بەپێى كام لۆژیك حزبى شیوعى كوردستان بەشدارى هەڵبژاردنى 7/3 دەكات

Sunday, 31/01/2010, 12:00

998 بینراوە


بە پێى لۆژیك بوایە نەدەبو حزبى شیوعى كوردستان بەشدارى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقى بكردایە كەلە 7/3/2010 ئەنجام دەدرێت جونكە ئەنجامە ئابڕوو بەرەكەى 25/7/2009 سەلماندى كە ئەو حزبە لەناو چ ئەزمەیەكى قووڵ دا دەژى , بەڵام لەبەر ئەوەى وشەى (نا) لەناو قامووسى ئەو حزبە بوونى نەماوە ئەوە تاقە كاریان دۆزینەوەى پاساوى زۆر نابەجێیە بۆ ئەو هەڵە كوشندانەى كە ئەو سەركردایەتیە ئەنجامى دەدات كە دڵنیام ئەو پاساوانە نەك هەر جەماوەرو دۆستانى حزبى پێ (أقناع) ناكرێ بەڵكو خودى خۆشیان گاڵتەیان پێ دێت. لەو ڕۆژانە (كەمال شاكر) ى سكرتێرى كۆمیتەى ناوەندى حزبى شیوعى كوردستان لەبەر دەم كۆمەڵە هاوڕێیەك لە ژوورە شاهانەكەى خۆى لە (م.س) زۆر بەباوەڕ بەخۆبوونەوە دەیگووت ئێمە دەبێ بیسەلمێنین كە زۆرینەى ئەو دەنگانەى لیستى ئازادى و عەدالەتى كۆمەڵایەتى هێنابوى هى حزبى شیوعى كوردستانە !!!
وەك بڵیى ئەو لیستە چواردە هەزار دەنگى نەهێناوەتەوە بەڵكو سەدووچواردە هەزار دەنگە !!! بۆیە شتێكى ماقووڵ دەبێت گەر زۆرینەكە هى حزبى شیوعى كوردستان بێت...ئاخر نەك هەر زۆرینەى بەڵكو واى دانێ هەر هەموو دەنگە هاتووەكە تەنها هى حشك بوە نە زەحمەتكێشان و نە مام خدرو نە ئەوانى تر یەك تاقە دەنگیان نەهێناوە (ڕێزى تەواوم بۆ هەرهەموویان هەیە) ، باشە كاكى سكرتێر لەسەر ئاستى هەموو كوردستان كارەسات نیە ڕێژەى دەنگ دەرانت نەگاتە %1 واتا نزیك لە سفرو ئێستاش نزیكەى پێنج هەفتە ماوە بۆ هەڵبژاردن ، كە پێم وانیە لەو ماوەیە هیچ موعجیزەیەك ڕووبدات كە ئەو ڕێژەیە یەك داوەموو بەرز بكاتەوە ! بێگومان بیردۆزەى (دەنگى ڕاستەقینەى حزب) هەروا بە ئاسانى نەهاتووە بەڵكو لەدوا كۆبونەوەى كۆمیتەى ناوەندى زۆر بە تێرو تەسەلى و بە چڕى دیراسەى ئەو وەزعە كرا ئینجا گەیشتنە ئەو دەرەنجامە ، پاش ئەوەى لەلایەن جەنابى سكرتێر هەموو ئەو خراپەكاریانە باس كرا كە بەسەر حزب دێت ئەگەر بێت و بەشدارى نەكەین لەو ڤیستیڤاڵى دیموكراسیەتە!! تابلۆ جوانەكەش تەنها بەبوونى ئێمە كامڵ دەبێت ، هەموومان دیمەنەكەى جەنابى سكرتێرو حەیدەر فەیلی مان بینى ئەو ڕۆژەى لە پشت كۆسرەت رەسول وەستابون و موبایەعەى خۆیان بۆ لیستى كوردستانى دەربڕى كە لە ڕێگاى تەلەفۆن كردنێك بە خێرایى تیشك گەیشتنە لاى ، واتا لە ڕوانگەى كەمال شاكر بەشدارى ئێمە لەو هەڵبژاردنە تەنها بۆ ئەوەیە بیسەلمێنین ئێمە خاوەنى ژمارە گەورەكەى ئەنجامى 25/7 ین !! نازانم ئەوە چ لۆژیكێكە كە تۆ یارى بە چارە نوسى حزبەكەت بكەیت و توشى هەڵدێرى بكەى لە پێناو بێمانا ترین پاساو .پێم وایە مەسەلەكە زۆر لەوە قووڵترو گەورەترە ئەویش لە ئەنجامى داواكارى زۆرى جەماوەرو قاعیدەى حزب بۆ ئەنجام دانى گۆڕانكارى لەناو حزب و بەستانى كۆنگرەى نا ئاسایى , وەلەبەر ئەوەى كات لەبەرژەوەندى ئەو سەركردایەتیەدانەبو بۆ جێبەجێ كردنى داواكارى لەو شێوەیە چونكە دەیانزانى ناتوانن هەمان مەهزەلە دووبارە بكەنەوە كەلە شەقڵاوە ئەنجامیان داو ناویان نا (كۆنگرە) بۆیا دووبارە سەرقاڵ كردنى قاعیدەى حزبى بە هەڵبژاردنەكى تر هەناسەیەكى تریان پێ دەبەخشێ بۆ ئەوەى پیاوەكانى خۆیان سەرلەنوو بهێننە پێشەوەو بیانكەنەوە بە هەمان دەم و چاو كە حزبیان بەو ڕۆژە گەیاند، ئەنجامى هەڵبژاردن چى دەبێ و چۆن دەبێ ئەوا بە........ى جەنابى سكرتێر . سەپاندنى سیاسەتى چەوت و پڕلە چەواشە كارى و دەستەمۆ كردنى حزب لەمەو دوا نەك هەر قبوڵ نیە بەڵكو ئەندازیارانى ئەو سیاسەتانە دەبێ سووك و ڕیسوا بكرێن و بدرێنە دادگاى حزب و سزا بدرێن بەوو سزایەى كە شایستەیانە بۆیە هەر كارێك لە ڕێگاى سەپاندن و دوور لە ئیرادەى حزب بكرێت ئەوا هى ئەو حزبە نیە لەم ڕووەش هەڵبژاردنى 7/3 سەپێنراوە بەسەر حزب بۆیە دەبێ بایكۆتى بكەین هەر لەم ڕوەوە بە دەیان لە كادیران و هەڵسوڕاوانى حزب و پێشمەرگەدێرینەكان و بگرە بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدانیش ئەم هەڵبژاردنە بە هى حزب نازانن و پاش (40) ڕۆژى تر(25/7) ى تر نیشانى كەمال شاكرو حەیدەر فەیلى دەدەن تا ئەو ڕۆژەى هەڵبژاردنێك دەكرێت كەلەناخەوە بڕوامان پێى هەیە ئەوسا دەنگەكانى حزب دەبینن !! هەرلەهەمان كات نە وەزیرو نە ڕاوێژكارەكەى سەرۆكى حكومەت هى حزبن چونكە ئەوانیش لەدەرەوەى ئیرادەى ئەو حزبە سەپێنراون و دیارى هەردوو حزبى دەسەڵاتە بەرامبەر بەو خزمەتانەى كە هەندێ لەسەرانى ئەو حزبە پێشكەشیانى كردوە ئەگینا ژمارەى دەنگەكانى حزب یەكسان نیە بەو دەسكەوت و داهاتانەى كەبە سەرى دا دەبارى ئەوە جگە لەوەى بەخشینى دەسكەوت و بەرتیل بەسەرانى حزب و بەناوى حزب لەدەرەوەى پرۆسەو مل ملانێى هەڵبژاردن ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ئەو حزبە دادەهێزرێنێت لەهەموو وزەو تواناكانى و دوورى دەكاتەوە لە خەباتى ڕاستەقینەى ناو خەڵكى ستەم دیدەو بەش خوراو كە سەرئەنجام حزبێكى خاوەن بیرو باوەڕو مێژوویەكى پڕلە تێكۆشان دەكاتە ئالەتێكى ساردوو سڕى دەستەمۆى دەسەڵات و كارى ڕۆژانەى بریتى دەبێت لە مۆر كردنى كلێشەكانى پیرۆزبایى و ئیدانەكردن كە بۆیان ئامادە دەكرێت ، بەڵام مێژووى ئەو حزبە زۆرانى فێر كردووە كە ئەو حاڵەتانە تاسەر نابێت و جەماوەرى دڵسۆز و كوڕانى تێكۆشەرى ئەو حزبە چیتر ئەو گاڵتە جاڕیە قبوڵ ناكەن كە سەركردایەتیە دەست ڕۆیشتوەكەى ڕۆژانە بەو حزبە تێكۆشەرەى دەكەن .





نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە