یەكێتى شەڕى قودس دەكات تاڵەبانى جگە لەپۆستى سەرۆك كۆمار هیچ پۆستێكى تر قبوڵ ناكات

Tuesday, 06/10/2009, 12:00

1550 بینراوە


*كەمبوونەوەی كورسییەكانى كورد یان بەهێزبوونى لایەنى عەرەبى سووننە زیان بەداهاتووى كورد دەگەیەنێت
*گۆڕان پێیوایە دەتوانێت ناڕەزایەتییەكانى خەڵكی كەركووك بەو ئاڕاستەیەدا ببات بەقازانجى خۆى بشكێتەوەو سەركەوتنێكی تر بۆ خۆى مسۆگەر بكات
*كەركووكییەكان ناڕازین لەسیاسەتى پارتى ویەكێتى و ئامادەنین دەنگ بدەنەوە بەو دوو حزبە كەچی یەكێتى كەوتۆتە بانگەشەى هەڵبژاردن
*یەكێتى و تاڵەبانى چاویان لەپۆستى سەرۆك كۆمارەو پێناچێت تاڵەبانى جگە لەسەرۆك كۆماریى هیچ لێپرسراوێتییەكی تر بگرێتە ئەستۆ

گرنگیى هەڵبژاردنى عێراق
وەك بڕیارە لە16-1 -2010 بۆجارى دووەم هاووڵاتیانى عێراق لەرێگاى سندوقەكانى دەنگدانەوە پەرلەمانێكى نوێ هەڵدەبژێرنەوە. (290) قەوارەو كەسایەتیش دەكەونە كێبڕكێ بۆ بەدستهێنانى (275) كورسى پەرلەمان. هەڵبژاردنى ئەمجارە گرنگیى وبایەخى خۆى هەیە هەر بۆیە دەتوانین بڵێن بۆ سێگۆشەى عێراق (شیعە، سووننە، كورد)، ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسساز دەبێت. ئەوەى ئێستا دەیبینین بەپێچەوانەى كوردەوە، عەرەبى شیعەو سووننەى عێراق بەگەرموگوڕییەكى زۆرەوە لەخۆئامادەكردندان، هەر لەئێستاوە لەهەوڵی دروستكردنى هاوپەیمانێتی نوێدان، ئەوەى جێگاى هەڵوەستەو قسە لەسەركردنە، ئەو خەمساردییەى هێزو قەوارە سیاسییەكانە لەهەرێمى كوردستان، كە وەك پێویست ئامادەكاریى بۆهەڵبژاردن ناكرێـت. شەقامى كوردیش زۆر بێئاگایە لەو جموجۆڵە سیاسییە نوێیەى لەگۆڕەپانى سیاسیی عێراقدا دەستیپێكردووە. ئامادەكاریى نەكردن بۆ هەڵبژاردنی عێراق كاریگەریى دەبێت لەسەر بارودۆخەكە و رەنگە زیانى گەورەشى هەبێت، هەرچەندە چاودێرانى سیاسیی پێیانوایە هۆكارى بێدەنگیى لەمەڕ هەڵبژاردنى عێراق لەلایەن هێزو قەوارە سیاسییەكانى كوردستانەوە پەیوەندیى بەو دەرەنجامانەوە هەیە لەهەڵبژاردنەكانى پەرلەمان و سەرۆكایەتى هەرێم كەوتوونەتەوەو حزب و قەوارە سیاسییەكان جارێكی تر پێویستیان بەبەخۆداچوونەوەو ئامادەكاریى نوێ هەیە، ئەوەش پێویستى بەكاتە، لەگەڵ ئەوانەشدا هەڵبژاردنى عێراق گرنگییەكى گەورەى هەیەو پەرلەمانى داهاتووى عێراق چارەنووسى سیاسیی وڵات دیاریدەكات.
كەمبوونەوەی كورسییەكانى كورد یان بەهێزبوونى لایەنى عەرەبى سووننە زیان بەداهاتووى كورد دەگەیەنێت، ئاگایانى سیاسیی هێما بۆ ئەوە دەكەن پرسە هەڵواسراوەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و ناوەند، دەكەوێتە دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ئەمەش كاریگەریى راستەوخۆى دەبێ لەسەر ئەو كێشانەى لەنێوان بەغداو هەولێردا هەن، ئەگەرهێزو قەوارە كوردییەكان، لانیكەمى رێژەى كورسییەكانى هەڵبژاردنى (2005) بەدەستنەهێننەوە، دەبێت چاوەڕوانى بارودۆخێكى نەخوازراو و ئاڵۆز بكەین، بەتایبەت هێشتا چەندین پرسى هەڵواسراومان ماوەو چارەسەر نەكراون، وەك ماددەى (140)، هێزى پێشمەرگە، یاساى نەوت، دەسەڵاتەكانى هەرێم، بودجەى كوردستان، ئەم پرسانە بۆ كورد نەك هەر گرنگ و بایەخدارن بەڵكو ئایندەى هەرێم لەعێراقدا پەیوەندیى بەو پرسانەوە هەیە، كە بەبڕواى چاودێران دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى عێراق كاریگەریى گەورەى دەبێت لەسەر دانوستانەكانى داهاتووى نێوان بەغدادو هەولێر.
ئایا فرەلیستى ماناى لێكترازانى ماڵى كوردە؟

دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمان وسەرۆكایەتى هەرێم لە25-7 ئەو راستییەى پیشانداین پارتى ویەكێتى ناتوانن وەك جاران و بەئاسانى هێزو لایەنە سیاسییەكانى ترى كوردستان ناچار بكەن بچنە نێو هاوپەیمانێتییەكەى ئەوانەوە. ئەگەرچى لەهەڵبژاردنى ساڵى (2005)، یەكگرتووى ئیسلامى كوردستان ئەو بەربەستەى شكاندو بەلیستى جیاواز بەشداریى هەڵبژاردنى كردو توانى پێنچ كورسى پەرلەمانى عێراقى بۆ خۆى مسۆگەر بكات، لەگەڵ ئەوەى ئەوحزبە باجى لیستى جیاوازی داو لەلایەن پارتییەوە هێرشكرایە سەر بارەگاكانیان لەدهۆك وچەند ناوچەیەكی ترو كۆمەڵێك كادریان شەهیدو بریندار بوون، لەبەرامبەردا هەڵوێستى ئیجابییانەى یەكگرتووى ئیسلامى لەپەرلەمانى عێراقدا راى چاودێرانى سیاسیى و شەقامى كوردیى گۆڕی و ئەو راستییەى نیشانداین فرەلیستیى كورد لاواز ناكات و زیانیش بەبەرژەوەندییە باڵاكانى كورد ناگەیەنێت.
دەرەنجامى هەڵبژاردنەكانى هەرێمى كوردستان، دروستبوونى لیستى گۆڕان و بەدەستهێنانى (25) كورسى پەرلەمان، كەمبوونەوەى كورسییەكانى لیستى كوردستانى، یەكێتى و پارتى خستۆتە نێوان دوو ئەگەرەوە: یان دەبێت ئامادەى تەنازولاتى گەورە بن بۆ هێزەكانى دەرەوەى لیستى كوردستانى بەتایبەت لیستى گۆڕان و هێزە ئیسلامییەكانى وەك یەكگرتووى ئیسلامى و كۆمەڵى ئیسلامى، یاخۆ بیر لەهاوپەیمانێتـى بكەنەوە لەدەرەوەى هەرێمى كوردستان كە پێناچێت هیچ هێزێكى بەهێزى عێراقى ئامادەى ئەوە بێـت داواكارییەكانى كورد قبوڵ بكات. هەر بۆیە پێشبینى ئەوە دەكرێت یەكێتى و پارتى پەنا بۆ فشارى جۆراوجۆر بەرن تا هیچ نەبێت بەشێك لەو هێزانە ناچاربكەن بچنە نێو هاوپەیمانێتییەكەى ئەوانەوە، لێ پێناچێت لەو كارەیان مۆفەق بن وسەركەوتن بەدەستبهێنن، گۆڕانكارییە سیاسییەكانیش ئەوەمان پێدەڵێن كورد بەلیستى جیاواز بەرەو بەغدا بەڕێدەكەوێت. تاوەكو ئێستاش هەریەكە لەلیستى گۆڕان، لیستى یەكگرتووى ئیسلامى، كۆمەڵى ئیسلامى، ئەوەیان راگەیاندووە كە بەجیا بەشداریى لەهەڵبژاردندا دەكەن و ناچنە نێو هاوپەیمانێـتى یەكێتى و پارتییەوە.
ئەگەرى هاوپەیمانێـتى كورد لەگەڵ شیعەدا.
ئەوەى روونە هیچ هێز وقەوارەیەكى سیاسیی لەبەر فشارى یەكێتى و پارتى ناتوانن هاوپەیمانێتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا ببەستن، ئەگەر هەر حزبێك، بێ رەزامەندیى ئەو دوو حزبە باڵادەستە بیر لەهاوپەیمانێـتى لەگەڵ هەر لایەنێكى عێراقى بكاتەوە تۆمەتبار دەكرێت بەخیانەت و خۆفرۆشیى. لەبەر ئەم هۆیە هیچ هێزێك لەخۆی رانەبینیوە قسە لەسەر بابەتێكى ئاوها بكات، بەپێچەوانەشەوە بۆ یەكێتى و پارتى هاوپەیمانێتى بەستن كارێكى سرووشتى و ئاسایی بووەو لەچوار ساڵى رابردوودا هاوپەیمانێـتی چوار قۆڵییان لەگەڵ ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى و حزبى دەعوەى نورى مالكى ئیمزا كردووەو لەگەڵ حزبى ئیسلامى عێراقیش هاوپەیمانێتى سێ قۆڵییان ئیمزا كردووە. هەرچەندە ئەو رێكەوتن و هاوپەیمانێتییانە خێرێكى ئەوتۆیان بۆ كورد نەبووە، بەڵام لێرەولەوێ جارێكی تر قسە لەسەر ئەگەرى هاوپەیمانێتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكرێت بۆهەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، ئەگەرچى یەكێـتى وپارتى تاكو هەنووكە بەفەرمى قسە لەسەر بابەتێكى وا ناكەن، لەوسەرەوە عادل عەبدولمەهدى یەكێك لەسەركردە دیارەكانى شیعەو ئیئتیلافى نیشتیمانى ئەوەى راگەیاند: ئەوان گفتوگۆیان لەگەڵ بارزانى و تاڵەبانیدا كردووە بەمەبەستى رازیكردنیان بۆ پێكهێنانى بەرەیەكى نیشتیمانى.
لەلایەكی تریشەوە ئەگەرى ئەوە لەئارادایە یەكێتى و پارتى بەشێوەیەكى نهێنى لەگفتوگۆدابن لەگەڵ ئیئتلافى دەوڵەتى یاسا بەسەرۆكایەتى د.نورى مالكى سەرۆك وەزیرانى عێراق. ئەوەى یەكێتى و پارتى ناچار كردووە بەبیركردنەوە لەهاوپەیمانێـتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بەهێزبوونى ئۆپۆزیسیۆنە لەكوردستان، ترسى ئەوەیان هەیە رووبەڕووى شكستێكى زۆر گەورەتر ببنەوەو جڵەوى سیاسییان لەدەست دەربچێت. لەگەڵ ئەوانەشدا پێناچێت هاوپەیمانێتى لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان سەربگرێت، هۆكارەكەشى ئەوەیە ئەو دوو حزبە دەزانن ئەگەر هاوپەیمانێتییەكى لەوجۆرە ببەستن نەك هەر دەنگى خەڵكى كوردستان بەدەستناهێنن، بەڵكو دەنگى بەشێكى زۆرى ئەندامان و كادرەكانیان لەدەستدەدەن، ئەمەش بەقازانجى لیستەكانی ترى كوردستان تەواو دەبێت لەگەڵ ئەوەشدا حزب و قەوارە سیاسییەكانى عێراق هەموویان دژى گەڕاندنەوەى كەركووكن بۆ سەر هەرێمى كوردستان ئەوەش یەكێكە لەو هۆكارانەى دەبێتە هۆى شكستپێهێنانى هەر هەوڵێكى لەو شێوەیە.
یەكێتى شەڕى قودس دەكات.
رێژەى دەنگدەرانى كەركووك نزیك بە(800) هەزار كەسەو لەو رێژەیەش (416) هەزارى دەنگدەرى كوردن، باقى دەنگدەرانی دیكە لەتوركمان وعەرەب وئاشوورى، ئەرمەنن. كێبڕكێكەش بۆ بەدەستهێنانى (31) كورسى ئەنجوومەنى پارێزگاى كەركووك و(9) كورسى پەرلەمانى عێراقە. لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى كوردستاندا یەكێـتى شكستێكى گەورەى بەركەوت و لەژێر دەسەڵاتى خۆیدا دۆڕاندنێكى مێژوویى تۆمار كرد، سەركەوتنى لیستى گۆڕان، یەكێـتى تووشى شۆك كردووەو لەئێستادا تەنیا پێگەیەك یەكێـتى خۆى بەخاوەنى بزانێت كەركووكە!. لەگەڵ ئەوەى قسە لەسەر ئەوەش دەكرێت كەركووكییەكان ناڕازین لەسیاسەتى پارتى و یەكێتى و ئامادەنین دەنگ بدەنەوە بەو دوو حزبە، كەچی یەكێتى كەوتۆتە بانگەشەى هەڵبژاردن لەو شارەو بۆچوونى سەركردایەتییەكەى وایە ئەگەر زوو نەكەوێتە خۆى ئەوا شكستێكى وەك ئەوەى سلێمانى تۆمار دەكات.
هەر بۆیە ئەوحزبە لیژنەیەكى لەكەسە دیارەكانى خۆى پێكهێناوە كە بریتین لە: كۆسرەت رەسوڵ، مەلا بەختیار، عیماد ئەحمەد، ئەرسەلان بایز. بەمەبەستى بەرەنگاربوونەوەى هەر هێزو قەوارەیەك گەر بیەوێت كێبڕكێى لەگەڵ بكات، لەبەرامبەریشدا لیستى گۆڕان تاكە لیستە زۆر بەڕاشكاوانە باس لەلیستى جیاواز بكات لەكەركووك. گۆڕان پێیوایە دەتوانێت ناڕەزایەتییەكانى خەڵك لەو شارە بەو ئاڕاستەیەدا ببات بەقازانجى خۆى بشكێتەوەو باوەڕى بەوەیە دەتوانێت سەركەوتنێكی تر بۆ خۆى مسۆگەر بكات، بەشێكى زۆرى كورسییەكانى ئەنجوومەنى پارێزگاو (2) كورسى ئەو شارەش بۆ پەرلەمانى عێراق مسۆگەر بكات، یەكێتیش بەهەموو هێزو توانایەكەوە لەهەوڵى ئەوەدایە رێگە بگرێت لەدووبارەبوونەوەى شكستەكەى سلێمانى، دەیەوێت ئەو شارە لەدەستنەدات، لەئەگەرى شكستى یەكێتى لەكەركووك ئەوحزبە تووشى داڕمانێكى مێژوویى دەبێتەوەو دەبێتە حزبێكى بچووك و لەهیچ شارێكى كوردستاندا پێگەى جەماوەریى نامێنێت.
عەرەبى سووننەو شەڕى بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆك كۆمار.
لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەى ساڵى (2005) لەكۆى (275) كورسى پەرلەمانی عێراق، لیستى ئیئتیلافى عێراقى كە لیستى یەكگرتووى شیعەكان بوو (128) كورسیان بەدەستهێنا، لسیتى هاوپەیمانى كوردستان (53) كورسى بەدەستهێناو یەكگرتووى ئیسلامى كوردستانیش (5) كورسى بەدەستهێناو كورد بووە هێزى دووەم و بەشێكى زۆرى پۆستە گرنگەكانى بەدەستهێنا، لەوانە: پۆستى سەرۆك كۆمار، جێگرى یەكەمى سەرۆك وەزیران، جێگرى پەرلەمانى عێراق، وەزیرى دەرەوە، سەرۆكى ئەركانى سوپا، چەندین پۆستی گرنگى تریش. ئەمانە بەرهەمى یەكدەنگى كورد بوون لەهەڵبژاردندا، هاوكاتیش گەرموگوڕیى هاووڵاتیانى هەرێم لەو هەڵبژاردنەدا فاكتەرى بەدەستهێنانى ئەو پێگە گرنگانە بوو، لەبەرامبەریشدا عەرەبە سووننەكان بایكۆتى هەڵبژاردنیان كردو بەڕێژەیەكى زۆر كەم بەشدارییان كرد، ئەوەش زیانێكى گەورەى پێگەیاندن، بۆیەكا ئێستا دەیانەوێت تۆڵەى ئەو هەڵبژاردنەى پێشوو بكەنەوەو بەهەموو هێزی خۆیانەوە بەشداریى بكەن.
ئەگەرچى عەرەبە سووننەكان لەهەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكانیشدا بەشداریى كارایان كردو پاشەكشەی گەورەشیان بەكورد كرد، بەتایبەت لەشارەكانى موسڵ و دیالە، بەم هۆیەوە ئەگەرى ئەوە هەیە لەهەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیشدا كورد ئەو سەركەوتنەى (2005) بەدەستنەهێنێتەوەو بەشێك لەو پۆستانە لەدەستبدات، ئەوەى زیاتر ئامانجى پارتى و یەكێتییە پۆستە گرنگەكانە، بەتایبەتى یەكێتى و تاڵەبانى چاویان لەپۆستى سەرۆك كۆمارەو پێناچێت تاڵەبانى جگە لەسەرۆك كۆماریى هیچ لێپرسراوێتییەكی تر بگرێتە ئەستۆ، ئەوەش كێشە بۆ یەكێتى و هاوكاتیش بۆ پارتى دروستدەكات. ئەگەرى لەدەستدانى ئەو پۆستە لەكاتێكدا زیاد دەكات كورد بەجیا بەرەو بەغدا بڕوات یاخۆ لیستى گۆڕان پشتیوانیى تاڵەبانى نەكات بۆ وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە، لەم سۆنگەیەشەوە ئێستا عەرەبە سووننەكان چاویان لەو پۆستەیەو بەبڕواى چاودێرانى سیاسیش لەدواى ئەنجامى هەڵبژاردنەكانیش ململانێیەكى توند لەنێوان كورد و عەرەبى سووننە لەسەر ئەو پۆستە دەستپێدەكات.



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە