" چوارێنەکانم "

Sunday, 08/06/2014, 12:00

1738 بینراوە


(لەسەر ئیزنی باباتاهیری کورد)

لەتانو پۆی دڵم دەردت تەنیوە
لە جیاتی گوڵ هەموی دڕکە چەقیوە
ئەگەر پرسی لە حاڵم چۆن دەرەخسێ
لە زامستان دەژیم شادیم رەویوە .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

سەرم بارمتەیە بۆ خەنجەری تۆ
بە چرکە زێدەیە شیوەن و رۆڕۆ
لە بێ بەختی لە کورتی دایەدەستم
دڵی تۆراوی تۆ نایە تە سەر گۆ .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

دڵم دەسپێرمە رێیەک شوێنی تۆ بێ
هەوارێک تاوڵو رەشماڵی لەجێ بێ
دەژیم بەو بایە بۆنی بسکی تاتات
لە کازیوەی بەیانان خەم رەوێن بێ .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

دەڵێن دووربە لەیاری نازە نینت
لە رێی ویدا لە دەست چوودڵ ودینت
هەموودونیا بکا لۆمەم لەسەر تۆ
وەکو پێشمەرگە وام من بۆ ئەوینت .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

دڵم ناوێ ئەگەر جێگای نەبێ بۆت
دەبێ لەت بێ ئەگەر شەیدا نەبێ بۆت
وەکی دیش خاکی بەر پێی یارێکم من
ئەوینداربێ وەکی یار بێ بژی بۆت .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

دڵی تۆئاورو پووشو پەڵاشیش من
چلۆن پێکوە دەژین دژ بەری یەک بن
وەرەپووش پووش چێ کەین لانی ژینمان
بە گەرمای دڵ بژین ساردی لەناوچن .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

سەرم بەندە بە تاتای زولفی خاوت
بە پیری کەوتمە ناو تۆڕی داوت
هەموورۆژێ کە کازیوەم بە سەر دێ
دەنواڕم تا بە دی کەم چاوە چاوت .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

لەبەرتۆ گێژو وێژومەستو زارم
شەوو رۆژ مەی زەدەو چڕژو خومارم
وەرە بامن بە ساڵانە بە دوای تۆم
تەمەن زۆری نەما با نەکرێ کارم .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

وەها گیرۆدەووبەندو شەڵاڵم
زمانم ناگەڕێ وەک لاڵ لاڵم
نییە جێگام کە لێی رازێم شەوانە
بە رۆژ باڵندەمولا سەنگە باڵم .
،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

لە گەردون کۆتو بەندم پێ بڕاوە
غەریبی جلکە بۆ بەژنم کراوە
غەریبی وکۆتو بەندم چارەسەر بی
گەڕی گەردون قرێژو پێ کراوە .
جەعفەر/کەریمی
فەنلەند / ٢٠٠٧ ی - ز



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە