چیرۆکەکانی چیا : ته‌سلیم بوونه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌ ئه‌نفالدا (چیرۆکی ژمارە ٣)

Tuesday, 05/11/2013, 12:00

2717 بینراوە


بۆ خاتری ئەوەی مێژووی بەعسمان بیر نەچێتەوە ئەم چیرۆکە بخوێنەرەوە!

مانەوە لێرە لەم ژوورەدا منی کرد بە مرۆڤێکی تر، ڕۆژانە زیندانەکان دەهاتن و دەچوون، سیخوڕەکانمان دەناسی هەر بەرگێکیان بپۆشیایە دەناسرانەوە، بیرمە ڕۆژێک کەسێکیان لەسەر بەتانی هێنایە ژوورەوە، سەرەتا وامان زانی سەرو چاوی خوێناوییە، جوێنی بە جەلادەکان دەدا، پاشان بۆمان دەرکەوت خوێن نەبوو ڕەنگ بوو لە ئابڕویان دابوو، ئەو هیچی دەست نەکەوت، دوای نیوەڕۆ بانگیان کردەوە بۆ دەرێ و ئیتر نەمان بینییەوە لامان بۆ ئەو ژوورە.

مرۆڤ له‌کاروانی درێژی ته‌مه‌نیا زۆر قۆناغی جۆراو جۆر ده‌بڕێت، که‌ ناخۆشییه‌کان گوزه‌ر ده‌کات ئیدی فه‌رامۆشی زوو ده‌بێته‌ میوانی و هێدی هێدی بیرچوونه‌وه‌ش زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ریدا و ڕابردوو ده‌بێته‌ ته‌وه‌ری شه‌وچراو زۆرجاریش به‌شه‌رمیشه‌وه‌ باس له‌و هه‌موو ئازار و داماوییه‌ش ده‌کات کە بەسەریدا هاتووە. یان چاکتر بڵێم ده‌بێ خۆیشی بپارێزێت بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌ر ته‌شقه‌ڵه‌ به‌ قسه‌کانی نه‌کات و پێی نەڵێت مام ساڵح ئەرێ ئەوە زۆر نەبوو گێڕاتەوە. به‌ڵێ خوێنه‌ری ئه‌زیز پاش ماوه‌یه‌کی زۆر که ‌ئیدی حه‌وسه‌ڵه‌ی ژماردنی ڕۆژ و شەو مانگەکانم نەما، سەرما دزەی دەکردە ناو گیانمانەوە، مژدەی هاتنی وەرزی زستانی پێداین. کاتێکیش کە زانیمان زستان هاتووە، ئیتر خەمی ڕشتنی ئارەقمان نەبوو، گەرچی ژوورەکەمان پڕبوو لە بۆنی خوێن و ئارەق و پیسی و ئەسپێش گاڵتەی پێدەکردین و بووبوو بە هاوڕێیەکی بە ئەمەک بوو بەچرکە سات جێی نەدەهێشتین. من بەدرێژای ئەو ماوە زۆرە تاکە ڕۆژێک گلەیم لە ئەسپێکان یان کێچە پارتیزانە دڕەکان نەکرد و ئازارم نەدەدان. ئەوانم بەهاوڕیەکی زۆر دڵسۆز و وەفادار دەزانی و دەم ووت ئەو ئێرە جێ ناهێڵێت و لەگەڵمدا دەمێنێتەوە، ئەی من چۆن دەریبکەم و بیکوژم؟ بیرمە هه‌ر که‌ خه‌وم لێ ده‌که‌وت جگه‌ له‌ خواردن و ئازادی هیچی تر نه‌ده‌هاته‌ خه‌وم، جارێک زیندانییەک خه‌به‌ری کردمه‌وه‌ خه‌ریکی جوینی پارچه‌یه‌ک مقه‌بای چڵکن بووم لە دەممدا، کە لە ژوورەکە دامانخستبوو، زۆر به‌زه‌ی پێمدا هاته‌وه‌ پێی ووتم بۆ له‌و ئازادییه‌دا گه‌ڕایته‌وه‌, بۆ ناو ئه‌م جه‌هه‌نه‌مه‌؟
به‌ڵێ عێراق ببووه‌ جه‌هه‌نه‌م به‌ده‌ست به‌عسییەکانه‌وه‌، له‌ئیستخباراتی فه‌یله‌قی پێنج ماوه‌یه‌کی زۆر مامه‌وه‌، ڕۆژێک دەستمم لەدەمم وەر دەدا هێندەم زانی دانێکم هەڵوەری و ناو دەمم پڕ بوو لە خوێن، منیش قەترەی خوێنەکەم بە فیڕۆ نەدا تامەزرۆیانە قوتم دایەوە ناو سکم. له‌م جۆره‌ زیندانانه‌دا کات به‌سه‌ر بردن هونه‌ره‌، من هه‌موو ڕۆژێک، که‌ ڕوناک ده‌بووه‌، خه‌مم لێ ده‌هات ئه‌م ووت خودایه‌ که‌ی له‌م جێگه‌یه‌، مه‌ره‌خه‌س ده‌بم؟ خودایه‌ که‌ی ڕۆحم ده‌کێشی؟ ئه‌و ڕۆژانه‌ به‌تامه‌زرۆییه‌وه‌ له‌مردنم ده‌ڕوانی و هه‌رچی ترس هه‌بوو له ‌مردن نه‌مبوو. شه‌وێکیان گوێمان له‌ده‌نگی چه‌ند ته‌قه‌یه‌ک بوو، ئه‌منه‌کان به‌یه‌کدا ده‌هاتن ڕاکه‌ڕاکه‌یان بوو من سه‌دان بیر به‌مێشکمدا گوزه‌ری ده‌کرد، پاش ماوه‌یه‌ک ناویان خوێندمه‌وه‌ بردمیانه‌ ده‌ره‌وه‌. بەخۆمم ووتم بڕیاربێت، به‌مه‌ردی بمرم. چاویان به‌ستمه‌وه ‌و ده‌ستم له ‌دواوه‌ توانام نه‌بوو گه‌رما تینی بۆ هێنابووم، به‌س له‌بێ هێزیدا هه‌ستم به‌له‌رزین ده‌کرد، ئەو لەرزینە هیچ ترس نەبوو. ماوه‌یه‌کی زۆر ڕایان گرتم، هیچیان پێم نەوت هه‌موو ژیانم وه‌ک فلیم ده‌هاته‌وه‌ به‌ر چاو، ئه‌م ووت هه‌تا ئه‌م نه‌وته‌ له‌م مه‌ڵبه‌نده‌دا ووشک نه‌کات ئه‌بێ هه‌ر کورد به‌شی ئاوابێت، ئه‌مویست بیر له ‌پاڵه‌وانێک بکه‌مه‌وه‌ که به‌‌ گولله‌باران به‌عسییەکان شه‌هیدیان کردبێ، لە دوایدا "هیوا و سه‌ردارو ئارام"م بیر که‌وته‌وه‌ که‌ له‌به‌ر ده‌م قوتابخانه‌ی ڕۆشنبیریی لەسلێمانییدا گولله‌بارانیان کردن. هیوا هاوڕێی ڕزگاری برام بوو، "هیوا فایەق فارس" لەناوەندی جمهوری پێکەوە لەیەک پۆل بوون، من ئەو ڕۆژەم بیر ناچێتەوە بە ناخێری گیانم دەچوومەوە بۆ سەربازی، چاکم لە بیرە هەواڵەکە شاری هەژاندبوو، منیش له‌دڵی خۆمدا ده‌م ووت چیم له‌وان که‌متره‌؟ به‌س ناخۆشی ئه‌م شێوه‌ مردنه‌ له‌وه‌دایه‌ که‌س پێت نازانێ، دوایی دەم ووت بۆ نازانن؟ ئەی ئەوە نییە ناوی خۆم بەدانە کەوتۆکەم لەسەر دیوارەکە هەڵکۆڵیوە. من دڵنیام ڕۆژێک دەبێ هەر بزانن. دوایی بیری چیرۆکێکم کەوتەوە کە کاوس قەفتان نوسیبووی لە کتێبی "ڕاوەبەراز"دا، چاکم بیرم بوو، کە چەند چیرۆکێک بوو، بەڵام لە چیرۆکێکدا کە کارئەکتەرێک وا لە جەلادێک دەکات واز لە کارەکەی بهێنێت، تەنها بەخەندەی سەر لێوەکانی. بیرم له ‌زۆر شت ده‌کرده‌وه‌ ئێستا بیرم نایەت،‌ به‌ڵام له‌و ماوه‌ که‌مه‌دا که‌ ڕایان گرتبووم به‌قه‌واره‌ی ده‌یان کتێب بیرم ‌کرده‌وه‌، پاش ماوه‌یه‌ک ده‌ست و چاویان کردمه‌وه‌ و له‌ناو ڕاڕه‌وه‌که‌دا زۆر جوێنیان پێدام و هه‌ڵیان دامه‌وه‌ ژوورێ‌. من خۆشه‌ ببووم له‌گه‌ڵ جوێن و لێدانی ئه‌م جه‌لادانه‌دا. دوای دوو ڕۆژ، کە ئیتر زیندانییەکانی ناو ژوورەکە وەک پاڵەوان لێیان دەڕوانیم جێیانم هێشت، ناویان خوێندمه‌وه‌ چوومه‌ ده‌ره‌وه‌ سه‌رم ژانی ده‌کرد، له‌گه‌ڵ دوو سه‌رباز و فایله‌که‌مدا ناردمیان بۆ ئینزباتخانه‌ی هه‌ولێر. بە سانایی جێبه‌ وازه‌که‌ به ‌شه‌قامه‌کاندا ده‌ڕۆی و منیش خه‌ڵکم ده‌دی ده‌ڕۆیشتن چاوانم تێری نه‌ده‌خواردو باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد، من جارێکی تر بێمه‌وه‌ ناو دنیای ژیان، لەخۆم دەپرسی ئه‌وه‌ خه‌ونه‌ یان ڕاستیی؟ دوای ماوه‌یه‌ک خۆی کردوە به‌ سه‌ربازخانه‌یه‌کدا، دیسان زیندانی کرامه‌وه‌، دوای سێ ڕۆژ به‌یانیه‌ک زوو ناویان خوێندبوومه‌وه‌ من خه‌وم لێکه‌وتبوو ئاگام لێ نەبوو کەسیش منی نەدەناسی چاکترە بڵێم کەسمان یەکترمان نەدەناسی، بۆ لای نیوه‌ڕۆ دیسان ناویان خوێندمه‌وه‌ ووتم:"به‌ڵێ" ئه‌و سمێڵ زله‌ پێ ووتم "به‌ڵێت باقی نه‌بێ" ئەوە لێرەی ئەی بەیانی بۆ وەڵامت نەدایەوە؟ ئیتر هه‌ر هاتمه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ چه‌ند جه‌لاد که‌وتنه‌ لیدانم وایان زانیبوو، کە ڕام کردوه‌، رێگەشیان پێم نەدا بۆ یان ڕوونبکەمەوە، کە بۆچی وەڵامم نەداونەتەوە. ئاخر چۆن ڕابکەم؟ لە کاتێکدا من کێشم ٤٥ کیلۆ گرام بوو، دوایی تا سواری پاسه‌که‌یان کردم هه‌رلێیان ده‌دام. له‌م ووڵاتی مه‌هزه‌له‌یه‌دا مرۆڤایه‌تی چووبووە قاتی، هه‌موو سه‌دامێک له‌ ده‌رونیا دروست بووبوو، یان خۆیان لێببوە سەدام، ئاخر ئه‌وانه‌ی له ‌من و ده‌یانی وه‌ک منیان ده‌دا خۆیان سوکترین که‌سایه‌تی بوون. به‌ڵام من باجی هه‌ڵه‌یه‌کم ده‌دا به‌ده‌ستی خۆم دروستم کردبوو. له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و ئینزباتخانه‌ی که‌رکوک بردمیان، له‌وێش چوار ڕۆژ مامه‌وه‌، که ‌پیاو ده‌که‌وته‌ ئه‌م زیندانانه‌وه‌ ئه‌وسا ده‌یووت بەڕاستی، هه‌موو عێراق بۆتە زیندان. له‌ هیچ شوێنێ جێگه‌ و خواردن نه‌بوو زیندانییەکان هه‌ر یه‌که‌یان چیرۆکی پڕ تراژیدیایان له‌گه‌ڵ خۆیاندا ده‌گێڕا. کاتی ئه‌وه‌یه‌ باس له‌ جوامێری کابرای خاوه‌ن چێشخانه‌که‌ی شاری که‌رکوک بکه‌م، له‌گه‌ڕه‌کی ڕه‌حیم ئاوا پاسه‌که‌ لایدا پێش چوونمان بۆ زیندان من ده‌ستم که‌له‌پچه‌ کرابوو، که ‌چووینه‌ چێشت خانه‌که‌ و ده‌ستیان کردمه‌وه‌ دوو سه‌ربازه‌که‌ به‌رامبه‌رم دانیشتن بێریه‌ سوره‌کانیان داگرتوو، یه‌که‌ یه‌که‌ ‌چون و ده‌ستیان شت و داوای خواردنیان کرد. لالۆ ی خاوه‌ن چێشت خانه‌ هاته‌لامه‌وه‌ پێ ووتم تۆ نان ناخۆی؟ من ئیتر ترسم نه‌مابوو، حەزیشم بەوە دەکرد، کە وەک پاڵەوانێک لە بەر چاوی خەڵکیدا بمکوژن، ووتم من پێشمه‌رگه‌ بووم و ئه‌و پاره‌ی پێم بوو له‌ ناو فایله‌که‌م دایه‌ پاره‌م پێ نییه‌ تابتوانم نان و خواردنی پێبکرم. لالۆ گیانەکەم گڕی گرت پاش تۆزێ هێنده‌ی گۆشت و چێشت بۆ هینام هەر مەپرسن. له‌ مابه‌ینی دوو نانیشدا کە هاڵاوی لێ هەڵدەستا ده ‌دینارییه‌کی دانابوو بۆم ئێستەش شێوەکەیم لەبەر چاوە. به‌چاو پێ ووتم که‌ هه‌ڵێ گرم، زۆرم سوپاس کرد، هه‌ر له‌وێش چاشم خوارده‌وه‌، که‌ ماوه‌یه‌کی زۆر بوو هه‌ر بیریشم چووبووه‌. ئای چ تامێکی هەبوو. که ‌ڕۆیشتین ئه‌و سه‌دامه‌ بچکۆلانانه‌‌ نه‌یان هێشت ماڵئاوایی له‌و پیاوه‌ جوامێره‌ بکه‌م، کە لە باوکێکی میهرەبان دەچوو. لەچاوەکانیدا ناخیت دەخوێندەوە، کە پڵنگێکی زامار بوو. کاتێک‌ گەیشتینە ئینزباتخانه‌ی که‌رکوک ‌له‌وێش چوار ڕۆژ مامه‌وه‌، یه‌ک دوو سه‌رباز شێت بووبوون له‌به‌رده‌م ئاوده‌ستخانەکاندا فڕێیان دابوون، هه‌رچی ده‌چووه‌ سه‌ر ئاو ئامبازی ده‌بوون، ناڕه‌حه‌تی ئه‌وێش ته‌واو بوو. بەڕاستی ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە دەڵێم ئەو شێتخانەیە چیبوو من سەفەرم بەناویدا کرد؟ دوای چوار ڕۆژەکە ناوم خوێنرایه‌وه‌ به‌ ڕێیان کردم بۆ "به‌غداد" بۆ شاری تاوان بۆ "حارسییه‌" ناخۆشترین ئینزباتخانه‌ بوو له‌ هه‌موو عێراقدا، که‌ چوینه‌ ژووره‌وه‌ له‌ ده‌رگایه‌کی بچوکه‌وه‌ پێشوازیان لێکردین، منیان به ته‌نها به‌ فایله‌که‌وه‌ برد و له ‌په‌نجه‌ره‌یه‌که‌وه‌ فایله‌که‌یان لێوه‌ر گرتم، به‌ڵام نه‌یان کرده‌وه‌ له‌په‌ڕه‌یه‌ک ناوی من نووسرابوو ئیتر پرسیاری لێکردم چه‌ندێکه‌ ڕام کردوه‌؟ منیش ووتم سێ ساڵ باشه‌؟ بەڕاستی نازانم. ئیتر کردمیانه‌ هۆڵێکەوە زۆر گه‌وره‌ پڕ بوو له ‌سه‌ربازی ڕاکردوو، هەر ئەوەندەت دەزانی له‌ پڕێکدا ئینزبات خۆی ده‌کرده‌ ژووره‌وه‌دا و به ‌کێبڵ به‌رده‌بوو لێدانمان. ماوه‌ی شه‌ش ڕۆژ له‌وێش مامه‌وه‌، ڕۆژێک لەو لێدانەدا کێبڵ بەر سەرم کەوت بورامەوە، کە بەئاگا هاتم گوێم لێبوو دەیان ووت مردوە. سەیر بوو ڕۆح دەر نەدەچوو. دوا شه‌وی یەو زیندانەشم لە بیرە لەوێ زیندانیه‌کی زۆریان له"‌ئه‌بوو غرێبه‌وه"‌ هێنا و خزانیانە ناو قاعەکانەوە، ئیتر ناچار بوون زۆریان بردینه‌ لای ئاوده‌سته‌کان تاک و به‌یانی خه‌ومان لێنه‌که‌وت، له ‌به‌ر بۆنی پیس که ‌چاویشم ده‌چووه‌ خه‌و پێیه‌کیان ده‌نا به‌سه‌رمدا به‌قاچمدا یان سکما. هه‌رچۆنێک بوو کات به‌سه‌ر چوو ئه‌گه‌رچی ئه‌و شه‌وه‌ له‌شه‌وی یه‌ڵدا ده‌چوو له‌درێژیدا. بۆ به‌یانی لای کاتژمێری نۆ ناویان خوێندمه‌وه‌ و به‌ره‌و به‌سره‌ که‌وتینه‌ ڕێ بۆ (ئینزباتخانه‌ی ده‌ریایی له‌ به‌سره‌) دیسان له ‌ڕێگه‌ لایدا بێ خه‌م نانم خوارد. به‌ڵام نه‌م وێرا ده‌ دیناره‌که‌ پیشان بده‌م، سەیربوو کاتێک شاگرده‌که‌ بینی ده‌ستیان لە که‌له‌پچه‌کە کردمه‌وه‌ داوای پاره‌ی نه‌کرد. ووتم ئه‌و په‌ڕی ئه‌ویش شه‌قێک بهاوێت ماوه‌ی 8 کاتژمێر به‌ڕێگه‌وه‌ بووین. که‌ گه‌یشتین له‌ ئینزباتخانه‌ی به‌سره‌، سەیر لەوەدابوو منیان وه‌ر نه‌گرت نازانم هۆی چی بوو، دیسان به‌و ڕێگا دووره‌دا منیان هێنایه‌وه‌ بۆ" حاریسیه‌" له‌به‌غداد من ئاره‌زووم بوو له ‌ناو ئه‌و زیندانه‌دا لێم بگه‌ڕێن پشوویه‌ک بدە‌م. لێ بەڵێ دیسان ناوم خوێنرایه‌وه‌ سواری پاسیان کردمه‌وه‌ به‌ره‌و به‌سره‌ به‌و حاڵه‌ی گه‌یشتینه‌وه‌" ئینزباتخانه‌ی ده‌ریایی له ‌به‌سره‌" دابه‌زیم و کردیانم به‌کابینه‌یه‌کدا ژووره‌کان کابینه ‌بوون 28 که‌سی تێدا بوو زۆر گه‌رم گەرچی لای خۆی زستان بوو، من هه‌ر جله‌ کوردییه‌ خاکییەکانم له‌به‌ردابوو کە شیتاڵ شیتاڵ ببوو، دەتگوت کۆیلەکانی ناو فلیمی سپار تاکۆسم، بیرمە خۆم دەخوراند کەچی جلەکەی بەرم کون دەبوو شی دەبوویەوە و لەو شوێنەدا کون دەبوو. ئەوانەی لەم کابینەیەدا بوون هه‌موو عه‌ره‌بی ڕاکردوو بوون، ده‌وریان دام و پرسیارڕێژیان کردم.شه‌وێکیشم له‌وێ به‌سه‌ر برد لەدڵی خۆمدا ئەم ووتم ڕه‌نگه‌ بم کوژن؟ نازانم بۆ بیرم دەکردەوە بەدەستی ئەوان بانەکوژرێم، ڕەنگە مردنێکم بویستایە کە بێمانا نەبوایە.گەرچی زۆر هیلاک بووم بەڵام نه‌م توانی به‌چرکه‌ش بخه‌وم.من زۆر ماندوو بووم زۆر لاواز بووم دەم دی و تێدەگەیشتم هه‌ندێکیان له‌سه‌ر کۆیله‌ بونی خۆیان جوێنیان ده‌دا و دەیان وویست گاڵتە بەکورد بوونم بکەن.ئەو شەوە هەستم کرد ئەم عێراقە وەک کەڵەکە تڕێ وایە ڕۆژێک هەر هەرەس دەهێنێ و ئەم دوو نەتەوەیە کورد و عەرەب هەریەکەیان بەڕێگەی خۆیاندا دەڕۆن و ئاسودە دەبن.
مانەوەو بەم شێوەیە جگە لە بێمانایی هیچی تر نییە. دوای مانەوەم کاتژمێر چواری پاش نیوه‌ڕۆ بوو، سواری جێبێکی وازیان کردم بۆ (به‌ڕێوبه‌ری ئاسایشی به‌سره‌) به ‌که‌له‌پچه‌کراوی له‌گه‌ڵ دوو ئینزباتدا.لەوێ دیم کۆمه‌ڵێک سه‌رباز له‌گه‌ڵ دوو ئه‌فسه‌ردا یاری باله‌یان ده‌کرد ئه‌فسه‌ره‌کان تراکسودیان له‌به‌ردابوو.یەکێکیان ڕاستەو خۆ هاواری کرد ووتی وه‌رنه‌ پێشه‌وه‌.کە منی دی ئاوا کە لەپچەکراوم لاواز خۆم بەپێوە ڕاناگرم، ده‌ستی کرده‌ جوێن دان بە ئینزباته‌کان ووتی ده‌ستی بکه‌نه‌وه‌ قەشمەرینە، خۆ جه‌لال تاله‌بانیتان نه‌گرتووه‌؟ ئینجا هاواری بەسەر سەربازێکی تردا کرد و پێ ووت بیبه‌ره‌ ژوره‌که‌م هەر ئێستا.من ووتم ئه‌مه‌ش شانۆ گەریەکی تره ‌و خوابکات پێش لێدانم نانێکم بده‌نێ بەدڵی خۆم تاتۆزێک هێز بە بەرمدا بێتەوە دوایی چی ده‌بێ با ببێ.

من له‌سه‌ر کورسیه‌ک دانیشتبوم هێنده‌م نه‌زانی ئه‌فسه‌ره‌که‌ خۆی گۆڕی بوو کە سه‌یرم کرد، مقه‌ده‌مه‌" تاجێک و یه‌ک ئەستێرەی هه‌بوو" سه‌ربازێکی بانکرد ووتی بڕۆ خواردنی بۆ بێنه‌! دوایی سه‌یری فایله‌که‌ی کردم، ووتی گیراوی؟ ووتم نا من خۆم به‌ لێبوردنی سه‌رۆکی فه‌رمانده‌ هاتومه‌ته‌وه‌. ووتی ئه‌و به‌دڕه‌وشتانه‌ نووسیویانه‌، که‌ گرتومانه‌، ووتم: نەخێر هه‌ر که ‌هاتمه‌وه‌ ڕاییدێک ووتی نایه‌ڵم ئه‌و لێبوردنه‌ تۆ بگرێته‌وه‌، ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌و وای نووسیبێ. من عەرەبیەک قسەم دەکرد دەوت عەرەبم. نازانم بۆ چی بڕوام بەم مقەدەمە کرد؟ دوایی مقەدەمەکە پی ووتی مه‌ترسه‌ هیچ شتێک نابێ دڵنیابە، نایەڵم هیچ شتێکت لێ بکەن مادام گەیشتوویتە ئێرە بۆ لای من. سبەینێ خۆم دێم بۆ سه‌ربازخانه‌که‌تان.له‌و قسانه‌دابووین و سه‌ربازه‌که‌ به‌خۆی و مریشکێکی برژاوه‌وه‌ خۆی کرد به‌ ژووردا. فرمانی بۆ سەربازەکە کرد کە ڕێزم لێبگرن تا به‌یانی و ئازارم نەدەن، هه‌ستا ڕۆیشت و جارێکی تر پێی ووتمەوە مه‌ترسه‌ باشە؟ هەستم کرد هێشتا مرۆڤایەتی بەتەواوەتی هەرەسی نەهێناوە، بەدڵ حەزم دەکرد پێی بڵێم ئاخر لەچی بترسم؟ من ئەوەتانێ حەوت دانە مانگە مردن ڕادەکات لەدەستم، بەڵام من زۆر سوپاسم کرد و بەدڵ سوپاسم کرد، کە ئەم موقەدەمەم دی بەڕاستی ئه‌و ماوه‌ی زیندان و تێهه‌ڵدان و سوکایه‌تییه‌م بیر چووەوە‌، چه‌نێک ساده‌ین؟ داخۆ مرۆڤایەتی هەمووی وایە یان تەنها ئێمەی کورد واین؟ ئه‌و شه‌وه‌ بە ته‌نها له ‌ژوورێکدا تێر خه‌وتم به‌یانی زۆر بە نه‌جیبانه‌ به‌ئاگایان هێنام، دوای نان خواردنی بەیانی سواری جێبێک بووین خۆی و ته‌نها شوفێرێک چوین بۆ(ام قه‌سر) لێ ئەو وەحدەیەی کە کاتی خۆی من سەرباز بووم، چووبووه‌ به‌سره،‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ توڕه‌ بێت یان قسه‌یه‌کی به‌رز و نزم بکات، گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ به‌سره‌، گەیشتینە سه‌ربازخانه‌که‌ و خۆی و فایله‌م خۆی کرد به ‌ژووری ئامردا، پاش کەمێک بانگیان کردم و چوومه‌ ژوره‌وه‌، ئامره‌که‌م پیاوێکی به‌ته‌مه‌ن بوو، هه‌ستا له‌به‌رم لێم هاته‌ پێشه‌وه‌ و ئه‌م لاو ئه‌ولای ماچ کردم من خۆم بۆ لێدان ئامادەکردبوو. فایله‌که‌ی کرده‌وه‌ و پاره‌کەی کە تێیدا بوو دایهوە ‌ده‌ستم ووتی بیژمێره‌ بزانه‌ که‌می نییه؟ من نه‌م ژمارد لەو کاتەدا شەرمم کرد بیژمێرم، بەڕاستی کە دوای ژماردن که‌می نه‌بوو، لام سه‌یر بوو هێندە سەیربوو.! نەم دەزانی چۆن ئەو هەموو جەلادانە، لەو هەموو رێگا و هاتوچۆکردنەدا کەسێکیان پارەکەیان بۆ خۆیان نەبردووە؟ تۆ بڵییت دزیکردن، شکاندنی سنوری پیاوکوشتن و خیانەت و ناپاکیی بێت، ئەوان ناویرن ئەو سنوورە بشکێنن؟ ئەگینا پارەیەکی موفتیان دەست کەوتبوو دەیان توانی حەپەلوشی بکەن. پاشان پێی ووتم بۆ وه‌ک ئه‌و سه‌ربازانه‌ی هاوڕێت نه‌هاتیته‌وه‌؟ منیش ووتم گەورەم ماڵمان له‌لادێ بوو، لادێکه‌مان ڕوخاو من کیمیاوی لێیدام نازانم دایک و باوکم یان کەسوکارم ماوه‌ یان نا؟ ئیتر زۆر به‌زه‌یی پیامدا هاته‌وه‌ فرمێسک تێزایە ناو چاوی، من یەکەمین جارم بوو ببینم سەرکردەیە دەگری؟ زه‌نگی لێدا سه‌ربازێک خۆی کرد به‌ژووردا، سه‌یرم کرد نه‌وزادی هاوڕێمه‌ کاتێک سه‌یرم کرد ئینزبات وه‌حده‌یه‌، ئه‌م دنیایه‌ چه‌ند بچوکه‌؟ کە من ڕام کرد ئەم نەوزادە مایەوە، ئەو بەردەوام بوو لە سەربازیی، منیش بۆ چیا چووم. دوایی دایانمه‌ ده‌ست نەوزاد و له‌ناو ده‌رگاکه‌ خه‌ریک بوو بچینە دەرەوە، مقه‌ده‌مه‌که‌ به‌ڕوویه‌کی خۆشه‌وه‌ بە نەوزادی ووت نه‌یه‌ڵی جارێکی تر ڕابکات. ئه‌وشه‌وه‌ له‌گه‌ڵ نه‌وزاد بووم تادره‌نگانێ، من ڕاستی هیچم بۆ باس نه‌کرد دوای له‌ژورێکدا به‌جێی هێشتم به‌یانی کاتژمێر 9 بوو ده‌رگاکه‌ی لێ کردمه‌وه و خواردنی بۆم هێنا، کاتژمێر 10 کاتبی قه‌ڵه‌م که‌ناوی نوری بوو پێی ووتم: ئیتر تۆ ئازادی، ئینجا جلی سه‌ربازیان دامێ و گەرچی بچوکترین فۆرمیان بوو بەڵام دەتوت مشکم کەو تومەناوێوە، پاش چەند ڕۆژێک نه‌وزادی هاوڕێم به‌مۆڵه‌ت ده‌ڕواته‌وه‌ بۆ سلێمانی و ده‌چی بۆ ماڵەوەمان پێیان دەڵێ مژدەم بدەنێ فه‌ره‌یدوون سه‌ربازه ‌و هه‌ر مۆڵه‌تیان دایه‌ دێته‌وه‌ بۆ لاتان. دایک و باوکم لەوە زیاتر ناتوانن چاوەڕوان بن ناونیشانه‌که‌ی لێوه‌ر ده‌گرن و ده‌که‌ونه‌ ڕێ بۆ لای من. به‌یانییه‌کی زستانی بەسرە کە ئاورنگ دنیای داپۆشیبوو دارخورماکان سەرمایان بوو، خۆرەکە جارێ ئەو توانایەی نەبوو دارخورماکان گەرم دابێنێت، ئەو جێگەیەی ئێمەشی لێ بووین پڕی بوو لەداری پرتەقاڵ و لیمۆ، جار ناجارێک لەباخەکان وەر دەبووین و پرتەقاڵمان دەڕنییەوە. من نیگا بان بووم له‌ ده‌رگای دووهه‌می سەربازخانەکە، سه‌ربازێک هات که ‌ناوی عومه‌ر بوو ووتی دایک و باوکت هاتوون بۆ لات، منیش تفه‌نگه‌که‌م دایه ‌ده‌ست سه‌ربازێکی تر و به‌ڕاکردن چوم بۆ لایان کەدایک و باوکم دی لای ئیستخباراته‌کان وه‌ستابوون. تۆزێک ترسم لێنیشت هەردووکیان منیان لە ئامێز گرت. منیش ئەوانم لە ئامێز گرت. ووتم هه‌رئێستا بڕۆنه‌وه‌، با ڕیسەکەم لێ نەبێتە خوری. دڵنیابن ئه‌وه‌ من ماوم و ئێستا بزانن ئێوه‌ هاتوون هه‌موومان وون ده‌که‌ن. ناردمنه‌وه‌ به‌و ڕێگه‌ دووره‌دا کە هاتبوون، پێم ووتن یان مه‌ره‌خه‌س ده‌بم له‌ سه‌ربازی یان ده‌م گوێزنه‌وه‌ بۆ لای خۆمان زوو بڕۆنەوە، چونکە من لای ئامر ووتومه‌ که‌سوکارم نه‌ماوه‌. دایک و باوکم ڕۆیشتن، باش بوو هەواڵەکە نەگەیشتە دەم کەس، دوای 20 ڕۆژ هه‌م مۆڵه‌تم ‌وه‌ر گرت هه‌م گواسترامەوه‌ بۆ موعه‌سکه‌ر سه‌لام له ‌سلێمانی.
کۆتایی
بۆ بینینی بەشی یەکەم

http://www.kurdistanpost.com/view.asp?id=be1790fd

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە