لە جەماوەرى هەولێرەوە بۆ هێزەكانى پێشمەرگەى كوردستان

Monday, 14/02/2011, 12:00

1222 بینراوە




ئەى پێشمەرگە... براو كەس وكارمان ئەى رزگار كەرىكوردو كوردستان.

ئەى پێشمەرگە... پارێزەرى كەرامەتى گەلى كورد تۆ رابەرو تۆ سەركردەمانى.

ئەى پێشمەرگە... ئەى هەوێنى بەرخۆدان و خەباتى رزگارى كورد.

ئەى پێشمەرگە...ئەى دۆستى خەبات و راپەرین وشۆرشگێران.

ئەى پێشمەرگە... مخابنە زۆر مخابنە كە هەندێ كەسى گەندەلكارى گەلەكەت ناوى تۆیان لە خۆناوە لە پشت ناوى جوانى تۆ دزو و جەردەیان كردوە بە پیشە..

پێشمەرگە... ناوت لەلاى گەل هێندە پیرۆز و بەرزو جوانە ئەوەتا هەموو گەلى كورد شانازى بە ناوت دەكات بۆیە گشت خەباتگێرێك نازناوى تۆ بە شانازیەوە هەڵدەگرێت وەك تاجە گولینە لەسەر سەرى خۆى دادەنێت.

ئەى پێشمەرگە...ئەى باب و باپیرم ...ئەى پارێزەرى گەل و نیشتیمانم... زۆر دەمێكە بێ دەنگى تۆ بوویتە ژانى گەلێكى زوڵم لێكراوى دەستى دووبنەمالەى دیكتاتۆر.... تـــــــــــــــــــۆ ئەى پێشمەرگە چ كاتێك دیكتاتوریەت و ژێردەستە و بەندایەتیت قبوول فەرمووە ؟ ئەى چ كاتێك تۆ بێ دەنگ بووى لە چەوسانەوەى گەلى كورد كە سالانێكى زۆرە دەچەوسَتەوە لە ژێر دەستى دوو بنەمالەى دكتاتۆرى بەعس ئاسا؟

پێشمەرگە گیان...ئەى گیانفیداى ناوى پیرۆزت بم....

تۆ ئەى كورى میللەتى كورد...تۆ لە تاغوتەكەى بەغدات قبوول نەكرد كە كورد بچەوسێنێتەوە ، چۆن سالانێكە ئۆقرت گرتوە لە سەر دوو بەچكەدیكتاتۆرەكانى شوێن پێى بەعسى فاشیزم كە گەلەكەت بچەوسێنێتەوە؟ئەى تۆ بەڵنت نەدابوو كەتا بەچكە پێشمەرگەیەك مابێت نابێت كورد بچەوسێتەوە؟

پێشمەرگە لە بیرتە ناوت هێندە ترسناك بوو لاى خەت سورو شان پر لە ئەستێرەكانى بەعس؟ئەى دوێنێ نەبوو لە ترسى ناوى پیرۆزت ژەنرالەكانى پۆستال سورە بێ ویژدانەكان كركوك و بەغدایان لى ببوو بە كونى مشك ؟

ئەى تۆ نەبووى رۆژێك لە رۆژان ئەم كوردستانەت كردبوو بە گۆرستانى ئاغاكانى مولازم موحسین و ئەمنە سورەكەو مەنزومەكەى شیمالى وجاش و چلپاوخۆرەكان؟خۆ ئێستا دەبینن كە كوردستان پرە لە عەلى كیمیاوى وعودەو قوسەو شارەكان پرن لە سەدان مولازم موحسین و ئەوى تا دوێنێ سەرى ئێوەیان دەكردە دیارى بۆ قەسابخانەكانى بەعس وا ئیمرۆ حوكمتان بە سەر دادەكەن لە پەرلەمان وحكومەت وسەرۆكایەتى واش دالدە دراون كە دەڵێن ئێمەى جاش پێشمەرگە بووین و پێشمەرگەش جاش بوون .

ئەى لەبەر ناوى پیرۆزى تۆ نەبوو گشت دونیا پشتیوانى لە گەلى كورد كرد ؟ نازانم بۆچى بێ دەنگى لەتەك ئەم هەموو تاوانانە ؟

ئازیزانم ئەى پێشمەرگە قارەمانەكان... چۆن ئێوە رازین كە لەجیاتى بەعس ئیمرۆ گەلى كوردتان دایك و خوشك و براو كەس و كارتان نانبراوى دەستى دوو دەستەلاتى فشۆلن ئەى ئێوە نابینن ؟ كە ئەوەى دوێنێ بە عس لەترسى ناوى ئێوە نەیتوانى تاوان ئەنجام بدات دەرهەق بە كورد وا ئەم دوو دەستەلاتە گەندەڵكارانە زۆر بە ئاسانى لە پشت ناوى ئێوەوە جێ بە جێدەكات...

پێشمەرگە ئەى سەروەرى كوردستان...هاوارمان بۆ ئێوەیە گەلى كورد پێویستى بە ئێوەیە دە هەر هەمووتان بە یەك دەنگ و بە ویژدانەوە وەرنە رێزى گەلەكەتان لە بەردەم دیكتاتۆریەت خۆتان بكەنە پێشەنگى شۆرشَكى مەزن و دەریان بكەن چونكە ئەمانە سوكایەتیش بە ناوى پیرۆزى ئێوەیان كردوە....

ئەى پێشمەرگە لە بیرتانە هەر دوێنێ بوو چەندین هەڵەى مەزنیان بە ئێوە دەكرد؟خۆ ئێوە هیچ كاتێك لەگەل براكوژیدا نەبوون بە بیر خۆتان بیننەوە 31 ى ئاب و شەرى برا كوژى وهێنانى سوپاى تورك و حەجەم وبەعس .مەگەر هەمووى بۆ قر كردنى ئێوە بوو. چونكە ئەوەى دەكوژرا وەیان ئەوان پێان دەگوت شەهید وهەر ناوى پێشمەرگە بوو.

هەرگیز لە بیرتان نەچێت كە لە پەرلەمان رێگا نەدراوە باس لە زیاد كردنى موچەى پێشمەرگە بكرێت ئەوا بزانن ئەم دوو دەستەلاتەبوون لە دەستیان بێت نانبراویشتان دەكەن.

پێشمەرگە بیر بكەنەوە لە هەڤالەكانتان كە لە پێناو كورد وكوردستان شەهید كران سەیر بكەن خێزانى شەهیدان ئێستا دەرۆزە دەكەن و ئەگەر سەردانى بچوكترین بەرپرسیش بكەن وا دەریان دەكەن كە خۆیان نەفرەت لە خەباتەكانیان دەكەن كێ بەر پرسە لەمە؟

پێشمەرگە خۆبینیتان سوپاى میسر چۆن لەگەل گەلەكەى دەست لە ملانێى یەكتر بوون دژى دیكتاتۆریەتى میسر ئاهەنگیان سازدا؟

ئەى پێشمەرگە خۆ بینیتان سوپاى میسر چۆن حكومەت و پەرلەمانە كارتۆنیەكەى دیكتاتۆرى 30 سالەى میسرى هەڵوەشاندەوە؟

ئاخۆ كەى ئەو رۆژە بێت پێشمەرگەى كوردستان هەڵوێست وەربگرێت شاب لە قوچەلى دیكتاتۆرەكان بدات و بە دەستى پیرۆزى خۆى تاوانباران دابنێت لەسەر كورسى دادگاى گەل وتاكو جارێكى تر بۆ هەتا هەتایە كەس لەم كوردستانە نەتوانێت بنەمالەى خۆى فەرز بكات لەسەر ئەم گەلە زوڵم لێكراوەى كوردستان.

پێشمەرگە ئەى ئازیزانى گەلى كورد....كاتێك ئێوە دڵسۆزى كوردستانن و پارێزەرى خاك و گەل ونیشتیمانن لە بیرتان نەچێت دەستەلاتدارانى هەردوو بنەماڵە هەر وەكو بەكرێگیراوێك بۆخۆیان حساب بۆ ئێوە دەكەن...

پێشمەرگە ئەى تاجى سەرمان...قوربانى دەست وبازوى ماندوتانین هەڵوێست وەربگرن لە پێشەوەى گەل هاوار بكەن...

نا بۆ دیكتاتۆرى ...

نا بۆ گەندەڵى...

نا بۆ شێواندنى نازناوى كورد..

دڵنیا بن گەلى كورد هەنگاو بە هەنگاو لەگەلتان دەبێت بە دل و بەگیان چونكە لەكاتى ئێستا ئەو نانەى پێتان دەدرێت مافى خۆتانەو ئێوە شایەنى زۆر زۆر لەمە زیاترن بەلام دەستەلاتى بنەمالە بەخێر وبە منەت پێتان دەدەنەوە وەرن با بەس بێت دەست لەناو دەست لەگەل میللەتى خۆتان زەماوەند بگێرن و گۆرەپانى ئازادى دروست بكەن لەناو جەرگەى شارى قەلاو منارەو با دزو جەردەو گەندەلكاراكانیش شینى یەكجارى بۆ خۆیان وبۆ دەستەلاتیان بگێرن.

پێشمەرگە ...زۆر مخابنە زۆر دیمەنێكى ناشیرنە كە ئێوەى پێشمەرگەیان كردوە بە پاسەوانى پێش دەرگاى مال و كێلگەكانیان..ئەو شوێنەى كە شەوانە بەرپرسە نا مسۆولەكان وگوندەلكاران سەماو ئاقرەتبازى و رابواردن و سەفا و خۆشى تێدا ئەنجام دەدەن بۆ هەر شەوێك هەزارەها دۆلار شاباش دەكەن و مال و مندالەكانى پێشمەرگەش بە سكى برسى وبە نەبوونى و بە هەناسە ساردى شەو دەكەنەوە بە رۆژ...ئەى نازانن كە خەرجى یەك شەوى ئەوان دەكاتە موچەى شەش مانگى ئێوە؟

پێشمەرگە...هیچ كات تۆ نەترساوى گەلى كورد دڵنیایە كە ئێستاش ئێوە ناترسن

ئێوە لە

كیمیاباران

وە ئەنفالكردن

وەپەتى سێدارەى گەورەترین زلهێزى دیكتاتۆرى ناوچەكە نەترساون ئێمە دڵنیاین كە لە بوكە شێرە بەفرینەكانیش ناترسن كە ناویان لەخۆ ناوە سەركردەكانى كورد چونكە هەردەم گەل وجەماوەرى كورد لەگەل ئێوە دایە...

ئەى پێشمەرگە هەڵوێستى تۆ زۆر پیرۆزە زۆریش دژوارە و زۆریش یەكلا كەرەوەیە بۆ دیكتاتۆرەكان ئیمرۆ بۆ دوا جار هەڵوێست وەربگرن با چیتر یارى بە چارەنووسى ئێوەو گەلەكەتان نەكرێت ئەوەى ئەمرۆ پێیدەلێن حكومەتى هەرێم و ئەنجومەنى نیشتیمانى دروستكراوێكە تەنها بۆ بەرژەوەندى و بازرگانى دوو بنەمالە نەك بۆ دەستكەوتەكانى ئەم گەلە.جا تكامان وایە و لێتان رادەبینین هاوارى گەل بۆ ئێوەى چاو نەترسە بەك دەست و یەك دەنگ راپەرن ئەمجارەش گەل و وولات لەم قەیرانە رزگار بكەن چونكە تا ئەم دوو بنەمالەیە دەستەلاتیان لە دەستدا بێت دۆزى كورد بەرەو لاواز و لەناو چوون دەچێت..

هەر بژى ناوى پێشمەرگە...

هەربژى هێزى گەل...

نەفرت لە دیكتاتۆریەت و گەندەل كاران.

جەماوەرى هەولێر
 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە