دەسەڵاتی کاک کۆسرەت کورتی هێناوە

Sunday, 19/06/2011, 12:00

2983 بینراوە


کێشەکە لەوەدا نییە کە پارتی ئیعترافی پیناکات و سورە لەسەر ئەوەی کەنەبێتە جێگری سەرۆکی هەرێم ، بەڵکو کاک کۆسرەت لەسەر بەردەوام بوونی لەناو یەکێتی دا لایه‌نگر و هیبەت و به‌هاری کەسایەتی بەسەرچوو له‌ پایزدایه‌ .
شێرەکەی هەولێر لەمێژە بێشەکەی داڕماوەو پەڕەوازەی سلێمانی ودەوروبەر بووە .. کورد وتەنی بەرد لەجێگای خۆی سەنگینە ، کاک کۆسرەت شەهامەت و هەیبەتی لەقەرادایە ، هەتا نەگەڕێتەوە ئەوێ و توانای خۆی جێگیر نەکات ، وەک باس و وەک چیرۆک لەدەمی کوڕانی هەولێریانەوە لەزار نایەنەخوار ..
سەردەمانێک نەک پارتی و هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان بەڵکو بەعس بەنزیک بوونەوەی کاک کۆسرەت لە هەولێر شەونخونیان دەگرت . وەک هەولێریان وتەنی : کاتێک کاک کۆسرەت تەوقی هەولێری دەدا ، عەرد لەژێر پێیانیدا دەلەرزی ..
هێندە خۆشەویست بوو خوازیاربوون کوڕیان ببێت و ناوی لێ بنێن کۆسرەت ، بەڵام کاروابڕوات قێز لەناو کۆسرەتیش دەکەنەوە .. زەمەنی شاخ ! ڕستەیەک نەبوو هاوشێوەی ئەو ڕستانەی ئەمڕۆ لەسەر زاران و بوونەتە ناڕەزایی و ناشرینکردنی ڕابردووی شۆڕشگێرەکان و سیاسەتیان ، بەڵکو خراونەتە گەمارۆی پرسیارەوە ... لەزەمەنی شاخدا نەمان دی لەزاری کاک کۆسرەت ڕۆژێک بێژێت : کوڕەکان پاش سەرکەوتن کاسەو تاسەی گەل بۆخۆمان و خوانی ڕەق و تەق بۆگەل .. ئەوسا وشەی وا لەزەهن و ڕەفتاری شۆڕشگێرەکاندا نەبوو ، بۆیە جوان و بەڕێزو باسی نێو کۆڕو کۆبونەوەی سەر سەکۆی مزگەوتەکان و سەرکانی ژنان و شەقاوەکانی کوردستان بوون ..
ساڵ ١٩٨٥ ، شوێن سورداشە ، کۆنگرەی دووەمی کۆمەڵە بەسترا ، کۆسرەت بوو بەئەندامی سەرکردایەتی . لەناوچەی هەولێردا بەهۆی جیابوونەوەی باڵی ڕەسوڵ مەمەند ، واتە (بزوتنەوەی سۆشیالیستی کوردستانەوە) لەیەکێتی ؛؛ یەکێتی هێزێکی زۆرکەم و جەماوەرێکی نادیاری هەبوو .. کۆسرەت بە بازوی شان و بەتوانای خۆی و بەماتۆڕی کۆمەڵەو یەکێتی توانی هەیبەت و شەهامەتی خۆی لەناو دڵ و هەست و سۆزی هەلێریاندا بچەسپێنێت .. ئەو زەمانە کۆسرەت قوتی و خۆی و جەستەی خۆی و توانی خۆی کردبووە قەڵغان و لەسەنگەری خۆڕستدا پارێزگاری لە هەولێریان و هۆسۆزانی هەولێر دەکرد . ئەوسا دەستی ڕەشی پارتی و بەعس لەوێ لەبەردەمی کۆسرەت و هاوسۆزەکانی باڵا نەبوو ، چۆکدادەر بوو ، ڕاکردوو بوو ، هەڵدێراو بوو ...
دەکرا هەموو کەس لەناو یەکێتی دا بەخودی نەوشیروان موستەفاشەوە قبوڵی هاوپەیمانێتی ستراتیژی نێوان پارتی و یەکێتی بکردایە ، بەڵام کاک کۆسرەت لەپێناو وەفا بۆ هەولێرو هەڵیریەکان ناڕازیی بووایە .. دەکرا ئەو سەرقافلەی ڕێفۆرم و درزتێکردنی جەستەی یەکێتی بوایە . دەکرا ئێستا ئەو سەرکردەی ڕاماڵین و داماڵینی هەولێر لەپارتی بوایە . دەکرا زەمەنی پاش سەدام زەمەنی تۆڵەی ٣١ ئاب بوایە . دەکراکان ڕۆژێک لەڕۆژان لای شۆڕشگێرەکانی دوێنێ ناچەسپێت لەجیاتی ناڕازی بوون یەکتری ویستن و یەکتری قبوڵکردن هەبووایە . کاک کۆسرەت لەم لەمپەڕەشدا وونەو ڕاستییەکانی فەرامۆش کردووە ...
یەکێتی بۆ چەندین ساڵە لەقەیرانێکی قوڵدایە ، چارەسەری گونجاو لەهەناویدا نییە ، پاشەکشێ و بیری سەرسەختی و خۆهەڵواسین بەڕۆژگاری پێچەوانە ڕووی لەماڵی یەکێتی کردووە ، ئەمە خۆڕسک نییە بەڵکو دەستی ئێکسترایە ، هەنگاوێکە لەپێش ئەوەی بهاوێژرێت دەبینرێت . تاڵەبانی لەپێناو سڕینەوەی ڕابردوویەکی دووری خۆی داهاتویەکی نەزۆک دەگرێتە بەر . مرۆڤێکی کافر لای ئیسلام بەتۆبەیەکی پێش سەرەمەرگ ناچێتە بەهەشت ، ئەم مەشهەدەی تاڵەبانی کەنیشانمان دەدات لەبەردەم کاک کۆسرەتدا بەتەواوی لێڵ دەبێت ، لەو دیو ئەوەوە پەل دەهاوژێت ، ئەمە سەرەتای کۆتایی هاتنی یەکێتییە ، کار وابڕوات هەموویان لەسەر قوماری سیاسی پارتی دەدۆڕین . ئێستا یەکێتی ملی لەبەردەم چەقۆی پارتیدایە . بۆ ئەوەی لانی کەم بەشێکی یەکێتی ڕزگار بێت لەمیحنەتی دۆڕاندن و لەناوچون ، جیابوونەوە یان کودەتای سپییە . ڕزگار بوون لەتاڵەبانی یەکسانە بەڕزگار بوون و لە ناوچوون ..
کاک کۆسرەت مێژوویەکی هەیە لەهەلێردا ، لەئێستادا ئەو میژووە ڕووەو ناشرین بوون و فەوتاندن دەچێت . (کارەساتە تۆ بیکەیت و یەکێکی تر بیخوات بەنێرەکەری) ، لەڕاپەڕینی ١٩٩١ دا تاکۆسرەت و هێزەکەی ڕووی لەهەولێر نەکرد کەمەری بەعس لەو شارەدا نەپسا ...
مرۆڤ لەسەر مافی خۆی چی بەسەر بێت سەربەرزییە ، کاک کۆسرەت لەئەمڕۆدا ئەوەی پیادەی دەکات ماف دۆراندنەوەو مل دانە . کاروا بڕوات کۆتایی هاتنی شەهامەت و هەیبەت و کەسایەتیەتی . ئیتر کۆسرەت ناوەکەی دەگڕێتەوە بۆسەرەتاو کۆتای بەناوەپیرۆزەکەی دێت و بەرگ و ناوی عەبدوڵا عەلی هەڵدەگرێتەوە..
کات ماوە لەنێو هەنگاوی خۆبەخشیندا بۆ باوەشی گەرمی گەل ، لێرەدا پێداویستی ڕوو وەڕگەڕانە لەناعەدالەتی ، ئاوڕدانەوەیە لەوەی گەل دەخوازێت ...
خوازیا ئەو مەشهەدانەی کۆسرەتم نەدیبایە لەیادی ٣١ ساڵەی یەکێتیدا لەتەنیشت قەراو منارەدا ، کە بەدەستی ئەنقەست و بەسینارۆیەکی سەرانی پارتی سوکایەتی پێکرا ..

کونجــرینی
19/06/2011








نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە