کاریگەریی پارە لە سەر بڕیاری رامیاریی کورد (باشوری کوردستان وەک نموونە)

Tuesday, 09/12/2014, 12:00

2588 بینراوە


- مەلا مستەفا بەتەما بوو ساڵی ٧٤ پڕۆژەی ئۆتۆنۆمییەکی خۆی رابگەیەنێت
- سەرکردەی کلیپتوکرات ناتوانێت نە وڵات نە هاوڵاتی بپارێزیت
------------------------------------------------------
هەر چەندە لەم بابەتەدا دەگەڕێینەوە بۆ ساڵەکانی حەفتا لە سەدەی رابردودا، بەڵام چاومان بە وردیی لە سەر رەفتاری دەستەڵاتی کلیپتوکراتی [1] ئەمڕۆی باشوری کوردستانە و مامەڵەکردنیان لەگەڵ دینار و دۆلار.

سنوری داخراوی کوردستان، مێژووی درێژی داگیرکردنی خاک و مێشکی کۆمەڵگای کوردەوایی وای کرد کە پەیوەندیی لەگەڵ دەرەوە سەخت بێت. بەتایبەتیی کە سەرکردەکان لەو ئاستانەدا نەبن کە بزانن و بتوانن رێتێچونەکانی دەرەکیی بە کاربێنن بۆ بەرژەوەندیی دۆزی گەلى کورد.
پەیوەندییەکانی بزوتنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان 1961 1975 بە سەرۆکایەتیی مەلا مستەفا لەگەڵ محەمەد رزا پەهلەویی، نیشانمان دەدات تا چ ڕادەیەک ساکاریی هەبووە لە لایەن سەرکردەکانی حیزبی دەستەڵاتدارەوە.

لەوە گومان نییە کە مەلا مستەفا باوەڕی نەبوو بە شای ئێیران، شای ئێرانیش هیچ باوەڕێکی نەبوو بە مەلا مستەفا. هەلومەرج لە ناوچەکە و شەڕی سارد وای کرد کە پەیوەندیی دروستب ببێت لە نێوانی هەردو کەسدا.
پاش ئەوەی پەیوەندیى دروست کرا لەگەڵ ئیسرائیل، سەرۆکی پدک بە هەموو توانایەکەیەوە هەوڵی دا بگاتە ئەمریکا. تا رادەیەک سەرکردەکانی پدک لایان وا بوو کە پەیوەندییان لەگەڵ سێ دەولەتدا هەیە، ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل. پارە، چەک و یارمەتیی تریان لەم سێ وڵاتەوە بۆ دەهات.
لە ساڵەکانی پاش ڕێکەوتنی 11 ئاداری 1970دا شای ئێران هیچ کارتێکی فشاری لە دەستدا نەبوو دژ بە بەغداد. جگە لە کارتی مەلا مستەفا، بە قسەی خودی شا. شا هەوڵی دەدا هیچ رێکەوتنێک لە نێوانی کورد و بەغدادا سەرنەگرێت. تا رادەیەکی زۆریش سەرکردەکانی پدک گۆێڕایەڵی شا بوون.
شای ئێران زۆر بە وردیی سایکۆلۆجیای سەرکردەکانی کورد دەزانی. دەیزانی چۆن لە ئامانجەکانی گەلی کوردیان دور بخاتەوەو بیانکات بە ئەمراز لە دەستی خۆیدا. لەگەڵ ئەنقەرەش ئێستا بە هەمان شێوە مامەلە ئەکرێت. ساڵەکانی حەفتا مامەڵەی بنەماڵە بوو لەگەڵ شای ئێران ئەمڕۆش مامەڵەی بنەماڵەیە لەگەڵ ئەنقەرە.

ئاداری ساڵی 1974 سەدام حوسەین یەکلایەنیی پڕۆژەی "خودموختاریی" دیاری کرد. سەرۆکی (پدک) ئەم پڕۆژەیەی رەفز کردو ڕووی کردە ئێران و ئەمریکا. ئەمیش پلانی خۆی هەبوو. بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانەش پێویستی بە پارە بوو. بەڵام "هنری کیسنجەر" رازی نەبوو، وتی : "ئەو پلانە خزمەتی بەرژەوەندیی ئەمریکا ناکات. لەبەر ئەوە یارمەتی ئەمریکا بۆ کورد هەر لەو ئاستەدا دەمێنێتەوە وەکو لە مانگی 9 ساڵی 1974دا، دیاری کراوە. بەڵام ئەمریکا 500000 تا 750000 دۆلار زیاد تەرخان دەکات بۆ پەناهەندەکان و ئەو چەکە سوکانەی کە ماونەتەوە بە فڕوکە دەنێردرێن بۆ کوردەکان لە ڕێگای ئێرانەوە."
شا بە تەواویی لەگەڵ بۆچونی کیسنجەر بوو. بەڵام دەبوو مەلا مستەفا رازی بکات. ئەمە ئەو کاتە مانگی 4ی ساڵی 1974 مەلا مستەفا لە تەهران بوو دەیەویست ئەویش ئۆتۆنۆمییەک رابگەیەنێت بەرامبەر بەو ئۆتۆنۆمییەی کە سەددام حسەین بۆ باشوری کوردستانی بەیان کرد.
دوای ئەوەی کە شا لەگەڵ هێلمز، سەفیری ئەمریکا لە تەهران، کۆ بووەوە، قەناعەتی بە سەرۆکی (پدک) کرد کە ئەم کارە نەکات. بەڵام بەردەوام بێت لە پاراستنی شوێنەکانی خۆی لە باکوری عێراق، بەرامبەر دوبارە زیادبوونى کۆمەکی دارایی ئێران بۆ کورد، لە نزیکەی 30 ملیۆن دۆلار بوو 75 ملیۆن دۆلار. ئەم ژمارەیە ژمارەیەکی بچوک بوو لەوەی کە سەرۆکی (پدک) دەیەویست لە هاوپەیمانەکانی. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە پێشدا گەفوگوڕی هەبوو لەوەی کە ئەگەر ئێران و ئەمریکا داخوازییەکانی جێبەجێ نەکەن بەڵام دیاربوو بەم ئەنجامە رازی بوو.

 ئەیوب بارزانی






-------------------------------------------------------
چەند سەرنجێک:
"کالاهان"، پیاوی C.I.A لەگەڵ سەرۆکی (پدک) لە تەهران کۆ بووەوەو نوسی کە سەرکردەی کورد "هەڵوێستی ئێمە تێ دەگات" و "سوپاسێکی گەرم" لە ئەمریکا دەکات بۆ زیادکردنى یارمەتیی بۆ پەناهەندەکان.

هێلمز، سەفیری ئەمریکا لە تەهران، خۆشحاڵ بوو کە پڕۆژەی ئۆتۆنۆمی پوچەڵ کرایەوە.
کە "شۆڕشی کوردی باشور" روخا، ڕێگا خۆش بوو بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، فەیلیەکان 1980، بارزانیەکان 1983، ئنفالەکان و چەکی کیمیاویی لە حەلەبچە 1987 - 1988.
گەلی کورد لە باشوری وڵات کە ئومێدی گەورەی هەبوو بە سەرکردەکانی نەیدەزانی کە لە ناو گەمەی پەیوەندییەکانی ناوچەکە و نێودەوڵەتییدا سەرکردەکان ئامرازێکن لە دەستی هێزەکانی دەوروبەرداو بەرهەمی قوربانییەکانی نەیارەکانی سودمەند دەبن لێیان.
بەداخەوە دەرس و عیبرەت وەرنەگیران لەم کارەساتانە. سەرکردەی کلیپتوکرات ناتوانێت نە وڵات و نە هاوڵاتی بپارێزیت هەروەک لە ساڵی 1975 و لە شەنگال بینیمان لە ئێستادا.


https://www.facebook.com/3kontrakt?fref=ts




سەنتەری لێکٶڵینەوەی کۆنتراکت

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە