دیدار لەگەل د.سالار باسیرە پسپۆر لەبواری زانستە سیاسیەكان

Wednesday, 13/01/2010, 12:00

2001 بینراوە


نێوەند:چۆن لەفرەلیستى دەڕوانن كە ئێستا مشتومڕێكی زۆرى لەسەر دەكرێت؟ زیانەكانى فرەلیستى لەچیدایە؟، ئایا بەرژەوەندیە باڵاكانى كورد یەك لیستى دەخوازێت یان فرەلیستى ویەك هەڵوێستى؟
د.سالار باسیرە: هەمیشە لەمیژوودا تۆمەتیك روبەروی كورد دەكریتەوە ئەویش ئەوەیە كە لەنیوخۆیدا یەكگرتوو نەبوە. نەك هەر یەكگرتوو نەبوە بەلكو دژی یەكتریش جەنگاوە. خراپی ئەم دیاردەیە زۆرتر لەوەدا بوە كە تۆمەتبار كراوە بەوەی توانای فەرمانرەوایی خۆی نیە. لەهەمان كاتدا دوژمنەكانی كورد یەك بوون و یەك هەلویست بوون لەدژی كورد و بزوتنەوەكانی. بەكەموكوریەكی زۆرەوە بەلام لەهەریمی كوردستان بەناچاری لایەنەكان لەو هەنگاوە نزیك بونەوە وجیاوازیەكانی نیوانیان چیتر بەچەك و توندوتیژی چارەسەر نەكەن و لەبەرامبەر كیشەكانی بەتایبەت دەرەوەدا دەسەلاتی سیاسی هەندیك یەك هەلویستی بنوێنن.من بەلامەوە گرنگە جیاوازیەكان فكری و سیاسی بن و بوونی پیویست وئاساییە بەلام نەبیتە هۆی چۆك پیدادانی كورد لەبەرامبەر هەولیستە دژەكانی بەرامبەر كورد هەن. لەهەموو ئەو سالانەی كورد لەكوردستانی عیراق توشی جینۆساید ببۆوە لەلایەن رژیمی بەعسەوە كەچی لایەنە كوردیەكان سەرقالی یەكتر كوشتن و موئامەرە كردن بوون لەنیوان یەكترداو یەك لیستی و یەك هەلویستی لەژیانی سیاسیدا لەكاتی ئۆپۆزیسیۆن بوونیدا نامۆ بوو. بێگومان یەك هەلویستی بۆ مەسەلە نەتەوەیی و نیشتمانیەكان بەتایبەت بۆ دەرەوەی هەریم پیویستیەكی ژیانیە بۆ كورد، لەسەر بەرنامەی هاوبەش. دەشكری فرە لیستیش هەبیت بۆ هەلبژاردنەكانی داهاتووی بەغدا،جیاوازی سیاسی لەنیوان یەكتردا ویەكیتی بوون بەرامبەر دەرەوە لەپیناوی ئاسایشی نەتەوەیی ونیشتمانی. دەكرێ كورد بەلیستی جیاواز دابەزی ئەو لایەنە بیركردنەوەی تایبەتی خۆی و بەرنامەی خۆی هەبیت بۆ پرۆسەكە. با قەوارەكان لەهەلبژاردندا دەركەوون بەلام دواتر دەشكریت یئتیلافی نیوان لایەنەكان پیكبیت لەسەر خالە هاوبەشەكان. لەوانەیە بەشداری فرە لیستی خەلكی زۆرتر بەشدار بكات لە پرۆسەی بەشداری سیاسی وهەلبژاردن دا، هەروەها لیستەكان دەكری بۆ پرۆپاگاندەی هەلبژاردن لایەنە چەوتەكانی یەكتر بخەنە روو بۆ رای گشتی بۆ ئەوەی زۆرترین متمانەی هاولاتیان بەلای خۆیاندا رابكیشن.
نێوەند:لیستى گۆڕان باس لەوە دەكەن ئەگەر دەنگدەران دەنگیان پێبدەن ئەوا سیاسەتى ئێستاى پارتى و یەكێتى لەپەرلەمانى عێراق دووبارە ناكەنەوە. دەمەوێت بپرسم ئایا گۆڕان دەتوانێت لەپەرلەمانى داهاتووى عێراقدا چی بكات؟.
د.سالار باسیرە: پیشەكی ئاساییە ئەگەر لایەنیك لیرەدا لەسەر نمونەی گۆران ئەگەر دەنگی دەنگدەران بەدەست بهینێت سیاسەتی لایەنەكەی تر لەپەرلەمانی عیراقدا دوبارە نەكاتەوە یان گۆرانكاری لی بكات، بەمیتۆدی ترو دبلۆماسیەتی تر و تاكتیك و ستراتیجیەتی تر كار بكات. بەلام لیرەدا دەبیت گۆڕان خاوەن بەرنامەیەكی تری روونی ئەو لیستەیەی تر بیت كە لیرەدا بریتیە لە یەكتی و پارتی. دیاردەیەكی باشە كە كورد، هیزیكی سیاسی كورد بەبەرنامە كار بكات وخاوەن بەرنامە بێت و راگشتی پێ هوشیارتر بكاتەوە. بەرنامە لەسەر ئاستی سیاسی، ئابوری،دەستور، سیستەمی كۆمەلایەتی وژینگەو پەروەردەو زانست و سروشتی كیشەكانی نیوان ناوەندو هەریم. بۆ نمونە لەبارەی مادەی 140 و كەركوك، هیزی پیشمەرگە، بودجە،گریبەستە نەوتیەكان،مەسەلەی فیدرالیزم...تاد. سەبارەت بەو پرسیارەتان كە ئایا گۆران دەتوانیت لەپەرلەمانی داهاتووی عیراق دا چی بكات پیم باشە ئەو پرسیارە روبەرووی گۆران خۆیان بكریتەوەو ئەوان وەلامی تەواو بدەنەوە.
نێوەند:رێژەى بەشداریى خەڵكى لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نیشتیمانى عێراق پرسیارێكى پڕ بایەخى تێكڕاى هێزە سیاسییەكانى عێراقە، بەلام لەكوردستان تائێستا ئەم پرسە بەهەند وەرنەگیراوە. پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر لەناوچە جێ ناكۆكەكاندا كورد بەشداریى كەمی هەبێت چ چارەنووسێك چاوەڕوانى ئەو ناوچانە دەكات؟
د.سالار باسیرە: چارەنوس و ژمارەی كورسیەكانی پەرلەمان بۆ هیزیكی سیاسی بەندە بە دەنگی دەنگدەرانەوە.بەشداری هاولاتیانی عیراق بۆ هەلبژاردن لەلایەكەوە بەشداری كردنە لەپرۆسەی سیاسی وچارەنوسی سیاسی ولاتەكەیان و ئەو لایەنەی دەنگی پێ ئەدەن. هەلەیە ئەگەر كورد ئەم شتە لەكوردستان بەهەند وەرنەگرێت. زۆرجار دەسەلاتی سیاسی هەریم وای بۆ دەچیت كە منەتی بەكەس نیەو پیش هەلبژاردن لەمیدیاكان دەهۆلی پرۆپاگاندە دەخریتە سەر قەوانەكەو دوبارە سیناریۆی پەیمانە گەورەكان ئەدرینەوە بە خەلك. بەلام من وای بۆ ناچم ئەمە بۆ مەودای دوور وبەردەوام سەر بگرێت چونكە بارودۆخەكان لەگۆڕاندان. كورد چەند كورسیەكی پاریزگانی هەریمی لەدەست دا، هەروەها گەشبین نیم بە ریژەی داهاتووی دەنگەكانی پاریزگای كەركوك و موسل، ئەمانەش لەقورسایی سیاسی كورد كەم دەكەنەوە.هەریمی كوردستان دەبیت ببیتە مۆدیلیكی باش بۆ بردنەوەی بروای ناوچە دابراوەكان.
نێوەند: وابڕیارە لەمانگى شوباتى ساڵى ئایندەدا هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى عێراق ئەنجام بدرێت، بەشێك لەئاگایانى سیاسیى هێما بۆ ئەوە دەكەن كورد لەچوار ساڵى ئایندەدا پێگەو سەنگى پێشووى خۆى لەدەستدەدات. با پرسیارەكە بەوجۆرە بكەین ئەوفاكتەرانە چین وادەكات كورد لەدواى مانگى شوباتەوە پێگەى سیاسی ئێستاى لەدەستبدات؟
د.سالار باسیرە: پیشەكی گرنگە چاوەریی ئەنجامی هەلبژاردنەكانی داهاتوی لایەنی كوردی بكەین لەئەنجومەنی نوینەرانی عیراق و ئەو كاتە خویندنەوەیەكی واقیعبینانەی بۆ بكەین. گرنگە پیگەی كورد لەئەنجومەنی داهاتووی عیراق دا پتەو بیت بەلایەنی كەمەوە وەك ئەوەی كە هەتا ئیستە هەبووە بۆ بەلادا خستنی ئەو شتانەش كە لەدەستوری عیراق دا بەلادا نەخراوون. مادەی 140، مەسەلەی فیدرالیزم، بودجەو هیزی پیشمەرگە، كاركردن بۆ پیكهینانی ئەنجومەنی بالای فیدرالی (مادەی 48ی دەستور) كەدەسەلاتی كوردی كاری بۆ نەكردوە لەبەغدا كە تەواوكەری ئەنجومەنی نوینەرانەو بەسوودی هەریمەكان دەگەریتەوە...تاد. لاوازی كورد لەئەنجومەنی نوینەرانی داهاتودا ئەنجامی باشی لی ناكەویتەوە بۆ دۆزی كورد. بیگومان خویندنەوە بۆ هۆكارەكان لای هەموو یەكیك وەك یەك نیە. ئایا تاكی كورد هەمان ئەو دەنگانە ئەداتەوە بەلیستی هاوپەیمانی كوردستان وەك پیشوو؟ ئایا هەمان كورسیەكانی پێشوو دەهێنرێنەوە؟ بەشیكی ئەمەش بەندە بەمان ونەمانی بروابروون بەدەسەلاتی سیاسی كوردی نەك تەنیا بەلیستی هاوپەیمانی. گەندەلی سیاسی و ئیداری و ئابوری هەروەك جاران بی كەم بوونەوە حوكم دەكات. دەولەمەند دەولەمەندتر بووەو هەژار هەژارتر، بەهەزاران ملیۆنەرو دەیان ملیاردەر لەهەریم دەركەوتوون و بەشیكی زۆری سەرمایەكانیشیان دەبەنە دەرەوە.ئایا ئەمانە لەسەر شانی كێ و بەكام مولكی نەتەوە دەولەمەند بوون و بریتین لەكێ؟ بایەخ بە بوژانەوەی پیشەسازی محەلی و بواری كشتوكال وئابوری بازار نەدراوە،كیشەی ئاوو كارەباو وزە چارەسەر نەكراوە، لەگەل دەستوری هەریم مامەلەی تەندروست نەكراوە، شیوازی بازرگانی نەوت لێڵە ودەچیتە گیرفانی هەندیكەوە، گەرنا ملیاردەر بەچی دروست دەبیت. هەر هیشتا بەئەقلیەتی حیزبی و بنەمالەو خزم خزمینە و وەلاو وەفا بۆ سەرۆك كار دەكریت. بەم هۆیەوە هەلەی زۆر كراوە لەدانانی ئەندام پەرلەمان و بالیۆزو وەزیرو راویژكارەكان و بەرپرسە حیزبیەكان... تاد. سیستەمەكە هەر هیشتا شیوازی سیستەمیكی سیاسی تەقلیدیە لە بنەرەتداو ولات شیوازیكی موئەسەساتی نیەو بە میتۆدە تەقلیدیەكان كار دەكرێ. ئەوە نەبیت بەشەكانی تری عیراق باشتر بێت و ئەمیش بەشیكە لەم واقیعە بەلام من باس لەهەریمی كوردستان دەكەم و باسەكەشمان ئیرەیە.. بروانە چۆنایەتی ئەندام پەرلەمانەكانی هاوپەیمانی كوردستان لەبەغدا. خویندكاریك (بەرپرسیكی دیاری حیزبی) لەكۆلیجەكەی ئیمە لەزانستە سیاسیەكان بەقۆپیەوە گیرا لەوانەی یاسای دەستوریدا. هەرچەندە گەیەندرایە سەرەوەو میدیا باسی لیوە كرد كەچی سەرۆكی یەكیتی دوای هەفتەیەك كردی بە ئەندام پەرلەمان لەبەغدا، بەواتا بەشدار بێت لەدانانی دەستور بۆ عیراق. دەتوانم بەبەلگەوە زۆر لەسەر ئەم دیاردانە بدویم و زۆریش باس كراوون بەلام بی ئەنجام. ئەمانە هەمووی كاریگەری خۆی جێدەهیلیت.لەفاكتەرەكانی تر هەنگاوی جدی بۆ لە یەكتر جودا نەكردنەوەی حیزب لەحكومەت شكستی هیناوەو ئەمەش بۆ یەكەمجار نیە پەیمانی زۆرو زەبەلاح بدریتە خەلكی. چیتر رۆژیك دێت كەكەسیكی نەخویندەواریش بروای بە پەیمان و قسەی بریقەدارو سیستەمە سیاسیەكە نامینیت. ئەم بروا نەبوونە خۆی لەخالی نەدانی دەنگ پیدان دەردەخات نەك لەنەمانی هەستی كوردایەتی وخۆشەویستی بۆ نیشتمان. ئازادكردنی فرۆكەوانیكی كۆمەلكوژ نەك هەر تاوانیكی گەورە بوو بەلكو نیشانەی ئەوەش بوو كە دادوەری لەكوردستاندا ئازادو بی لایەن نیە، ئەمانە هەمووی لەسەر ئاستی نیوخۆو بەغداش بی ئەنجام نەبوە. هەتا ئیستە دەسەلات نەیتوانیوە دۆسیەی جینۆساید وەك چەكیكی سیاسی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی بەكار بهینیت، لەدەستوری عیراقدا مامەلەی پیوە بكات. لەكێشەی لەشكركێشیەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمی كوردستان پەرلەمانی كوردستان رۆلی بەرچاوو كاریگەری نەبوە. لیستی كوردی لەپەرلەمانی بەغدا ئەمیش رۆلی دبلۆماسیی وكاریگەری خۆی نەبینی. هەماهەنگی لەنێوان پەرلەمانی كوردستان ولیستی كوردی، هەروەها بەوەزیرەكانی بەغداشەوە كزو لاوازە. داوای كۆبونەوەی نائاسایی نەكرا لە پەرلەمانی بەغدا كەتوركیا بۆردومانی هەریمی كوردستان دەكات و هەرەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی. ئاسایشی نەتەوەیی ئەو پیویستیەی كە هەتا ئیستە نەكراوەتە پرۆژە. بەلی دەسەلات چەندین دەستكەوتی بەدەست هیناوە بەلام پیویستە خالە لاوازەكانیش بخەمە بەردەم چونكە مەسەلەكە چارەنوسسازە. بۆ بەهیز بوون لەبەغدا پیویستە پیشتر سیستەمە سیاسیەكەی كوردستان بەهیز بكەین و نمونەی دادوەری بین و ببینە مۆدیلیكی سیاسی باش.
نێوەند:وەك ئاماژەى بۆ دەكرێت هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى عێراق دەبێتە وەرچارخانێكى مێژوویى ونەخشى سیاسیى ئێستاى عێراق دەگۆڕێت. پرسیارەكەم ئەوەیە كورد پێویستە لەدواى مانگى شوباتەوە چ سیاسەتێك پەیڕەو بكات؟
د.سالار باسیرە: دوای هەلبژاردنە پەرلەمانیەكەی داهاتوو ئەمریكا بەنیازی كشانەوەی سوپاكەیەتی لەعیراق. لیرەدا كورد دەبیت بەپلەی یەكەم چیتر پشت بەخۆی ببەستیت. عیراق نەبۆتە ولاتیكی دیموكراسی و سیاسەتی تەوافوقیش مەرج نیە بەردەوام بیت، عیراق بەناو فیدرالیە وكوردیش دوژمنی زۆرە. پیش هەموو شت دەبیت بروای گەل ببریتەوە، ئەمەش بەقسە نابیت بەلكو بەكردار دەبیت. یەك هەلویستی كورد لەم هاوكیشەیەدا لەبەغدا گرنگ و پیویستە. زۆرتر لەمەش دەبیت كورد هەنگاو بۆ دابین كردنی ئاسایشی هەریمەكە بنیت وسیستەمە سیاسیەكە بەهیز بكات، ژیرخانی ئابوری و ئینفراستراكچەر بەهیز بكات و بتوانیت بۆ حالەتی نائاسایی توانای مانەوەو بەردەم بوونی هەبیت. راویژكاری باش و خاوەن دبلۆماتی باش پەروەردە بكات و لەهەولی دۆزینەوەی لۆبی بێت و گوی بۆ پسپۆرە ناحیزبیەكان بگرێت. گەران بەدوای هاوپەیمانی نوی لەناو ئەنجومەنی نوینەراندا. ئەمانە تەنیا بەشیكی كەم بوون.
نیوەند: ئاماژەت بەسیاسەتی تەوافوقی دا.ئایا سیاسەتی تەوافوقی چارەسەریكی باشە بۆ عیراق و بۆ كوردیش؟
د.سالار باسیرە: تەوافوق زیاتر بۆ ئەو ولاتانەیە كە خاوەن فرەدین ومەزهەب و فرە ئێتنیەن. بەواتا كۆمەلگای پلورالیزمن.ئەمەش بەسەر كۆمەلگای عیراق دا دەگونجیت. لەم پرەنسیبەدا سازان هەیە چونكە ئەگەر بەدەنگی زۆرینە بێت ئەوا زۆرایەتی بۆ نمونە عەرەب بەسەر دەنگی كەمایەتیدا كەلیرەدا كوردە دەیباتەوە. تەوافوق لەدەستوری عیراقدا نەچەسپاوە، بەلام دەكریت بەسود بیت بۆ بەدیموكراتیزە كردنی ولات. لەعیراق دا حكومەت دروست نابێت بەبێ كورد بەلام ئایا ئەگەر لایەنە عەرەبیەكان بۆ نمونە شیعەو سونە لەعیراقدا لەیەكتر نزیك بوونەوەو بەهیز بوون و بۆچونەكانیان لەگەل بەرژەوەندیەكانی كورددا نەگونجان، ئایا دەسەلاتی كوردی بیری لەهیچ ئالتەرناتیڤێك كردۆتەوەو ستراتیجیەتی چۆن دەبێت؟
نیوەند: ئایا سەركردەكانى كورد لەهەریم بۆ ئیستە بەدواوە چی بكات بۆئەوەى پشتگیرییەكى وەك ئەوەى ئیسرائیل بەدەست بهێنێت، ئایا توانای شتى ئاوها هەیە؟
د.سالار باسیرە:لەم قۆناغە مێژووییەی ئیستەی كورددا لەهەریم وبەم هەلومەرجەی ئیستەی پشتگیریەكی وەك ئەوەی ئیسرائیل بەدەست نایەت.دەولەتی ئیسرائیل خاوەن توانای سیاسی وئابوری ولۆبی نیودەولەتیە،خاوەن دبلۆماسیەتیكی بەهیزە لەجیهاندا ولەرۆژئاوا، بەتایبەت لەلایەن ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا. یەهود هاوپەیمانی ستراتیژی زۆری هەیەو پشت وپەنای بەهێزی هەیەو گەلێكی ژیرو زاناشن وخاوەن تەكنەلۆژیای سەبازیشە.كام دەسەڵاتی سیاسی لەئەمریكا هەیە وەك زلهێزیكی دونیا سەربكەویت بێ رەچاو كردنی بەرژەوەندیەكانی یەهود وئیسرائیل؟ بەلام كوردیش هەندی فاكتەری گرنگی بەدەستەوەیە بۆ پەیداكردنی لۆبی بەلام وەك پیویست كاری پی نەكراوە.نەوت فاكتەریكی زۆر گرنگەو بەردەوام سەرچاوەی نویی نەوت دەدۆزرینەوە لەهەریم. كۆنترۆلی ناوچەیەك وشوینەواریكی جیۆپۆلەتیكی دەكات،دانانی دبلۆماتی شیاو بۆ بوارە دبلۆماتیە نیودەولەتیەكان. كەسانیكی بەرچاو كراونەتە بالیۆزی ولاتیك كەنەزمانەكەی دەزانیت،و نە ئاگاداری سیستەمە سیاسی و كۆمەلایەتیەكەیەتی...تاد. بەلام من وای دەبینم كە بەرژەوەندی نەتەوە بۆتە قوربانی بەرژەوەندی بیركردنەوەی حیزبی وتاك، بۆ نمونە بازرگانی نەوت لەهەریم وكۆبوونەوەی سەروەت و سامان لای كۆمەلە كەسانیك، مولكی نەتەوە كەلەشوینی پیویستی خۆیدا سەرف ناكریت.
نێوەند: ئایا دەكری بوترێ كورد لەمێژووی خۆیدا هاوپەیمانی ستراتیژی هەبوە؟
د.سالار باسیرە: نەخیر كورد بەدرێژایی مێژوو هاوپەیمانی ستراتیژی نەبوە. تەنیا لێرەولەوی دۆستى كاتیی هەبوە. یەكیك لە هۆكارە سەرەكیەكان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە كەكورد خاوەن دەوڵەت وكیانی سیاسی خۆی نەبوەو لەهەلویستی هێزەوە گەمەی سیاسی ودبلۆماسی نەكردوە،نەوتی بەدەستەوە نەبوەو ژێردەستە بووە،دبلۆماسیەتێكی تەقلیدی كوردی لەكۆمەلگایەكی تەقلیدیدا لەوڵاتێكی بێ دەوڵەتدا. تەجروبەی فەرمانرەوایی كەمەو نوییە لەم بوارەدا.بەڵام كورد وەك ئاماژەم پیدا كارتی گەمەی سیاسی و دبلۆماسی زۆری بەدەستەوە هەن بۆ بەكارهێنانی.
نیوەند: زۆر جار ڕەخنە لە سیاسیەكان ودبلۆماتكارانى كورد دەگیرێت كەیاریزانێكى سیاسى نەبوون، نەیانتوانیوە هاوپەیمانێتى ستراتیژى بەدەست بهێنن؟ راى تۆ لەو بارەیەوە چیە؟
د.سالار باسیرە: دبلۆماسیەت هونەرو پراكتیزە كردنە لەبەرێوەبردن وگەیشتن بەئامانجی دیاریكراو. كورد وەك خۆی خاوەن مێژوویەكی كۆن ودورودرێژە، بەڵام خاوەن ئەزمونیكی دورودرێژ نیە لەبواری دبلۆماسیەتدا وەك تیگەیشتن، بۆ ئەمەش هۆ زۆرن، وەك پیشتر ئاماژەم پێدا كورد دەوڵەتی نەبوە، بەواتا خاوەن وەزارەت وسەفارەت ودامودەزگا دەوڵەتیەكان نەبوە وەك دەوڵەت كە بەم هۆیەوە ناچاری مامەڵەی كارو پیشەی دبلۆماسی بوبێتەوە لەبوارە جیاوازەكانی سیاسی وئابوری ودبلۆماسی لەسەر ئاستی بڵندو بەشێوەیەكی دامودەزگایی نێوخۆو نیودەوڵەتیش. دەوڵەتەكانی وەك ئێران و توركیا یەكێكن لەكۆنترین دەوڵەتەكانی دونیاو خاوەن ئەزمونن لەم بوارەدا. كورد خاوەن مێژوویەكی دورودرێژە، بەڵام لەبەر چەندین فاكتەر خاوەن ئەقلیەتێكی تەقلیدی بوەو ئیستە سەرقالی گەشەكردنە، ئەمەو ئەو فاكتەرەی كەهەمیشە لە هەلوێستی لاوازیەوە كاری دبلۆماسی كردوە بەوەی كە خاوەن توانا مادییەكانیش نەبوەو هەروەها وەك ئاماژەم پێدا خاوەن دەوڵەتی موئەسەساتی نەبوەو ئۆبجەكتێكی نێودەوڵەتی نەبوەو ئێستەش تەنانەت تەكنۆكراتانە بیر ناكاتەوە.كەواتە دبلۆماسیەتی كوردی بە گشتی لاواز بووە لەمێژووی خۆیداو ئەمەش رۆڵی خۆی بینیوە كەیاریزانێكی باش نەبوبێت لەبواری دۆزینەوەی هاوپەیمان. تەنانەت كورد نەیتوانیوە لەنێوان خۆیشیدا هاوپەیمان بێت. زیاتر روبەروی تاكتیكی سیاسی وكاتی بۆتەوە نەك گەمەی ستراتیژی دورودرێژخایەن. بەلام دەولەتە گەورەكانیش هەمیشە مامەلەیان لەگەل دەولەتاندا كردوە. كورد ئیستە مامەلەی نیمچە دەولەتیك دەكات وبەقەناعەتی من دوارۆژی لەگەل عیراقدا قورسە هەربۆیە باشە كار بۆ دوارۆژیكی تر بكات و قەناعەتیشم هەیە كە پشتگیری گەلەكەیشی هەیەو راپرسی ریفەراندۆم ئەم راستیەی خستە روو.ئەمریكا هەردوو سەركردەی كوردی بانگێشتی واشنتۆن كرد بۆ پێكهینانیان لەوێ، ئەمە كەم نەبوو بۆ كورد زووتر كاری تێدابكردایە نەك بەموبادەرەی دەولەتیكی ترو لەژیر ناچاریدا ئەنجام بدرێ. ئەمە لەوانەیە كەمی هوشیاری نەتەوەیش نیشان بدات.كورد لەم هەموو ساڵانەدا فێری هەندی لەگەمە دبلۆماسیەكان بووە، بەلام لەسەر ئاستی پیویست نەبوەو موئەسەساتی نەبووە.
------------------
نوسەر لەچەند دێرێكدا

د.سالار باسیرە
د.سالار باسیرە لەسالی 1957 لە شاری سلیمانی لەدایك بوە. لەسالی 1976 چۆتە ئەلمانیا.خوێندنی ناوەندی وئامادەیی لەئەلمانیا تەواوكردوەو هەرلەم ولاتە بەكالۆریۆسی لەزانكۆی ماربورگــ لەبواری زانستی سیاسی و رۆژنامەوانیدا وەرگرتوە.بروانامەی دوكتۆرا لەزانكۆی ڤوپەرتال لەسالی 2004 . مامۆستا لەزانكۆی سلێمانی لەكۆلێژی یاسا و زانستە سیاسیەكان.نزیكەی چوار سال پۆستی یاریدەدەری راگری هەبوە.ناوبراو لەگەل دوو پسپۆری تردا بەسەرپەرشتی رێكخراوی نەرویجیNPA كتێبێكی مەنهەجی لەژێر ناونیشانی (مافی مرۆڤ) بۆ پۆلی یەكی ناوەندی بەئەنجام گەیاندوەو ئێستە لەزۆربەی قوتابخانەكانی هەرێم دەخوێندرێت.نوسەر خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاو لەنوسین و وەرگیران و لیكۆلینەوەیە بۆ نمونە لەبارەی تراژیدیای ئەنفال.نوسەر ئیستە سەرقالی پرۆژەیەكی زانستیە دەربارەی سیستەمی سیاسی هەریمی كوردستان و هەریمیكی ئەلمانیا. لیكۆلینەوەیەكی زانستی، شیكاری، بەراوردكاریە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە