من عاشقى لیژنەكەى بارزانییم

Friday, 17/09/2010, 12:00

1363 بینراوە


لیژنەى لێكۆڵینەوە لەدۆسیەى شەهید كردنى سەردەشت عوسمان ,كەبەبڕیارى بارزانى سەرۆكى هەرێم دامەزرابوو ,ئەو لیژنەیەى كە بەبێ نوێنەرایەتى هیچ مێدیایەك, بەبێ نوێنەرایەتى كەسوكارى سەردەشت ,بەبێ نوێنەرایەتى هیچكام لەڕێكخراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى وبەتایبەتیش ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكان ,(كەهەر لەسەرەتاوە داواكرا بونیان هەبێت), ئەو لیژنەیەى مەگەرقودرەتى قادربزانێت چۆن دامەزراو كارەكانى چۆن بەڕێوەچوون, كەهەرلەسەرەتاوە هەزارویەك هێماى پرسیاری لەسەر دروست بوو, دواى تێپەڕبونى نزیكەى چوارمانگ بەسەر تیرۆركردنى سەردەشتدا ,ئێوارەى 15/9 بۆجارى دووەم كەسایەتى سەردەشت عوسمان تیرۆر دەكەنەوە!, بۆجارێكى دیكە دواى فرمێسكە قەتیسماوەكانى دایكە جەرگ سوتاوەكەى و باوكە پشت شكاوەكەى وخوشك وبرا دڵبریندارەكانى لەنۆجەژنەیدا كەبەهەناسەى ساردوو كولانەوەى برینەكانینەوە ڕۆژانى جەژنیان بەڕێكرد ,كەچى لەوسەروبەندەدا لیژنە لێكۆڵینەوە, دیارى جەژنانەیان بۆ خانەوادەى كاكە سەردەشت بەتیرۆریست ناساندنى كوڕەكەیانە!....بەڕاستى ئافەرین سیناریۆكەتان ئەوەندە ناوازەیە وەك برادەرێكى هەندەرانم ووتى:ڕاگەیاندنەكەى لیژنەى لێكۆڵینەوەى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان وەك كەیسەكەى من وایە هەموودنیا ئیقامەى وەرگرت كەچى ئەوە دەساڵە من جوابم نیە!
ئەوەى كەلەهەمووشى زیاتر بێویژدانیە لەوسیناریۆیەداو ئازارى هەموو كەسێكى بەویژدان دەدات ئەوەیە كە لیژنەى لێكۆڵینەوە بەبێ ئەوەى بگاتە ئەنجامى كۆتاى هاتوە لەزارى تاكە كارەكتەرێكى تۆمەتبارەوە سەردەشت عوسمان بەتیرۆریست ناودەبات لەكاتێكدا هێشتا سەرۆكى باندەكەو ئەندامێكى دیكەى ئەوباندە ماون كەدەستگیربكرێن!.
ئەوپرسیارە جەوهەریانەى كەلەم سەروبەندەدا دروست دەبێت: ئەرێ بەڕاست ئەگەر بەئاوازى قانونەكەتان, ببورن ئەگەربەسەروەرى قانونەكەى خۆتان كاردەكەن بۆناچن خانەوادە داماوەكەى سەردەشت ڕاپێچى زیندان بكەن؟ چۆنەبیرتان لەوەنەكردۆتەوە؟ كێدەڵێت كەسێكیدیكەى ئەم خانەوادەیەش پەیوەندى بەو باندە دروستكراوە وەهمیەوە نییە, كەلەئایدیا خۆتاندا دروستتان كردوە وگەرەكتانە هەربەزۆر دەرخواردى هزرى ئەو میللەتەى بدەن؟! خۆهەرچەندە بەدوورنازانرێت كەئەوكارەش بكەن بۆدرێژەدان بەسیناریۆكانتان!. بەدوور نازانرێت سبەى ڕۆژێ ئەندامێكى دیكەى خێزانەكەى سەردەشتیش بێننە سەرشاشەو بۆشاردنەوەى مەرامەكانتان بەتیرۆریستى ناوببەن؟!.

ئەرێ بەڕاست هۆكارچیە چەند كاتژمێرێك پێش ڕاگەیاندنەكەى لیژنەى لێكۆڵینەوە هەرچى بەرپرسی حكومى هەرێمە بێئاگاى خۆى لەبارەى ڕاگەیاندنى لیژنەكەوە نیشان دەدات, بەڵام دواى چەند كاتژمێرێك بەسەرتێپەڕبونى ڕاگەیاندنى لیژنەكەدا, وتەبێژە نازدارەكەى حكومەت دێت وپێمان دەڵێت(دەرەنجامى لێكۆڵینەوەكەى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمان گوزارشتە لەهەڵوێستى ڕەسمى حكومەتى هەرێم)و تەنانەت ئەولیژنەیە بوە بەكابوسێك كەس ناتوانێت تانەی لێبدات بەسەندیكا بێهەڵوێستەكەى ڕۆژنامەنووسانیشەوە؟!.

ئەرێ بەڕاست هۆكارچیە ڕاگەیاندن ودەروێشەكانى پارتى لەسەرەتاوە لایەنى سیاسی هەرێم نەما تۆمەتبارى نەكەن بەوەى دەستیان لەپشتەوەى تیرۆركردنى سەردەشت عوسمانەوە هەیەو تەنانەت پەنجەى تۆمەتى ئەخلاقیشیان بۆڕادەكێشا, كەچى ئەمڕۆ لیژنەى لێكۆڵینەوەكەى ئاسایش وپاراستنى سەربە پارتى دێت لەكەسایەتى سەردەشت عوسمان دەدات وبەتیرۆریست وێناى دەكات؟!.

ئەرێ بەڕاست ئەوەى كەلەنزیكەوە خانەوادەى سەردەشت عوسمان بناسێت, بەتایبەت براكانى وخودى سەردەشت خۆى, باش دەزانێت كە ئایدیایەكى ێرف چەپیان هەیە, (هەروەك لەدوایین ڕونكردنەوەدا بەكر عوسمانى براى شەهیدسەردەشت خۆشى باسی لێوە دەكات), ئەى ئەمڕۆخێرە خوێندكارو ڕۆژنامەنووسێكى ئەوخانەوادەیە دواى تێپەڕبوونى چوارمانگ بەسەر تیرۆركردنیداو هۆنینەوەى دەیان قسەى بێبنەما دواجار تۆمەتبارە بەوەى كەهاوكارى گروپێكى تیرۆریستى توندڕەوى كردبێت؟!.

ئەرێ بەڕاست لەڕوداوێكى ئاسای هاتوچۆدا ئێمەى ڕۆژنامەنووس شێت وهاردەبین تا سەرەداوێكى ڕوداوەكەمان لەئەفسەرێك دەست دەكەویًَت, هیچ كەس ئامادەنیە لێدوانمان بۆ بدات (بەبیانوى لێكۆڵینەوە لەڕووداوەكەو لەبەرسەلامەتى ڕێڕوى دۆسیەكە), ئەى عەجایب لیژنەى لێكۆڵینەوە لەڕووداوى تیرۆركردنى خوێندكارو ڕۆژنامەنووسێك كە هێشتا سەرۆكى باندەكەى دەستگیرنەكردوە وبە (أ.أ) لەگەڵ ئەندامێكى دیكەى ئەوباندە كەبە(أ.م)ناوی دەبات وبەبێگوێدانە سەلامەتى لەڕێڕەوى لێكۆڵینەوەكە سەرلەبەرى دۆسیەكە ئاشكرا دەكات؟!, ئەمەلەكاتێكدا یەكێك لەتاوانبارەكان ناوى سیانى بڵاو دەكرێتەوە وبەووردى لەزارى تاوانبارەوە تەواوى چۆنیەتى جەریمەكە بڵاودەكرێتەوە!. كەچى ئەوەى لەهەمووشی زیاتر جێگەى پێكەنینە لەڕاگەیاندنەكەدا هاتوە(لەهەوڵى بەردەوامداین بۆدەستگیركردنى تۆمەتبارانى ترى ئەم باندە)!, وەك ئەوەى بڵێی تۆمەتبارەكانیتر هەرسبەى زووترنیە خۆیان پەیوەندى بەلیژنەى لێكۆڵینەوە بكەن تابچن دەستگیریان بكەن!.
ئەوەى دواجار ماوەتەوە بۆ وتن بەڕاستى سیناریۆكەتان ئەوەندە بێپێزە جێگەى پێكەنینە ,لیژنەیەك لەسەربڕیارى بارزانى دروست ببێت وئەوە دەرئەنجامى لێكۆڵینەوەكانیبێت, ئیدى هەرئەوەشە واملێدەكات پڕبەگەرووم هاواركەم وبڵێم من عاشقى لیژنەكەى بارزانیم!.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە