حاجیەكى كورد زەكاتى بەروبومە كشتوكاڵیەكەى دەكاتە وەقفى كەعبە بەڵام لێیان قبوڵ نەكرد.

Wednesday, 11/11/2009, 12:00

1687 بینراوە


سعودیە
سەرەراى ئەوەى ئاستى هەژارى و بێكارى لەهەرێمى كوردستاندا هێشتا بەرزە و بەدەیان جار ئیمام و خەتیبى مزگەوتەكان و شەرعزانە كوردى و بیانیەكان ئەوە تەئكید دەكەنەوە كە هەتا هەژار و كەمدەرامەت و هەتیو و بێوەژنەكانى كوردستان مابن ،دروست نیە خێر و زەكات ببیتە دەرەوەى وڵاتەكەت ،كەچى ئەوە بۆ چەند ساڵێكە كەسانێك لەهەرێمى كوردستانەوە بەمەبەستى جێبەجێكردنى فەریزەى حەج دێنە عەرەبستانى سعودیە و زەكاتى بەرهەمى كشتوكاڵى و كرێى دوكان و هەموو ئەو كاسبیەى لەكوردستان دەیكەن،دەیدەنە مەلا و بەرپرسانى هەردو حەرەمى كەعبەى پیرۆز و مزگەوت و مەزارى پێغەمبەر(د.خ)،ئەمساڵیش حاجیەكى كورد بەبێ گوێدانە ئەو هەموو هەژار و كەمدەرامەت و بێكارانەى ئێستا لەكوردستان هەیە،هەوڵیدا زەكاتى بەرهەم و بەروبومى كشتوكاڵى بداتە یەكێك لەئیمامەكانى حەرەمى كەعبەى پیرۆز ،بەڵام مامۆستا ئاینیەكەى حەرەم ئەم زەكاتەى قبوڵ نەكرد و پێى راگەیاند كەوا پێویستە ئەو زەكاتە بدەیتە هەژار و كەمدەرامەت و بێ باوك و بێوەژنەكانى وڵاتەكەت،ئەگەر ئەو كەسانەشت دەست نەكەوت ئەوا پێویستە بیدەیتە ئەوقافى سنورەكەى خۆت یان هەر رێكخراو و دەزگایەكى خێرخوازى سنورەكەى خۆت بۆ ئەوەى بەشێوەیەكى شەرعى و یاسایى بەكاربهێنرێت بۆ هەژاران و كەمدەرامەتان. لێرەدا من لەروى شەرعیەوە هیچ تەعلیقێكم نیە و ئەم هەڵوێستە بۆ زانایانى ئاینى و وتارخوێنى مزگەوتەكانى كوردستان بەجێدێڵم.ئەوەش تەئكید دەكەمەوە كە 3سالأ لەمەوپێش چەند حاجیەكى سنورى ئاكرێ لەسعودیە پێیان راگەیاندم كەوا هەموو ساڵێك زەكاتى بازرگانى و داهات و زێڕى خێزانەكانیان لەكوردستانەوە دەهێننە سعودیە و دەیدەنە بەرپرسەكانى حەرەمى مەزار و مزگەوتى پێغەمبەر(د.خ).

*تێبینى:راگەیاندنى وەزارەتى ئەوقافى حكومەتى هەرێم لەم گفتوگۆیەى نێوان حاجیە كوردەكە و ئیمامەكەى كەعبەى پیرۆز ئامادەبوو زۆر هەوڵیدا حاجیە كوردەكە تێبگەیەنێت كە ئەم بڕیارەى نە شەرعیە و نە مرۆییە بەڵام ئەو حاجیە بەهیچ جۆرێك ئامادەنەبوو گوێ بۆ قسەكانى راگەیاندنى وەزارەتى ئەوقافى كوردستان بگرێت و تەنانەت بەقسەى ئیمامەكەى كەعبەى پیرۆزیش قەناعەتى نەدەهات و داواى دەكرد نوسراوێكى رەسمى بداتێ كە ئەو زەكاتەى قبوڵ نەكردوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە