نوێژی ئازادیی لە هەولێرە

Sunday, 30/01/2011, 12:00

1797 بینراوە


پێنچ ساڵ دوای ئازادکردنی هەولێر لەلایەن جەماوەرەوە ، کوڕێکی بارزانی بەناوی مەسعود داوای لەسوپای سەدامی گۆڕبەگۆڕ کرد چ دەکەن بکەن ئازادن بە مەرجێ شاری هەولێرم بۆ دەربێنن لە چنگی جەلالیەکان ، مەسعود داوای لەسەربازەکانی بەعس کرد ئازادبن ئاڵای کوردستان بخەنە ژێر پۆستاڵەکانتان و ئاڵای بەعس داکوتن، پێی ووتن شتێک نیە ناوی ئیرادەی گەل بێت و ئەوەی پێی دەڵێن پەڕلەمانی کوردستان تەنهاو تەنها وەهمی خەڵکە ، ئەو سەرۆکەی ٣١ی ئابی ١٩٩٦بەسواری دەبابەوە هاتەوە هەولێر ئێستا بانگەشەی دەسەڵاتی زۆرینە دەکات ناوی مەسعود بارزانیەو ناویان ناوە سەرۆکی هەرێم .
سەرۆکی هەرێم بێجگە لەدیکتاتۆرێکی بچکۆلانەی بێهێزی تۆقیوو هیچ شتێکی تر نیە ،باشترین بەڵگەش هەڵهاتنی بوو بەرەو کەرکووک و گەڕانەوەی بەرەو باوەشی بەعس ، ئەو کەرکوکەی باوکی ناوی نابوو دڵی کوردستان ،خەڵک بە تەماتە باران پێشوازیان لێکرد .
خەڵکی بەشەرەفی هەولێر ئەوە ئێوە بوون کونە مشکتان لە پیاوانی بەعس کردە قەیسەری ، ئەوە ڕۆڵەکانتان بوو ڕۆژانە زەبری جەرگ وەشێنیان دەسرەواندە سیخوڕ و جاشە کورد زمانەکان ، ئاخر ئێوە بۆ ئەوە سەرهەڵدانتان نەکرد لە بری بەعسیە لچ شینە ئەستورەکان ، مرۆڤ کوژەکانی بنەماڵە ببێتە سەردارو حوکمڕانتان .
ئاخر چلۆن قبووڵی دەکەن پەیکەری عەبدولڕەزاقی شەهیدی ڕاپەڕین لەبەردەم بینای پارێزگادا ووردوخاش بکرێت و وێنەی باوکە ڕەڤیوەکەی مەسعوود بکرێتە لۆگوی شارەکەتان ، بە چ لۆژیکێک ڕەوایە سەرداری سەعید سۆفی موحافزێکی سەردەمی بەعس گوولە باران بکات کەچی پیاوێکی ملچەماوەی بنەماڵە ببێتە موحافیزو فەرمان بە پاسەوانێکی بەردەم ژوورکەی بدات بە شاپ(شەق) دایکی شەهیدێکی خەڵکی بەحرکە بکاتە دەرەوە.
بەدرێژای مێژوو هەولێر مەڵبەندی خوێن بەخشین بووە بۆ بەدیهێنانی ئازادی ، بۆ بەبەرزڕاگرتنی کەرامەتی مرۆڤی کورد ، ئەم دەڤەرە هەمیشە گۆمە مەنگەکانی بە تۆپەڵە خوێنی ڕۆڵەکانی شڵەقاندووە ، هەر دوێنی بوو خوێنی عەبدولخالق مەعروفی پێشەنگی زانست بوە چرای ڕۆشنکردنەوەی ئەقڵ و ئەخلاقی خستەوە سەرسکەی ڕاستی خۆی ، ئەوە حەمە سەرسپی و یوسف دەرگەڵی بوو وەک دوو مامۆستای ڕیکخستن چەکیان دەکردە شانی زەحمەتکێشانی کوردستان ، بۆ لەبیرتان چووە ئەوە ئەدهەم بارزانی بوو بە ئەمری بەناو سەرۆکی ئێستا جەستەی ڕێبازو مەلا سڵێمانیان خستە ناو گونیەک و دەرخواردی ماسیەکانی زێێ قەندیلیان دا.
١٥ ساڵە هەولێر ووڵاتێکی داگیرکراوە، ١٥ ساڵە حیزبێکی کلاسیکی بە ناوەڕۆک فشەڵ نازناوێکی قەبەی (دیموکراتی) بە پاشەڵی خۆیدا هەڵواسیوە ، ئەم هێزە پاشڤەڕۆیە سەردەشت عوسمانی دەنگ جەربەزە بۆ ئازادی شەهید دەکات و دەیکاتە تیرۆریست، سۆرانی مامەحەمەی کەرکوکی داگیرکراو خڵتانی خوێن دەکات و بکوژەکەشی دەکاتە بەرپرسی لقی ٤ ی حیزبەکەی لە سلێمانی یەک پارچە گڕگرتوو ، سالە موزەلی نەفرەتی ژنکوژ ئازاد دەکات تا ئەم جارە لمۆزی سور بکاتەوە بە خوێنی ژنانی هەولێر.
لە ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٨٢ ی شاری هەولێر دژبە ڕژێمی بەعس شەهیدی خوێندکار سەڵاح جەوهەر بووە سەرمەشقی گۆڕانکاری و وێنەکەی سەدامی لە ئامادەیی رزگاری خستە بن پێی خۆپیشانەدەرانەوە ، دەبا ئەم جارەش مێژوو خۆی دووبارەبکاتەوە و لەبری وێنەکەی خۆیی و سفرە لێسەرەوەکانی بخەنە خۆڵەعەمەلەکەوە .
دەبا هەموومان پێکڤە لە هەولێری داگیرکراودا لە مزگەوتەکان ، کڵێسەکان ، زانکۆکان ، بازاڕی شێخەڵا، گەڕەکەکانی کوران ، باداوان ، تەیراوا، ڕووناکی ، مەنتکاوا، عەینکاوە، بە ئاوی ڕزگارکردنی نیشتمان دەستنوێژی بەدیهێنانەوەی کەرامەت بشۆرین و نوێژی بەدەستهێنانی ئازادی دابکوتین.
هۆڵەندا _ ئەنیشخەدە
٢٩- ١-٢٠١١

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە