دەربارەى زۆرى موچەكانیان پەرلەمانتارانى كوردستان، سیستەمى (كێ تێرەو كێ برسى) پەیڕەو ئەكەن

Monday, 19/10/2009, 12:00

1940 بینراوە


ڕاپۆرتى:ڕاژان ئەمین. ئاژانسى كوردنا:
(ئەم ڕاپۆرتە پێشكەشە بە هەر دەزگایەكى ڕاگەیاندن، بە دواى ڕاستیدا ئەگەڕێت ـ كوردنا)
سەبارەت بەو زۆرى موچەى پەرلەمانتارو وەزیرەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستان بەشێك لە سەركردە باڵاكانى كوردستان پێشنیازى كەمكردنەوەى ئەو موچەیە ئەكەن، پەرلەمانتارێكى ئیسلامى پێى وایە كە "موچەى پەرلەمانتارو وەزیرەكانى حكومەت یەكجار زۆرە" لە بەرامبەریشدا پەرلەمانتارێكى عەلمانى ڕاى وایە "موچەى پەرلەمانتاران هێشتا كەمە، چى كەم بكەنەوە؟"، هەندێك لە پەرلەمانتارانیش موچەكانى خۆیان بە شێوەى جیا جیا دەدەنەوە حزبەكانیان، پەرلەمانتارانى كۆمەڵى ئیسلامى بریاریان داوە تێكڕاى موچەكانیان بدنەوە دارایى حزبەكانیانو تەنها ئەو موچانە وەر ئەگرن كە پێشتر هەیانبووە،پەرلەمانتارانى بزووتنەوەو یەكگرتووى ئیسلامیش تەنها 40% ى موچەكەیان ئەدەنەوە حزبو لیستى گۆڕانو زەحمەتكێشانو سۆشیالیستش بە پێى پێویست دەیگێڕنەوەو پەرلەمانتارانى یەكێـى و پارتیش هیچى نادەنەوە حزب.
(فازڵ بەشارەتى) ئەندامى پەرلەمانى كوردستان ـ لەسەر پارتى دیموكرات ڕایگەیاند "پێم وایە هێشتا موچەى پەرلەمانتاران كەمە، نەك كەم بكرێتەوە، ئەوە لە حەسادەتەوەیە كە ئەو بابەتە ئەوروژێنرێت".
لە بەرامبەریشدا ئارام قادر ئەندامى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵى ئیسلامىو پەرلەمانتارى كابینەى نوێ دەربارەى زۆرى موچەى پەرلەمانتارو وەزیرانى حكومەت بە ئاژانسى كوردناى وت " ئیمە بە نیازین كە پڕۆژە یاسایەك پیشكەش بكەین بۆ كەمكردنەوەى موچەى ئەندام پەرلەمانتارانو موچەى دەسەڵاتدارانى كوردستان چونكە جیاوازیەكى زۆردەبینین لەنیوان موچەى دەسەلاتداران وموچەى فەرمانبەران " دەربارەى ڕێژەى گەڕاوەى موچەى پەرلەمانتارانى كۆمەڵى ئیسلامى بۆ دارایى ئەو حزبە ئەو ئەندامەى مەكتەبى سیاسى كۆمەڵ وتى " ئیمە هەموو موچەكەمان دەگێڕینەوە بۆ حزب و پیشنیاریشمان كردووە كە هەندێك لەو پارە گەڕاوەیە دابنرێت بۆ كاروبارى خزمەتگوزارى گشتى خەڵكى كوردستان تا بتوانین بە بەشیك لەو موچەیە بەشدار بین لە غەمو ژانەكانی خەڵكدا".
لاى خۆشیانەوە (ڕێباز موحەممەد) پەرلەمانتارى فراكسیۆنى گۆڕان ڕاى وابوو كە پێویستە پێداچوونەوە بە سیستەمى موچە بە شێوەیەكى گشتى دا بكرێتەوەو سەبارەت بە ڕێژەى گەڕاوەى موچەكەشیان بۆ بزووتنەوەى گۆڕان ئامادە نەبوو ئەو ڕێژەیە ئاشكرا بكات.
بزووتنەوەى ئیسلامى یش كە بە 2 كورسى لە پەرلەمان بەشدارە لە زارى (ئەحمەد وەرتى) پەرلەمانتارەوە ئاشكرایانكرد كە ئەوان 40% ى موچەى پەرلەمانەكەیان دەدەنەوە بە حزب." دەربارەى زۆرى موچەى پەرلەمانتارو وەزیرەكانو جیاوازییان لە گەڵ فەرمانبەرانى تریشدا لە لێدوانێكدا (ئەحمەد وەرتى) پەرلەمانتارى بزووتنەوە بە پەیامنێرى ئاژانسى ڕۆژنامەوانى كوردناى وت "پێمان وایە ئەوە بەشێكە لە ناعەدالەتى كە لە كوردستاندا هەیەو بە باشى ئەزانین هەوڵى لێك نزیك خستنەوەى موچەخۆرە باڵاكانو فەرمانبەرەكان بە پێى یاسایەكى تایبەت لێك نزیك بخرێنەوە".
هەروەها (بیلال سلێمان) لە لیستى خزمەتگوزارىو چاكسازى ـ كۆمەڵى ئیسلامى ئەندامى پەرلەمانى كوردستان بە ئاژانسى ڕۆژنامەوانى كوردناى وت " ئێمە بڕیارمان داوە تێكڕاى ئەو موچەیەى لە پەرلەمان وەریدەگرین هەمووى بدەینەوە حزبو تەنها ئەو موچەیەى پێشتر وەك ئەندامى كۆمەڵ وەرمانگرتووە، ئەوە وەر دەگرین، ئەویتریشى حزب بۆ خۆى سەرپشكە چۆن سەرفى ئەكات".لە بەشێكیترى قسەكانیشیدا ئەو پەرلەمانتارەى كۆمەڵ بە شەرمى ئەزانێ كە بەراوردى موچەى مامۆستایەك بە وەزیر یان پەرلەمانتارێك بكرێتو بە كوردناى وت "موچەى پەرلەمانتارو وەزیرەكان یەكجار زۆرەو موچەى مامۆستاو فەرمانبەرەكانیش زۆر كەمە بۆیەش پێویست ئەكا ئەم دابەشكردنەى كۆمەڵگە نەهێلێنو وەك كۆمەڵى ئیسلامى ئامانجمانە كە ئەو جیاوازییە نەمێنێت."
لە لایەكیتریشەوە لیستى كوردستانى خاوەنى زۆرترین كورسى پەرلەمان ناكۆكیان هەیە لەسەر موچەكە، هەرچى یەكیتى نیشتیمانیە پێان وایە كە پێویستە موچە كەم بكرێتەوەو پەرلەمانتارانى پارتى یش ڕایان وایە كە هێشتا ئەو موچەیەى ئەدرێتە پەرلەمانتاران كەمەو بەشیان ناكات.
سەردار ڕەشید پەرلەمانتارى لیستى كوردستانى ـ یەكێتى بە كوردناى وت "بە كارێكى زۆر باشى ئەزانین موچە كەم بكرێتەوە، لە گەڵ ئەوەشدا هیچ لە موچەكەمان نادەینەوە بە حزب" لە بە رامبەریشدا فازڵ بەشارەتى ئەندامى پەرلەمانى كوردستان ـ پارتى ڕایگەیاند "پێم وایە هێشتا موچەى پەرلەمانتاران كەمە، نەك كەم بكرێتەوە، ئەوە لە حەسادەتەوەیە كە ئەو بارەتە ئەوروژێنرێت".
پەرلەمانتارێكى یەكگرتووى ئیسلامیش ئاشكرایكرد كە ئەوانیش وەك بزووتنەوەى ئیسلامى 40% ى موچەكەیان ئەدەنەوە بە حزبەكەیان، لەو بارەیەشەوە ناسكە ڕەشید لە یەكگرتووى ئیسلامى وتى "ئێمە وەك لیستى خزمەتگوزارى ـ 4 حزبەكە ـ ئەمانەوێ بە جیددى كار بۆ كەمكردنەوەى موچە بكەین چونكە زۆرە."
پەرلەمانتارانى حزبى (سۆشیالیستو زەحمەتكێشان ـ ئایندە) ش پشتگیرى خۆیان بۆ ئەو پێشنیارە دەربڕى، بەفرین حسێن پەرلەمانتارى حزبى سۆشیالیست بە كوردناى وت "ئێمە لە گەڵ ڕاى زۆرینەداین، بە پێى پێویستیش مانگانە بەشى حزب لە موچەكەمان ئەدەین بە پێى بارودۆخ"و (فازڵ حەسەن) لە قەوارەى ئایندە ـ باڵى قادر عەزیزى حزبى زەحمەتكێشان ئاشكرایكرد كە ئەوان 10% ى موچەكەیان ئەدەنەوە حزبەكەیانو پشتگیرى كەمكردنەوەى موچەش ئەكەن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە