سەردەشت و کچەکەی بارزانی: کوشتن لە سەر ناموس

Friday, 04/05/2012, 12:00

1849 بینراوە


گەر ویستت بزانیت لە مەملەکەتێک ئازادیی هەیە سنورەکان بجەڕێنە، هەوڵ بدە بیانکشێنە!

سەردەشت وای کرد. کوشتنی ئەو دەریخست کە سنورەکانی ئازادیی لە هەرێمی باشوور زۆر بەرتەسکن.

سەردەشت عاشقی کچەکەی بارزانی نەبوو، ئەو دەستەواژەیەی تەنیا وەکو مەجاز بەکارهێنا بۆ ئەوەی پێمان بڵێت کە لە هەرێمەکەی مەسعود بارزانییدا ئازادی نییە، یەکسانی کۆمەڵایەتی نییە، هەمووان بە یەک چاو سەیر ناکرێن. دیارە لە وتارەکانی پێشوتریشیدا قامکی خستبووە سەر ئەو دەمارە پڕ ژانانەی کۆمەڵگەی ئێمە.

ئەو لەو نووسینەدا ویستی پێمان بڵێت، کە بنەماڵەی بارزانی لە ناز و نیعمەتدا دەژین لە کاتێکدا هەزاران خێزان هەیە، کە گەرچی بۆ حیزبەکەی ئەوان قوربانیان داوە و ماندوو بوونە، بەڵام لە ڕادەی کەمی پێداویستیەکانی ژیان بێبەشن. ئەمە نمونەیەکی گچکەیە لەوەی سەردەشت ویستی پێمان بڵێت. سەرباری هەموو ئەوانە، کرۆکی مەبەستی ئەو ئەوەبوو پێمان بڵێت ئازادی بوونی نییە، زەمانەتی ژیانێکی تەندروست و پر کەرامەت لە لایەن بنەماڵەی بارزانییەوە زەوتکراوە.

کاتێکیش ناونیشانی باسەکەی خۆی کردە عاشقبوونی کچەکەی بارزانی ئیتر سنورەکانی هەموو تەحەمول و تۆلێرانس پچڕان.

داواکردنی ئازادی و مافەکان لای بنەماڵە چەند بڤەیە، بڤەتر باسکردنی کچەکانیان و عاشقبوونە پێیان.

کوشتن لە سەر شەرەف و ناموس ڕەهەند و پانتایی زۆرە. کۆمەڵگەی ئێمە لەو دیدەوە بووەتە جێگەی رەخنە و گازندەیەکی زۆری دنیای دەرەوە. دیارە بێجگە لەوەی مەسعود و مەسرور لە سەردەشت و هەموو ئەوانەی وەک ئەو بیردەکەنەوە توڕەن، بەڵام باسکردنی کچەکانیان بە زاندنی سنوری شەرەف و ناموسە.

خەیاڵدانی خێڵ و سەرەک خێڵ و کوڕی سەرەک خێڵ پرە لە شەرەف وناموسپارێزیی. پڕە لە خۆ بەزلزانیی، ئیتر چۆن لە ڕەعیەتی قبوڵدەکەن عاشقی کچیان بێت!

لەم کەیسەدا بکوژ مەسروری کوڕی بەرزانییە، بە ڕیزبەندی پاریزەری شەرەفی بنەماڵەیە.

باسکردن یان پەنجە بۆبردنی ناو و ناوبانگی خوشکان و ژنانی بنەماڵە بەو شێوەیەی سەردەشت کردویەتی هەموو سنورەکانی بەزاندووە. کوشتن و تۆڵە لێکردنەوەی لە لایەکەوە درێژەپێدانی زەوتکردنی ئازادیەکانە و لەلایەکی تریشەوە کوشتنە لەسەر شەرەف. کە دوا کرتەی ڤیدیۆیی تەرمەکەی سەردەشت دەبینم ناتوانم هەمووی سەیر بکەم بۆیە هەر دوای کەمێک دەیبڕم و لایدەبەم. لە کوشتنی ئەودا بێجگە لەوەی پێمان دەڵێن بێدەنگ بن، پێشمان دەڵێن شەرەفیان دەست بۆنەبراوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە