سێبەری میدیای تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە

Tuesday, 19/01/2010, 12:00

1266 بینراوە


رۆژنامەی ئاوێنە، لە ژمارە 205 رۆژی سێشەمە، 12-1-2010 لە هەواڵی سەرەکیی لاپەڕە یەکیدا، نوسیویەتی "یه‌كێتی‌ ده‌بێت به‌ دوو به‌ره‌ی‌ كۆتر‌و هه‌ڵۆ." ئاوێنە ئەو دەستەواژەیەی لەکوێ هێناوە؟ ئەی ئایا هەر بەڕاست ئەو دو دەستەواژەیە گونجاو و پڕ بە پێستی ئەو ناونانەن یا لەژێر کاریگەریی میدیای وڵاتێکی دیکە ئەو دو دەستەواژەیەی بەکارهێناون؟
ناونانی باڵە جیاوازەکانی هەر هێزێک لە بزوتنەوەی رزگارییخوازیی کورددا، شتێکی نوێ نییە. ئەمە رێچکەکانی بەڕونی ئەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەلالیی و مەلایی یا باڵی مەکتەبی سیاسیی و باڵی بارزانیی لەناو پارتیی دیموکڕاتیی کوردستان-عێڕاق بەر لە دروستبونی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. خەتی گشتیی و کۆمەڵە یا باڵی شاخ و ئەوڕوپا، یا سوریا و ئەوڕوپا لەناو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. ئەمە لەناو زۆربەی هێزە کوردییەکاندا بەرچاوئەکەوێ. لە رۆژهەڵاتیش لادەر و هتد بونی هەبووە. لە باکوریشدا هەمان شت بەرچاوکەوتووە.
لە تورکیا، دوای دروستبونی پارتیی کۆمەڵگەی دیموکڕاتیک، DTP، میدیای تورکیی کەوتە بڕوبیانو دۆزینەوە بۆئەوەی دوبەرەکییەک بخاتە ناو پارتەکە. هەرچەندە، سەرکەوتو نەبون، بەڵام لەوەدا سەرکەوتو بون کە هەر دو ناوی جیاواز لە (دو باڵی) ناو پارتەکە بنێن.
ئایشەڵ توغلوگ و ئەحمەد تورک، لای میدیای تورکیا بەوە ناسرابون کە دو کەسی میانڕەون. ئەمینە ئاینە و دەمیرتاش و زۆرێکی تریش بە توندڕەو. دواتر میانڕەو و توندڕەویان گۆڕی بۆ "هەڵۆ و کۆتر" یان "باز و کۆتر".
ئەو ناونانە، هیچی لە بابەتەکە نەگۆڕی. تەنها ئەوە نەبێ کە زۆرجار ئەندامانی DTP زۆر بەتوندی ئەوەیان رەتدەکردەوە کە دو باڵی "کۆتر و باز" لەناویاندا هەبێ. عوسمان بایدەمیر، سەرۆکی شارەوانیی دیاربەکر، دوای دەستگیرکردنی 37 ئەندامە هەڵبژێردراوەکەی BTP، زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو ناونانەی کرد. ئەمە جگە لە خۆخەریککردنێکی بەردەوامی میدیای تورکیا بەو بابەتەوە.
ماوەی رابردوش، نێچیرڤان گوتی کە دو رای شەڕخواز و ئاشتیخواز لەناو PKKدا هەیە. دەمێکی زۆریشە لەناو میدیای تورکی و هەندێک میدیای تردا باس لەوە ئەکرێ کە لەناو PKKدا دو هێلی دژبەیەک بونیان هەیە. هێڵێک قەڕەیڵان سەرکردایەتیی ئەکا و توندڕەوە. هێڵی دووەم هێڵی جەمیل باییکە و نەرمترە لە هێڵێ قەڕەیلان. ئەوەش ئەچوێنن بەو دو هێڵەی کە لەناو سوپای تورکیادا بونی هەیە. هێڵی شەڕ و هێڵی ئاشتیخوز. ئەشگوترێ خەتی شەڕی ناو سوپا و خەتی شەڕی ناو PKK لێناگەڕێن ئاشتی دروستبێ. ئایا نێچیرڤان هەمان قسەکانی میدیای تورکیی و پڕوپاگەندەکانی ترە ئەیکات یان ئەو خۆی لەگەڵ PKK دانیشتووە و لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سەرکردەکانی PKKوە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتە؟
ماوەی رابردو سەردانێکی قەندیلم کرد بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیی و هەمان پرسیارم لە جێگرەکەی قەڕەیڵان، بۆزان تەکین کرد. ئەو گوتی " ئەمانە ئاگاهییەکی شاش و بەتاڵن. ئێستا لەناو سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستاندا، هەڤاڵ قەرەیلان، باییک، روناهی، سۆزدار و بۆزان (من)، ئێمە ئەو پێنج هەڤاڵەین کە تەمسیلی کۆنسەی سەرۆکایەتیی ئەکەن."
ئەو رونیشیکردەوە "ئێمە لە سازییەک داین کە کەس بڕیار بەسەر ئەوی تردا فەڕز ناکا. هەمومان کۆئەبینەوە و لێکۆڵینەوە ئەکەین و ئینجا بڕیارێکی دەستەجەمعی ئەدەین. هیچ بڕیارێک هی هەڤاڵ جومعە (جەمیل باییک) یا هەڤاڵ جەمال (موڕاد قەڕەیلان) نینە. بڕیاری هەمووان و کۆما جڤاکێن کوردستانە. بەڵام هەندێکیش هەن ئەڵین جەمال لە هێڵێک دایە و جەمیلیش لە هێڵێکی دیکەدا. ئەوانە قسەی بێمانان و تەنها خەونیان ئەوەیە کە شتی وا دروستبێ نەک هەبێ. وەک گوتم، بڕیارەکان دەستەجەمعین و دوای گفتوگۆکان بڕیاری کۆتایی ئەدرێت."
لە سەروبەندی داخستنی پارتیی کۆمەلگەی دیموکڕاتیش، رۆژنامەنوسێکی هەرێم ئەیگوت، "سەیرە دادگای دەستوریی ئایشەڵ توغلوگ و ئەحمەد تورک لە کاری سیاسیی دوردەخاتەوە کە لە باڵی کۆترەکانە و ئامینە ئاینە دورناخاتەوە کە سەر بە باڵی هەڵۆکانە و ئامینە ئاینە بەو بڕیارە پێدەکەنی."
کەوتنە ژێر کاریگەریی میدیای تورکیا، پڕ ئاشکرایە نەک هەر سەرکردە، رۆژنامەنوس و هاووڵاتیی گرتۆتەوە، بەڵکو ئەوە لەو هەواڵەی ئاوێنەدا دەردەکەوێ میدیای ئەهلیشی گرتۆتەوە.
نە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئەتوانێ وەک پارتیی کۆمەڵگەی دیموکڕاتیک خەبات بکات، نە سەرکردەکانیش دەبنە "هەڵۆ و کۆتر". ئاوێنە لەبری ناوی (باز) (هەڵۆ)ی بەکارهێناوە. ئەو دو ناوە جیاوازییەکی جەوهەرییان هەیە، چونکە سیفاتەکانی هەڵۆ جیاوازن لە سیفاتەکانی باز. هەڵۆ، هەرگیز گۆشتێک ناخوات کە مردار بوبێ!!
ئەوانەی کە ناویان بە کۆتر هاتووە، هەر ئەوانەن کە هۆکاری پشتی کێشەکان بونە. قوڵبونەوەی کێشەکانیش هەر ئەکەوێتە ئەستۆی ئەوان. لە بەرەی "هەڵۆ"کاندا، زۆرێکی تێدایە کە گوتاری زۆر توندیان هەبووە بەرامبەر گۆڕان و ئەو کێشانەی کە لەم دواییەدا سەری هەڵداون.
من لەگەڵ ناونانی ئەو دو بەرەیە نیم، ئەمەش لەوەدا سەرچاوە دەگرێ کە ئەو دو ناوە، لە شوێنی تر و بە مەبەستی تر بەکارهاتووە. ئەوەی ئاوێنەش خۆی لێبوواردووە، ئایا تاڵەبانی لەکاام باڵە؟ ئایا تاڵەبانی هەڵۆیە یا کۆترە؟ خۆ ئەوە رونە کە دوا قسە هەر هی خۆیەتی. تاڵەبانی بڕیاردەدات ئایا (هەڵۆ) بن بەرامبەر بە بزوتنەوەی گۆڕان و ئەوانی دی یا (کۆتر) بن.
تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێی هەرێمی کوردستان و داگیرکەری پارچەیەک لە کوردستان، کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی ئەبێ بەسەرمانەوە. دوای هاتنی پارتیی داد و گەشەپێدان و بەتایبەتتریش بونی ئەحمەد داڤود ئۆغڵۆ بە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەو وڵاتە ستراتیژیی سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای (Zero Problem) (سفر کێشە) لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی داڕشتووە.
لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەشدا، کورد ئەتوانێ گەمە سیاسییەکانی خۆی لە بەرژەوەندیی سیاسیی و ئابوریی خۆیدا پەرەپێبدا و ستراتیژیی نەتەوەییشی بپارێزێ. تورکیا لە داهاتودا کرانەوەی زیاتریشی بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەبێ. ئەمەش زیاتر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابورییەکانی خۆیەتی.
لە کوردستاندا، کاریگەریی تورکیا لە هەمو رووێکەوە دیارە. لەم چەند رۆژەی رابردو، بەرپرسێکی یەکگرتوی ئیسلامیی ئەوەی گوتبو کە ئەوان ئامادەن کچێک کە باڵاپۆش نەبێ و ئامادەش نەبێ باڵاپۆش بێ، بیکەنە ئەندامی خۆیان. ئەوە پیادەکردنی هەمان سیاسەتی ئەکەپەیە.
ئەبێ زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو گۆرانکارییانە بکرێ. لە میدیای کوردیی بینراو و بیستراودا، ئەمڕۆ کورد خەریکی تەقلیدێکی لە رادەبەدەری تورکیایە. کەناڵە تەرفیهییەکان ئەوەندەیان ماوە ناوێکی تورکیی لە خۆیان بنێن.
ئەو سێبەرەی کە میدیای تورکیا بەسەر هەرێمی کوردستانەوە دروستکردووە، سێبەرێکی فێنک نییە. ئەوە ئەگەر بەسادەیی وەربگیرێ، لەوانەیە بە خراپ بەسەرماندا بشکێتەوە بەتایبەت لە تێڕوانینمان بەرامبەر کێشەی کورد لە ناوچەکەدا.
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە