بۆ فەرهاد پیرباڵ: دواى لابردنى دەمامكەكانت تەواوى جەماوەرى خۆت لە هەولێر لە دەستدا.

Friday, 24/07/2009, 12:00

1877 بینراوە


ساڵى 1994 كاتێك گەڕایتەوە بۆ هەولێر شتێكى چاوەڕوان نەكراو بوو، بۆیە زۆر جار لە ئێوارە كۆرەكانى هەولێر ئەم پرسیارەت ئاراستە دەكرا كە بۆچى تۆ لە ساتێكدا گەرایتەوە بۆ كوردستان، كەچى ئێستا سەرەتاى كۆچ كردنى هاوڵاتیانى كوردستانە بۆ هاندەران؟؟؟
دواى چەند ساڵێك توانیت بە هەڵسوكەوتە سەیرەكانت سەرنجى خەڵكێك بۆ خۆت كێش بكەى بەتایبەتى لە نێوەندى زانكۆى سەلاحەددین بۆ نمونە لە یادمە لە ساڵى 1998 دەهاتى لە یانەى قوتابیانى كۆلیژى پەروەدەى ئەوسا لەگەڵ قوتابیەكانت دادەنیشتى و گفتو گۆتان دەكرد، ئەم هەڵسوكەوتە بۆ ئەوسا و ئێستاش هیچ مامۆستایەكى زانكۆ نایكات بۆیە تۆ بە دیار كەوتى. ئەو رۆژانە هەولێر لە ژێر رەحمەتى دەسەڵاتى بنەماڵە دەیناڵاند.
كاك دختۆر، هەولێرى یەكان ئەو رۆژانە (1996-2000) پاڵپشتى هەموو تروسكەیەكى ناڕەزایى بوون دژى دەسەڵاتى هەولێر، تۆش بە ئێوارە كۆرەكانى كەناڵى ئازادى توانیت كۆمەڵێكى زۆر لە گەنجى هەولێر (خۆم یەكێك بووم لە پێشەنگەكانیان) بەلاى ووتە و ئاراستەكانت كێشیان بكەى و هەڵوێستمان لەگەڵ بەڕێزتان بوو. هەولێرى یەكان هەمان هەڵوێستیان دەبوو بۆ هەر كەسێك كە مۆمى ئەم نارەزاییانەى بەرز كردبایەوە، واتە تۆ دكتۆر فەرهاد گرنگ نەبووى بەڵام هەڵوێستەكانت گرنگ بوون بۆ ئێمە.
ئێستاش دواى تێپەڕبوونى 10 ساڵ بەسەر ئەو یادەوەرانەدا كۆمەڵێك پرسیار كە تەنها دختۆر دەتوانێ وەڵامییان بداتەوە لە نێو هەوادارە كۆنەكانى دەزرنگێنەوە بۆ نموونە: كاتێك میرانەكان لە كۆلیژى پەروەردە دەریان كردى ناردیانى بۆ كۆلیژى بنیات، تۆ بۆ ماوەى یەك ساڵ دەوامت نەكرد و مۆڵەتى بێ مووچەشت نەبوو، كەچى هەموو سەرە مانگێك دەچووى مووچەكەت بە تەواوى وەردەگرت!!!!! تا ئێستا ئەمە لە كوردستان مەگەر بۆ جاش قەڵەم و ماستاوچى و مەسینە هەڵگرەكانى بنەماڵەكان كرابێ ئەگینا نەمانزانیوە بۆ كەسێكى ئۆپۆزیسیۆن كرابێ!!!!
تۆ ساڵانێكى دوور و درێژ دەتووت نا بۆ حوكمى بنەماڵە و تاكە كەس كەچى ئێستا بانگەشە بۆ دكتاتۆرێك دەكەى كە یەكێك لە بەچكەكانى پارتەكەى ڕاگرى كۆلیژى پەروەردە بوو تۆى دەركرد لە شوێنێك كە دەیان یادگارى تاڵ و شیرینى جەنابتى تیا بە جێ ما!!!!حەیف دكتۆر!!! ئەمرۆ كۆمەلێك لەو هەوادارانەت لە چایخانەى مەچكۆ دانبشتبووین و هەموومان گەیشتینە ئەو ئەنجامەى كە هەڵوێستەكانت دژى پەرلەمان بۆ ئەوە بوو كە دكتاتۆرێك راست بكەیتەوەو حوكمى كوردستان بۆ ئەو كەسە بێت كە تۆ زەمانێكە جاش قەڵەمى بۆ دەكەى!!!!
ئێمە هەمیشە تۆمان بە رۆشنبیر دانابوو، نەمان دەزانى كە ئەوەندە سادەو نەزانى كە پێت وابێ 48 كاتژمێر بەر لە هەڵبژاردن بانگەشە بكەى بۆ سەرۆكەكەى 31 ى ئاب چونكە ترسى ئەوەى هەیە نەوەك دەرنەچێ ئەمجارە!!!!
تۆ و هەموو ئەو كەسانەى وەكو تۆ بیریان كورتە و زوو ووشك ئەكەن دەبێ ئەوە باش بزانن كە خەڵكى هەولێر تا ئەو كاتە هەوادارى ئێوەن كە ئێوە دژ بە گەندەڵى و دكتاتۆرى و ناعەدالەتى دەسەڵات بن، ئەگینا هەولێرێك كە پشتى كردە كۆسرەتێك كە رۆژێك لە رۆژان رەمزى ئەو شارە بوو چونكە دەیووت سەرۆك كەسێكى نەزان و خائینە، ئەم كۆسرەتە ئەمرۆ یەك هەوادارى لەم هەولێرە نەماوە مەگەر مەسینە هەڵگر نەبێ.
كەواتە بۆ مێژوو بزانە ئێمە پاڵپشتى هەڵویستەكانت بووین!!! بەڵام كە هەڵویستەكانت دۆراند!! ئێستا تۆ یەكێكى لەو مامۆستایانەى زانكۆ كە كە سوجدە بۆ ئەندامێكى ناوچەو كۆمیتە دەبن، تۆ بەم هەڵوێستانەت ئێمەت لە خۆت تۆراند و بە هیچ جۆرێك كار ناكەیتە سەر هەڵوێستمان بۆ هەڵبژاردنى ئەم جارە، بۆیە تۆ تەنها شەكرێكت شكاند و بەس.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە