گەنجان داوای داگرتنی بەهەشت دەکەن بۆ سەر زەمین

Sunday, 20/03/2011, 12:00

1446 بینراوە






ئەم شۆڕشەی گەنجان داواکانی ڕون و ڕەوان.
ڕونن بەوەی داوای دروستکردنی بەهەشتێک دەکەن لە سەر زەمین.
ڕەوان بەوەی مافی هەموو کەسێکە، بەتایبەتی گەنجان، کە لە سەر ئەم زەمینەی لێی دەژین بەهەشتێک هەبێت و هەموان ئەندامی یەکسانی ئەو بەهەشتە بن.
ئەوەیە گەنجان داوای دەکەن.

ئایا لە سەر زەمین بەهەشتێک هەیە یان دەتوانرێت بەهەشتێک دروست بکرێت، تا گەنجانی کورد داوای بکەن؟
بەڵێ بەهەشت هەیە و هەر ئێستا کە من ئەم وتارە دەنوسم لە پەنجەرەکەمەوە سەیری باغەکانی بەهەشتێک دەکم، لە ناخمدا ئارامیەک هەیە کە ئارامیی بەهەشت نەبێت هیچی تر نیە. ئەو ئارامیەش لە ئەنجامی ژیان لە ناو بەهەشتێکی وادا مەیسەربووە.
ئەم بەهەشتەی باسی دەکەم وڵاتێکە ناوی سویدە. ئەم وڵاتە بە کۆشش و خەباتی هەزاران گەنجی سوید بووە بەو بەهەشتەی کە ئەمڕۆ بوونی هەیە. بۆیە بە گەنجانی مەیدانی ئازادی دەڵێم، بەڵێ لەم سەر زەمینە چەندان بەهەشت بونیان هەیە. ئەوانەی بە ئێوە دەڵێن بەهەشت نیە بە ئێوەی رەوا نابینن، یان بە فەرمانی یەکێک ئەو پەیامە بە گوێتاندا دەچڕن، یان خۆیان لە ناخی خۆیاندا نائارامیەکی زۆر هەیە و ڕێگەیان نادات بەهەشتی ئەودیو پەنجەرەکەیان ببینن، وە یان بڕیاریان داوە لە ناخیاندا تەنیا شاعیرێکی خەیاڵاوی بن و چیژ لە عەزاب و ژانی ناخ ببینن و بۆ ئەوەی ئەوەش دەستەبەر بکەن دەبێت باوەڕ بە خۆیان بێنن کە بەهەشتێک لە سەر زەمین بونی نیەو بنیاتنانی مەحاڵە.

ئەم شۆڕشە نابێتە شۆڕش گەر هەر لە سەرەتای هەڵگیرسانیەوە لە زۆرانبازیدا نەبێت لە گەڵ هەموو ئەو دەردانەی کە کۆمەلگە و دەسەڵاتی گەندەڵ دوچاری میللەتی کردووە. هەڵگری ئەو دەردانەش ئەندامەکانی کۆمەڵگەن بە بەدەکان و بە چاکەکانیشیانەوە.

زۆر نائاسایی دەبوو گەر لە یەکەم چرکەساتیەوە شۆڕش سەرکەوتایە و سوک و ئاسان هەموو شتەکان بە دڵی شۆڕشگێڕان بونایە.

زۆر ئاساییە کەسانێک بێن و بڵێن شۆڕشگێڕن بەڵام هەر زوو ساردببنەوە. کەسانێک بێن و بڵێن دڵسۆزتانن بەڵام سیخوڕ بن بەسەرتانەوە. کەسانێک بێن و بڵێن سەرکەوتن مەحاڵە. کەسانێک بێن و بڵێن لە گەڵتانن و بەڵام لە ژێرەوە بیانەوێت لە بارتان بەرن. کەسانێک بێن و بڵێن لەم سەر زەمینە شتێک نیە ناوی بەهەشت بێت لە کاتێکدا خۆیان پاسپۆرتی بە هەشتێکیان لە گیرفاندایەو نای بینن.
ئەمانە هەموی ئاسایین و زۆر شتی تریش کە لە رۆژانی ئایندەدا دەیان بینین ئاسایین.

ئەم شۆرشەی گەنجان شۆڕشی ئەرزی واقیعە پێش هەموو شتێک. شۆڕشێکە دەیەوێت ئەو دۆزەخەی لەسەر زەمین دروستکراوە لابەرێت و بیگۆڕێت بە بەهەشتێک. ئەو دۆزەخەی لە کوردستان خولقینراوە لە بار بەرێت و ئەهریمەن و چەتەکانی بێچەک بکات و گوڵیان بداتە دەست.

ئەم شۆڕشە کاتێک ئەو بەهەشتەی دروست کرد چالاکیەکانی دەگوێزێتەوە بۆ ناو پانتایی ناخ. ژینگەیەکی لەبار بە تاکەکان دەبەخشێت تا لە ناوەوەوی خودی خۆیاندا بەردەاومی بدەن بە زۆرانبازیەکانیان و، لەوێش بە شوێن بەهەشتێکدا بگەڕێن. ئەو خەباتەیان لە دوای سەرکەوتنی ئەم شۆڕشی ئەرزی واقیعە بە ڕاستی دەست پێداکات نەک پێشتر.

بۆیە گرنگە نەهێڵین بەرچاومان تەڵخ ببێت و، ئەو دوو شۆڕشە لە خۆمان تیكەڵ نەکەین.


 







نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە