پزیشكانى سلێمانى،لەبەر خاترى رەحیمى براى سەركەوتى كوبە لە یاساى پزیشكى لائەدەن.

Wednesday, 21/04/2010, 12:00

1997 بینراوە


سەرەراى ئەوەى نەخۆشخانەى فێركارى سلێمانى چەندان بەشى نەشتەرگەرى وەك بەشى كتووپرى و فریاكەوتن،بەشى نەشتەرگەرى گشتى،بەشى گورچیلە و ئیسقان و بەشى مێشك و بەشى قورگ و لوتى گوێى لە خۆگرتووە، لەبەر ئەوەى ماوەى چەند ساڵێكیش دەبێت نەخۆشخانەى گشتى لە ژێر پرۆسەى نوێكردنەوەدایە،بەشى نەخۆشیەكانى هەناویش بۆتە مێوانى نەخۆشخانەى فێركارى.
لەم بینا كەمەو لەم ئاژاوە ئیداریەى ئەمرۆى پارێزگاى سلێمانى و وەزارەتى تەندرووستیدا،جۆرەكانى گەندەڵى ئیدارى وپزیشكى تا دێت بلاودەبێتەوە،وا خەریكە زانستى پزیشكى و ئەخلاقى پیشەیى لە بیردەچێتەوە،گەندەڵى و پاشەكشەى ئاستى زانستى، رۆژ لە دواى رۆژ تەنگ بە نەفەسى نەخۆش و بریندارو پزیشك و كارمەند هەڵدەچنن،د.هاوارى بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى فریاكەوتن پێیەكى لە سلێمانیە،پێیەكەى ترى لە بەریتانیایە،د.سەباحى بەرێوەبەرى نەخۆشخانەى فێركارى پێیەكى لە سلێمانیە،پێیەكەى ترى لە چین و هیندستانە،د.رێكەوتى بەرێوەبەرى گشتى تەندرووستى سلێمانى پێیەكى لە ئۆفیسەكەى خۆیەتى پێەكەى ترى لە نەخۆشخانەى شۆرش و لە مەڵبەندى یەكە،سەنتەرى جگەر و هەناوبینى رۆژێك جهازەكەیان دەشكێ و رۆژێك مەشغوڵى پەراویزخستنى د.تەها كەربولی سەرۆك بەشن، د.تەها كەربولیش هەر خەریكى ئەوەیە ئەو نەخۆشانە كە لە لایەن پزیشگەكانى ترەوە دەنێردرێن بۆ نازور،بیانكاتە نەخۆشى خۆى و لاى خۆیەوە دەرمانیان بۆ بنووسێت و بڵێت دوایى وەرنەوە لام.
هەرچى بەشى تاقیگەى نەخۆشخانەى فریاكەوتن و فێركاریە،ئەنجامەكانیان هێندە لە راستیەوە دوورە،نەخۆشەكانى دووچارى هستریا كردووە و باوەرى پزیشكەكانى بە زانست لاواز كرووە.پزیشكەكانى بەشى تیشك و سۆنەر لە سەر یەك جۆر نەخۆشى چەندان بۆچوونى ناكۆك و جیاوازیان هەیە،زۆربەیان پێش ئەوەى نەخۆشەكە بنێرنەوە بۆ ئەو پزیشكەى كە نەخۆشەكەى بۆ ناردوون،تەنها لە رێگەى پشكنینى تیشكەوە نەخۆشیەكە دەستنیشان دەكات و نەخۆشەكەش لە نێوان دەستنیشانكردنى ناكۆكى پزیشكى سۆنەر و پزیشكى كلنییكیدا سەرى سۆڕدەمێنَت و سەرى لێتێكدەچێت دووچارى بێ برَوایى دەبێت.
زۆربەى پزیشكانى بەشى هەناوى سلێمانی، رۆژانە چەندان نەخۆشى بەشى نەشتەرگەرى لە لاى خۆیان دەخەوێنن بە بێ ئەوەى نەخۆشیە راستیەكە دەستنیشان بكەن،چارەسەرى ناتەواوى ئەدەنێ و لە كۆتاییدا كە چاك نابێتەوە رەوانەى لاى پزیشكى نەشتەرگەرى دەكەن.زۆربەى پزیشكەكانى بەشى نەشتەرگەرى،لە كاتى ئێشكگرتندا خۆیان لە نەخۆشى مەترسیدار نادەن و ئەم ئەیدات بە ئەو، ئەو ئەیدات بە ئەم تا خوا رەحم بە نەخۆشەكە دەكات.
مامۆستاكانى كۆلێژى پزیشكى كە لە یەك كاتدا نەخۆش چارەسەر دەكەن وانەش بە خوێندكارانى كۆلێژى پزیشكى دەڵێنەوە،هێندە سەریان قاڵە زۆربەى كات لە كاتى وانەى عەمەلیدا خوێندكارەكان ئەدەنە دەستى موقیم ئەقدەمەكان،ئەم موقیمانەش ئاستى زانستیان هێندە كامڵ نەبووە تابتوانن وەك پێویست وانەى عەمەلى بە خوێندكاران بڵێنەوە،لە رووى یاساییشەوە ئەو موقیمانە خۆیان خوێندكارى خوێندنى باڵان و نابێت وانە بڵێنەوە،ئەمە لە كاتێكدایە كە لە نەخۆشخانەكانى سلێمانیدا چەندان پزیشكى بە ئەزموون هەیە و دەتوانن بە پراكتیكى خوێندكارەكان فێرى پیشەى پزیشكى بكەن،بەلام پزیشكە مامۆستاكان ئەو مافەیان لە خوێندكار و لەو پزیشكە بە ئەزمونانە زەوت كردووە.
رۆژانە كارمەندانى تەندرووستى لە بنەكە و نەخۆشخانەكانى سلێمانى گوز و لەفاف و دەرمان دەبەنە دەرەوە و لە عیادە لاكۆڵانەكانى خۆیاندا بە نەخۆشى دەفرۆشنەوە،زۆربەى كارمەندانى تەندرووستى لە شارى سلێمانى و دەوروبەریدا دوور لە یاساو رێساى پیشەى پزیشكى و خزمەتگوزارى تەندرووستى،عیادەیان داناوەو پشكنین بۆ نەخۆش دەكەن و تەداوى برینى نەخۆش دەكەن و دەرمان بۆ نەخۆش دەبرنەوە،چاودێران واى بۆ دەچن داهاتى رۆژانەى عیادە لاكۆلانیەكانى كارمەندانى تەندرووستى لە داهاتى پزیشكان و دەرمانسازان زیاترە.
پزیشكان شانازى بەوەوە دەكەن كە هەڵگرى زانستێكى وا پیرۆزن هیچ هێزێك ناتوانێت لە یاساو رێساى پیشەیى خۆیاان لایانبدات،كەچى پزیشكانى سلێمانى بە ئەمرى رەحیمى براى سەركەوتى كووبە پشكنین بۆ نەخۆش دەكەن و لە سەر رداواكارى ئەو رەحیمە جۆرەها فەحس و دەرمان بۆ نەخۆش دەنووسن.كەسێك بە ناوى رەحیمى براى سەركەوتى كوببە كە لە بەشى پێشوازى نەخۆشخانەى فێركارى كارمەندە، رۆژانە چەندان نەخۆش دەێنێتە نەخۆشخانە و پێشانى پزیشكەكانى ئەدات،داوا لە پزیشكەكان دەكات فلان فەحس و فلان دەرمان بۆ نەخۆشەكەى بنوسن،دكتۆرەكانیش بێ یەك و دوو بە گوێى رەحیم دەكەن،ئەمە لە كاتێكدایە كە لە نەخۆشخانەى فێركارى چارەسەرى تەنها بۆ ئەو نەخۆشانەیە كە لە قاوش كەوتوون،بەلام لە بەر ئەوەى رەحیم براى بەرپرسى كۆنى ئاسایشى شارى سلێمانیە،پزیشكەكان لە قسەى دەرناچن و لە بەر خاترى ئەو لە پیشەى خۆیان لائەدەن و گەندەڵى ئیدارى و پزیشكى ناو نەخۆشخانەكان قووڵتر دەكەنەوە؟؟؟


  21-4-2010

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە