تەنها حكومەتەكەى عەبادی بەرپرسە لەئاستى فەرامۆش كردنى مافو داواكانى خەڵكى كوردستان؟

Saturday, 21/02/2015, 12:00

2105 بینراوە






دوا بە دواى كۆتایى هێنان بە دەسەڵاتى ڕەشى بەعسیەكان لە عێراقداو دەست بەكاربوونى سێ كابینەى یەك لە دواى یەك (عەللاوى، جەعفەرى، مالكى)ئێستەش (عەبادی)و بەشدارى بەرچاوى سەركردایەتى سیاسى كوردستان، لە هەریەك لەو حكومەتانەدا، هۆكارى زیندوكردنەوەى هیواو ئاوات بوو، لە دڵى تاكەكانى خەڵكى كوردستاندا . بەو دەلیلەى نوێنەرانى خەڵكى كوردستان بەهەموو قورساییانەوە بەشدار بوون . لە داڕشتنى بەرنامەو سیاسەتو ستراتیجى هەریەك لەو حكومەتانەى، كە لە پاش دیكتاتۆریەت دەست بەكار بوون . بەڵام ئەوەى چاوەڕوان نەدەكرا، لە هەریەك لەو حكومەتانە ڕوویداو لە جێى ئەو گومانە باشانەدا نەبوون، كەخەڵكى كوردستان پێى دەبردن . بە تایبەت ئەوەى دواییان، كەكابینەكەى (عەبادی)یە، هەرچەندە، لەكاتى خوێندنەوەى كارنامەى حكومەتەكەیدا، چەند خاڵێكى ئیجابى لە خۆ گرتبوو، بەڵام ئەو گفتانە نەچوونە بوارى كردارییەوە لە چوارچێوەو ڕووپەڕى سەركاغەزەكان تێپەڕى نەكرد .
لە ماوەى ئەو چەند ساڵەى ڕابردووشدا، هەریەك لەو حكومەتانەى بەغداد سستیان نواندووە، لە بەرامبەر مافە ڕەواكانى خەڵكى كوردستانو هەمیشە یارییان بە كات كردووە، بە مەبەستى دواخستنو پشتگوێ خستنى داواكانى گەلى كورد، لە دیارترینى ئەو داواو مافانەش، پشتگوێ خستنو دواخستنى ماددەى (140) بوو هەتا بە جێبەجێ نەكردنى ماددەكە گەیشت، هەروەها دروست كردنى گرفتو كێشە لەبەردەم موچە و بودجەی هەرێم و، هەناردەكردنی نەوت لەرێگەی (كۆمۆوە)كە حكومەتى هەرێم سەرپەرشتی دەكرد، ،و چەندان گرفتى تر، كە تا هەند كە حكومەتەكەى (عەبادی) خۆى لە دابینكردنى ئەو مافە سەرەتاییانە بۆ حكومەتى هەرێم دەدزێتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك، لەوانەش ناكامڵى بەڕێوەبردن لە حكومەتى ناوەندىو هەروەها عەقڵیەتێكى شۆڤینىو عروبى كە لە پشت زۆربەى هەرە زۆرى كاربەدەستانى بەغداوە بوونى هەیە . هەمیشە بەرپرسانى بەغداد مافە سەرەتاییەكانى خەڵكى كوردستان بە زیاد، دەزانێتو كەمترخەمە لە ئاستیا، بۆیە وەك دەبینرێ سەرەتاى هەموو ساڵێكى نوێ دەبێت شەرێكى سیاسى بكرێت لە بەغداد، بە مەبەستى سەندنى مافەكانى حكومەتى هەرێم . ئەو پرسیارەى لێرەدا جێى خۆیەتى بكرێت ئەوەیە ئایا تەنها حكومەتەكەى عەبادی بەرپرسە لەئاستى فەرامۆش كردنى مافو داواكانى خەڵكى كوردستان؟ لە ڕاستیدا وەڵامى ئەو پرسیارە لەلای هەر كەسێكى ژیر بە (نەخێر)ە، چونكە گەر تەماشایەكى سیاسەتو ئەداى ئەو چەند ساڵەى سەركردایەتى سیاسى خەڵكى كوردستاندا بكەین (كە لەمڕۆدا خۆى لە سەركردایەتى پێنج پارتى كوردستاندا دەبینێتەوە) ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ئاشكرا دەبێت، كە سیاسەتو هەڵوێستەكانیان لە ئاستى پێویستدا نەبووە، یان ڕاستتر بڵێین سەركردایەتى كورد ئەجێنداو بەرنامەیەكى ئاشكراو ڕاگەیانراویان نەبووە، لە بەرامبەر حكومەتى ناوەندو كۆى پێكهاتە سیاسیەكانى سەر گۆڕەپانى سیاسى ئەمڕۆى عێراق . ئەم بێ بەرنامەییەش واى كردووە، كە مافەكانى كورد لە ناوەنددا، پەراوێز بخرێن . لە لایەكى ترەوە سەبارەت بە كۆى پێكهاتەى نوێنەرانى كورد، لە بەغداد، هەست بە جۆرێ لە بێ ئاگا بوون لە یەكدىو دووفاقى دەكرێت . لەبەرئەوەى، لەلایەك لیستى هاوپەیمانى كوردستان، یاداشتی ناڕەزایىو بێ زارى، لە سیاسەتەكانى حكومەتى عەبادی ئەدەنە حكومەتو داواى بە دەمەوە هاتنى دەكەن لەو حكومەتە بە مەبەستى داخوازییەكانى حكومەتى هەرێم، لە لایەكى ترەوە لەسەر ئاستە باڵاكانى نوێنەرانى كورد لە بەغدادو لە هەولێر، پەیتا پەیتا پشتگیرىو پشتیوانى خۆیان بۆ حكومەتەكەى عەبادی دووپات دەكەنەوە، لە كاتێكدا حكومەتەكەى عەبادی دەیان موراوەغەى نواندووە بەرامبەر مافەكانى خەڵكى كوردستان . خاڵێكىتر كە گرنگە ئاماژەى پێ بكرێت، ئەو ڕێكەوتنو یاداشتە (سێ چوار) قۆڵیانەیە، كە لە لایەن پارتە دەسەڵاتدارەكانب كوردستانو چەند لایەنێكى عەرەبى تر لە چەند مانگى ڕابردوودا واژۆ كران، بێگومان سەرجەمى ئەو پارتانە هەمان ئەو پارتانەن، كە لە پێنچ ساڵى ڕابردوودا، سەركردەكانى كورد مامەڵەیان لەگەڵدا كردوونو، ڕێگر بوون لە بەردەم داواكانى كورددا، گەر وا بێ، ئەى ئەم ڕێكەوتنە تازانە لە پاى چى؟


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە