دەربەندیخان، ئەو شارەی تینویەتی

Thursday, 05/04/2012, 12:00

1193 بینراوە







 
ئێمە باس لەوە ناكەین دەبێت شاری دەربەندیخان بەهۆی بونی دەریاچەیەك و روبارێكەوە دەبێت بكرێتە شارێكی گەشتوگوزاری و رۆژانە سەدان گەشتیار رووی تێبكەن، باسی ئەوەش ناكەین كارگەكان لەم شارە دوربخرێتەوە و جارێكی دیكە بەهۆی سروشتە جوان و دڵڕفێنەكەیەوە ئەم شارە ببێتە شوێنێكی خۆش و چاك بۆ ژیان، چونكە هەمومان تەواو لەوە تێگەشتوین نە ئەم شارە سەرەڕای بەڵێنی بەرپرسەكان دەكرێتە شارێكی گەشتوگوزاری و نەژینگەكەشی جارێكی دیكە پاك دەبێتەوە و كارگەكان دوردەخرێتەوە.
باسی ئەوەش ناكەین ئاوی خواردنەوەی پاك بۆ نزیكەی 40 هەزار كەس دابینبكرێت، چونكە پێدەچێت هیچ حكومەتێكی دونیا نەتوانێت كێشەی ئەم ئاوە پیسەی دەربەندیخان چارەسەربكات ، چ جای ئەم حكومەتەی هەر رۆژەو بەدەست حزبێكەوە.
بەڵكو ئەوەی ئێمە باسی دەكەین كێشەیەكی ئەزەلی ئەم شارەیە و سەرەڕای بونی دەریاچەیەك و روبارێك هێشتا ئەم شارە یەكێك لەكێشە سەرەكییەكانی كێشەی كەم ئاوییە.
هێشتا وەزری هاوین نەهاتووە هەندێك گەڕەكی شارەكە بەدەست كەم ئاوییەوە دەناڵێنن، خوا رەحم بەو كاتە بكات كە هاوین دێت و پلەی گەرما دەگاتە 50پلەی سەدی، ئەوجا حاڵی خەڵك دەبینیننەوە.
هێشتا هەندێك گەڕەك هەن بۆری ئاویان نیەو بەتانكەر ئاویان بۆ دەڕوات، هەندێك گەڕەكیش هەن سەرەڕای ئەوەی بۆری ئاویان هەیە بەڵام چەند رۆژ جارێك ئاویان بۆ دێتەوە.
كارەساتەكە ئەوەیە ئەو ئاوە پیسەی كە هیچ كەسێكی شاری دەربەندیخان نایخواتەوە بەڕەوا نابینرێت بەشێوەیەكی باش و بەردەوام بۆ هاوڵاتیان بەربدرێتەوەو سودی لێ وەرگرن.
ئەم شارە ئێستا شارێكی بێ ئاوە، بەتەنیشت دەریاچەو روبارێكەوە لەهەندێ گەڕەكدا سێ رۆژ جارێك ئاو بەردەدرێتەوەو لەهەندێ گەڕەكیش بەتانكەر هەفتەی جارێك ئاویان بۆ دەڕوات.
من نازانم خەتای كێییە، خەتای ئامێرو كەلوپەلەكانی بەردانەوەی ئاوە یاخود خەتای فەرمانگەی ئاوی دەربەندیخان، ئەوەندە دەزانم ئەگەر تاوەرزی هاوین كێشەی كەم ئاوی لەم شارەدا چارەسەرنەكرێت كێشەیەكی گەورە لەم شارەدا دروستدەكات و هەق وایە بەرپرسانی ئەم كەمتەرخیە لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە