبین هەردی بێ ئەزمونی سیاسیی نووسیبێتی، ئەمە دەری ئەخات کە نە بزوتنەوەکە، نە هیچ کام لەو کەسایەتییانە لەگەڵ خەڵکەکەی خۆیاندا ڕاستگۆ نیین.

گۆڕانخوازان و هەڵوێستیان لەسەر بەیاننامەی گۆڕان دژی خەڵکی ڕاپەڕیو
مرۆڤە ئازادەکان ، سەربەخۆکان دژی ئەم بەیاننامەیەی گۆڕان بوون و لەبەرەی خەڵکی زوڵم لێکراوبون، بەڵام ئەو کۆنە یەکێتیانە و کۆمۆنیستانەی کە تا دوێنێ کۆیلایەتیان بۆ جەلال تاڵەبانی و مەنسوری حیکمەت ئەکرد ئێستا بوون بە کۆیلەی نەوشیروان موستەفا و داکۆکی لەم بەیاننامە ناشرینەی گۆڕان ئەکەن.
ئەم خاڵە بۆ من خاڵی وەرچەرخانە کە لایەنێک بەخۆی بڵێ گۆڕانخواز بەڵام تەنها بتێکی تری دروست کردوە بۆ پاڵ بتەکانی تری دەسەڵات، کۆیلە هەرکۆیلەیە جا ئایا بۆ پارە بێت یان بە پاڵەوان کردن ودروستکردنی سەرۆکی ئەفسوناوی و گەمژەکردنی گشت کۆمەڵگای کوردی وەک لە لایەن بەناوگۆڕانخوازەکاندا ئەبینرێت کە نەوشیروان موستەفا بە پاڵەوان و خواوەند ئەزانن، بەڵام هەموو میللەتی کورد بەگەمژە ئەزانن ، بەڵام سەیرەکەی لەوەدایە کە لەکاتی هەڵبژاردندا داوا لەو خەڵکە گەمژەیە دەکەن بە قەولی خۆیان کە دەنگیان پێبدەن!
خاڵێکی تری ئەم بەناو گۆڕانخوازانە، ئەوەیە کە میللەتی کورد بە خۆفرش ناودەبەن و ئەڵێن بۆ راناپەڕن، بەڵام لەم هاوکێشەیەی ڕاپەڕینە نەوشیروان موستەفای لێبێبەری ئەکەن، ئەڵێن نەوشیروان بە دەنگدان ئەیگۆڕێ! زۆرباشە ئەگەر نەوشیروان باوەڕی بەچەک نییە ئەی کێ وتویەتی کە ئەوخەڵکە باوەڕی بەچەک هەیە؟ ئەو بەناو گۆڕانخوازانەی داوای ڕاپەڕین لە خەڵک ئەکەن با لەهەمانکاتدا داوای ڕاپەڕین لە نەوشیروان موستەفا و گۆڕانیش بکەن تا بڵیین ئێوە گۆڕانخوازن ، نەک خەڵک خۆی بدات بەکوشت و گۆڕانیش بەروبوومەکەی بخوات و دەسەڵات بگرێتە دەست.
خاڵێکی تری ئەم بەناو گۆڕانخوازانە دژی هەموو پیرۆزییە تایبەتیەکانی تاکەکانی کوردن وەک بۆ نمونە ئاینی ئیسلام و هەمو موسوڵمانان بە گەمژە ئەزانن ، ئەم عەقڵەیەتە عەقڵیەتێکی دیکتاتۆریانەیە کە ئەوەی خۆت باوەڕت پێنەبوو ئەوا درۆیە و هەمووی گەمژەیە ئەگەر بیر و بۆچونی لەگەڵ تۆ نەبوو ، ئەبێ هێزێک بەخۆی بڵێ گۆڕانخواز کە ڕێز لە بیروبۆچونە تایبەتەکان بگرێ بەومەرجەی، کە کەس زەرەری بۆکەس نەبێت و ئازادی بۆ هەموو تاکەکان دابین بکات.
زۆرین ئەوانەی ئەڵێین با چانس بدەین بەلایەنیک و با جارێک دەنگ نەدەین بەدەسەڵات ، ئازادیخوازە سەربەخۆکان لە ٢٠٠٩ دا وامان کرد و دەنگمان دا بەگۆڕان ، بەڵام گۆڕان هەر زوو پاشەکشێی لە داخوازیەکانی گەل کرد و لەگەڵ گێڕانەوەی بوجەی لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان قڕ و قەپیان لەداخوازی گەل کرد و خەڵکی مەزڵوم بەتەنیا مایەوە.

دروشمی کوردستانپۆست کە بۆ دەنگدان مەچۆ ئەم دەنگدانەی تۆ ڕەوادانە بە خیانەت و ناپاکی!

ئەم دروشمە واقیعی و ڕاستگۆیانەیە بۆ؟
وەک چۆن گۆڕانمان تاقی کردەوە لە ساڵی ٢٠٠٩ دا، بەڵام لە ئاست داخوازی گەل نەبوو و پاشەکشێی کرد بۆیە ئەم جارە هەقی خۆیەتی، کە بایکۆتی دەنگدان بکەین جا گرنگ نییە کێ ئەیباتەوە، چونکە بەم ٤ساڵەش هیچ لەمەسەلە ناگۆڕێ تەنها کۆمەڵە کۆیلەی حیزب ئەنێردرێتە پەرلەمان، کە موچەی شاهانە و خانەنشینی شاهانەیان هەیە ئەگینا کوا بەهەموو ئەندام پەرلەمانەکانی ئۆپۆزسیۆن توانیبێتیان ڕێگری لەیەک بڕیاری دەسەڵات بکەن، تەنها لەبەر موچەی خۆیان و بودجەی حیزبەکانیان لەپەرلەمان ماونەتەوە.
ئەم جارە ئەگەر بایکۆت بکەین و بەو لایەنانە بڵێین، کە ڕاستگۆ بن و بەخۆیاندا بچنەوە بۆ هەڵبژاردنی ٢٠١٧ چونکە ئەم حیزبە کوردیانە هەرهەمویان تەنها لەکاتی هەڵبژاردندا خەڵکیان بیر ئەکەوێتەوە ، ئەگەر ئەوانەی خۆیان بەگۆڕانخواز ئەزانن بڵێن چارمان نییە لە گۆڕان باشتر نیە؟ ئەوا ئەم قسەیە ڕاست نییە چونکە گۆڕانیش هەر وەکو پارتیی و یەکیتی بەس لەکاتی هەڵبژاردندا خەڵکی لە بیرە.
کێشەکە لەوەدا نەماوە، کە کێ باشترە بەڵکو لەوەدایە کێ جیاوزە و بەڕاستی ئەیگۆڕێ و لەبەرەی خەڵکە، تا ئێستا ئەو هێزە دروست نەبووە بۆیە باشترە ئەم جارە هەڵبژاردن بایکۆت بکرێ تا لایەنە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان بەخۆیاندا ئەچنەوە یان لایەنیکی ڕاستەقینە لەناخی جەماوەرەوە دروست ئەبێت.
من وەک خۆم جیاوازی لە نێوان بەناو گۆڕانخوازان و لایەنگرانی دەسەڵاتدا نابینم ، لای دەسەڵات ئەوەی ڕەخنەیان لێبگرێت سەر بە گۆڕانە! لای بەناو گۆڕانخوازانیش ئەوەی ڕەخنەیان لێبگرێت سەربەدەسەڵاتە و پارەوەرئەگرێ! ئەم عەقڵەیەتە کە دژی رەخنەن تەنها خواوەند و مرۆڤی کۆیلە دروست ئەکات.
من پیم خۆش بوو بەناو گۆڕانخوازان بیان وتایە بەڵێ نەوشیروان موستەفا هەڵە بووە کە وتویەتی خۆپیشاندەران گێرەشێوێنن نەک بین داکۆکی لێبکەن، وەک وتم گەر گۆڕان لەخۆی بەشک نەبێت بۆ ئەم بەیاننامە قێزەونەی دەرئەکرد.
بۆیە ئەو بەناو گۆڕانخوازانەی داکۆکی لەم بەیاننامەیەی گۆڕان و خودی نەوشیروان موستەفا ئەکەن دژی خەڵک، ئەمانە نەگۆرانخوازن و نە لەبەرەی گەلن بەڵکو کۆمەڵێک کۆیلەن گەل ئەکەن بەقوربانی سەرکردەی ئەفسوناوی و بێدەنگ بوون لەهەڵەیەکی وا و داکۆکی لێکردنی جەلال تاڵەبانی و مەسعود بەرزانیەکی ترمان بۆ دروست ئەکات، بۆیە باشترین چارە دەنگ نەدانە ئەم جارە.
نەوشیروان موستەفا خۆی دەنگی بەدرێژکردنەوەی ویلایەتی بەرزانی داوە، ئەم ڕاستییە ئەرسەلان بایز ڕایگەیاند ، بۆ پرسەی دایکی مەسعود چوو بەڵام ئامادەنەبوو بچێتە پرسەی شەهیدانی ١٧ی شوبات.
نەوشیروان لەسەردانی بۆ سەری ڕەش بە مەسعودی وتوە تۆ ئەمین ترین کەسیت کە دەسەڵاتی کوردستان لەدەست تۆ بیت ئەم ڕاستیە لەلایەن کوردستانپۆست، دوایی لە لایەن پارتیی و یەکگرتووی ئیسالمییەوە پشت راست کرایەوە. نەوشیروان موستەفا لێزانانە خەڵک گەوج ئەکات بۆ نمونە لەم کاتی هەڵبژاردنەدا دژی بنەماڵەی بەرزانی ئەوەستێتەوە بۆ بەدەست هێنانی دەنگ ئەو چاوپێکەوتنەی ئەمڕۆی ڕووبەڕوش جگە لە گەوجاندنی دەنگدەری کورد و بانگەشەی هەڵبژاردن هیچی تر نیە.
بۆیە ئەگەر کوردستانپۆست ئەڵێ بۆ دەنگدان مەچۆ ئەوا لە خۆوە نییە بەڵکو چەندین بەڵگە بۆ ئەم قسیە هەیە، بۆیە ئەبی تاکی کورد وشیار و ئازاد بی و دوای قەرەباڵغی نەکەوێت.
بەکورتی : من ئەمەوێ عەقڵ بگۆڕدرێ نەک سەرکردە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە