ڕاگەیاندنى چەپ و دیموكراتخوازەكان لەمەڕ پێشهات و ڕووداوەكانى ئەمڕۆى باشوورى كوردستان

Saturday, 12/03/2011, 12:00

1256 بینراوە


بۆ زیاتر هەماهەنگى لە ئاست خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانى خەڵكى بەشمەینەتى باشوورى كوردستان , كە نزیكەى بیست ساڵە لە ئاكامى ڕەفتارى ناشارستانى و نابەرپرسانەى دەسەڵاتدارانى سەرمایەداری خۆماڵییەوە , كوردستان گیرۆدەى گەلێك تەنگژە و قەیرانى بە بنبەست گەیشتوو هاتووە , لە لایەن چەندین پارت و گروپ و كەسایەتى نووسەر و ڕۆشنبیر و سیاسى چەپ و دیموكراتخواز كۆبوونەوەیەكى فرەلایەن رۆژی هەینی بەرواری 11-3-2011 لە شاری سلێمانی ئەنجام درا .
بە مەبەستى هەڵوێستە كردن لە ئاستى ئەو بەرپرسیارێتیانەى كە لە هەلومەرجى ئێستاى باشوورى كوردستان هاتۆتە كایەوە , لە كۆبوونەوەكەدا وێڕاى گفتوگۆى چڕوپڕ سەبارەت بەو بارودۆخە ئاڵۆزەى بۆتە مایەى ترس و دڵەڕاوكێى هاوڵاتیان لە سەرئەنجامى سیاسەتى چەواشەكارانەى دەسەڵاتداران و بە دەنگەوە نەچوون و خەمساردى بەرامبەر خواستە ڕەواكانى جەماوەر و خۆدزینەوە لێیان و گرتنە بەرى سیاسەتى داپڵۆسین و تۆقاندن دەرهەق بە خۆپیشاندەران كە باڵى بەسەر ناوچە جیاجیاكانی كوردستاندا كێشاوە , پشتیوانیى لە تەواوى داخوازییە جەماوەرییە هەنووكەییەكان و جێبەجێ كردنیان ڕاگەیەنرا و توند و تیژى دەسەڵااتداران و هێنانە پێشەوەى كەشێكى نائارام و بە سەربازى كردنى نیشتمانیش بە توندى مەحكوم كرا .
ئامادەبووانى كۆبوونەوەكە بە شیلگیرییەوە جەختیان كردەوە لەسەر , هاوهەڵوێستى چەپ و دیموكراتخوازەكان و ڕێكخستنى ڕیزەكانیان و گوتارى هاوبەش و بە پیرەوەچوونى داوا ڕەواكانى هەژاران و ستەمدیدان و شەقامى كومەڵگا و كارا كردنى ئەرك و ڕۆڵى خۆیان لە خەباتى ئێستا و بەرنامەڕێژى بۆ ئایندە , بۆ ئەوەى بە پێى پێویست بە ئەركى مرۆڤدۆستی سەرشانیان هەستن وەك ئۆپۆزسیۆنێكی مۆدێرن لە خزمەت بە هەژاران و ستمەدیدان وەك وڵاتانی دیكە چەپ ئەركی خۆی لە داكۆكی لە ماف و خواستەكانی هەژاران جێبەجێبكات .
پارتى چەپى كوردستان , پارتى چارەسەریى دیموكراتی كوردستان , پارتى كارى سەربەخۆی كوردستان , حیزبى كۆمەنیستى كرێكارى كوردستان و بزاڤی ژینگە و یەكسانی و كەمەڵێك لە ئەندامانى پێشووی سەركردایەتى و كادیرى پێشكەوتووى حیزبى شیوعى كوردستان و دەستەی داكۆكی لە زیندانە سیاسییەكان و كەسایەتى سیاسى و ڕۆشنبیری و هەڵسووڕاوى چەپ و دیموكراتخواز لە كۆبونەوەكە بەشدار بوون و لە میانى كۆبوونەوەكەدا دەستەیەك 7 كەسی بۆ ڕاپەڕاندنى كارەكان و گەڵاڵە كردنى پرۆژەیەكى هەمەلایەنە و ڕێكخستن و سەرپەرشتى كردنى كۆبوونەوەكانى داهاتوو دەست نیشان كرا .
ساتێك وەستانى ماتەمینی بۆ شەهیدانى خۆپیشاندانەكان بووە دەسپێكى كۆبوونەوەكە و هیواى زووتر چاكبوونەوەیان بۆ بریندارە پێكراوەكانى دەستدرێژییە چەكدارییەكانى دەسەڵات خواست .

11 ى ئازارى 2011



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە