خەونى چاكسازى لەبەرامبەر لێشاوى گەندەڵیدا

Thursday, 09/02/2012, 12:00

1239 بینراوە




 



- (ئەو شارەى ڕۆژى جارێك كارێكى گەندەڵى تێدا ئەنجام بدرێت ئەوە شارێكى گەندەڵە) ئەرەستۆ.
- (ئاخرین پلەى فەسادى بەكارهێنانى یاسایە بۆ ستەم) دیكارت.

خواستێك بۆ چاكسازى :
ئەوە بزانە هەردەم لایەنگرانى گەندەڵى زۆر زیاترن لە هەوادارانى چاكسازى، بۆیە هەرگیز نابینیت خواستى چاكسازیكاران سەركەوێت بەسەر ئۆردوى گەندەڵكاراندا، بەڵێ لەبەرامبەر فەزاى نادادى و لێشاوى گەندەڵى و دونیاى پاوانخوازیدا هەردەم خواستێكیش هەبوە بۆ چاكسازى، بەڵام ئایا لە كێشمەكێش و ئاریشەى نێوان ئەو دوو ئۆردوەدا كام لایان توانیویانە بەردەوام لە ڕیزى برەوسەندن و سەركەوتواندابن؟ ئایا هەوادارانى چاكسازى هەرگیز توانیویانە سەركەوتنى گەورەو كۆتا تۆمار بكەن بەسەر نەیارەكانیاندا؟ بە بۆچونى من بەو ژمارەكەمەى هەڵگرانى ئاڵاى چاكسازى و داد و یەكسانى هەرگیز نەیانتوانیوە و ناتوانن ئۆردوى زۆر و زەوەندى لە بن نەهاتوى گەندەڵكاران لەناو ببەن یان بنەبڕبكەن، چونكە ئەوە شەڕى حەق و ناحەقە و داد و نادایەو ئەو جەنگەش تا كۆتاى دونیا ، تامرۆڤەكان لەسەر زەوى بژین بەردەوام دەبێت.
زۆربەى جارەكان ئەوانەى كە بانگەشەى چاكسازى و پاكسازى دەكەن بەخۆیان بزانن یان نا خۆیان لەو بەرەیەدا نیین! هەربۆیە هەوڵەكانیان وەك كوتانى ئاسنى ساردوایە، لەپاش ماندوو بون، هەوڵەكان بێ ئاكام دەمێننەوە، ئەمەش نابێتە دەرس و عیبرەت بۆ ئەوانەى كە پاش ئەمان دێن و هەمان بانگەشە دەكەن، چونكە ئەوانەى دوایش هەمان سیناریۆ دووبارە دەكەنەوە، بەڵام لە كۆتایدا تەنها ماندوو بون و ناو زراندن و عەیبداریان بۆ دەمێنێتەوە و لە بەرامبەریشدا ئۆردوى گەندەڵكاران بەهێزترخۆى نمایش دەكەنەوە.
هەوڵى چاگسازى ویژدانى زیندوو ئیرادەى لەبن نەهاتو و ورەى پۆڵاینى دەوێت، ئیرادەیەك كە دەستت پێ هەڵبگرێت لە هەموو خواستە تایبەتیەكانى خۆت و قسەو قسەلۆكى خەڵكى، بەواتایەكیتر پاراستنى بەرژەوەندیە گشتیەكان بخریتە پێش بەرژەوەندیە تایبەتیەكانەوە، دەى كێ ئەمڕۆ كەسێك شك دەبات كە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى خۆى بكات بە قوریانى بەرژەوەندیە گشتیەكان !

ئایا لە هەرێمى كوردستاندا هەوڵێك هەیە بۆ چاكسازى؟

دیسان دەڵێم بەڵێ، چونكە چەندین جار بەرپرسە باڵا حیزبى و حكومیەكان بانگەشەى چاكسازى و بنەبڕكردنى گەندەڵییان كردوە، بەڵام جارێكیتر وەك هەموجارەكان لە كۆتایدا هەوڵەكان بێ ئاكام بون ! چونكە هەوڵ شتێكە و ئیرادەش شتێكیترە، هەوڵى بێ ئیرادە ئەوە ئەنجامەكەیەتى.
من دەپرسم لە هەرێمەدا كە دوو دیوانى چاودێرى دارایى هەبون و تەنها ئەوەى ئیدارەى كۆنى سلێمانى نزیكەى 2500 ڕاپۆرتى گەندەڵى دابوو بە پەرلەمانى كوردستان ، ئایا پەرلەمان یان داواكارى گشتى چەند بەدوادا چونیان بۆ ئەو دۆسیانەكرد؟ ئایا ئێستا راپۆرتەكان لە كوێن؟ ئەى لیژنەى نەزاهەى پەرلەمان لە كوێن بۆ زۆربەى ئەندامەكانى بە سەرۆكەكەشیانەوە دەستیان لەكار لیژنەكە كێشایەوە؟ ئەى دەستەى مافى مرۆڤ لەكوێن بۆ كەس چالاكیەكانیان نابینێت؟
چەندینجار وەفدى باڵاى حیزبى و حكومى سەردانى بەغدایانكرد بۆ چارەسەر كردنى كێشە هەڵپسێردراوەكانى نێوانیان، كەچى ڕۆژ بە ڕۆژ كێشەكان قوڵتر دەبنەوە تائاستى تەقینەوە، دەپرسین بۆچى ئاریشەكان تابێت زیاتر دەبن؟ لەكاتێكدا كەنێردە و نوێنەرەكان لە بەغدا دەگەڕێنەوە ئەوە بەگوێى خەڵكیدا دەدەن كە كۆبونەوەكان ئیجابى بوون، یان دەپرسین ئەوەچەندین مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دەركردنى چوار بڕیارەكەى سەرۆكى هەرێمدا؟ كەچى بڕیارەكانى جێبەجێ نابن! ئەگەر ئەوە جدیەتى كارپێكردنى بڕیارەكانى سەرۆكى هەرێم بێت، ئیتر دەبێت چارەنوسى بڕیارە لاوەكیەكانى دەزگاكانیترى حكومەت چى بێت؟ تەنانەت بڕیارێكیترى پێشوى سەرۆكى هەرێم، كەبە بڕواى من ئەو بڕیارە بچوكە لە ئاستى پۆستى سەرۆكى هەرێمدا نەبوو! كە ئەویش بڕیارى قەدەغەكردنى (جامى ڕەش)ى ئۆتۆمبێل بو، ئایا تا چەند جێبەجێكراوە؟ هەزاران دۆنم زەوى لێرە و لەوێ بەخشرا بەكۆمپانیا ناوخۆیى و بیانیەكان بۆ دروستكردنى خانوو بەرە بۆ بنەبڕكردنى كێشەى نیشتەجێ بوون، ئایا تا ئەمڕۆ كێشەى نیشتەجێ بون بەچارەسەر گەیشتوە؟ دەیان فەزیحە و كەلێنى گەورەى بەهەدەردان لە پرۆژە بودجەى 2010 و2011 دا ئاشكراكرا كە بە سەدان ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرا ئایا كەس خۆى لێكرد بەخاوەن؟ ئەوەباسى پرۆژە بەناو چاكسازیەكانى بوارى خوێندن و كشتوكاڵ و بەناو هاوتاكردنى موچە لە نێوان بەغدا و هەرێم و دەستە پاچەیى دەسەڵاتى دادوەرى و خەرج نەكردنى دەرماڵەى زۆربەى چین و تویًژەكان و ناداد پەروەریەكى زۆر لە مەسەلەى دابەشكردنى زەوی و ناشەفافیەكى زۆر لە مەسەلەى نەوت و غاز كە ئەویش بەهەدەردان و گەندەڵیەكان بە ملیارەها دۆلار دەخەمڵێنرێت بالەولاوە بوەستێت، ئەمانە تەنها مشتێكن لە نمونەى خەروارێك ئەگینا لەم هەرێمەدا دەست بۆ هەر بوارێك ببەیت ئەوا لە بوارەكەیتر بۆگەن ترە، چونكە لەم وڵاتەدا گەندەڵى بەیاسا رێكخراوە كەبەلاى (دیكارتەوە)ئەمەش خراپترین جۆرەكانى گەندەڵیە، شتێكیتریش كە شایستەى هەڵوێستەو قسەلەسەركردنە ئەویش مەسەلەى هاوپەیمانى نێوان(ئەمیركا و كورد)ە كە ڕاگەیاندنەكانى سەر بەدەسەڵات هەموجارێك لەكاتى كۆبونەوە و سەردانەكانى وەفدى هەردولا بۆلاى یەكتر تیشكیان دەخستە سەر ئەم هاوپەیمانیە و هاوڵاتیانیان لە سەر گۆش دەكرد، كەچى تازە بەتازە دكتۆر محمود عوسمان دەڵێت هەر لە سەردەمى (پۆڵ بریمەردا)دا بریمەر بە پەنجە باریكەكانى ئیشارەى بۆ ئەوە دەكرد كە ئەو ناهێڵێت بەهێندەى یەك پەنجە زەوى ناوچە جێناكۆكەكان بگەرێتەوە سەر هەرێمى كوردستان، جارێكیتر جێگاى خۆیەتى بپرسین ئاخۆ ئەو هاوپەیمانیە لەسەر ئەساسى چ بەرژەوەندیەك بنیات نرابوو؟، بەرژەوەندى باڵاى گەل بو یان بەرژەوەندى كەسى و حیزبى؟ یان هەر لە ئەساسدا شتێك نەبو ناوى هاوپەیمانى (ئمیركا و كورد)بێت ، ئەوە هەر ئێمە بوین بۆ چەند مەرامێكى تایبەتى ئەو دەهۆڵەمان دەكوتا.
لەكۆتایدا:

ئایا كێ دەتوانێت ئاڵاهەڵگرى چاكسازى بێت؟
كێ دەتوانێت هەنگاوێكى جدى بنێت بۆ بنەبڕى گەندەڵى؟
كێ ئامادەیە دەست لە بەرژەوەندیە تایبەتیەكانى هەڵبگرێت بۆ بەرژەوەندیە گشتیەكان؟
جارێكیتر ئایا لەم وڵات و هەرێمەدا ئومێدى چاكسازى بەدىدەكرێت؟ بێگومان نەخێر، هەربۆیە ئەوە چەند ساڵێكیشەلە پێشەوەى هەرە گەندەڵترین وڵاتانى دونیاداین!!!!!!!!!!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە