شەهید ئارام بەم جۆرە لە تاوان ئەدوێ .!

Wednesday, 08/07/2009, 12:00

2045 بینراوە


32 ساڵ لەمەوبەر شەهید ئارام دەڵێ :(بەڕێزان ئێمە دەمانەوێت سەرەتایەک بین بۆ دروستکردنی بزوتنەوەیەکی ئازادی خوازانە دەشمانەوێت کە ئەو بزوتنەوەیە ببێتە سەرەتایەک بۆ شۆڕشێکی نوێ ی فیکری.. بەڵام پێویستە دوورەو پەرێز بین لەتاوان کردن... تکایە هەوڵبدەن تاوان مەکەن هیچ کەسایەتی یەکی کوردی مەکوژن، چونکە کوشتنی هەر کەسێ دوو جار تاوانی لێدەکەوێتەوە، ئەو کەسەی دەکوژرێت تاوانی یەکەمە . دووهەم هەموو کوشتنێك، کوشتنێکی تری لێدەکەوێتەوە، کە هەر دووکی بەرۆکی خۆمان دەگرێتەوە). ئەگەر پەنامان بردە بەر کوشتن مانای ئەوەیە ئێمە ناتوانین بزوتنەوەیەکی فیکری نوێ بناسێنین.
ئەم ووتەیە لە دەرەنجامی ئەوەوە دێت، کە هەندێ کەسی ناو بزوتنەوەکە پێیان وا دەبێت بۆ ناسینی ئەو بزوتنەوەیە لە سەرەتادا دەبێ پەنا بەرنە بەر کوشتنی هەندێ کەسی ناوداری کۆمەڵایەتی بەتایبەتی لە چینی ئاغا و کوێخاو موختارەکانی ئەو سەردەمە و ئیغتیال کردنی هەندێ کەسایەتیش لەناو شاردا........! بۆیە دەڵێ: تکایە بەهەڵەدا نەچن، هەوڵبدەن ئاغا و کوێخا و موختارەکان بکەن بە کۆمەڵە، چونکە بیری کۆمەڵە هی ئەوانیشە. خۆتان ماندوو مەکەن لەگەڵ جوتیارو ڕەنجدەرەکان ئەوان خۆیان بەشێکی کارای بزوتنەوەکەن خۆیان کۆمەڵەن. لێرەدا ئەم فەلسەفە زاتیەی ئەو زاتە مەزنە نەمرە بەجێ دێڵم بۆ هزری خوێنەری خۆشەویست . بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم با هەموو بزانین کە گزنگی ئەم ووردە پێڵە تیرۆژە گۆڕانکاریە نوێ یە، هی ئەو جەستە ڕەهایە یە کەوا ئێستا لە پاش 32 ساڵ ڕوحی بە بەردا دەکرێتەوە. دەژێتەوە... ئەو جەستەیەی کە 32 ساڵ لەمەوبەر لێدرا وقوتابیان و سونبولەکانی ڕاوەدوو نران و گیران کوژران و بۆ پەتی سێدارە کەڵی بران، زۆرینەشیان تەفرو تونا کران بەپلانی ئەو پیاوە حەشاردراوانەی کە لەژێر پەردەی کوردایەتیدا بێشەرمانە مقاولی کوردکوژی دوژمنان بوون . گەر چی نامەوێت قەتماغەی ئەو برینە سەختانەی کە لە هەگبەمدا مت کراون هەڵبدەمەوە جارێ، بەڵام کاتی ئەوەش هاتوە ئیتر مێژووی واقیعی کۆن و نوێمان بژار بکرێت و دیواری ئەو بەستەڵەکە کەڵەکە شەق بکرێت و ڕێ ی گزنگشی لەو بوردەڵە و ناپاک و مەرام گەندەڵانە بگیرێ و نەهێڵرێ ئیتر ڕاستیەکان درۆبەست و نادروست بکرێ، چونکە من باوەڕم بەوەیە دەبێ ئێسک و پروسکە جاویدانیەکانمان ڕەهایی خۆیان ببیننەوە، بخوێننەوە، بژیەنەوە . بۆیە ئەمەش تەنیا بە گۆڕان دەکرێت.. ئەو گۆڕانەش تەنها بە ئیرادەی لیستی گۆڕان دەکرێت، بەڵام مەرجە ئەو لیستەش لە دڕکی ترازاو پاکژ بکرێت.
تکایە دەنگ بە لیستی گۆڕان بدەن، گۆڕانێک کە زۆر سەرکەوتو بێت ... بۆ گۆڕانێک کە دۆڕان و گۆڕانی وەک یەک بێت.
ڕۆشار 2009-07-08

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە