لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دا لە ئەسیناوە بەرەو نایرۆبی - بەشی چوارەم،كۆتایی

Wednesday, 19/06/2013, 12:00

3707 بینراوە







وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە ،سابیر كەریم عەلی ،
چاوپێكەوتنێكی تایبەتە لەگەڵ ئەفسەری ھەواڵگری پێشووی گریك (ساڤاس كالینتریدیس) لەلایەن نورەدین وەیسی .
7 / 5 /2013Ekurd.net
ساڤاس كالینتریدیس وتارنووسێكی سایتەكانە ، نووسەری وتاری تایبەتی ڕۆژانەیە ، وە ئەفسەری ھەواڵگری پێشووی گریكە . لەم چاوپێكەوتنە تایبەتییە دا بۆ یەكەم جار لە بارەی گەشتەكەیدا لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دامەزرێنەری زیندانیكراوی پ ك ك دەدوێت . كالینتریدیس لەگەڵ ئۆجەلان بوو لە ئەسیناوە تا ڕوسیا ، وە پاشان لە ئەسیناوە بەرەو كینیا ، لە ئەنجامدا ئۆجەلان لەوێ لەلایەن كاربەدەستانی توركەوە لە ساڵی 1999 دا دەستبەسەركرا . پ : تۆ بڕوا ناكەی كە بۆی ھەیە كەسێك لە باڵوێزخانەی یۆنان ھەواڵەكانی سەبارەت بە (ئۆجەلان)ی دركاندبی ؟ و : نەخێر ، نەخێر ، نەخێر ! من بڕوام وایە كە دەزگای ھەواڵگری ناوەندی ولایەتە یەكگرتووەكان (سی ئای ئەی) ڕۆڵی سەرەكی دیتییە لە دۆزینەوەی ئۆجەلان دا .
بەگوێرەی زانیاری ئێمە ، كاربەدەستانی (سی ئای ئەی) ڕێكەوتنێكیان لەگەڵ (میت)دا واژۆكرد بۆ ڕادەسكردنی ئۆجەلان بەومەرجەی نابێ لە سێدارە بدرێ.ئەمە ڕێكەوتنەكە بوو لە نێوان ولایەتە یەكگرتووەكانو توركیا دا .
پ : ئایا حكومەتەكەی یۆنان ھاتە ژێر تەنگەتاوی و فشارەوە لەو كاتەی كە ئۆجەلان مێوان بوو لە باڵوێزخانەی یۆنان لە كینیا ؟ و:بەڵێ،گەلێك زۆر.چەند ڕۆژێكی كەم دوای گەیشتنمان حكومەتەكەی كەوتە ژێر تەنگ پێھەڵچنینێكی ئێجگار زۆر . كاربەدەستانی باڵای یۆنان داوایان لە ئێمە كرد پەلە بكەین بۆ دیتنەوەی چارەیەك بۆ ئەو تەنگوچەڵەمەیە . لەسەر ئەم خاڵە من گوتم كە ھەر ھەنگاوێك پێویست دەكا یاسایی بێ و دەبێ ئێمە ئاسوودەیی ئۆجەلان بپارێزین ، چونكە بە پێچەوانەوە ئەگەرشتێكی خراپ بۆئۆجەلان ڕووبدات لەوانەیە خێزانی و دۆستانی شكایەتمان لێبكەن . باڵوێزەكە ، ئەو كەسە ھەروەھا پارێزەریش بوو ، لەگەڵ من دا ھاوڕابوو . ئێمە نەماندەویست ھیچ شتێكی نایاسایی بكەین یان بەڕێز ئۆجەلان بدەینە دەست . ئێمە دۆستانی كوردانین و وەھا كردەوەیەك زیان بە دۆستایەتی كورد - یۆنان و ھەروەھاش بەناوبانگە نێو دەوڵەتییەكەیدا دەگەیەنێ .
پ : لە كۆتاییدا ، فڕاندنی ئۆجەلان چۆن بوو ؟
ڕۆژەكەی كە (ئۆجەلان)یان فڕاند دووشەم بوو ، ھەمان بەیانییەكەی وەزارەتی دەرەوەی كینی داوای لە باڵوێزەكەی یۆنان كرد بۆ سەردانی وەزارەتەكەی . ئەو ھەوڵیدا پەیوەندی بە یۆنانەوە بكات بۆ وەرگرتنی ڕێنماییەكان بەڵام دەستەڵاتدارەكانی كینی ھەموو پەیوەندییەكان و گفتۆگۆكانی ئێمەیان لەگەڵ ئەسینا بڕی وگەمارۆیان بەسەر باڵوێزخانەدا سەپاند .
بەم ڕەنگە ، باڵوێزەكە نەیویست بچێت بۆ وەزارەتی دەرەوەی كینی بەبێ ھیچ ڕێنماییەكی فەرمی لە یۆنانەوە.دوای ئەوە كاربەدەستانی كینی لە وەزارەتی دەرەوەداھاتنە باڵوێزخانە بۆ بردنی لەگەڵ خۆیاندا تەنانەت ھەتا بە زۆرە ملیش بێ . بەم جۆرە ئەو لەگەڵ كاربەدەستانی كینی بۆ وەزارەتەكە ڕۆیشت لەوێدا وێنەی (ئۆجەلان) یان لەناو باڵوێزخانەكە نیشاندا كە لەڕێگای مانگی دەستكردەوە گیرابوو و پێیان گۆت كە ئەوان دەیانزانی ئۆجەلان لەناوباڵوێزخانەكە دایە.كینییەكان ویست وئارەزووی خۆیان بۆ گواستنەوەی ئۆجەلان بە فڕۆكەیەك بۆ ھەر جێیەك ئەو مەبەستێتی دەربڕی ، وە ئەوان پێشنیازی ھۆڵەندا یا فینلاند یان كرد . ئەو پەیوەندی بە ئەسیناوە كردوسەبارەت بەوە پێی ڕاگەیاندن،وە ئەوان پێیان ووت كە قایل بی بە پێشنیازەكەی كینی چونكە ھیچ بژاردەی دی نییە . كاربەدەستانی كینی بە ڕوونی دەریان بڕی كە ئەم پێكھاتنە بۆ یەك جارەو تەنھا تا 7 ی ئێوارە كاری پێدەكرێ .ئەو ڕۆژە ، وە ئەگەر پاش ئەو ساتە ، پیاو كوژان چوونە ناو نیشتەجێی باڵوێزخانەكە بۆ كوژتنی ئێمە و فڕاندنی ئۆجەلان كە ئەوان بەرپرس نابن .
لەدواییدا،باڵوێزەكە چووە لای ئۆجەلان بۆ ڕوونكردنەوەی پێشنیازەكەی كینی بۆیان . ئێمە تەنیا دوو كاتژمێرمان مابوو بۆ دوا ئاگاداری 7 ی ئێوارێ . ئۆجەلان گوێی لە پێشنیازەكە بوو و گوتی " با ئێمە بڕۆین ، ئێمە نەكاتی دیمان ھەیە و نەبژاردە وە من لەوە زیاتر نامەوێ ببمە بارگرانی بۆ دۆستانم ." . نەخشەو پلانەكە بەم جۆرەی خوارەوە بوو . ئێمە دەچین ئوتومبێلەكەی باڵوێز وەردەگرین ئەوەی كە تابلۆی دیبلۆماسی ھەیە و پارێزراوە ، بۆ فرۆكەخانەكە، تەنیشت پلەكانی قادرمەكەوە دەچێت بۆ خودی فڕۆكەكە. لەوێدا،من دەبوو لە ئوتومبێلەكە دابەزم و فڕۆكەكە بپشكنم وئاخۆھەموو شتێك تەواوە و دەركەوتنی بارودۆخەكە مەترسی لێناكرێ ، پاشان من ڕێنمایی ئۆجەلان و باڵوێزەكە بكەم بۆ فڕۆكەكە لە پێناوی ھەموومان بچین بۆ شوێنی مەبەست كە سەركردەكەی كورد پەسندی دەكات . بەڵام كینییەكان ئێمەیان ناچاركرد كە ئوتومبێلەكانی ئەوان ببەین و مەبەستیان بوو ئێمە لە یەكدی جیابكانەوە ، بەم جۆرە ئەوان سێ ئوتومبێلیان ھینا .باڵوێزەكە لە یەكەمیان دا بوو، ئۆجەلان لە ناوە ڕاست
دا ، وە من لە سێیەمیان دا بووم .
شوفێرەكان پیاوانی پۆلیسی كینی بوون .بەڕێگاوە بۆ فڕۆكەخانەكە ئوتومبێلەكەی (ئۆجەلان)ی ھەڵگرتبوو لە ئێمە دووركەوتەوە و لە چاو بزر بوو . ئێمە داخوازیمان لە شوفێرەكانمان كرد لە دواوەی ئوتومبێلەكەی ئۆجەلان بڕۆن بەڵام ئەوان ڕەتیانكردەوە و گوتیان ، ئێوە لە فڕۆكەخانەكە دا لەگەڵ ئەو یەكدەگرنەوە . كەچی كاتێ گەیشتینە فڕۆكەخانەكە ئێمە بەدوای ئۆجەلان دا بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك گەڕاین و نەمان توانی بیدۆزینەوە . پاشان ، لەو كاتەوەی ئێمە پێمان نەكرا بیبینینەوە تەكسییەكمان گرت و گەڕاینەوە بۆ نیشتەجێی باڵوێزخانەكە. ئێمە ڕاپۆرتی ڕووداوەكەمان دا بە ئەسینا ، كە كینییەكان (ئۆجەلان) یان بردووە ، وە لەدواییدا بەیانییەكەی دواتر ئێمە لە تیڤی بیستمان كە ئەویان فڕاندییە .
پ : تۆ ھەستت چۆن بوو كاتێ (ئۆجەلان)ت لە تیڤی دا دیت فڕاندیتیان و بەچاو بەستراوەیی لە دەست توركەكاندا ؟
و : بۆ ئێمە كارەساتێكی گەورە و ڕۆژێكی گەلێك ناخۆش بوو . ئێمە زۆر گریاین .
پ : بەڕای تۆ فڕاندنی ئۆجەلان پیلانگێڕیەكی نێونەتەوەیی بوو ؟
و : سەدا سەد ، لەویاندا گومان نییە كە پیلانێكی نێونەتەوەیی بوو .
پ : تۆ وابیردەكەیتەوە كە ئیسرائیل ڕۆڵێكی گێڕابێ تیایدا ؟
و: من زانیاری تەواوم سەبارەت بەمەوە نییە . بەڵام كاتێك ئێمە لە كینیا بووین،من چاوم بەناو ڕۆژنامەكاندا دەخشاند وە لەھەمان كاتدا بەشداری پێكردنیان لەگەڵ ئۆجەلان و گفتوگۆكردن لەگەڵیدا . ڕۆژێك من لە ڕۆژنامەی ئۆزگور پۆلیتیكم خوێندەوە كە سەرۆكی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل و تیمەكەی لە ئەنكەرا بوو . كاتێك من ئەوەم نیشانی ئۆجەلان دا ، ئەو گوتی ، " ئەوان بۆ من لەوێنە ." پ : لەگەڵ ئەوەشدا . تۆ لێكدانەوەت دەربارەی ئۆجەلان چییە ؟ و : دوو ڕۆژ پێش فڕاندنی ئۆجەلان پێی ووتم ، " تەنانەت ئەگەر من دەستگیركرام یا كوژرام ، پ ك ك بە نەمری دەمینێتەوە ." ئۆجەلان گەلێك ڕاست بوو لەوەی كە گوتی .دوای دەستگیركردنی ئۆجەلان زۆر كەس پێشبینیان كرد كە پ ك ك دوای شەش مانگ دەفەوتێ ولەناو دەچێ . بەڵام پ ك ك زۆر لەوەوپێش بەھێزترە . بەبیروڕای من، ئۆجەلان بیرمەند وسەركردەیەكی مەزنە لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا . لەم دواییەدا ، گۆڤاری تایم (ئۆجەلان)ی لەناو ڕێزی 100 كەسە ھەرە كاریگەر و بەناوبانگەكانی نێونەتەوەیی ساڵی 2013 دانا. بەڕای من،دوای مردنی حافز ئەلئەسەد،ئۆجەلان ئێستا مەزنترین سەركردەی سیاسییە لە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا . پ : تۆ قەت ھەڕەشەت لێكراوە لەلایەن توركركانەوە ؟ و : بۆ چەند ساڵێك من داواكراو بووم لە توركیا دا . بەڵام من لە توركەكان ناترسم چونكە لەم پرسەدا گۆڕینەوە لە نێوان دەزگاكان و وڵاتەكاندا ھەیە . كەس ھەڕەشە لە بێگانەیەك ناكات بەبێ ترسان لە تۆڵەسەندنەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە