نەوشیروان مستەفا لە پەرلەمانتارەكانى توڕەیە!

Friday, 18/07/2014, 12:00

1432 بینراوە


هەواڵێكى سەیر لەسایتەكان سەرنجى ڕاكێشام گوایە نەوشیروان مستەفا توڕەیە لە پەرلەمانتارەكانى گۆڕان بەوەى دووركەوتوونەتەوە و ناچنە ناو خەڵك، لێرەدا ئەم پرسیارە یەخەیان دەگرێت: ئەى کاتی خۆی کاک نەوشیروان کێ ئەمانەى كاندید كرد و بەكام فلتەردا ڕۆیشتن؟
ڕێكخەرى گشتى گۆڕان تازە هەستى پێ دەكات، لەكاتێكدا شەقام و جەماوەرى دەنگدەرى گۆڕان دەمێكە هەستیان پێكردووە و هەرچى گوێ بیستى دەبیت دونیایەك ئاخ و پەشیمانى پیشان دەدات. ئەمە ئەو مەترسییەش بوو، کە خەڵك دوای هەڵبژاردنى 25 / 7 لە بزووتنەوەی گۆڕانى هەبوو، بەڵام دوایى بەشداریكردنیان لەكابینەى هەشت باشتر دەركەوت و هەموو ئەو دەستانە ئاشكرابوون. خەڵك بۆی دەرکەوت، کە بە خۆڕایی دەنگیان بە گۆڕان دا و فێڵیان لێکرا، هەروەها ئەوە روون بوویەوە، کە ئەو بزوتنەوەیە و ئەوانەى لە گردەكە و مەكۆكانیشن بۆچى لەوێن و چیان دەوێت.
بەم هەڵوێستەى نەوشیروان مستەفا ڕێك ئەم چیڕۆكەم بیركەوتەوە، کەمێکیش لە نوکتەشەوە نزیکە، دەڵێ:
 
لەسەردەمى حوكمى قەرەقۆشدا باوكێك ڕێگە نادا كوڕەكەى هاوڕێی کۆمەڵێک کەسی خراپ بکات، چونکە پێی وادەبێت، ئەویش وەکو ئەوان دز و چەتە و پیاوکوژ دەردەچێت. كوڕەكە ئەمە لاى هاوڕێكانى باس دەكات و دەڵێ: باوكم ڕێگەم نادا هاوڕێیەتی ئێوە بکەم. یەكێك لەهاوڕێكانى دەڵێ زۆر ئاسانە ئەگەر قبوڵت بێ، ئێمە لە کۆڵتی دەکەینەوە. كوڕە بەمە رازی دەبێت، بەیانى لەگەڵ هاوڕێكانى دەست و قاچى باوكى بە زیندوویی دەبەستنەوە و لە چاو دووری دەخەنەوە و دەیبەنە دەرەوەی شار،  تا لە ناوی بەرن و ژێر خاكى بكەن، لەو کاتەدا کە خەریکی هەڵكەندنى چاڵ دەبن، لە ناکاو قەرەقۆش بەلایاندا ڕەت دەبێ، باوکی کوڕەکە فرسەت دەهێنێت و هاوار دەكات: بۆ خاتری خوا فریام كەوە، ئەمانە دەیانەوێت بمکوژن و بەزیندووى ژێر خاكم بكەن! قەرەقۆش لێیان دەپرسێت: راستە ئەم پیاوە وا دەڵێت؟ كوڕەكەى دەڵێ: نەخیر قوربان درۆ دەكات، ئەوە باوكمە لە دوێنێوە مردووە، دەمانەوێت بینێژین، قەرەقۆش رووی دەمی دەکاتە باوکی کوڕەکە و دەڵێ: ئەی شەرم ناكەى بەو سەرو ڕیشەوە درۆ دەكەى؟ خۆ كوڕەكەت و هاوڕێكانى دەڵێن مردووە و تۆش دەڵێیى نەمردووم؟! ئینجا رووی دەمی دەکاتە ئەوانی تر و دەڵێ دەی زوو دەست و برد بكەن بینێژن با درۆی تر نەکات.

جەنابى نەوشیروان مستەفاش ڕێك ئاوایە، ئەو هەموو خەڵكە دڵسۆز و ماندووەى خوارەوە پێشنیار و سەرنجیان خستە ڕوو، هاواریان كرد، کە هەندێک لەمانە شایەنى ئەوە نین بكرێنە پاسەوانی پەرلەمانیش بن، نەوەك پەرلەمانتار، بەڵام گوێیى بەهیچیان نەدا و هەموو پێشنیار و سەرنجە باشەكانی بەزیندووىی ژێر خاك كرد، کەچی تازەبەتازە جبەڕێزیان دەڵێ توڕەم لێتان و بەدەردى كاروان ساڵحتان دەبەم؟ ئەى كێ ئەمانەى كاندید كرد؟ کاتی خۆی بەكام فلتەردا ڕۆیشتن؟.

تووڕەیى خەڵك لەپەرلەمانتارەكانى گۆڕان دەمێكە گەیشتۆتە لوتكە، غرورى و بێ منەتییان گەیشتۆتە ئاستێك نە سەردانى مەكۆكان دەكەن، نەوەڵامى تەلەفۆنی خەڵك دەدەنەوە، چ جاى ئەوەى نەخواستە سەردانى خەڵك و بازاڕ و لادێ و دەنگدەرەكانیان بكەن.

ئەوەى بەلامەوە سەیرە بەشێك لەوانەى دەرچوون و ئێستا بێ منەت بوون، لەلایەن خودى نەوشیروان مستەفا و هەڵسوڕاوە دیكتاتۆرەكانى نزیكى ئەو دانراون (بەحیساب و كیتابى خۆیان بە چەندین فلتەردا ڕۆیشتوون) كە ئێستا بەهەڵوێست و لووتبەرزى و غروورى ئەو ئەندام پەرلەمەنتارانەدا دەردەكەوێت ئەم فلتەرە درۆى زۆر گەورە بووە لەگەڵ خۆیان و دەنگدەرانیان كرد، با ئەم نمونانە بهێنمەوە:

1. ئێستا پەرلەمانتارێکتان هەیە لە پەرلەمانى كوردستان، ساڵى 2011 ئامادە نەبوو لەهەڵبژاردنى سەندیكاى كارمەندانى تەندروستى دەنگ بە لیستی گۆڕان بدات، تا ئەم چركە ساتەش گۆڕان نییە و باوەڕیشی بەگۆڕان نییە، كێ ئەمەى كاندید كردووە؟ بەكام فلتەردا ڕۆیشتوە؟

2. کاندید و خانمێکی پەرلەمەنتاری تریش پێش 21 / 9 جەماوەر و خەڵكى گۆڕان لەكاندیدكردنى ئەم خانمە بزوتنەوەكەیان ئاگاداركردەوە، بەڵام نەك هەر گوێتان نەگرت، وەك سەرانى گردەكە ڕێگاتان نیشاندابوو، ئەگەر لە مەكۆ، یان خەڵكى سنورەكە ئەوەیان باس کرد، کە تۆ جاری پێشوو دەنگت بە ئێمە نەداوە، بڵێ نەخۆش بووم، بۆیە بۆم نەكرا دەنگ بدەم!

3. تازە بەتازە دەركەوتووە یەكێكى تر لەو پەرلەمەنتارانەى گۆڕان ماوەیەك پێش ئێستا بەنهێنى خۆی و بازنەوانى سنورەكەى لەگەڵ قوباد تاڵەبانى دانیشتوون لەكاتێكدا ئەمیش پێشتر کەسانی دڵسۆز سەرانى گردەكەیان ئاگادار كردبووەوە، كە ئەمە ئەڵقە لە گوێیى شانازی برایم ئەحمەد بووە لە بەریتانیا و ئێستاش شەرم ناكات لە كۆڕ و مەجلیس و دانیشتنەكان باسى ئەو ڕۆژانە دەكات و مەیلی بەلایاندا هەیە، مەسینە هەڵگرى شانازیش بووە! كێ ئەمەى كاندید كردووە؟ کاک نەوشیروان بەكام فلتەردا ڕۆیوە؟
 
4. پەرلەمانتارێكى ترى گۆڕان لە دواین ژمارەى ڕۆژنامەى باسى پاراستنى پارتى دەڵێ: پەرلەمانتاران بەتاكسى و پیكابى دەبڵ هاتوچۆ دەكەن، ئەوە شكاندنى هەیبەتى پەرلەمنتارانە، ئا ئەمەیە ئاستی وشیاریی و تێگەیشتنى پەرلەمانتارى گۆڕان، کە پێیان عەیبە بە تاکسی و پیکاب هاتووچۆ بکەن، چونکە خۆیان ئیستا ئاستیان بەرزبۆتەوە، دەبێت بە جامڕەش بێن و بچن. ڕۆژانە هەزاران پێشمەرگە و مامۆستا و فەرمانبەر و پاسەوان و كارگوزارى كرێچى و قوربەسەر بە پێ و بە پاس هاتوچۆ دەكەن خەون بەكڕینى پاسكیل و ماتۆڕێكەوە دەبینین، قورسایی و كەسایەتیان لەزۆرێك لەپەرلەمانتارانى ئێستای گۆڕان بەرزتر و زیاترە، كاكیشم پێیى عەیبەیە سوارى پیكابى دەبڵ بێ، باشە کاک نەوشیئروان كێ ئەم ناموبارەکەی كاندید كردوە؟ بەكام فلتەردا ڕۆیوە؟

5. ئەوكاتەى پەرلەمانتارە زماندرێژەكەى گۆڕان لە زانكۆى سەڵاحەدین دەركرا، کەسانی گۆڕانخواز هەبوون لەماڵەكانى خۆیانەوە بۆى دەگریان و تەلەفۆنیان بۆی دەكرد، تەنانەت پشتیوانى مادى و مەعنەویان بۆ دەردەبڕى، هەر ئەمەش هۆكارى دەرچوونى بوو بۆ پەرلەمان، هەركە گەیشتە سەر كورسى پەرلەمان ئیدى سەد و هەشتا پلە هەڵگەڕایەوە، ئێستا بۆتە پاسەوان و پارێزەرى ئومێد خۆشناو و پارتى، نەك دەنگدەرى گۆڕانى هەر بیرچوو، بگرە ئەوانەى لە شار و شارۆچكەكانەوە خۆیان تەلەفۆنیان بۆ دەكرد و كەمپینیان بۆ بەڕێدەكرد، ئەوانیشى لە بیر چوو، شەق شەقێنەكەى خۆشى بیرچۆتەوە كە لە زانكۆى سەڵاحەدین پێیان كرد، كێ ئەمەى كاندید كرد قوربان؟ بەكام فلتەردا ڕۆیوە کاک نەوشیروان مستەفا؟
 
6. ئەوانى تریش بەهەمان شێوە هەرلە كوڕە هەژارەكەوە بیگرە بۆ لای دكتۆرە فڵان و كاك فیسار و هەریەكەیان بەشێوەیەك لە شێوەكان بوون بە سوپەرمان و پەرلەمنتارى هیچ لەباردانەبووى لووت بەرز،  بەر لە خەڵكی ئیستا گۆڕنخوازان تف و نەعلەتیان دەكەن!

لەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا لەكاتى هەمواركردنەوەى یاساى خۆپیشاندان لەسەر پێشنیارى خانمە پەرلەمانتارێكى گۆڕان بڕگەیەكى مەترسیدارى بۆ زیادكرا، كە لە ڕابردوودا پارتى و یەكێتى زاتیان نەكردووە داى بنێن، ئا ئەمانەن نمونەی کاندیدەکانی گۆڕان، کە هەمووتان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵات گۆڕی،، ئەی ئافەرین..  هیچ چاوەروانییەکی باشتان لێ ناکرێت، بەڵکو مەترسیدارتریشن، ئەی كێ ئەمانەى كاندید كردووە؟ ئایا هەر خۆتان نەبوون؟ بەكام فلتەردا ڕۆیون کاک نەوشیروان مستەفا؟ هەر فلتەرى شەخسى خۆتان و دیكتاتۆرەكانى گردەكە نەبوون؟.

ئەمە لینكى هەواڵەكەیە بزانن بۆچی کاک (نەوشیروان مستەفا توڕەیە؟!)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە