خوات لەگەڵ مامۆستای گەورە (عەلی لەتیف)

Sunday, 19/07/2009, 12:00

1989 بینراوە


مامۆستای گەورە ئەو دڵەی تۆ دڵ نەبوو دڵێ بوو بەقەد دەریایەک بوو .. ئەو هەستەی تۆ هەست نەبوو هەستی پێڵدانی بوورکانێکی قەتیس ماو بوو . مامۆستا : ئەو چاوانەی تۆ تەنها چاوێکی تێڕوانینی سادە نەبوو ، بەڵکو چاوی تیرۆژی بروسکاوێژی تاریکستانی ووڵاتێکی جەنگەڵستانی بوو . ئەو دەست و پەنجانەی تۆ دەست و پەنجەیەکی سیحری بوو. ! دەست و پەنجەیەکی توڕەی گڕکانی ڕەنگەکان بوو ، هەمووی تۆڵە کردنەوە بوو ... پەڵە هەوری باران بوو . ڕەها بوو، ئازادی بوو ، خەم بوو ، بە تەنگەوە چوون و دڵسۆزی بوو. جاویدانی بوو ، هزر بوو، هەموو شتێکی لێوان لێوی هەموو جوانیەکان بوو .. بەڕاستی دەست و پەنەی نەخشبەندێکی بێ هاوتا بوو.
بەداخەوە . تەمەنێکی دوور و درێژ .. هاوڕێ بووین ، برا بووین . خەممان یەک خەم بوو ، پێکەنینمان یەک پێکەنین بوو ، ڕوح هەر یەک ڕوح بوو ...
چەند شەوێک لەمەوبەر پێکەوە دە ئاخافتین و هەستم دەکرد زۆر نائارامی ، بە هێمنیەکەی خۆت .. پێت ووتم ! تەندروستیم باش نیە ، چومەتە لای دکتۆر و پێ ی ووتم ، دڵت تەواو نیە و پێویستت بە نەشتەرگەریک هەیە .. منیش ووتم مامۆستا دەخیلە ، نە چیتەلای دکتۆر ، چونکە من دەزانم بەڕێزت تەندروستیت باشە و دڵیشت باشە و نەخۆش نیە بەس واقیعی کۆمەڵایەتیەکەمان ئەمڕۆ نەخۆشەو ئازاری دڵت دەدات ، هیوادارم ئیتر هێندە لەو ئازارانە نەخەیتە دڵی خۆتەوە . دەزانم تەنها تەندروستی و ئازاری دڵی تۆ هی ئەو ئازارە کۆمەڵایەتیانەیە ، ئەوەش لای دکتۆر چارەسەر ناکرێت تەنها لای خۆت چارەسەر دەکرێت .ووتم ئاخر مامۆستا زیاتر لە نیو سەدەیە بەڕێزت خزمەت بە وەرزشی نەتەوەیەک دەکەیت. نیو سەدەیە بەڕێزت خزمەت بە هونەری نەتەوەیەک دەکەیت .. نیو سەدەیە خزمەتی ئەدەب و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی دەکەیت. ئیتر پێویستیشە کەمێک پشو بدەیت . هێندە لەمە زیاتر ئازار مەکەرە میوانی دڵە گەورەکەت . مامۆستای گەورە پێت ووتم : ئاخر ناتوانم.. هەرچەندە دەکەم ناتوانم .. دەزانم تۆ ڕاست دەکەیت ، بەڵام 18 مانگ لە سلێمانی بووم ئەو شارەی، کە هێندە خزمەتم کردوە . کەچی بێجگە لە هەندێ دۆست و هاوەڵ نەبێ کەسێک ئاوڕێکی لەمن نەدایەوە . من ئێستاش خزمەت دەکەم بەڕوح بەچاو بە جەستە، لە دەمی خۆشم دەگرمەوە . وە ئێستاش تەندروستیم باش نیە کەچی ناتوانم بچم بۆ لای پزیشكیکی تایبەت ، کەسانی واش هەیە تا ئێستا نەیزانیوە ماندوو بون چی یە ؟ کەچی بە ملێون قسە دەکات و بۆ ئەو پەڕی دنیا دەچێت بۆ لای پزیشکێ . منیش ووتم مامۆستا گیان هیچ بەوە دڵزویر مەبە ئەوانە هەرچەندەی تر قەبە بن هێشتا بەقەد پەنجەیەکی تۆ گەورە نابن .. ئەوانە بچوکن .. بێ کەرامەتن .. بێ نرخن .. ئەوانە ڕسواکانن .. زۆر بە حەسرەتەوە حەزم دەکرد دڵنەوایی تۆ بکەم... بەڵام بەداخەوە ... هەزار جار بەداخەوە .. لە ناکاو وەک ئەستێرەیەکی گەشاوە هەڵکشایتە نێوەند ئاسمانی ووڵاتەکەت ، ووڵاتەکەم .. ووڵاتی ویژدان و لەوێ ئاوێزانی شەوق و شەفەقت شۆڕدەکەیتەوە .. ئێستا بۆ ئەبەد لەو ئاسمانەدا زیندویت و دەڕوانیت ... ببورە مامۆستا گیان لەمە زیاترت ناتوانم پێ بڵێم بەڵام ئەرشیفی جاویدانت لە ناخمدایە.

خوات لەگەڵ .... خوات لەگەڵ
ڕۆشار 18 07 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە