لە دواى جەنگى داعش بە قەتەرى كردنى كوردستان بەڕێوەیە

Thursday, 12/03/2015, 12:00

1888 بینراوە








(خوێندنەوەیەكى سۆسۆلۆژیاى سیاسى بۆ تێگەیشتن لە پێگەى كورد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دا)

هەموو ڕووداوە سیاسیەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئەگەرە سیاسیەكان و سیاسیەتى ئەوروپاو ئەمریكا سیاسەتى ئەوانەى حكومى كوردستان دەكەن پێمان دەڵێن پرۆژەى بە قەتەرى كردنى كوردستان ترسناكترین پرۆژەى سیاسیە كە لە دواى جەنگى داعشەوە دەست پێ دەكات ، ئەم پرۆژەیەش بەرهەمى بیرى سیاسى ئەوروپاو ئەمریكایە كە بونیادى ئەم پرۆژەیە پەیوەندى بە جیۆگرافى سیاسى ناوچەكەوە هەیە ، نەك سەركەوتنى پرۆسەى سیاسی كوردستان ، بەتایبەت لە كاتێك دا ئەمریكا بە دروست كردنى پەیوەندییەكانى بە ئێرانەوە لە ستراتیجیەتى گەیشتن بە تێكشاندنى بونیادى حكومڕانى ئێران نزیك بۆتەوە ، كە تیادا هەڵەكانى جەنگى ئەفغانستان و عیراق دوبارە نابێتەوە ، بە جۆرێك دەبێتە بینەرێكى دۆستى جەنگ و هێرشە كۆتایى هێنانە ناو خۆییەكانى ئێران .
 ئەمە لەكاتێك دا كە خودى پرۆژەكە لە دروستكردنى ناوەندێكى دەزگایی و سیخوری دا خۆى بەرجەستە دەكات بۆ كوردستان ، بەمەش كوردستان دەبێتە شوێنگەیەكى گرنگى ستراتیجى بۆ ئەمریكاو ئەوروپا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕواست و گۆڕەپانێكى گەورەى ململانێى نێوان زلهێزەكانى دونیا بەتایبەت ئەمریكا بە شێوازێك تێڕامانى سیاسى هەموو زلهێزەكانى دونیا و بەرژەوەند خوازەكانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەرەو كوردستان ڕادەكێشێت
 بەمەش هەرێمى كوردستان و حكومڕان و سیاسیەكانى دەبنە خاوەنى پالپشتێكى گەورەى جیهانى زیاتر لە ئێستا ، بە شێوازێك لە ماوەیەكى كورت دا ئەگەرى پێچەوانەى هەیە ، لە بەرامبەر پرۆژەیەكى نیوە سەدەى بیست و یەك كە ترسناكتر لە سایكس بیكۆ بەڵام جیاواز تر لە سایكس بیكۆ ، جیاواز تر بەو مانایە دێت لە پرۆژەى بە قەتەرى كردنى كوردستا سیاسى و حكومڕانى كورد بڕیار دەدات لە چارەنوسى ئاڕاستەى پرۆژەكە بۆ كورد ، بەشێوازێك كە پرسیارى گرنگ چۆن كورد دەتوانێت مامەڵە لەگەڵ پرۆژەیەكى گەورەى سانتیرى ئەمریكا دا دەكات ؟
لەكاتێك دا پرسى دەوڵەتى كوردى لە پرۆژەى بە قەتەرى كردنى كوردستان لە دواى پەنجا ساڵى تەواو بونى پرۆژەكەوە دەست پێ دەكات ئەمەش پرسێكى كۆنكرێتى نیە بۆ كورد ، هێندەى پرسێكە پەیوەندارە بە چۆنێتى مامەڵەكردنى حكومڕان و سیاسى كورد بە پرسەكانى ئازادى و دیموكراسى و سیاسەتى هاوچەرخ و تێگەیشتن لە گۆڕانكارییەكانى ناو ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، ئاڕاستەكانى تێگەیشتنەكانى هاونیشتمانى كورد بەرامبەر بە ئازادى و دیموكراسى و حكومڕانى و پرس و بەرژەوندییە هاوچونیەكییەكان لە گۆڕەپانى جیۆگرافى كوردستاندا ،لە بەستنەوەى كوردو ئاراستەكانى بە پرۆژەى بە قەتەرى كردنى كوردستان ترسناكترین ئاراستەى سیاسى و حكومڕانى كورد لە دروستكرنى پەنجا ساڵى ئاییندە بۆ دروست بوونى دەوڵەتى كوردى دەخاتە بەردەم مەترسى گەورەوە .
 بەتایبەت لە پەنجا ساڵى ئاییندە ئاڕاستەكانى سەركەوتنى ئابورى كوردستان لە ناو ئاراستەكانى شكستى سیاسی دا لە لوتكەى نزم بونەوەدا دەبێت ، بەتایبەت بونیادێكى ئابورى نەوتیەكەى لە تەنیشت پاڵپشتى زلهێزەكانى دونیا لە ماوەى ئایندەى نیوەى سەدەى بیست و یەك دەبێتە ئاراستە چەقێنى سیاسەت و حكومرانى دیكتاتۆرى لە هەرێمى كوردستان چونكە لە سەرەتاى پرۆسەكە كە سەرەتاى چارەكەى سەدەى بیست و یەكە هاونیشتمانى و سیاسى و هاوڵاتى هەرێمى كوردستان ناتوانن لەگەڵ پرسى دیموكراسى و ئاڵو گۆڕە دەسەڵاتیەكان بۆ بەرژەوەندى هاونیشتمانى بەرجەستە بكەن ، بەشێوازێك پێچەوانەى بەرجەستە دەكەن كە بەخشینى بەرگى وێناو كارەكتەرى سیاسى و كاریزما بون و نەبونى شوێنگرەوەى حكومرانى و سیاسەت كردنە ، ئەمە لە پرسى مامەڵەكردن لەگەڵ دیموكراسى لە سەرەتایەكى گەورەیە بۆ دروست بونى حكوم و بیرى دیكتاتۆرى ، لە دۆخێكى ئەواش دا پرسى بە قەتەرى كردنى كوردستان لە پرۆژەى ئەمریكاو ئەوروپادا بەستنەوەى بە دیاریكردنى ئاراستەكانى بە مامەڵەكردنى پەنجا ساڵەى حكومرانى كورد بە دیموكراسى و ئازادى .
 ئەگەر خودى پرۆژەكەش ترسناك نەبێت ، ئەوا خودى مامەڵەكردنى حكومرانى و سیاسى كوردستان بۆ دیموكراسى و ئازادى ترسێكى گەورە لە سەر دروست بونى دەوڵەتى كوردى لە پەنجا ساڵەى ئاییندە دەخاتە مەترسى یەوە ، كەواتە لە پرۆژەى بەقەتەرى كردنى كوردستان پرسى دورست بونى دەوڵەتى كوردى دیسانەوە لە بەردەم دوریانى دروست بوون و یاخوود مانەوەیە لە فۆڕمێكى خراپتر لە ئێستادایە ، كەهەمیشە لە تێڕوانین بۆ دۆخى حكومرانى كوردستان ترسێكى گەورە هەیە بەرامبەر بە حكومرانى كوردى لە پەنجا ساڵى ئاییندە پرسى دەوڵەتى كوردى بخاتەوە ناو پرسى نادیارى مانەوەى حكوم و بەرژەوەندى زلهێزەكانى ناو هەمان جوگرافیاى كوردستان .

دارا انور زۆراب / كۆمەڵناس

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە