دوو سه‌رۆکی دۆڕاو

Monday, 20/07/2009, 12:00

1654 بینراوە


پاش ئه‌وه‌ی ئوسامه‌ بن لادن له‌ کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا وه‌ک مۆته‌که‌یه‌ک خۆی پیشانی ئه‌مریکا دا و خه‌ڵکی ئه‌مریکا زۆر ترسان و ده‌نگیان بۆ جۆرج بۆش دایه‌وه‌ که‌ چوار ساڵی تر نه‌هامه‌تی به‌سه‌ر میلله‌تی ئه‌مریکیدا هێنایه‌وه‌ و هه‌لێکی تری بۆ هه‌ڵکه‌وت که‌ خۆی چاک بکاته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م ئه‌و هه‌له‌ی نه‌ویست و له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌کانی خۆی به‌رده‌وام بوو، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مریکییه‌کان تێگه‌یشتن که‌ گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ریان کردووه‌ و بوون به‌ قێزه‌ونترین ده‌وڵه‌ت له‌ دنیادا و به‌ ناوی ڕزگار کردنه‌وه‌ میلله‌تان ده‌چه‌وسێننه‌وه‌ و ناهێڵن ببنه‌ خاوه‌نی ئیراده‌ی خۆیان به‌ شێوه‌یه‌کی چاوه‌ڕوان نه‌کراو ده‌نگیان دا به‌ ئۆبامایه‌کی ڕه‌ش پێستی به‌ ڕه‌چه‌ڵه‌ک موسوڵمان، له‌ کاتێکدا که‌ زۆربه‌ی سپی پێشته‌ ئه‌مریکییه‌کان که‌ زۆرینه‌ن ئه‌وه‌نده‌ چاره‌ی ڕه‌شیان ناوێت و یاسا ئه‌مانی له‌گه‌ڵ ڕه‌شپێستدا یه‌کسان کردووه‌ ئه‌گینا له‌ ناخیاندا ڕه‌شپێست هه‌ر به‌ندی جارانه‌، گه‌لێک ئه‌گه‌ر به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی خۆیدا بگه‌ڕێت لای ڕه‌شپێستێکیش بیبینێته‌وه‌ ده‌ستبه‌رداری نابێت.



به‌ڵام له‌ کوردستانی خۆماندا که‌ دیموکراتی حزوری له‌وێ نییه‌ و ئه‌و که‌مه‌ ئازادییه‌ش که‌ هه‌یه‌ به‌ هۆی چاودێری بێگانه‌ و چاوکرانه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌یه‌، پاش هه‌شت ساڵی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و هه‌ژده‌ ساڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی یه‌کلایه‌نه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری هه‌ولێر و بادینان هه‌لێکی زێڕین بۆ میلله‌تی کورد هاتۆته‌ پێشه‌وه‌ که‌ ئه‌م مۆته‌که‌یه‌ وون بکه‌ن له‌به‌ر چاوی خۆیان و که‌مێ هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵکێشن و سه‌رکرده‌یه‌کی ڕه‌زا قورس بگۆڕن که‌ وه‌ک زه‌روو ده‌می ناوه‌ته‌ خوێنی میلله‌ت و تێر بوونی نییه‌، هه‌تا شه‌ڕی ناوخۆ بوو خوێنی میلله‌تی ڕشت و که‌ شه‌ڕ نه‌ما پاره‌ی میلله‌ت ده‌ڕێژێته‌ گیرفانی خۆیه‌وه‌.



ئه‌م سه‌رکرده‌ خۆبه‌ زلزانه‌ وه‌ک هه‌موو دیکتاتۆره‌کان بێزی نایه‌ت بێته‌ ناو جه‌ماوه‌ره‌وه‌ و ڕێگاش نادات میدیای ئازاد چاوپێکه‌وتنێکی له‌گه‌ڵدا بکات و دووسێ پرسیاری لێ بکه‌ن و به‌ گیری بهێنن، ته‌نها له‌ ڕێگای میدیا ده‌سته‌مۆکانی خۆیانه‌وه‌ پرسیاریان لێ ده‌کرێت به‌ شێوه‌یه‌کی شه‌رمنانه‌ و وه‌ڵامه‌که‌شی بۆ ئاماده‌ کراوه‌.



هه‌ر به‌ڕێزێک که‌ ده‌یه‌وێت ده‌نگ بدات به‌و سه‌رۆکه‌ خۆ به‌زلزانه‌ با خۆی تاقی بکاته‌وه‌ و چه‌ند پرسیارێک بکات پێش ئه‌وه‌ی بچێته‌ به‌ر سندوقی ده‌نگدان و بزانێت وه‌ڵامه‌کان چین و له‌به‌رچی ده‌نگی پێ بدات:

مانگانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ند بووه‌؟

سامانی سه‌رۆکی هه‌رێم چه‌ند بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی ببێت به‌ سه‌رۆک و ئێستا گه‌یاندوێتییه‌ چه‌ند؟

له‌ چه‌ند شه‌ڕی ناوخۆدا به‌شداری کردووه‌؟

چۆن له‌گه‌ڵ ڕژێمی سه‌ددامدا (که‌ مه‌سعود به‌رزانی پێی ده‌وت میری تا پێش ڕوخانی) ڕێککه‌وت بۆ هێنانی سوپا بۆ ڕاونانی دۆسته‌کانی ئێستای؟ وه‌ چۆن ئه‌و سوپایه‌ کوردستانیان بۆ به‌جێ هێشت و خوا حافیزیان لێ کرد؟

چه‌ند له‌ دیموکراتی تێگه‌یشتووه‌؟ ئه‌گه‌ر تێی گه‌یشتووه‌ بۆ ناوی حیزبه‌که‌ی ناگۆڕێت له‌ کاتێکدا پارتی بووه‌ به‌ میراتی بۆ بنه‌ماڵه‌که‌یان؟

به‌ته‌مایه‌ کێ دابنێت له‌ دوی خۆی له‌ سه‌ر کورسی سه‌رۆکایه‌تی پارتی؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە