سەردەشت و بارزانی

Thursday, 27/05/2010, 12:00

1447 بینراوە


سەردەشت دەورانێکی هێناییە ئاراوە کەلەتوانای شۆڕشێکدا نەبوو .
ئەو وەختانەی یەکەم بڕیار لەسەرەتای شەستەکان لەزاری خوالێخۆش بو موستەفا بارزانیەوە بۆ کوشتنی مرۆڤێک دەرکرا ، نەوشیروان مستەفا گەنجێکی تازەهەڵکەوت و ڕانەهاتو لەسەر زمانی کوشتن و فەرمانی هێرش و بڕیاری شۆڕشگێرانە بو ، بۆ ئەمڕۆ کە سەرپەرشتی بزوتنەوەیەکی جەماوەری بەناوی گۆڕان دەکات ، کە پەرچەکرداری شتەناشرین و ناڕیکەکانی حیزب و ماڵی کوردە . سەردەشتی نەمر گەنجێکی خوێنگەرمی نێو بزوتنەوەکەی بو ، سەرکێش لەبەرامبەر نەیارانی ئازادی ، خوێن گەرم لەپێناو سەروەری نیشتمان و نەتەوە ، تیژبین و ورد بین لەنێوان ئامانجی حیزبی و نەتەوە ، بۆیە کرایە نیشانی تیرۆرستان و بووە ژینەمۆی ئازادی بۆ هەتا هەتایە گەشاوە . بەشەهیدبونی زەمەن ئاڵای بونی خۆی شۆڕکردو مێژوو میلی کاتژمێری خۆی بۆ سەردەمی شەستەکان گەڕاندەوە.
کێ سەردەشتی کوشت ؟؟ . بۆ کوژرا ؟!! . ئامانج لە کوشتنیدا چی بووە ؟ .
تیرۆر لە سەرمێزی بانگێشتی دکتۆر شڤانەوە ، یەکەم پراکتیکی دوای داڕشتنی پیلانەکە نەبو ، بەڵکو ئەقڵێکی لەمێژینە لەنێوخەیاڵی دەسەڵات و زاڵ بوندا خولیا بو ، گەروی خۆی پڕ دەکرد لە بڕیاری تیرۆر و گەرای تیرۆر و کڕکردنی تیرۆر .
تیرۆر ئەو سەردەمانە پێی دەگرت و ڕوەو گەشونما ملی دەنا کە هەڤاڵەکانی مەلائاوارە بەزیندویی دوجار تیرۆر کران و پاش خەڵاتکردنیان بە دوژمن جارێکی تر تیرۆرکرانەوە . ئەو وەختەی کەپرچی ژنە پێشمەرگە (مارگریت) لەسەرشانی شەنەکراو هۆنرایەیەو کرا بە پەتی سێدارە بۆگەلێک ' تالەسەر تەنافی ترس و تۆقاندن ڕابێن و هەتا ئەوان لەکۆشکدابن ، ئەمان لە چاوەروانی بەرنامەو کۆیلە بوندا توواوەی ناو نەخشەکە بن .
ئەوانەی لەناوچون بە دەستی تیرۆریستی کوردی ، کەسایەتییەکی کەنارگیری نێو کۆمەڵگا نەبون ، بەڵکو بزوێنەری شۆڕش و ماهیەتی کوردایەتی بون ، ئەمانە قسەزان و وشە بزوێن و ڕاستی بڵێ بوون ، ئاشنا نەبوون بە لاڕێدا بڕۆن ، دەستی جوانی هەژاندنیان نەبوو ، قەت زاتیان نەدەکرد گوڵی نیشتمان هەڵوەرێنن . خرۆکەی سپی بۆ خرۆکەی سوری خیانەت لەجەستەیاندا بتروکێنن . یەک شتیان دەزانی و لەو ڕێگایە لایان نەدەدا و هەر لەسەر ئەو نەخشەیە گیانیان پەرواکرد . ئەمانە نیشتمان و خەڵکەکەیان لە خۆیان خۆشتر دەویست ، بەرژەوەندنی خۆیان دەکردە سەنگەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک . هەمیشە جەستەیان توواوەی بنیادنانی بیری نوێی نیشتمانی بوو . بۆ کوردستان دەیانڕوانی و بۆ پاراستنی کوردستان لە ئامادەباشیدا بوون .. کەواتە بۆبەدەستی تیرۆریستی کوردی کرانە ئامانج ؟ .


هێز و مەلا و عەشایەرو تەریقەیەکی تەکێیی ، بەدروشمی خواستی پەلکێشان لەنێوان جیهانی نەتەوەو سیاسەتدا ، بڕیار لە چارەنوسی بزوتنەوەی گەلێک بدات چ دەورانێکی ترسناک بنیاد دەنێت ؟. ئەمانە لە قوتابخانەی ڕاهاتنی گفتوگۆوە ئاودیوی جیهانی سیاسەت و کوردایەتی نەبون . قۆناخی یاساو موڕاڵی نیشتمانیان نەبڕیوە ، فێری ژیانی هێمن و خۆشەویستی تاکی کورد نەبون ، لەناو تەنگەشە نیشتمانییەکانەوە ڕوەو دۆزینەوەی چارەسەرە ژیرییەکان ملیان نەناوە . ئەمانە لەسەر داگیرکردنی زەوی خەڵکی گوندەکانی زێبارایەتی لەیاسا ڕایانکرد و نیشتمان و نەتەوە و خەڵکەکەیان وەک زەرورەت لەبەڕماڵی فێڵی کوردایەتی پێچا . ناڕێکی هێز لە کوردستاندا لەبەرامبەر داگیرکەری ئینگلیز ، سەدای دەنگی ڕەدوکەوتوانی شێخی نەمر ، ئەمانی کردوە جەنگاوەرو شۆڕشگێر ، لەوڕۆژەوە شتە شاراوەکانی قێز ، بەپیرۆزی ڕاگیرا و سەرکردایەتی گەلێک دەکەن .
کوشتنی سەردەشت وەرچەرخانی نەزانی و بێ ئاگایی کۆمەڵگاو پەردەلەسەرلابردنی نهێنیە چەقبەستوەکانی دەسەڵاتی پەنجا ساڵەی ئەمانە بو ، کودەتای بیری نوێیە بەسەر بیری کۆندا. کوشتنی سەردەشت بەداخەوە دەڵێم : بەتای دەبەرابەری زیانەکەی سودی بەکۆمەڵگا گەیاند. بومەرزەی ڕاچلەکاندنی گەلێکی سڕبوو بو بەگەمارۆی وتاری بریقەدار و قودسیەتی سەرکردە . سودمەندی ئەم مرۆڤە گەورەیە لە توانای نوسیەنکانیدا نەبو ، بەڵکو لەتوانا شاراوە جازبییە نیشتمانییەکەیدا بو . دەورانێکی هێنایە ئاراوە کە شۆڕشێک لە توانایدا نەبو . گەلێکی لە کۆتوبەندنی دوو بنەماڵە ڕزگار کرد ، کۆتای بە پیلانێک هێنا تا سەنگەری چەک لەئارادا بو هەمو کایەکانیان بۆ بەکارهێنا ، ئێستا لە سەنگەری بەناو دیموکراسی و هەڵبژاردندا دەیانەوێت درێژە بدەن .

کونجــــرینی
٢٧ . مای . ٢٠١٠
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە