هەموو ڕۆژێک تۆ لە ئامێز دەگرم

Sunday, 24/11/2013, 12:00

4222 بینراوە


تێبینی: ئەم چیرۆکە کورتەم لە سویدییەوە وەرگێڕاوە، ناوی نووسەرەکەی دیار نییە، رەنگە خۆشی بە مەبەست نەیویستبێت ناوی بزانرێت, پاش بڵاوبوونەوەی ئەم وەرگێڕانەم، لەلایەن دۆستێکمەوە ئاگادارکرامەوە کەوا یەکێکی تر هەمان چیرۆکی وەرگێڕاوەتە سەر کوردی، من ئاگاداری ئەوە نەبووم، بەڵام هەرچۆنێک بێت  ئەمەی خۆم دەهێڵمەوە.
*******************
ئەو شەوەی کە هاتمەوە بۆ ماڵەوە ، هاوکات ژنەکەم خواردنەکەی بۆ من دانا ، منیش دەستیم گرت و پێم ووت ، شتێک هەیە دەبێ پێت بڵێم . ئەو لەلامەوە دانیشت بەبێ ئەوەی دەنگ بکات، هیچی نەوت . من کاتێک سەیری ئەوم کرد هەستم بەئازارێک کرد لەناو چاوەکانییدا دەمخوێندەوە . لەنائاگاییدا نەمزانی چۆن دەمم بکەمەوە ؟ بەڵام ناچار بووم ئەو شتەی پێبڵێم کە بیرم لێدەکردەوە.
- من دەمەوێت جیابینەوە ......!

هەستم کرد کە بەقسەکەم تێک نەچوو، یان توڕەببێت، بۆیە بەهێواشی پرسیاری لێم کرد - لەبەر چی ؟

ئەو شەوە هیچ قسەی ترمان نەکرد، بەڵام دەگریا. من دەمزانی ئەو دەیەوێت بزانێت چی بەسەر ژیانی هاوسەر گیرییەکەماندا هاتووە، من نەم دەتوانی وەڵامی بدەمەوە . ئەوەی ڕوویدا تەنها ئەوەبوو، کە ئەو دڵی منی لە دەست دابوو، من بۆ خاتری ژنێکی تر کە ناوی " ماریا"بوو، ئیتر ژنەکەمم خۆش نەدەویست . تەنها هەستێک کە تێمدا مابوو ئەوە بوو بەزەیم پێیدا دەهاتەوە.
تەنانەت من ئەوەشم لە گرێبەستەکەدا بۆی نووسیبوو، کە ئەو ئەتوانێت لە ماڵەکەدا دانیشێت و ئۆتۆمۆبیلەکە بۆ خۆی و %٣٠ ناوماڵەکەش بۆ ئەو بەجێ دەهێڵم . ئەو سەیری گرێبەستەکەی کرد و دوای پارچەپارچەی کرد و دڕاندی.
ئەو پانزە ساڵی ژیانی لەگەڵ من گوزەراندبوو، ئێستا لەو ماڵەد ا وپێکەوە وەک نەناس وابووین، من بەزەیم بەودا دەهاتەوە، کە ئەو ماوە زۆرەی لەدەستی دابوو ، ئەو هەموو وزەیەی بەکاری هێنابوو، بەڵام نەمدەتوانی هیچی بۆ بگۆڕم . چونکە من ئیستا "ماریا"م خۆشدەویست .
لە ناکاودا دەستی کرد بەگریان و قیژاندیی وەک داخ لەدڵییدا پەنگی خواردبێتەوە. پێم ووت: تۆ بیر لە جیابوونەوەمان بکەرەوە ئەوە بۆ من د زیاتر ڵنیابوونە.
ڕۆژی دواتر کە گەڕامەوە ماڵ بینیم لای مێزەکەوە خەریکی نووسینە ، بەڵام من زۆر هیلاک بووم، چونکە ڕۆژەکەم هەمووی لەگەڵ "ماریا"دا بەسەر بردبوو چوم ڕاکشام و خەوتم . کاتێ بە ئاگاهاتم بینیم ژنەکەم لەسەر مێزەکە دانیشتووە و هەر خەریکی نووسینە، هیچ گوێم پێ نەدا و درێژەم بەخەوەکەم دا، بۆ بەیانی لەبارەی جودا بونەوەمان خۆم بۆ گوێگرتن لەداواکاریەکانی ئامادەکرد. سەرەتا بەوە دەستی پێکرد و ووتی:
- من هیچ شتێکم لەتۆ ناوێت ، تەنها شتێک نەبێت!
یەکەم داوای ئەوە بوو، کە جیابونەوەکەمان دوابخرێت بۆ مانگێکی تر .
دووەم داوای لێکردم، لەماڵەکەدا وا مامەڵە لەگەڵ یەکتردا بکەین و خۆمان پیشان بدەین کە هیچ شتێک لە نێوانماندا ڕووی نەداوە ، هەردووکمان ئاسایی بێین و بچیین.
بەهانەی ژنەمەکم بۆ ئەمە ئاسان و وای لێتێگەیشتم، ئەمە لەبەر ئەوەیە، چونکە کوڕێکمان لە یەکتر هەبوو، ئەو مانگە کۆمەڵێک تاقیکردنەوەی هەبوو دایکی دەویست پەیوەندییەکەمان کار لەسەر وانەکانی ئەو نەکات . من ڕازی بووم ،
بەڵام ئەوەی لە هەموویان سەیرتر بوو، داخوازی سێیەمیان بوو،
- داخۆ دێتەوە بیرم کە یەکەمین جار هاوسەر گیریمان کرد چۆن منت بە باوەش هەڵگرت بۆ ژوورەوە؟
ژنەکەم داوای لێکردم، کە لە ماوەی ئەم مانگەدا هەموو ڕۆژێک لە ژوورەوە تا دەرگای دەرەوە بە باوەش هەڵیبگرم !
من وامزانی کە ژنەکەم بەڕاستی شێت بووە، ئەوە چ داوایەکی بێمانایە؟
منیش بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە نێوانماندا بە ئاشتی کۆتایی بێت داواکەییم قبوڵکرد .
ئەمەم بۆ "ماریا" گێڕایەوە، کە ژنەکەم چ داوایەکی وای هەیە تا لەگەڵی جیاببمەوە. ماریا زۆر پێکەنی، پێکەنی بەدەنگی بەرز و ووتی بەڕاستی ئەوە داوای ژنەکەتە بۆ جیابوونەوە تان؟ بۆ یە"ماریا" ش تا ئەو مانگە بە ناچاریی قبوڵی کرد و چاوەڕوان.

من و ژنەکەم هیچ پەیوەندییەکی جەستەیمان نەبوو، بەڵام ناچاربووم بەگواستنەوەی لە ژوورەوە تا ناو دەرگای دەرەوە، ئەوە مەرجی جیابونەوەمان بوو .
کاتێک یەکەمین ڕۆژ هەڵمگرت هەردووکمان هەستمان بە لاوازی کرد، لەناکاودا کوڕەکەمان دەر کەوت و دەستی بە چەپڵە لێدان کرد، ووتی:
- دەی باوکە باوەش بەدایکمدا بکە و هەڵیبگرە .
قسەی کوڕەکەم دڵی چوزاندمەوە . من ١٠مەترێک ڕۆیشتم ژنەکەم لەسەر باسکەکانم بوو. ژنەکەم چاوەکانی داخست و بەئەسپایی ووتی:
- تکایە بۆ جیابونەوەمان هیچ بەکوڕەکەمان مەڵێ. من سەرم بۆ لەقاند و بە پەشۆکاویی گەیشتمە لای دەرگاکە و دام نا.
ئەو ڕۆیشت تا چاوەڕێی پاسەکە بکات و بچێت بۆ سەر کار ، منیش ئۆتۆمۆبێلەکەم بۆ سەرکارەکەم لێخوڕی. دووهەمین ڕۆژ هەردووکمان زیاتر هێمنتر بووین ئەو سەری خوار کردبووەوە بۆ سەر سنگم، ئاسان دەم توانی بۆنی ئەو عەترە بکەم کە لەبلوسەکەیەوە دەهات . من دەمزانی کاتێک بوو، کە شتە ووردەکانی ئەوم نەدەدی، یان نەمدەویست بیبینم . بۆم دەرکەوت ئیتر ئەو ژنە گەنجە جوانەکە نییە ، ئەو ئێستا چەند چرچییەک لە ڕوویدا دەبینرێت ، هەروەها چەند موویەکی ماشوبرنجیش بەدەر کەوتوە . تێکچونی پەیوەندییەکەمان شایەنی هەڵوێستە کردن بوو . لەناکاوێکدا بیرم کردەوە و پرسیارم لە خۆم کرد: ئایا من چی دەکەم؟ لەچوارەمین ڕۆژدا کاتێک هەڵمگرت زانیم من چ کەسایەتییەکم . لە نێوانماندا خەریکی ئەوە بووین بگەڕێینەوە بۆلای یەکتر ، من دەم ووت ئەوە ئەو ژنەیە کە ١٠ساڵی ژیانی خۆی بەمن بەخشی ، گەنجی خۆی پێدام ، لە پێنجەم و شەشەم ڕۆژدا هەستمان زیاتر بۆ یەکتر بەرزدەبێتەوە ، خواستی ئەوەم نەبوو هیچ شتێک بە "ماریا" بڵێم . هەموو ڕۆژەکان بۆم ئاسانتر بوو، کە ژنەکەم هەڵبگرم و مانگەکەش خەریک بوو تەواو دەبوو .
من باوەڕم وابوو ئەوە هۆکاری ڕاهاتن بوو، کە کێشی ژنەکەم بۆ هەڵگرتن ڕۆژ بەڕۆژ سوکتر دەبوو، من هیچ نەم دەزانی . بەیانیەکیان دوای ئەوەی زۆربەی کراسەکانی تاقیکردەوە، پێی ووتم:
- کراسەکانم گەورەبوون بە بەرمدا، ئینجا من تێگەشتم کە ئەو زۆر لاواز بووە و کێشی دابەزیوە ، بۆیە لەڕاستییدا من هیچ دەرکم بەدابەزینی کێشی نەکردبوو . بەخێرایی ئەوەم بۆ هات کە ئەم ماوەیە ئەو ئازاری زۆری لە گۆڕ ناوە و تاڵ و سوێری زۆری چەشتووە ، بۆیە موەکانی سەریشی خەریکن سپی دەبن.
لەناکاودا کوڕەکەمان هاتە ژوورەوە و ووتی: باوکە کاتی ئەوە هاتوە دایکم تا دەرکی حەوشە هەڵبگری، کوڕەکەم چونکە دەیبینی وا ئیستا باوکی هەموو بەیانیەک دایکی هەڵدەگرێت لە ژوورەوە تا ناو دەرکی حەو شەی ماڵەوە، بۆیە لەلای بووە شتێکی گرنگ لە ژیانی کوڕەکەمدا. ژنەکەم کوڕەکەمانی لەئامێز گرت، من ڕووی خۆم وەرگێڕا، هەستم بە ترسێک کرد، کە ئەم هەستە گۆڕانێک بە سەر جیابوونەوەکەماندا بهێنێت. کاتێک من ژنەکەم هەڵگرت بەرەو دەرگای بەرم ، هەستم کرد وەک یەکەمین ڕۆژی هاوسەر گیریمان بێت وابوو، ئەو بە نازەوە دەستی لەگەردنم ئاڵاند بە ئاگاییەوە زۆر سروشتی ، من لەئامێزم گرت بەتوندی وەک ڕۆژی هاوسەرگیرێکەمان. من لە ئامێزم گرت و خۆم هیچ نەجوڵاندەوە، ئەو خۆی بەلاوز پیشانم دا، بۆیە من دڵگران بووم.
بۆ کۆتایی مانگەکە و دوایین ڕۆژ، من تێگەیشتم، کە نامەوێت بماڵەکە جێ بهێڵم. هەستیشم کرد، خەریکە سۆزمان بەرامبەر یەک دروست دەبێتەوە.
کورەکەم ئەچوو بۆ قوتابخانە و من چووم بۆ سەر کارەکەم. کاتێک گەیشتمە سەر کارەکەم لە ئۆتۆمۆبیلەکە چوومە دەرەوە بێ ئەوەی دەرگاکەی دابخەم ، من لە پێپلکانەکانەوە چوومە سەرەوە "ماریاا" دەرگاکەی کردەوە ، ئاخر هەردووکامن پێکەوە لە یەک سشوێندا کارمان دەکرد. پێم ووت:
- داوای لێبوردنت لێدەکەم،،، دیسان داوای لێبوردنت لێدەکەمەوە، دەمەوێت راستییت پێ بڵێم، کە نامەوێت لە ژنەکەم جیاببمەوە .
ماریا، سەیرێکی کردم و دواجار پرسی: ئایا ئاگام لە خۆمە چی دەڵێم! ئایا تەواوم ؟
من ووتم: هەست دەکەم من و ژنەکەم یەکمان خۆش دەوێت، ئێمە بە کاتێکدا دەڕۆیشتین کە هەندێک لەیەک بێزار بووین، تاکو ئێستا نزخی یەکمان نەدەزانی کە گوێ بە شتە وردەکان نەدەین، ئەو کاتەی من ئەوم هەڵدەگرت بۆ لای دەرگاکە ئینجا ئەو شتانە لەلام زیندوو بوونەوە، کە کاتی خۆی ئەوە ئەرکێک بوو دەبوو جێ بەجێم بکردایە.
کاتێک ئەم قسانەم بۆ ماریا کرد، دەستی کرد بە گریان و زللەیەکی توندی لە پەنا گوێم داو دەرگاکەی داخست.
من لە پێپلیکانەکان هاتمە خوارەوە و بەرەو ڕووی ئۆتۆمۆبیلەکەم ڕۆیشتم ، دوای ئۆتۆمۆبیلەکەم لێخوری و چوومە ناو دوکانێکی گەورەی گوڵفرۆشی، تا چەپکێ گوڵ بۆ ژنەکەم بکڕم، کچە گوڵفرۆشەکە پرسیاری لێکردم:
- ئەم چەپکە گوڵە جوانە بۆ کێیە!؟ چی لە سەر کارتەکە بنووسم بۆت؟!
وتم بنووسە: " تا مردن لە یەکتریمان جیا دەکاتەوە، ئامادەم هەموو ڕۆژێک لە ئامێزت گرم".
بەخۆم و چەپکە گوڵەکەوە گەڕامەوە بۆ ماڵێ، بە رووی خۆش و زەردەخەنەوە بەسەر پێپلیکانەکاندا بەرەو لای ژووری ژنەکەم سەرکەوتم ، لە دوورەوە بینیم لە ژوورەکەدا ڕاکشابوو نەدەجولایەوە لێی نزیک بوومەوە، هەستم کرد هەناسەی نەدەدا لەبەردا، دەستم تێوەدا لەشی ساردبووبوویەوە، گیانی دەرچووبوو .

دوایی زانییم، کە ئەو تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوو بوو، ئەو مانگەی بۆ منی دانابوو لەگەڵ مردندا شەڕی دەکرد و لە منی شاردبوویەوە، ئەو کاتانەش بوو، کە من خەریک بووم، لەگەڵ "ماریا"دا پەیوەندییم پەیداکردبوو، دەمویست لەم جیاببمەوە .
ژنەکەم دەیزانی ئەو دوای مانگێکی تر گیانی دەر دەچێ و دەمرێ بۆیە داوای لێکردم کە ئەو مانگە لە لای بمێنمەوە و جیانەبینەوە، کوڕەکەشمان هیچ نەزانێت و هەڵوێستەی خراپ لەسەر من وەرنەگرێت، هیچ وێنەیەکی خراپ لە سەر دایک و باوکی دروست نەبێت . بۆیە واشی کرد کە کوڕەکەم واتێبگات باوکی یەکێکە لەباشترین باوکەکانی سەر ڕووی دنیا، ئەو کاتەی کە دانیشتبوو نامەی دەنووسی هەموو ئەمانەی تێدا روونکردبوویەوە. بۆش دەرکەوت کە کاتێک داوای لێکردم لە باوەشی بگرم، تا ئەم شتە وردانە بخاتە بیرم، ئەو شتە وردانەی کە نابینرێن و لەژیاندازۆر گرنگە ، وەک هەڵسوکەوت، نەک ئۆتۆمۆبێل ،خانو ، یان پارەی مۆڵکراو لەبانکدا، لە مردنەکەی ئەوەوە فێربووم، کە کاتێک ئێمە باوەڕمان وایە پارە شتێکە دەتوانێ سەرکەوتن بۆ ملیۆنێلک مرۆڤ بخوڵقێنێت ،بەڵام لەڕاستیدا وا نییە ، پێچەوانەکەی ڕاستە . ئەوەی فێرکردم کە هاوسەر گیرییەکی دڵخۆشکەر وێنا بکەین ، هەرگیز هەوڵ نەدەین یەکەمین ڕۆژە یادگار و مێژوویەک لەگەڵ هاوسەرەکەتدا بە خراپی دروست بکەیت ، کەس نازانێ و کەسیش نرخی ئەو شتە نازانێت کە تۆ لەدەستی دەدەیت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە