هەڵوەستەیەك لەسەر سمینارەکەی دکتۆر مەریوان وریا قانع - بەشی دوو

Monday, 07/01/2013, 12:00

1810 بینراوە


تێبینی / لە تەواوی ووڵامدانەوەکەم بۆ دیدی کاك مەریوان ، هەوڵئەدەم تێروانینەکانم لەگەڵ قسەکانی ئەو بهێنمەوە ،واتا باز نەدەم بەسەر ئەوبابەتانەیا یان جێگۆرکێی پێبکەم ،هەرچەند ئەوە بۆمن بابەتەکە قورستر دەکات ،بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر مەوزوعی بێت ،هەوڵمداوە یەك بەیەکی دیدەکانی لە کڵێشەی باسەکەمدا بێ ژماردن خاڵبەند بکەم .


دکتۆر مەریوان دێتە سەر ریزکردنی ئەو کەناڵانەی کە مانای دینمان پێئەڵێن و دینمان بۆ شیدەکەنەوە . هەر چەند ئەو لە قسەکانیدا بەڵێنمان پێئەدا پێمان بڵێ دین چییە لە مەنزوری خۆیەوە ،بەڵام بە هیچ جۆرێ ناچێتەسەری و لەدەرەوەی ئەو باسە ،یان لە جێاتی باس کردنی ئاین و ماهیەتی ئاین باس لە و کەناڵانە دەکات کە دینمان پێئەناسێنن .کاك مەریوان باسی قوتابخانە دەکات کە لە بەر ئەوەی وانەی دینی تیائەوترێتەوە ،کەواتە ئەوان بەجۆرێ لە جۆرەکان دینمام پێئەناسێنن وکاری ئەوانیش دورست کردنی کادری دینییە ،ئەم ووتەیە من دەست خۆشی لێدەکەم بە مەرجێ ئەگەر وەك رەخنەیەك ئاراستەی پەروەردە و فیربوونی بکات لە کوردستان ،چونکە ناشێ لە پاڵ فێرکردن وپەروەردەی زانستی تر وانەی ئاینی بوترێتەوە . لە لایەك بیکەیتە مێشکییەوە کە زانست ووڵامی پرسیارەکان دەداتەوە لەلایەکی تریش فێریبکەی کە بۆت نییە پرسیار بکەی چونکە ئاین ووڵامی پرسیارەکان ناداتەوە و بەنادیاری ئەیهێڵتەوە ، لەوانەیە ئەمە یەکێبێ لەو هۆکارانەی کە مرۆڤی ئێمە زیاتر لە ناخی خۆیاندا دژۆکەن لە لایەکەوە کەسی تر ئەکوژێ ولە لایەکی ترەوە نوێژ دەکەن ، لە لایەکەوە ژنان لەسەر شەرەف بەردباران دەکات و لە لایەکی ترەوە دوعاو نزانەوەی لێخۆش بوون دەکات ،لە لایەکەوە درۆ و نیفاق و دزی وخواردنەوەو سەرجێی و .....هتد لە لایەکی ترەوەو بەرۆژوو دەبێ و قوربانی دەکات .لە لایەکەوە بە زۆر زانست بکەیتە مێشکی یەوەو فێری بکەی چۆن زانستیانە بیر بکاتەوەو بگەرێ و هاوکێشەکان شیبکاتەوە وفێری بکەی ژیان چۆن پێشدەکەوێ وچۆن بۆ ژیان دەژێی ،لەلایەکی ترەوە قفڵێ لە مێشکی بدەی و کلیلەکەشی بدەیتە دەست چەند ئایەتێكەوە کە یەك پاسڤۆرد ئەیکاتەوە ئەویش رستەیەکە لە بەندایەتی و دەبێ لە بەر خاتری خوا تۆ خۆت بکوژی وئەویتریش هەر بکوژی .بەڵام کەوەك دەرئەکەوێ لە قسەکانی دکتۆر رەخنەکەی لەم روانگەیەوە نیە بەڵکو لەو روانگەیەوەیە کە تەنها دیوێکی دین پێشکەش دەکات و وەك دینێکی سونەتی و بەراوردی دینەکانی تری ناکات ، کە دیسان بۆ خۆی هەڵەیەکی کوشندەیە ئەگەر وەك خۆی باسی دەکات قوتابخانەی دینی لە لاهوت جیانەکەینەوە ، چونکە وانەی دین لە کوردستان تەنها بۆ یەك دین تەرخانکراوەو لەو لایەنەوە هەڵەی تیانی یە کە ئەویش دینی ئیسلامە ، بەڵام کە ووتت ئەم قوتابخانە ئاینی یە قوتابخانەیەکی لاهوتییە یان وانەی لاهوت دەخوێندرێت ئەوە ئەو کاتە جیاوازی نێوان دینەکانی تری تیادەکرێت ، بەڵام گوتاری دینی موسڵمان گوتارێکی کۆتایی یەو باوەری بە لێكچون و جیاوازی نی یە ، ئەو وەك چۆن دینی کۆتایی یە سیستمێکیشە ،هەم لە ناو خێزان وهەم لە ناوو دەوڵەت دەسەڵاتی ئەوێ ،،بە مانایەکی تر ئیسلام بۆ خۆی تەواوی سیستمێکی دەسەڵاتی یە ،هەر کەسێ هەیبوو یان بەناوی ئیسلامەوە دوا بە ناوی دەسەڵاتەوە ئەدوێ نەك هەر ئەدوێ بەڵکو کرداری پێئەکات و بەکردار لە گەڵت ئەجولێتەوە ،واتا بەمانایەکی تر سەپاندن لە ناودین ئەسەپێنێ و وەك باوەردارێ دژەکانی ناهێڵێ و کار بە ووردو درشتی ئەحکامەکانی دەکات .بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا ئەگەر دیدی دکتۆر مەریوان ئەوبێت کە سیستمی خوێندن لە کوردستان کەسی دینی دروست دەکات بەو مانایەی کە هێندە پەیوەستە بە مەنهەجەکەیەوە کە ناتوانێ لەدەرەوەی بوارەکەی خۆی تێبفکرێ و بوارێکیشی بۆ هەڵکەوتنی تەلێنت نەهێڵاوەتەوە ،لەمەشیان لەگەڵیم ،بەڵام بەداخەوە ئەو مەبەستەکەی دوورە لەم بابەتەشەوە . دوابەدوای ئەو بازدانە فکری یەی لە بەشی یەکەمی قسەکانی کاك مەریوان بەدیمان کرد لە بەشی دووهەمی قسەکانی ،ئەمنباتە گێژاوێکی ترەوە کە کەمتر نی یە لە گێژاوی پێشووتر بە بەخشینی یان گەران بۆ دۆزینەوەی دیموکراسییەت لە ئایندا ‌!! .من تێناگەم مەبەستی چی ییە ؟؟!! خۆ ئەگەر مەبەستی بونی دیموکراسیەت بێ لە ئاین دەبێ هەموومان هەوڵ بدەین بۆی دروست بکەین ،بەندێکی بۆ بنوسینەوە کە بۆخۆی شتێکی نا لۆژییکی یە و ناکرێ ، چونکە ئاین بە گشتی و بەتایبەت ئاینی ئیسلام شوێن پێیەکی بچوکیش بۆ رای جیاواز نەهێڵاوەتەوە ، لە دینی ئیسلام تەنها دوو شت هەن لەوانەیە زیاد لە دینەکانی تر لێرە زەقتر بێ ،رەش یان سپی ،ئیماندار یان بێئیمان ،کە ئەم فەزایەش خۆی بۆخۆی لە دەرەوەی سەرەتایی ترین مافی دیموکراسی یە .ئەسڵەن لەوانەیە گەورەترین زوڵمێ کەبکرێ لە مێژوی فکری مرۆڤایەتیدا ئەوبێ کە بگەرێی لە جەوهەری ئایندا بەدوای دیموکرسیدا ، لە گەڵ ئەوەی بۆخۆم سیستمی دیموکراسیم پێلەبار نیە بۆ ووڵامدانەوەو کێشەکانی مرۆڤ و هێشتا وەك سیستمێ ناتوانێ لە ئاستی هیوای مرۆڤ بێ .، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بەداوی لێبوردنەوە ،کەم تێگەیشتنە لە چەمکی دیموکراسی گەر بگەرێی لە هەناوی دیندا بۆدیموکراسیی ،من دڵنیام دکتۆر مەریوان لەم سیمینارەیدا بە درکەوە ئەم تێکەڵەیەی کردووە بەڵام ناتوانم پەی بەو درکە بەرم ؟

به‌شی یه‌که‌م
به‌شی سێیه‌م


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە