مەلا بەختیار لە زیندانەکەی یاخسەمەردا (بەشی هەشتەم)

Saturday, 11/02/2012, 12:00

2060 بینراوە


ئەوەی پێی بڵێن مۆراڵ مەلا بەختیار لەو زیندانە ڕووبەرە تەسکەدا پێی نەمابوو، گەر مەلا بەختیار بە جدی هەڵگری کارنامەی گۆڕانکاری ستراتیژی کۆمەڵە بوو لە بواری ئایدۆلیژیی و پرنسیپی ڕێکخراوەییدا دەبوایە لەبەردەم هەر ڕەفتارێکی سوکایەتی پێکردن و شەڕی دەروونیدا پشتی لایەنە نەیارەکەی بدایە بە زەویدا، لەم بوارەدا کەسایەتی ڕووخاوی مەلا لە زینداندا هەمیشە پشتی نووسابوو بە زەویدا.
بەهۆی ئەوەی ئێمە لە زیندانەکەدا موەلیدەیەکی کارەبایان بۆ دابین کردبووین تا کاتژمێر ١١ ی شەو ڕووناکیمان لێنەدەبڕا، گڵۆپێکی ٦٠ یشیان بە بنمیچی ژوورەکەی مەلا بەختیارەوە هەڵواسیبوو ، شەوێک پاش کوژاندنەوەی کارەبا من حەرەس بووم ، پرنسیپی حەرەسیات وابوو دەبوایە هەر حەرەسێک ماوە ماوە بچێت لەکونی ئەو ٢٠ سانتیمەترەی لە نێوقەدی دەرگای ژورەکەی مەلابەختیارەوە لە شێوەی چوارگۆشەیەکدا هەڵکەندرابوو سەیربکات تا بزانێت ڕەووش چۆنە ؟ کاتێک چووم مەلا بەختیار لەسەر یاتاخەکەی سەری خستبووە نێوان ئەژنۆکانی و دەگریا .
مەلا بەختیار بەبەردەوامی نامەی بۆ مام جەلال دەنووسی ، وەستا لەتیف تاکە کەس بوو نامەکانی مەلای دەگەیاندە مام جەلال و هەر خۆشی وەڵامی نامەکانی بۆ مەلا بە ختیار دەهێنایەوە، ئێمەی پێشمەرگە لە ئاڵوگۆڕی نامەکاندا ڕۆڵی ئەو کەسە کت وکوێرەمان دەبینی کە لە شاییدا بە ووشكی هەڵیان دەپەڕاند، یەکێک لەو نامەیەی مەلا بەختیار بۆ مام جەلالی نوسیبوو بە ڕێکەوت گەیشتە دەست من لە سەرەوەی نامەکەدا مەلا بەختیار نووسیبووی : بۆ هەڤاڵی تێکۆشەرو برای گەورەمان مام جەلال ، مەلا بەختیار لەو نامەیەدا داوای لە مام جەلال کردبوو بەمەرحەمەتی خۆی نەسریەی خەرجی پێداویستیەکانی لە زینداندا لە ٧٥ دینارەوە بکاتە ١٥٠ دینار ، کۆتایی نامەکەش پڕ بوو لە پاڕانەوە و داوای لێبووردن و تەنانەت لە کۆتایی نامەکەدا نووسی بووی هاوڕێی خەباتت (مەلا بەختیار) .
هاوڕێیەکم لە بارەگاکەی مام جەلال لە یاخسەمەر وەڵامی نامەکەی پیشان دام ، مام جەلال لە وەڵامی نامەکەی مەلا بەختیاردا لەکورتە وەڵامێکی بێ سەلام و کەلامدا نووسیبووی (حیکمەت) فرمانم دا بە بەرپرسی یەکەمی زیندانەکە نەسریەکەت لە ٧٥ دینارەوە بۆ بکەنە ١٥٠ دینار) .

ڕزگار ساڵح
هۆڵەندا- ئەنیشخەدە
١١-٢-٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە