ئۆپۆزیسیۆنی سێبەر، ڕەخنەکەی مسعود عبدالخالق لە نێوان قبوڵی ئەمیری کۆمەڵ و م. نازم عبداللە

Thursday, 06/09/2012, 12:00

1425 بینراوە


گەورەترین مەترسی ئاینیەکان و مەلاکان لەوەدایە کە بێت و دەقە شەرعیەکان و حوکمەکانی قورئان بەپێی ئارەزووی دەروونی خۆیان بسازێنن و خراپتریش لەوە ئەوەیە خۆیان بکەنە بابای ئاین و وابزانن ئەوەی خۆیان دەیڵێن سەنەدەو ئەوی تریش فەقێیانەیە.

گەورەترین گرفتی بەردەمی لایەنە ئیسلامیەکان لە کوردستان ئەوەیە کە تا ئێستا لە ھونەری ڕەخنەو مامەڵەکردن لە گەلیدا نەسازاون و ناشتوانن ڕەخنە قبوڵ بکەن، بگرە عاتیفیانە ڕووبەروی ڕەخنە دەبنەوە و ھەڵیش دەچن.

دەلیل بۆ قسەکانم وتارێکی خاوەنی دەزگای ستاندەرە کە وەکو ولائو دڵسۆزانە ئەمیری کۆمەڵی لەوە ئاگادار کردەوە کە خەریکە ئەوەیش وەکو واعڤ سلاتینەکانی سەردەمی ھەندێک خەلافەتی لێدێت، ھەر ئەوە دەزانن بە شان و باڵی دەسەڵاتدا ھەڵبێن، دەسەڵاتێک کە لەبەر خراپیە زۆرەکانی خێری چاکەی پێوە نەماوە، کەچی ئەمیری کۆمەڵ نەک ئەو ڕەخنەیەی قبوڵ نەکرد بەڵکو بە ڕەخنەکە ھەڵیشچوو، بگرە گەر ئەمیری کۆمەڵ لەسەر کورسی دەسەڵات بوایە ئەمری بە ئەوامیرەکانی دەکرد م. مسعود بخەنە زیندانەوە.

وەڵامەکەی م. عەلی باپیر ھەڵچونێکی دەروونی پێوە دیار بوو کە پێدەچوو لە توڕەیدا وەڵامی دابوویەوە، پاشان چەند ئایەتێکیشی وەکو دەم شیرینکردنێکی دەروێشەکانی کۆمەڵ ھێنایەوە کە من وەکو کۆلکە تێگەیشتوویەک لەدین لاموایە ئەو دەسەڵاتە ئەوەندەی بەرەدا نەماوە کە تەمەنای خێری بۆ میللەت لێ بکەین.

پێغەمبەر (س) پێمان دەڵێت " عن أبي سعيد الخدري رچي الله عنه عن النبي سلى الله عليه وسلم قال أفچل الجهاد كلمه‌ عدل عند سلگان جائر" مامۆستا لە کوردستان بە بەرچاوی بەڕێزتەوە نەوت دەدزرێت و خەڵکیش ڕاکەڕاکیەتی بەدوای یەک بەرمیل کە ساڵی یەک جار دێت، م گیان چوار ملیار دۆلار بەبەرچاوی تۆوە دزرا بۆ باسی ئەو خراپەیەت نەکرد، یان چ چاکەیەکی دەسەڵاتی زەرد بەو دزیە بەراورد دەکرێت تا بە "چاک بڵێن چاک و بە خراپ بڵێن خراپ"، مامۆستا بە بەرچاوی تۆۆە تەحەددا دەکرێتە سەر خاکمان و ئێران و تورکیا ھەموو ڕۆژێک سوکایەتیمان پێدەکەن بۆ لەو خراپیە قەلاقوپت کرد، بەبەرچاوی تۆوە کە خۆشت بەوێدا پیاسەو کردووە تەنکەر نەوت ئاودیو دەکرێن کوا باسی ئەو خراپەیەت.

ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە لە نێو ئۆپۆزیسیۆنەکەی تۆدا ئۆپۆزیسیۆن دروست بێت و یەک دوویەکی وەکو م. نازم عبداللە بەدەنگ بێن و بڵێن م. عەلی ئەوە ئۆپۆزیسۆن بوون نییە ئەوە قەلاقوپیەتی کۆمەڵی ئیسلامیە بەرامبەر بە دەسەڵات، بڵێن م. تۆ زۆر جار ڕەیی شخسی خۆت پێش جەماوەر خستووە ھەر وەک ئەوەی دەنگت بۆ سەندنەوەی متمانە لە مالیکی داو چویە پاڵ پارتی و لەو کارەتدا کۆمەڵت تا چۆکان خستە قوڕێوە.

ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە جەماوەری کۆمەڵ پێت بڵێن مامۆستا بۆ شەھیدەکانت لە بیر کردووە کە دەچیتە بیتوێن و پشدەر و ھەر کوێیەکی تر سەر دەنێیە ماڵی ئاغاکان و کۆخی ھەژارەکانیش نابینی، ئەوە ئەمیریەتیە یان میرەتیە.

ھیواخوازین کۆمەڵ لەو کۆنفرانسەیدا بەخۆیدا بچێتەوە و چیتر وەکو پارتێکی کلاسيکی نەخوولێتەوە گوێش بۆ ڕەخنەو پێشنیاری نووسەرانی و کادیرانی

بگیرێت و بێتەوە نێو شەقام نەک ئۆپۆزیسیۆنی بەر سێبەری دەسەڵات.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە