گەشتى زانستى لە نێوان زانكۆى سلێمانى و مەڵبەندى سلێمانیدا كۆلێژى كارگێڕى و ئابورى بە نمونە

Friday, 24/09/2010, 12:00

718 بینراوە




هیچ پێم سەیر نەبوو، كە حیزب دەست بخاتە نێو سەفرەى دهۆكى قۆناغى چوارەمى خوێندكارانى زانكۆى سلێمانییەوە، چونكە ئەوە خەسڵەتى خۆیانە و لێى لانادەن، بەڵام ئەوەى سەیر بوو، بە پێچەوانەى دروشمەكانیانەوە، ئەوەندەى دەستیان لە ناخۆشكردنى گەشتەكەدا هەبوو، نیو ئەوەندە بیریان لاى كارى باش نەبوو.
ئەوەى من ئاگادار بم، پەیوەندى بە كۆلێژى كارگێڕى و ئابوورییەوە هەیە، بەڵام پێشتر دەمەوێت ئاماژەیەك بەوە بدەم كە ئەم گەشتە چوار رۆژییەى بە گەشتى زانستى ناسراوە، زۆر دەرد و نەهامتى بینى و بە زۆر هەوراز و نشێودا رۆشت تاكو هاتە جێبەجێكردن، هەڵبەت لە نێو ئەو هەوڵانەشدا كۆمەڵەى خوێندكارانى یەكێتى دەستى هەبوو، بەڵام مەسەلەیەكى كوردى هەیە، دەڵێ "چاكە بكە و بیدە بەدەم ئاوەوە" بەداخەوە ئەمان دایان بەدەم زێرابەوە، هەڵبەت ئەمە نمەكحەرامى نییە، چونكە واقع هەموو شتێك پیشان دەدات، وەلێ هەوڵەكانیان بە كەم نابینرێت، بەڵام چبكەن كە خۆیان لە بەرچاوى خوێندكاران رەشیبكەن!
گەشتى زانستى ئەمساڵ كە لەسەر بودجە و مەسئولیەتى حكومەتى هەرێمى كوردستان بوو، لە زانكۆى سلێمانى ئێستاش(گەشت بەردەوامە) بەسەرپەرشتى یەكێتى بەڕێوە دەچێت، كە بەحساب كۆمەڵەى خوێندكاران سەرپەرشتى دەكات، بەڵام سەیر لەوەدا بوو سەرپەرشتیارى كۆلێژى كارگێڕى و ئابوورى ئەندامێكى كۆمیتەى سەر بە مەڵبەند بوو نەك كۆمەڵەى خوێندكاران، هاوكات خوێندكارى قۆناغى سێهەمیشە، واتە بەهیچ یاسا و رێسایەك مافى هاتنە ئەو گەشتەشى نییە، نەك سەرپەرشتى كردنى، ئەمەش هەر قەینا گریمان خزمەت دەكەن، بەڵام بۆ ئەبێت فەزڵ بە ئاوى حەمامەوە بكەن و هاوكات خۆتان بە پاڵەوانێك بزانن كە ئێوە نیین، لە كاتێكدا ئێوە ئەو باخەوانە بوون كە تەنها میوەكانتان ئەخوارد و چۆلەكەیەكتان هەڵنەفڕاند، نوێنەرەكانى یەكێتى لەو گەشتەدا وەكو ئەوەى لە پارەى باخەڵى ئەوان سەفەرەكە كرا بێت، بە ئارەزووى خۆیان ئاراستەكانیان دەجوڵاند، تەنانەت گەیشت بەوەش بە خوێندكارێكى بەشى ئامار بڵێن"تۆ ئەتوانى بە تەكسی هاتوچۆ بكەیت"، جا قۆڕى ئەو شیوە بەسەرمان گەر بە پارەى یەكێتى سەفەریان بۆ بكردینایە چیان پێ دەگوتین؟َ!!!
پێم سەیرە زانكۆیەك بەو هەموو مامۆستا و فەرمانبەرانەوە، بە پاڵپشتى وەزارەتێكى گەورە و بودجەى حكومەتەوە، كارەكانى خۆى بداتە دەست حیزبەوە، ئاخر ئەمە سەربەخۆى قیەمى زانكۆیە! بۆیە پێتان سەیر نەبێت كە بپرسم، ئەو بەڕێزە سەرۆكى زانكۆیە یان ئەندام مەڵبەندا؟ چونكە سپاردنى كارەكان بە حیزب زیاتر لە كادرى مەڵبەندەوە نزیكە نەك مامۆستای زانكۆ.
لە كۆتایدا ماوەتەوە بڵێم ئەوەى گوتم تەنها سەرەقەڵەمە بە نسبەت ئەو گەشتە (حیزبى-حكومیەوە) وە هاوكات مشتێكە لە خەروارى دەستێوەردانەكانى نێو كۆلێژ و زانكۆ لە لایەن حیزبەوە، جا گەر كەسێك لارى هەبوو با خەروارەكەى بۆ هەڵرێژین، وە ئەوە ئامۆژگارى منە یەكمجار بۆ زانكۆ كە كارى خۆى نەسپێرێ بە رێكخراوى حیزبى و خۆى جیا بكاتەوە لە مەڵبەند و لقەكان، وە دواتریش كۆمەڵەى خوێندكاران حیزب كە كارێكى وا دەكەن، هیچ نەبێت كەسێكى بەتوانا و بەحورمەت بۆ ئەو سەرپەرشتى كردنى كارە دابنێن، نەك منداڵئەتوارێك، بۆ ئەم گەشتەش كە تێپەڕى بە نیسبەت كۆلێژى كارگێڕى و ئابووریەوە، من هەر ئەم دێڕە شیعرە شك دەبەم:

وەختێ كە نەگبەتى دێ زاوا دەبرێ بۆ بووكێ
موقەدەســـاتى قەومێ دەدرێتە نێرەمــــــــوكێ

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە