سیستەمی سیاسی و هەلبژاردنەكانی ئیتالیا 24 و 25 شوباتی 2013

Tuesday, 19/02/2013, 12:00

4632 بینراوە


پێشەكی:
ئێوارەی 15 شوبات ئەم بابەتەم بۆ سایتی "سبەی" رەوانە كرد، بەیانی 16 هەستمكرد دوا كۆپی، ئەوەی لەبەردەستایە، رەوانە نەكردوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی لە 2 فایل سێیڤم كردبو، یەكسەر ئەو كۆپیەیەم بۆیان رەوانە كردەوە بەلام، تا گەیشتنی كۆپیەی یەكەم دابەزیبوو. http://www.sbeiy.com/Detail.aspx?id=16819&LinkID=14
جیوازیەكی یەكجار بچوك هەیە، ئەم كۆپیەیە هەلەی چاپ و زمانەوانی كەمترە.
د. ج. خ.

********************

لە ماوەی چەند رۆژێكیتر لە ئیتالیا هەلبژاردنی سیاسی سەرتاسەری ئەنجام دەدرێت، ئەوە لە كاتێكدایە كە ئەم وولاتە بە بارو دۆخێكی ئابوری و دارایی ئالۆز رەتدەبێت.
ئیتالیا یەكێكە لە ولاتە دەولەمەند و پێشكەوتوەكانی جیهان، پێش چەند سالێك بە (7 و 8)ەم هێزی ئابوری لە قەلەمدرابوو كەچی ئێستا، وەكو زۆرێك لە وولاتانی یوڕۆ زۆن، روبەڕوی قەیرانێكی قول بۆتەوە. لەبەر ئەوە دەنگدانی ئەمجارە بۆتە مایەی دڵەڕاوێكی كۆمەلانی خەلكی ئیتالیا و لە لایەكیتریش جێگەی گرینگیپێدانی وولاتانی یەكێتی ئەوڕوپی و سیاسەتمەدارو و پسپۆڕانی ئابوری و دارایی.
گرنگی ئیتالیا لەسەر ئاستی جیهانی لەوەدایە كە خاوەن شارستانی و مێژویەكی كۆن و دەولەمەندە، لەوەش زۆرتر لانەو مەلبەندی ئاینی حەزرەتی عیسایە، ، جگە لە هێزێكی ئابوری بەرچاو.
ئیتالیا، وەكو وولاتێكی یەكگرتو و مۆدێرن، مێژوەكەی دەگەڕێتەوە 17/03/1861 ئەوكاتەی " مەملەكەتی یەكگرتوی ئیتالیا" راگەیاندرا. لەم كاتەوە سیستەمی پاشایەتی بەكار بوو تا كۆتایهاتنی جەنگی دووەمی جیهانی، تەنانەت لە سەردەمی رژێمی فاشیستی موسۆلینیش Benito Mussolini (1922 ـ 1945) بە فەرمی هەلنەوەشایەوە. لە 2/6/1946 لە رێگەی رێفڕاندۆم، كە بۆ یەكەمجار ئافرەتانیش مافی دەنگدانیان هەبوو، ئیتالیەكان لە نێوان پاشایەتی و كۆماری ئەوەی دووەمیان هەلبژارد.

پێوانەی ئیتالیا 301340 كم، دانیشتوانەكەشی 61 ملیۆنە، زیاد لە 5 ملیۆن بێگانەی لێیە، داهاتی تاك دەگاتە 30 هەزار دۆلار.
ئیتالیا: ولاتێك و 3 دەولەت.
لە ئیتالیا 3 دەولەتی ئەندام لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان UN هەیە:

1 ـ ئیتالیا كە پایتەختەكەی شاری رۆمایە.



2 ـ سان مەرینۆ

، Repubblica di San Marino شارۆچكەیەكی بچوكە، پێوانەكەی 61 كم، ژمارەی دانیشتوانی 32000 كەسە، زمانی رەسمی ئیتالیە، هەندێ سەرچاوە دەلێن، دوای ئیمپراتۆری رۆمانەكان، سان مەرینۆ كۆنترین "كۆمار"ە، لە سالی 1600 دەستورێكی نوسراویان هەیە، لە 1815 بەشداری لە "كۆنگرەی ڤیەننا" كرد، لە 1992زا دەبێتە ئەندامی UN، هێدی هێدی دەبێتە ئەندام لە زۆربەی رێكخراوە نێودەولەتیەكان، ئەندامی كۆنسلی ئەوروپاشە، پەیوەندی دیبلۆماسی و بالوێزگۆڕینەوەی دەگەل زۆر ولاتان هەیە. سیستەمی سیاسی كۆماری پەرلەمانیە.
سەنتەری شارۆچكەی سان مەرینۆ خراوەتە تۆماری "كەلەپوری مرۆڤایەتی" UNESCO.


3 ـ ڤاتیكان

ـ Lo Stato Citt del vaticano بچوكترین دەولەتی جیهانە (0,44)كم و كەمترین دانیشتوانی هەیە (994 هاولاتی)، گەڕەكێكی بچوكی شاری رۆمایە. سیستەمی سیاسی پاشایەتی موتلەقە، پاپا ـ papa سەرۆكی دەسەلاتی یاسادانان و جێبەجێكردن و قەزاییە. سەرەرای بچوكی ڤاتیكان ئەندامی چاودێری UN و پەیوەندیەكی فراوانی دیبلۆماسی و سەنگ و رۆلێكی بەرچاوی لەسەر ئاستی جیهانی و نێودەولەتی هەیە. زمانی رەسمی ئیتالی و لاتینیە، دراو و پولی تایبەتی خۆی هەیە، كەنالی تەلەفزیۆن و رادیۆی تایبەتی هەیە كە بە زۆربەی زمانەكانی جیهان بەرنامەكانیان پەخشدەكەن.
ڤاتیكان یەكێكە دەولەتە دەولەمەندەكانی جیهان، داهات و سامانەكە بە هەزاران میلیارد دۆلار خەملێندراوە.

لە 19/4/2005 بێنێدێتۆی شازدەم Benedetto XVI بۆتە 265 ەم پاپا، كە ناوی ئەسلیجۆزیف راتزینگەر Joseph Aloisius Ratzinger و لە 16/4/1927 لە ئەلمانیا لە دایكبووە، لە 11/2/2013 رایگەیاند لە 28/2/2013 دەست لە پلەو پایەی "پاپایەتی" دەكێشێتەوە، ئەم هەوالەش بۆتە مایەی كۆمێنتو لێكدانەوەی جۆراوجۆر. هۆكاری دەستكێشانەوەكەی گێڕایەوە بۆ تەمەن (85 سال) و نالەباری تەندروستی و، ووتی "ئەنجامدانی ئەرك و كارەكانی پاپا پێویستیان بە لەشێكی تەندروست و بیرۆ هۆشێكی ساغ و تەندروست هەیە، ئەوانەش رۆژ لە دوای رۆژ لە من كەمدەبنەوە....... ئەو بریارەو قەناعەتەم تەنها بۆ خێرو بێری كەنیسەی كاتۆلیكە .... ویژدانم بەرامبەر بە خودا ئاسودەیە......هتد".
هەر جۆرە لیكدانەوەیەكی بۆ بكرێت و ئەنجامێكی بەدواوە بێت ئەم هەلوێست و بریارە دەچنە لاپەرەكانی مێژو، بۆ یەكەمجار پاپایەك واز لە پلەو پایەی دەهێنێ هەنگاوێكی نوێخواز و گۆڕانخوازە. تا ئێستا كەسایەتی و مەكانەتی پاپا بە "پیرۆز " لە قەلەمدرابون بەلام دوای ئەم هەنگاوە چیتر دەسەلات و كەسایەتیەكان بەو "پیرۆز"یە نامێننەوە و داواكاری گۆڕانكاریەكان: هەلوەشانەوە پەرلەمان، هەلبژاردنی پێشوەخت و رەكردنەوەی حوكمی پاشایەتی و بنەمالەیی، داواكاری شەفافیەت و بنبڕكردنی گەندەلی و ..... تاد دیوار و قەلای "بڤە و تەبو" دەڕمێنن. لەبەر ئەوە بە گشتی كۆمینتارەكان بە روخۆشی و پۆزەتیڤ و بەرزنرخاندن پێشوازی لەم هەلوێستە "شۆرشگیر"یە دەكەن. ئەگەر بەراوردێك لەگەل ئەو رژێمە شمولی و دیكتاتۆری و گەندەلیانە بكەین كە سەرۆكەكانیان لەسەر مەرگ و ئاوزینگدانیش واز لە كورسی و دەسەلات ناهێنن و هەموو سەرەوت و سامانی ولات بۆ "پیرۆز"كردنی خۆیان بە هەدەر دەدەن ئەو كاتە لە نوێخوازی و سودبەخشی و گرنگی ئەم بریارە دەگەین.



رێكخراوی سوارەی مالتا

Sovrano militare ordine di Malta Sovereing Militari Order of Malta
لە سالی 1048زا، بۆ داكۆكی و كۆمەكی ئەو حاجیانە بوو كە لە ئەوڕوپا سەردانی شوێنە پیرۆزەكانی شاری "قودس"یان دەكرد، دامەزرا و لە 1113زا لە لایەن پاپای ئەوكات دان بە "سەروەری" نراوە، لە 1834 بارەگاگەی لە شاری رۆمایە، لە تەلاری Palazzo Magistrale، خاوەنی حەسانەی دیپلۆماسیە، رێكخراوێكی ئایینی خێرخوازی، تەندروستی ـ پزیشكیە، چالاكیەكانی لە 120 وولات ئەنجام دەدات.
دەستور، ئالا، پاسەپۆرت، پول، تابلۆی سەیارەی (SMOM)، جەژن و مارشی نیشتمانی و ... هتد هەیە، پەیوەندی دیبلۆماتی لەگەل 104 وولات هەیە، لە 1994زا بە "ئەندامی چاودێر" لە UN وەرگیراوە و مافی دەنگدانی نیە.
هەر چەندە وەكو وولاتان زەوی نیە بەلام بە سەبجێكتی یاسای نێودەولەتی ناسراوە، نە دەولەتە و نە رێكخراوی نێو دەولەتی وەكو فاو، یونێسكۆ، یونیسێف و ... هتد، مەتەلێكەو هەلێهێنانی دیارینەكراوە و مشتومڕی یاسایش تەواو نەبووە.

ئیتالیا گرنگیەكیتریشی هەیە، بارەگای سەرەكی چەند ئاژانسی پسپۆری UN لێیە، لەوانە:
ـ فاو Food and Agriculture Organization of the United Nations FAO، لە سالی 1954 دامەزراوە، بارەگاكەی لە شاری رۆمایە و 191 دەلەت تیایا ئەندامن.


ـ ئیفاد International Fund for Agricultural Development - IFAD فۆندی نێودەولەتی بۆ پەرەپێدانی كشتوكال، لە 1977 دامەزراوە، بارەگای لە شاری رۆمایە و 181 دەولەت تیایا ئەندامە.



ـ The United Nations Humanitarian Response Depot (UNHRD بارەگاكەی لە شاری بریندیزی Brindisi كارو ئەركەكانی بریتیە لە گەیاندنی كۆمەك (خواردن و داو دەرمان)، لە ماوەی 24 سەعات، بۆ ئەو ولاتانەی روبەڕوی كارەساتی سروشتی و ناسروشتی دەبنەوە.
ئامۆژگای بالای یۆنێسكۆ بۆ نۆژەنكردنەوە و پاراستنی كەلەپورو مۆنومێنتۆی مێژوی لە شاری رۆما، لەهەموو ولاتانی جیهان روی تێدەكەن.

لە ئیتالیا سیستەمی سیاسی كۆماری پەڕلەمانیە، سەرۆك كۆمار رۆلی تەشریفاتی هەیە، هێمای یەكێتی نیشتمانی و پارێزەری دەستورە و لە لایەن پەرلەمانەوە هەلدەبژێردرێ.


پەرلەمان لە دوو بەش پێك دێت




1 ـ ئەنجومەنی نوێنەران

Camera dei Deputati، هەر بە ناوی (كامێرا) ناسراوە، ژمارەی ئەندامەكانی 630 لەسەر ئاستی سەرتاسەری هەر 5 ساڵ جارێك هەلدەبژێردرێت، هەموو هاولاتیەكی تەمەن 18 سال مافی دەنگدانی هەیە، ئەندامەكانیش دەبێ تەمەنیان لە 25 سال كەمتر نەبێ.


2 ـ ئەنجومەنی پیران

(سێنات ـ Senato) لە 315 ئەندام پێك هاتووە، لەگەل ئەنجومەنی نوێنەران لەیەك كات و سات هەلبژاردنیان بۆ دەكرێت و لە هەمان كات و ساتیش ماوەكەیان تەواو دەبێت. هەلبژاردنی ئەم ئەنجومەنە لەسەر ئاستی هەرێمەكانە، تەنها ئەو هاولاتیانەی تەمەنیان گەیشتۆتە 25 سال مافی دەنگدانیان هەیە، ئەوانەش تەمەنیان بۆتە 40 سال مافی خۆ كاندیكردنیان هەیە.
واتە خولی پەرلەمان 5 سالە، دەستور دەلێ "تەنها لە كاتی شەڕ" دەكرێت ماوەكەی درێژ بكرێتەوە.
هەردوو لقی (ژور) پەرلەمان دەسەلاتەكانیان وەكو یەكە، ئازاد و سەربەخۆن لە پێشكەشكردن و گەلالەكردنی پرۆژە یاسا و پەسەندكردنی، هەر یاسایەك لە یەك لەم دوو ژورە پەسەند بكرێت دەبێت بچێتە ژورەكەیتر بۆ پەسەند كردن، ئەگەر هەر جۆرە دەستكاریەكی لێكرا ئەوە دەبێت بگرێتەوە ژورەكەی خۆی و دووبارە پەسەندی بكات. ئەم هات و چونەی پرۆژە یاساكان، لەم ژور بۆ ئەوژور بە "سەفا و مەڕوا" ناسراوە، بۆ سەردەمی ئێستا بەخالێكی لاوازی سیستەمی پەرلەمانی ئیتالیا تەماشا دەكرێت و نزیكەی 20 سالە هەولی ریفۆرمی دەدرێت.
بەگشتی یاساكان بە زۆرینەی سادەی 50 + 1 پەسەند دەكرێن بەلام ئەوانەی رەهەندی دەستوریان هەیە یان هەمواركردنی بڕگەیەكی دەستور پێویستی بە 2 لەسەر 3 .هەموو ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتمانی و چارەنوسازیان هەیە، وەكو سیاسەتی دەرەوە و رێكەوتنە نێوەدەولەتیەكان، یاسایەكی تایبەت بە دامەزراوەی سەربازی و ئاسایش و پۆلیس، یاسای هەلبژاردن و لەمجۆرانە پێویستیان بە رازیبون و تەوافقی سیاسی نیشتمانی هەیە.

هەلبژاردن دوو جۆرە: هەلبژاردنی پەرلەمان 5 سال جارێك و هەلبژاردنە خۆ جێیە ئیداریەكان 4 سال جاریك.
سیسەمی ئیداری لە ئیتالیا لامەركەزیە، لە 20 هەرێم Regione ی پێك هاتوە، بە هۆی هەلومەرجی مێژوی و كولتوری و شوێنی جوگرافی، 5 یان "ئۆتۆنۆمی تایبەت"یان هەیە.
هەر "هەرێم"ێك لە چەند پارێزگایەك ـ Provincia (لە 1 تا 11) پێك هاتوون، هەر پارێزگایەكیش، كە ئێستا ژمارەیان 110 یەو بڕیاری كەمكردنەوەشیان دراوە، لە چەندەها "شارەوانی ـ كۆمونێ Comune" پێكهاتوون. هەر هەرێم و پارێزگایەگ ئازادە لە چۆنیەتی هەلبژاردن و وادەكەی. وارێكدەكەوێت هەلبژاردنی هەرێمەك یان زیاتر دەگەل هەلبژاردنی پەرلەمان یەكبگرنەوە.

لە 18/4/1948 تاكو ئێستا 16 جار هەلبژاردنی پەرلەمانكراوە، ئەمجارە دەبێتە 17ەهەمین، 3 جار پێشوەخت ئەنجامدراوە.
لە 21/6/1946 تاكو ئێستا 63 كابینە "حكومەت" دروستكراوە، هەندێكیان تەمەنیان تەنها، (9، 11، 12 رۆژ) بوە. لەوانە 3 كابینەی "تەكنۆكرات"، بەوەی ئێستا لەسەر كارە، پێكهاتون كە ئەركیان ئەنجامدانی ریفۆرم و زەمینەسازی بەرێوەبردن و هەلببژاردنی پێشوەختە، لە كەسانی پسپۆر و بێلایەن و مۆڕاڵ بەرز دەستنیشان دەكرێن.



سەرۆك كۆمار:

سەرۆك كۆمار لە لایەن پەرلەمان هەلدەبژێردرێت، هەردوو لقی پەرلەمان (كامێرا و سێنات)، لەگەل 3 نوێنەر بۆ هەر هەرێمێك، تەنها هەرێمی "ڤالدا ئۆستا"، لەبەر بچوكی و كەمی دانیشتوانی 1 نوێنەری هەیە، كۆدەبنەوە. هەموو هاولاتیەكی تەمەن 50 سال بە بێ لەبەرچاوگرتنی پلەو پایەی حیزبی و دەولەتی دەكرێت كاندید بكرێت.
هەر كاندیدێك دەنگی 2 لەسەر 3 دەنگدەرەكان بهێنێت دەبێتە سەرۆك كۆمار، بەلام ئەگەر هاتوو هیچ كاندیدێ تا 3 دەنگدان ئەو رێژەیە نەهێنێت ئەو كات 50 + 1 بەسە، دەنگدان بە نووسین و"نهێنیە". لە 1/1/1946 تاكو ئێستا 11 سەرۆك كۆمار هەلبژێردراون، تەنها 2 لە لەیەكەم دەنگدان، ئەوانیتر لە 2 تا 16ەم دەنگدان دەرچوون.
هەلبەتە حیزب و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لە نێوخۆیان دانوستان و وتوێژ دەكەن، هەولدەدەن كەسایەتیەكی بەرچاو و تێنەگلاو لە هیچ كارێكی گەندەلی و نایاسایی دیاریبكەن تا دەنگی بۆ بدەن، بەگشتی سەرۆك كۆمارەكان لە كاتی مانداتەكەیان وەكو سەرۆكی هەموو لایەك هەلسوكەوتیان كردوە.
ماوەی سەرۆكایەتی كۆمار 7 سالە، تەنها 1 سەرۆك پێشوەختە دەستی لەكاركێشاوەتەوە، ئەوەش دوای گومانلێكردن لە تێوەگلاوی لە گەندەلی. سەرۆك هی هەموو لایەكە، زۆرینەوە كەمینە، پلەو پایەی لەگەل هیچ پلەیەكی حیزبی و دەولەتی یەكناگرنەوە. ئەوكاتەی سەرۆك كۆمار نەخۆش دەبێت یان سەفەری دەرەوە دەكات سەرۆكی "سێنات" دەسەلاتەكانی، بە شێوەیەكی كاتی، وەردەگرێت. 30 رۆژ پێش كۆتایهاتنی مەنداتی سەرۆك كۆمار سەرۆكی نوێنەران (كامێرا) كۆبوونەوەی هاوبەشی پەرلەمان و نوێنەری هەرێمەكان رادەگەیەنێت بۆ هەلبژاردنی سەرۆكێكی نوێ. ئەم كۆبونەوەیە دەبێ، بەلای كەمی، 3 مانگ پێش تەواوبوونی خولی پەرلەمان بێت، ئەگەر ئەم ماوەیە لەبەر دەست نەبێت ئەوە دەبێ لە ماوەی 15 رۆژ لە كۆبونەوەی پەرلەمانی نوێ ئەنجامبدرێت و مەنداتی سەرۆك كۆماریش تا ئەو كاتە درێژ دەبێتەوە. سەرۆك كۆمار، بە راوێژ لەگەل سەرۆكی هەردوو لقی پەرلەمان، بۆی هەیە پەرلەمان هەلبوەشێنێتەوە بەلام لە 6 مانگی كۆتای ئەو دەسەلاتەی نامێنێت.
سەرۆك كۆمار سەرۆكی دەولەتە، هێمای یەكێتی نیشتمانی و پارێزەری دەستورە، لە دەرەوە تەمسیلی ولات دەكات، بالوێز رەوانەی دەرەوە دەكات و پێشوازی و قەبولی هی ولاتانیش دەكات، پەیمام و رێنمایی ئاراستەی پەرلەمان و گەل دەكات.، سەرۆكی هێزە چەكدارەكان و ئەنجومەنی بالای دادوەریە. یاساكان، دوای دەرچونیان لە پەرلەمان، لەلایەن سەرۆك كۆمار لە ماوەی 30 رۆژ ئیمزا دەكرێن و بلاودەكرێنەوە و دەكەونە كار. دەكرێت سەرۆك یاساكان بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە و داوای دەستكاری بكات، دوای گەڕانەوەی بۆ جاری دووەم پێویستە سەرۆك ئیمزای بكات. سەرۆك نابێت ئەو یاسایانە ئیمزا بكات كە پێچەوانە و دژە دەستورن.
دەستور رێگە بە سەرۆك دەدات، لە ماوەی مانداتەكەی، 5 سێناتۆری ژیان Senatore a Vita دیاریبكات، لەم كەسانە بن كە لە سەر ئاستی "كۆمەلایەتی، زانستی، هونەری و ئەدەبی خزمەتێكی گەورەی نیشتمانیان كردبێت". ئەو كەسانە دەبنە ئەندامی سێنات تا لە ژیاندابن، هەمان مافی ئەندامەكانیتریان هەیە، هەر سەرۆك كۆمارێكیش خولەكەی تەواو بوو بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیك دەبێە "سێناتۆری ژیان". تا ئێستا 11 سەرۆك كۆمار هاتوون و 32 سێناتۆری ژیانیان دیاریكردوە. لە هەردوو لقی پەرلەمان "فراكسیۆنی سەبەخۆكان" هەیە و ئەم سێناتۆرانەش، بە گشتی، دەچنە پال ئەم فراكسیۆنە، بە دەگمەنیش هەلبژاردنی یەكێك لەم توێژە بۆتە مایەی پرتەبۆل و پۆلێمیك.
هەر كردار و گوتار، بریار و رێنمایەكی سەرۆك كۆمار بۆ ئەوەی مەفعول و سەنگی یاساییان هەبێت پێویستە لە لایەن سەرۆكی حكومەت یان یەكێك لە وەزیرەكان واژۆ بكرێت و بەرپرسیاریەكەش بگرنە ئەستۆی خۆیان. واتە ناكرێت لێپرسینەوە لەگەل سەرۆك كۆمار بكرێت، تەنها لە حالەتی خیانەتی گەورەو پێشێلكردنی دەستور نەبێت. تەنها جارێك سەرۆك كۆمار بە پێشێلكردنی دەستور گوناهبار كراوە بەلام دادگای دەستوری Corte Costituzionale بە بێ بنج و بنەمای لە قەلەمدا.

ئەرك و دەسەلاتەكانی پەرلەمان:

لە هەموو ولاتانی دیموكراسی مۆدێرن پەرلەمان دوو كارو ئەركی گرنگ و سەرەكی لەسەر شانە، یاسا دەركردن و هەمواركردنەوەی ئەوانەی پێشو دەركراون و متمانە دان و وەرگرتنەوە بە حكومەت یان بە وەزیریك و زیاتریش.
لە مێژوی كۆماری ئیتالیا، لە 1948 تاكو ئێستا هیچ پارتێكی سیاسی نەیتوانیوە نیوەی كورسیەكان بەدەست بهێنێ، یاساكانی هەلبژاردنیش كە ناوە ناوە هەموار و گۆڕنكاریان بەسەردێت كۆسپی چوونە پەرلەمانیان دانەناوە، هەر حیزبێك، بە تیۆری، ئەگەر 100 هەزار دەنگ بهێنێت ئەوە كورسیەكی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەردەكەوێت. لەبەر ئەوە بۆ دروستكردنی حكومەت پەنا بۆ هاوپەیمانی لە نێو حیزبە لەیەكنزیكەكان دەبرێت بە شێوەیەك لە ناو هەردوو لقی پەرلەمان "زۆرینە" پێك بهێنن و متمانە بە كابینە بدەن. زۆرجار ئەو هاوپەیمانیە لەكاتی هەلمەتی هەلبژاردن رادەگەیەنرێت و جاری واش هەیە لە دوای هەلبژاردن.
دوای هەابژاردن سەرۆك كۆمار كەسێك، ئەندام پەرلەمان یان لە دەرەوە، رادەسپێرێت تا كابینەیەكی زۆرینە پێك بهێنێت. سەرۆك كۆمار پێش ئەو راسپاردنە راوێژ لەگەل سەرۆك كۆمارەكانی پێشخۆی دەكات ئەگەر لە ژیاندابن، پاشان لەگەل هەردوو سەرۆكی پەرلەمان، پاشان پێشوازی لە شاندی هەموو حیزبە سیایسەكانی ناو پەرلەمان، لە گچكەوە بۆ گەورە، دەكات، ئینجا بریاری راسپاردنەكە دەدات. ئەم پرۆسە هەفتەیەك و زیاتریش دەوێت. هاوپەیمانی زۆرینە لە نێوخۆیان، لەسەر بەرنامە و پۆستەكانی كابینە، رێك دەكەون و سەرۆكی راسپێردراو بەرنامەی كار و لیستی وەزیرانی كابینەكەی، لە دانیشتنێكی كراوە، بە خوێندنەوە دەخاتە بەردەم هەردوو ژوری پەرلەمان. لە هەمان كاتیش دەیخاتە بەردەم سەرۆك كۆمار. سەرۆكەكانی پەرلەمان لەگەل سەرۆكی فراكسیۆنەكان نەخشەی كۆبونەوەكان دادەنێن، دەرگای گفتوگۆ لەسەر بەرنامەی كابینە دەكرێتەوە. نوێنەری فراكسیۆنەكان و تەنانەت ئەندامەكانی پەرلەمان، بە تەنهاش، راو بۆچوون و پێشنیارەكانیان دەخەنە روو. لە كۆتایدا دووبارە سەرۆكی كابینەی راسپێردراو وەلامی پریسار و تێبینی، پێشنیار و داواكاریەكان دەداتەوە و یەكسەر دەستدەكرێت بە دەنگدانی "متمانە". ئەم پرۆسەیە لە هەردوو ژوری پەرلەمان دووبارە دەبێتەوە، كابینەی راسپێردراو بۆ ئەوەی بكەوێتە كار پێویستی بە متمانەی هەردوو ژور هەیە. ئەگەر ژورێك متمانە نەدات ئەوە سەرۆكی حكومەتی راسپێردراوە دەچێتە لای سەرۆك كۆمارو راسپاردەكە تەسلیمدەكاتەوە. میكانیزمەكان ئالۆزن و زۆر نمونەی "عەنتیكە"ش هەیە بەلام هەمووی لە چوارچیوەی یاسا، هەر لەبەر ئەوەیە لە دوای جەنگی جیهانی دووەم 63 كابینە پێكهاتوون.
كابینەی راسپێردراوە دوای بەدەست هێنانی متمانە لە هەردوو لقی پەرلەمان دەچێتە كۆشكی كۆماری و سوێندی یاسای دەخۆن و ئەوكاتە دەبێتە "كابینە"یەكی دەست بەكار بوو.
ئەركی حكومەت بەڕێوەبردنی ولاتە، دەركردنی "بڕیار" كە لە ماوەی 60 رۆژ دەبێت لە لایەن پەرلەمان "پەسەند" بكرێت، بەدەستكاریشەوە، ئەوكاتە دەبێتە یاسا یان دەركردنی رێنمایی.
هەندێجار لە كاتی پەسەندكردنی "بڕیار"ەكی حكومەت یان پڕۆژە یاسایەكی پەرلەمان كە بەلای حكومەت گرنگەو دەچێتە خانەی ئەو بەرنامەی لەكاتی هەلبژاردن رایگەیاندبوو گرفت بۆ پەسەندكردنی سەر هەلدەدا حكومەت داوای "متمانە" لە سەر هەموو بڕیار، پرۆژە یان تەنها ماددەیەك دەكات. ئەگەر متمانە بەدەست نەهێنێ ئەوە یەكسەر دەست لەكار دەكێشێتەوە چونكە چیتر پالپشتی زۆرینەی نیە.

هەر 100 ئەندام پەرلەمان دەتوانن پیشنیاری وەرگرتنەوەی متمانە لە كابینەی لەسەركار پێشكەش بكەن و دەخرێتە دەنگدان، بۆ وەرگرتنەوەی متمانەی وەزیر پێشنیاری 10 ئەندام پەرلەمان كافیە بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدان.
لە ئیتالیا هەموو یاسەیەك، بێجگە لە یاساكانی تایبەت بە باج و تاكس و رێكەوتنە نێودەولەتیەكان، لە رێگای ریفڕۆندۆم هەلبوەشێنەوە. بۆ ئامادەكردنی رێفرێندۆم پێویستە نیو ملیۆن ئیمزای "بێگەرد" كۆ بكرێتەوە، پاش لێكۆلینەوە لە دروستی ئیمزاكان، سەرۆك كۆمار، لەسەر پێشنیاری حكومەت و وەزیری ناوخۆ، رۆژی ئەنجامدان دیار دەكات. رێگایەكیتر بریتیە لە داواكردنی ئەنجومەنی 5 هەرێم لە 20 هەرێم.
رێفرێندۆم بۆ ئەوەی قەبول بكرێت و مەفعولی یاسای هەبێت پێویستە 50 + 1 ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەشداری بكەن، بەدەنگی زۆرینەی ئەوانە یاساكە هەلدەوەشێتەوە یان وەكو خۆی دەمێنێتەوە. ئەوەش ئامرازێكی گرنكی سیستەمی دیموكراسیە.
لە هەندێ ولات رێگەدراوە رێفرێندوم بۆ رێكەوتنە نێودەولەیتە چارەنوسازەكان بكرێت.

لە ئیتالیا بۆتە نەریت سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دەدرێتە كەمینە ـ ئۆپۆزسیۆن، بە پێی كورسیەكانیش هەندێ لە لیژنە پەرلەمانیەكان دەدرێنە ئۆپۆزیسیۆن، لەوانە هەمیشە "لیژنەی پۆلیس و هەوالگری" و لێكۆلینەوە لە كارێكی گەندەلی حكومەت یان گەندەلیەكی گەورە و مافیا. لیژنەی لێكۆلینەوە گرنگی سیاسی و ئەخلاقی هەیە نەك قانونی. ئەم لیژنانەش، لە كاتی داواكردن، دەبێت زانیاریەكانی بەردەستیان بدەنە دادگا.
پەلەمانتاران دەتوانن پرسیار Question Time لە حكومەت و وەزبران بكەن و ئەوانیش دەبێت وەلامیان بدەنەوە. پەرلەمەنتار پاسەوانی ئێستاو ئەبەدی، سەیارەو ڤیلای، لەسەر قوتی خەلك، نیە.
لێرە سەرۆك پەرلەمان، یان ئەوكەسەی (4 جێگرەكان) كە كۆبونەوەكان بەڕێوەدەبن ناماقولی ئەوە ناكەن هەڕەشەی لێدان و گرتن لە پەرلەمەنتار بكەن یان بانگكردنی پۆلیس بۆ ناو حەرەمی پەرلەمان و دەرگاداخستن لەسەر ئۆپۆزیسیۆن. هەندێجار شەڕە قسە و "جوێندان"یش دەبێت بەلام لەم حالەتە ئەوپەڕی لە كۆنوس و پڕۆتۆكۆلەكان تۆمار ناكرێن.
سەرۆك كۆمار و پەرلەمان، سەروكی كابینە و وەزیرەكان، بە پێی یاسا، دەتوانن راوێژكار بۆ خۆیان بگرن و دیاریبكەن بەلام مافی خانەنشینیان نیە.
لە ئیتالیا و ولاتانی یەكێتی ئەوروپا شتێك نیە لە پەرلەمان و لە دەرەوە بە ناوی"دەستەی نەزاهە، چاودێری دارایی و مافی مرۆڤ، كۆمیسۆنی بالای هەلبژاردن"، ئەوانە تەنها لەو ولات و سیستەمانە هەیە كە گەندەلی پەیڕەو دەكەن و لەسەر دەژین، ئەوانەی مافی مرۆڤ پێشێلدەكەن، ئەوانەی دەزگایەگی دادوەری پاك و سەربەخۆیان نیە، ئەوانەی دەولەت و دامەزراوەكانی بە مولكی حیزبی دەسەلاتدار دەزانن.
لە 2010 هەرایەكی گەورە لە ئیتالیا رویدا، سەرۆكی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەران گیانفرانكۆ فینی Gianfranco Fini، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان 2 ـ 3 جار لەكاتی سەردانەكانی بۆ ئیتالیا چاوی پێكەوتووە، لە لایەن نەیارەكانی گوناهباركرا گوایە "شوقە"یەكی 57م حیزبەكەی خۆی بە پارەیەكی كەمتر لە هی بازاڕ كڕیوەتەوە. دوایان لێكرد دەست لە سەرۆكی پەرلەمان بكێشێەوە بەلام ئەو هەمیشە رەتیكردوە كە ئەو "شوقە"یە بەناوی ئەوبێت یان ئەو كڕیبێتی، دوای 2 سال دادگا دۆسیەكەی داخست و تۆمەتەكەی بە بێ بنج و بنەوان دایە قەلەم. شوقەكەش خۆی بكوژێت لە 150.000 یۆڕۆ زیاتر ناكات.
لە 17/2/2003 لە شاری میلانۆ مەفرەزەیەكی CIA بە هاوكاری هەوالگری ئیتالی هاولاتیەكی بە رەگەز مسڕی ، بە ناوی حەسەن موستەفا عوسمان ناسڕ، ناسراو بە ئەبە عومەر"رفاند"، رادەستی قاهیرەیان كردەوە، ئیمامی مزگەوتێكی ئەو شارە بوو. بە تێوەگلان لە تیروریزم و قاعیدە گوناهبار كرابوو، بوە هەرا و بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و بەزاندنی سەروەری و یاساكانی ئیتالیا حساب كرا. لەژێر فشاری ئیتالیا دوای 5 سال لە زیندانی میسر، دوای ئەشكەنجەیەكی زۆر ئازادكرا. رۆژی 12/2/2013 دادگای شاری میلالانۆ دوای سەدان دانیشتن لە دۆسیەیەكی ئالۆز بڕیاریدا هەریەكە لەسەرۆكی هەولگری ئیتالیای ئەوكات و جێگرەكەی بە 10 ساڵ زیندانی بكرێن و بە 2 ملیۆن دۆلار قەرەبوی ئەبو عومەر و ژنەكەی بكەنەوە، 4 پۆلیسیتری هەوالگری 4 تا 6 سال زیندانیان بۆ بڕایەوە.
ئیتالیا بەهەشت نیە، گەندەلی و مافیا بوونی هەیە بەلام دامەزراوەی پتەو سەربەخۆی هەیە، بە دادگاو دادەوەرەكان، هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش و هەوالگری، میدیای ئازاد تا دەگاتە بوونی كۆمەلگەیەكی مەدەنی ئامادە بۆ دەنگ بەرزكردنەوە بەرامبەر گەندەلی دەسەلات و دامەزراوەكان یان دژی لۆبی بازاڕو گروپ و تاقمە تاوانكارەكان. ئەم دامەزراوانە سڵ لە كەس و پلەو پایەكان ناكەنەوە، زوو زوو هەوالی دەستگیركردنی وەزیر، كارخانەدار، سەرمایەدار، بەرپرسی شەریكەو كۆمپانیا گەورەكانی دەولەت و ئەهلی و ... تاد دەبیستین.

سەرۆكایەتی ژورەكانی پەرلەمان لە سەرۆك و 4 جێگر، كە 1 یان 2 هی ئۆپۆویسۆنە، پێك دێت، كارو ئەجێندای ژورەكانی پەرلەمان، بە هاوبەشی، لەگەل سەرۆك فراكسیۆنەكان بڕیاری لەسەر دەدرێت.
زۆربەی كارەكانی پەرلەمان لە "لیژنە"كانە، پاشان لە هۆلی پەرلەمان دەنگیان لەسەر دەدرێ،

كەنالەكانی راگەیاندن


زۆربەی كەنالەكانی راگەیاندن (رادیۆ، تەلەفزیۆن، رۆژنامەو گۆڤار و تۆڕی ئینتەرنێت)، وەكو چەندایەتی، ئەهلین بەلام بە رای كەسانی پسپۆر و شارەزای بوارەكان، كەنالەكانی بیستراو بینراوی ، لە رووی كوالیتی، هی دەولەتن.

كەنالەكانی TV

لە ئیتالیا 20 كەنالی ئاسمانی دەولەت هەیە، 6 بۆ هەوال و ریپۆرتاژ و مێزگردی سیاسی و كولتوری و هەمەڕەنگ، كە زۆربەی هەرە زۆری بینەران تەماشای دەكەن، 2 كەنالی منالان (1 بۆ 0 تا 6 سال، 1 لە 6 تا 14 سال)، كەنالێك بۆ گێڕانەوەی مێژو و كولتوری، 1 كەنال بۆ قوتابخانە، 1 كەنال بۆ زانست و تەكنەلۆژی، 1 كەنال بە زمانی ئینگلیزی، 2 كەنال بۆ وەرزش، 2 كەنال بۆ پەخشكردنی كارو چالاكیەكانی پەرلەمان، 1 كەنال بۆ هەرێمەكان، كەنالی 3 هەموو رۆژێ 6 جار لە كاتی دەنگ و باس فرێكوێنزیەكەی دەچێتە سەر هەرێمەكان و هەریەكە هەوال و دەنگو باسی هەرێمەكەی خۆی بلاو دەكاتەوە، 1 كەنال بە زمانی عەرەبی.

رادیۆ

10 كەنال رادیۆ هەیە و گوێگریشیان زۆرە و دەوری باشیان لە خستنە رووی كەموكوڕی خزمەتگوزاری و مۆسیقای كلاسیك، بەستنی كۆڕو كۆبونەوەی هەمەجۆر، پەخشكردنی دەقی شانۆگەریەكان كە ژمارەیان زۆرە، زانیاری كەش و هەوا، رێگاو بان و تڕافیك و .... هتد هەیە.
زۆربەی بەرنامە سیاسی و كولتوریەكان دراونەتە دەستی كەسانی پسپۆڕ و "توڕە"، بە گرێبەست، ئەركیان بریتیە لە رەخنەگرتن لە دەسەلات و رەخساندنی هەلومەرجێكی گونجاو تا هاولاتیان بیروهۆشیان زیاتر كراوە بێت و ئاگاداری هەلسوكەوتی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن ببن، ئاگاداربن جۆن سامانی گشتی سەرفدەكرێت. هیچ كەسێك وەكو "كادیر"ی حیزبی دەسەلات و ئۆپۆزیسیۆن لەم دەزگایانە رێگەی پێنادرێت و جێگەی نابێتەوە.
ئەو نەریتە لەكەنالە گەورەكانی كەرتی تایبەتیش، بە رێژەیەكی كەمتر، هەیە، بۆ نمونە سیلڤیۆ بێرلوسكۆنی Silvio Berlusconi، كە دەولەمەندترین كەسی ئیتالیایە لە 1994 لە دەسەلاتە، چەندەها كەنالی TV هەیە، لەسەر كەنالەكانی خۆشی كارێكی ئەوهای پێدەكرێت "با بە دەواری شڕی نەكردبێت". زۆربەی فەزاحەت و سكاندەلەكانی لە رێگەی ئەم كەنالانە ئاشكراكراون.

تەنها یەك رۆژنامەی رەسمی هەیە، ئەویش بۆ بلاوكردنەوەی یاسا و رێنماییەكان، هەر هەرێمكیش دانەیەكی تایبەتی خۆی هەیە.

پێگە ئەلكترۆنیەكان،

هەموو دامەزراوەیەكی دەولەتی و ئیدارە خۆجێیەكان و خزمەتگوزاریە گشتیەكان "پێگە"ی تایبەت بە كارو چالاكی و خزمەتگوزاریەكان هەیە، هاولاتی دەتوانێ هەر زانیاریەكی بیەوێت بەدەستی بهێنێ. ئەگەر بیەوێت بەدواچوون بۆ موعامەلەیەكی تایبەتی خۆی بكات مەوعیدێك وەربگرێت یان پرسیارێ ئاراستە بكات و وەلامەكەشی لە كەمترین ماوە دەدرێتەوە.
هاولاتی بە ئۆن لاین دەتوانی ناو نووسی لە باخچەی ساوایان، قوتابخانە، خێوەتگای هاوینان، زانكۆ، دەرهێنانی نفوس و پاسەپۆرت، گۆڕینی ناونیشانی نیشتەجێبوون، گرێبەستی ئاو كارەبا و غاز و تەلیفۆنی نۆرمال و مۆبایل، سەردان و مەوعیدی نەخۆشخانە ... هتد بكات.
دەربارەی كڕینوفرۆشتن ئەوە هەر شتَێك بتەوێ دەتوانی لە رێگەی ئۆن لاین بیكڕیت و بفرۆشیت.

لە ئیتالیا ئەو فیلم، رۆمان و كتێب، گۆرانی و مۆسیقایانە سەركەوتن و ناوبانگ بەدەست دەهێنن كە باسی تۆڕەیی، پڕۆتێست، نا عەدالەتی كۆمەلایەتی، كەموكوڕی لە خزمەتگوزاریەكان و گەندەلیەكان و ...هتد دەكەن. بەهەمانشێوە ئەو بەرنامە تەلەفزیۆنانەی لە پێشەوە ئاماژەیان بۆكراوە.

هەڵبژاردن


وەك لە پێشەوە ئاماژەی بۆكرا 2 جۆر هەلبژاردن هەیە، هەلبژاردنی پەرلەمان 5 ساڵ جارێك، هەلبژاردنە خۆجێیەكان (پەرلەمانی هەرێمەكان، پارێزگاكان و شارەوانیەكان) 4 ساڵ جارێك ئەنجامدەدرێت، هەردوكیان كاریگەریان لەسەر یەكتری هەیە. سەرۆكی هەرێم و شارەوانیەكان راستەوخۆ لە لایەن هاولاتیانی ناو چەكانی خۆیان هەلدەبژێردرێن.
لە هەلبژاردنی ئاسایی هەر حیزب و رێكخراوێك بیەوێت بەشداری هەلبژاردنی سیاسی بكات پێویستە 120 هەزار ئیمزا كۆبكەنەوە و پێشكەشی لایەنی پەیوەندیدار بكەن، ئەوانەی گروپ و فراكسیۆنی پەرلەمانیان هەیە پێویست ناكات ئەو ئیمزایانە كۆبكەنەوە. لە كاتی هەلبژاردنی پێشوەخت لیستە نوێیەكان پێوسیتە 30 هەزار ئیمزا كۆبكەنەوە لەسەر ئاستی ئیتالیا (51 ملیۆن مافی دەنگدانیان هەیە).

184 حیزب و رێكخراو

بۆ هەلبژاردنی ئەمجارە 184 لیست قەبولكراون، لەو پەڕی چەپەوە (4 لیست بە ناوی ماركسی لینینی) تا ئەوپەری راست و نەتەوەپەرست، ئەوانە هیچیان كۆرسیەكیش بەدەست ناهێنن.
لیستی حیزبە گەورەكانی ئێستا لە ناو پەرلەمانن: پارتی دیموكرات، پارتی ئازادیەكان گەل، 4 حیزبی دیموكرات مەسیحی ناوەراست.
ئەو ژمارە گەورەیە، زۆربەیان، لەسەر ئاستی هەرێمەكان بونیان هەیە و داوای سەربەخۆیی دەكەن، هەیە بە ناوی "خۆشەویستی" لە لایەن ئافرەتێكی پۆڕنۆستار دروستكراوە.
مەجدی عەلام (1952 قاهیرە) لە قوتابخانەی كاتۆلیتیكی ئیتالیا دەخوێنێ، لە 1972 دێتە ئیتایا و لە رۆما كۆمەلناسی دەخوێنێ، لەسەرەتا لەگەل خوێندكاران و رۆژنامەی بەناوبانگی چەپ il Manifesto كاردەكات، لە سالانی 1980 ـ 2006 لە زۆربە رۆژنامە گەورەكان كار دەكات، دەیان واتاری لەسەر دۆزی كورد، 2 كتێب لەسەر عێراق و سەدام، لەسەروبەندی شەڕی روخاندنی عێراق وتارەكەی پڕجۆشوخڕۆشی بەناوی "ئەگەر من عێراقی بوومایە" نووسی و رەخنەی توندی لەبەرەی پاسیفیستەكان گرت. لە دوای سالی 2000زا چەكی پێنوسەكەی بۆ رەخنەگرتنێكی تیژ لە دژی ئیسلام و توندرەوەكان بەكار هێنا. لە 22/3/2008 لە ئیسلام هەلگەڕایەوە و لەسەر دەستی پاپای ئێستا باوەشی بە ئاینی عیسا كرد و بووە هۆی تەقینەوەی پۆلێمیك و ناوەكەشی كردە "مەجدی كریستیان عەلام". لە 2009 دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی ئەوڕپی، ئێستا رێكخراوێكی بە ناوی "من ئیتالیام خۆش دەوێت"، دروستكردوە، داوای راگرتنی دروستكردنی "مزگەوت"ی نوێ دەكات، داوا دەكات منال زۆر بكەن تا رێگە لە بە ئیسلامبوونی ئەوروپا بگیرێت.
كەسێكی زیرەك و كولتورێكی فراوانی هەیە بەلام لایەنگری كەمە، ئەستەمە كورسیەك بەدەست بهێنێ، لە 2007 كتیبێكی بەناوی "بژی ئیسڕایل" چاپكردو سەردانی ئیسرایلیكرد و لەلایەن سەرۆك كۆمار و وەزیران پێشوازی لێكرا و خەلاتی "داود"، بە 1 ملیۆن دۆلاری پێدرا.

51 هاوپەیمانی

لەبەر ئەوەی زۆربەی لیستەكان (184) ئەگەری ئەوەیان نیە بچنە پەرلەمان و كورسی بەدەست بهێنن لەبەر ئەوە هەر 2 تا 16 هاوپەیمانیان راگەیاندووە.

6 سەرۆك وەزیر

6 لیستی هاوپەیمانی گەورە هەر لە ئێستا ناوی سەرۆك وەزیرانیان ئاشكرا كردوە و وێنەكانیان لەسەر ئاڕمی لیستەكە چاپكراوە. ئەگەر بیبەنەوە دەبێت ناوی كاندیدی لیستەكە بدەنە سەرۆك كۆمار، بۆ ئەوەی بۆ پێكهێنانی كابینە راسپێردرێت.
لیستی سەرۆك وەزیرەكان بریتین لە:

1 ـ هاوپەیمانی چەپی ناوەڕاست

Coalizione di Centro Sinistra


لە 3 حیزبی سیاسی پێك هاتووە: پارتی دیموكرات Partito Democratico و سكرتێرەكەی پیێڕ لویجی بێرسانی Pier Luigi BERSANI كاندیدە بۆ سەرۆكی كابینە، چەپی ئێكۆلۆجیك و ئازادی Sinistra Ecologica Libert، پارتی سۆسیالیستی ئیتالیا Partito Socialista Italiano
بە پێی راپرسیەكان ئەگەری زۆری هەیە بیباتەوە و حكومەت دروست بكات.

2 ـ هاوپەیمانی راستی ناوەڕاست

Coalizione di centro-destra لە لایەن سیلڤیۆ بیرلوسكۆنی Silvio BERLUSCONI رابەرایەتی دەكرێت، لە 15 حیزب و رێكخراو پێكهاتووە، تا ئێستا كاندید بۆ سەرۆكی حكومەت یەكلایی نەكراوەتەوە، بێرلوسكۆنی دەلێ دەمەوێت وەزارەتی ئابوری وەربگرم. لە ئیتالیا بە یاسا قەدەغەیە كە دامەزراوەكانی دەولەت، كارخانەو كۆمپانیا گشتی و كەرتی تایبەت "بەرتیل، شیرینی، كۆمیشن"، بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستەكان، بدەنە كەسانی سەر بە دەولەت و كەرتی تایبەت لە ولاتانی "جیهانی سێیەم" كەچی بێرلوسكۆنی رۆژی 14/2/2013 لە كاتی مێزگردی هەلبژاردن بە كارێكی رەواو باشی لە قەلەمدا، ووتی ئەم دیاردەیە لە هەموو ولاتان هەیە، ئەگەر "بەرتیل" نەدەین ناتوانین هیچ گرێبەست و تەندەرێك ببەینەوە. ئەم هەلوێستە نوێیە ناڕەزایەكی گەورەی بەدوا داهات.




3 ـ هاوپەیمانی ناوەڕاست

Coalizione di centro لە 4 حیزب پێك هاتوە، ماریۆ مۆنتی Mario MONTI سەرۆكایەتی دەكات، بۆ هەلبژاردنی سێنات بەناوی لیستی "لەگەل مۆنتی بۆ ئیتالیا Con MONTI per lItalia". ماریۆ مۆنتی رەخنەی زۆری لێگیراوە لەبەر ئەوەی سەرۆكی كابینەیەكی تەكنۆكراتە نەدەبوایە بچێتە ململانێ سیاسی، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی دەمێكە بۆتە "سێناتۆری ژیان"، ئەگەری زۆر هەیە لە دوای ئەنجامی هەلبژاردن ئەم هاوپەیمانیە لەگەل "هاوپەیمانی چەپی ناوەڕاست" هاوپەیمانیەكی هاوبەش دروست بكەن.



4 ـ بزوتنەوەی 5 ئەستێرە

Movimento 5Sstelle رابەری ئەم بزوتنەوەیە هونەرمەندێكی شانۆ و كۆمیدی بەناوبانگی ئیتالیایە، بێپێ گریڵۆ Beppe GRILLO، 30 سالە ناچێتە TV و هەموو رێكخراوەكە لەرێ تۆڕی ئینتەرنێت خۆیان ناونوسكردوە و كاندیدەكانیش بە ئۆن لاین دیاریكراوە. بۆ ئەوەی ناونوسینت لەم بزوتنەوەیە قەبولبكرێت دەبێ "بەلگەیەگی دادگا" بهێنی كە زیندانی نەكرابیت و لە گەندەلی تێوەنەگلابیت. دیاردەیەكی نوێیە نەك هەر لەسەر ئاستی ئیتالیا، 3 مانگ پێش ئێستا لە هەلبژاردنی پەرلەمانی "هەرێمی سیقیلیا Regione Sicilia" كە ژمارەی دانیشتوانی لە 5 ملیۆن .زیاترە، یەكەم فراكسیۆن دەرچوون، مانگانەی ئەندام پەرلەمانەكانی سیقیلیا لە هی رۆما زۆرترە (12 هەزار یوڕۆ)، بڕیاریاندا تەنها 3 هەزار یوڕۆ وەربگرن و ئەویتریش بخەنە سەر كۆنتۆیەك بۆ خزمەتگوزاریەكانی سیقیلیا سەرفبكرێت.
ئەم بزوتنەوەیە لە كەسانی "توڕە و ناڕازی، دژی پارتیتۆكراسی" پێك هاتوە.
پێشنیاری دەرچوون لە یۆڕۆ دەكەن، بڕینەوەی مانگانەیەكی "مەعقول" بۆ هەموو كەسێكی بێكار. هەموو لایەنەكان لەم بزووتنەوەیە دەترسێن. بە كۆستەرێك لەم شار بۆ ئەو شار، لەم گۆڕەپان بۆ ئەو گۆڕەپان، بە پارە و داهاتێكی كەم هەلمەتی هەلبژاردن دەكات. تا ئێستا رێگەیان نەداوە رابەر و كاندیدەكانیان بەشداری كۆڕو مێزگرتی تەلەفزیرنی بكەن و بە كارێكی نەگەتیفی لە قەلەم دەدەن.



5 ـ شۆڕشی مەدەنی

Rivoluzione Civile لە لایەن دادوەرێكی بەناوبانگی دژ بە مافیا رابەری دەكرێت، ئەنتۆنیۆ ئینگرۆیە Antonio INGROIA. لە لایەن 6 پارت و رێكخراوی "چەپ" و كۆمەلگەی مەدەنی پشتیوانی دەكرێت، دروشمی "دەكرێ بیگۆڕین Cambiare si puo Change is possible. ئەم هاوپەیمانیەش لە هاوپەیمانی 1 نزیكە و ئەگەری كاری هاوبەش، لە نێوانیان، هەیە.



6 ـ روخانی ئیتالیا راگرن

Fare per fermare il declino لە لایەن رۆژنامەنوسێكی ئابوری، ئۆسكار جەنینی Oscar GANNINI رابەری دەكرێت و لە لایەن زۆر پڕۆفیسۆری ئابوری و دارایی و كۆمەلگەی مەدەنی پشتیوانی دەكرێت.



هەموو لیستەكان داوای كەمكردنەوەی باج و تاكس دەكەن، پێشنیاری دەرچوون لە دراوی یۆڕۆ یان هەمواركرنەوەی رێكەوتنی یۆڕۆ زۆن دەكەن كە لە ژێر هەیمەنەتی ئەلمانیایە.

پاش ئامادەكردنی لیستەكان، لە 30 و 29 رۆژ پێش رۆژی دەنگدان دەبێ لیستەكان بدەنە ئۆفیسی هەلبژاردن.

هەڵمەتی هەلبژاردن

هەلمەتی هەلبژاردن 30 رۆژ پێش ئەنجامدانی دەنگدان دەست پێدەكات، هەموو شارەوانیەكی گەورە و بچوك شوێن و كەرەسەی تایبەت دیار و ئامادەدەكەن بۆ ئەوەی هەر لیستێك پۆستەر و دروشمەكانیان تیا هەلواسن.
4 كەنالی تەلەفزیۆن و 3 كەنالی رادیۆی دەولەت لەم ماوەیە مێزگردی و كۆڕ بۆ لیستەكان سازدەكەن Tribuna elettorale هەموو لیستەكان هەل و كاتی وەكو یەكیان بۆ دەڕەخسێنن تا بەرنامەیی خۆیان بۆ هاولاتیان روونبكەنەوەو رێكلام بۆ خۆیان بكەن، ئەوەش بە پرنسیپی "هەلومەرجی وەكو یەك Par condicio" ناسراوە. مێزگردیەكان بە كۆمەل یان بە تەنها بۆ پەرپرسی لیستەكان سازدەكرێت، ژمارەیەك رۆژنامەنوس ئامادەدەبن و پرسیارو رەخنەیان ئاراستە دەكەن. بە هەمانشێوە لە كەنالەكانی كەرتی تایبەت پەیڕەوی ئەم پرنسیپە دەكرێت. لە كەنالە نا دەولەتیەكان، هەر لیستێك، دەتوانن بە پارە رێكلام بۆ خۆیان بكەن.
48 سەعات پێش پرۆسەی دەنگدان "بێدەنگی هەلبژاردن" دەست پێدەكات، هەموو جۆرە رێكلامێك قەدەغەیە.
هەندێجار دەنگدان تەنها بە لیست دەدرێت، جاری واش هەیە جگە لە لیستەكە دەكرێت ناوی یەكێك لە كاندیدەكانیش بنووسی، ئەمجارە تەنها دەنگ بە لیستەكان دەدرێت.
هەر شارەوانیەك پرۆسەی هەلبژاردن و دەنگدان و جیاكردنەوە ئامادە دەكات، لە شارەوانیەكان "لیستێك" هەیە و هەموو ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەیە دەتوانن ناوی خۆیان تۆمار بكەن. لەكاتی پێویست بۆ چاودێری و جیاكردنەوەی دەنگەگان بانگ دەكرێن، گرێبەستی 4 ـ 5 رۆژیان لەگەل دەكرێت. نوێنەری هەموو لیستەكانیش مافی ئامادەبونیان لە بنكەكانی دەنگدان و چاودێری و جاكردنەوەیان هەیە. لەكاتی تەواوبونی كاتی دەنگدان یەكسەر لە بنكەكان دەست بە جیاكردنەوەی دەنگەكان دەكرێت، هەموو كارمەندەكانی شارەوانی و نوێنەری لیستەكان، ئەوانەی ئامادەن، هەموو یەك یەك بیتاقەكان تەماشا دەكەن و تۆمار دەكرێن و هەموو لایەك دەبێ ئیمزای بكەن، پاشان دەنگەكان دەچنە بینایەی شارەوانی و لێرە خشتەی دەنگەكان بە فاكس و ئێمێل رەوانەی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێن، لە هەمانكاتیش خشتەكان لە شارەوانی رادەگەیەنرێن و هەلدەواسرێن. واتە هەر لە شارەوانی رێژەی دەنگەكان بۆ لیستەكان و كاندیدە براوەكان ئاشكرا دەكرێن.
زۆر ئەستەمە فڕتوفێل و تەزویر بكرێت و لەم 30 سالەی دوایدا شتێكی لەم بابەتە رووینەداوە.
لە ماوەی 24 سەعات ئەنجامەكان ئاشكرا دەكرێن و دەزانرێ كام لیست بردیتیەوە و كام هاوپەیمانی كابینە پێك دەهێنێت.
كۆمەكی حیزبەكان، تەنها ئەوانەی فراكسیۆن یان كورسی پەرلەمانیان هەیە، بریتیە لە گێڕانەوەی "پڕە خەرجیەك"ی هەلمەتی هەلبژاردن بە پێ رێژەی ئەو دەنگانەی بەدەستیان هێناوە

رۆلی رەوەندی كوردستانی لە هەلبژاردنەكان

بە تەخمین 5 هەزار كوردستانی لە ئیتالیا نیشتەجێن، كەمتر لە 20% مافی دەنگدانی هەیە، ئەو بەشە كەمەش هەلی گونجاویان بۆ نەڕەخساوە بەشداری پرۆسەی سیاسی، كۆمەلایەتی و كولتوری، وەكو پێویست، بكەن. لەبەر ئەوە ئاسان نیە كوردێك بەشداری هەلبژاردنی سیاسی و تەنانەت خۆجێیەكانیش بكات. بە پێ زانیاریەكان تەنها جارێك لە سالی 1997 بەندە (د. ج. خۆشناو) لە هەلبژاردنی شارەوانی شاری پیزە Pisa كاندیدی "هاوپەیمانی پێشكەوتوخوازان" بوو و سەركەوتنی بەدەست هێنا.

كوردستان و ئیتالیا

ئیتالیەكان، بە بەردەوامی لە سەرەتای هەزارەی دووەم، بە نیازی بلاوكردنەوەی ئایین، بازرگانی و گەڕان "گەڕۆكەكان" سەردانی ناوچە جیا جیاكانی كوردستانیان كردوە، فەزلێكی
زۆری ئیتالیەكان بەسەر كوردستانەوە هەیە.لە رێگەی نوسراوە ئیتالیەكان دەكرێت زۆرلایەنی شاراوەی مێژووی كوردستان بنوسرێتەوەو دەولەمەند بكرێت، ماركۆ پۆلۆ(1254ـ 1324زا)، لە كتێبە بەناو بانگەكەی "ملیۆنەك" یەكەم نوسەرە ووشەی "كوردستان"ی بەكار هێناوەو زۆر زانیاری بەسودی بۆ بەجێهێشتووین. یەكەم كتێب، لە مێژوو، لەسەر كورد چاپكرابێت بریتیە لە "رێزمان و قاموسی كوردی" كە لە سالی 1787 (رۆما) لە لایەن مەوریتسیۆ گەرسۆنی نوسراوە Maurizio GARZONI, Grammatica e vocabolario della lingua kurda گەرسۆنی بە "باوكی" زمانی كوردی ناسراوە. لە سالی 1818 كتێبێكیتر، هەمووی لەسەر كوردستان، لە لایەن جۆزێپێ كەمپەنیلێ، بە ناوی "مێژووی هەرێمی كوردستان و ئاینزاكانی" لە شاری ناپۆلی چاپكراوە Giuseppe CAMPANILE, Storia della regione del Kurdistan e delle sette ivi esistenti, Napoli, 1818. لە سالی 1863 ئەلێساندرۆ دێبیانكی، لە میلانۆ، كتێبێكی پر لە زانیاری و بەسود، بەناوی "گەشتەكانی ئەرمینیا، كوردستان و لازستان" چاپدەكات Alessandro De Bianchi, Viaggi in Armenia, Kurdistan e Lazistan, Milano, 1863. یەكێك لە دەستنوسە نایاب و دەگمەنەكانی "شەڕەفنامە" لە پەرتوكخانەیەكی ئیتالیایە. ئەمە مشتێكە لە خەروارێك. لەبەر ئەوە پێویستە سالانە ژمارەیەك خوێندكار رەوانەی ئیتالیا بكرێت، لە هەمانكات ئەركی لایەنی بەرپرسیارە، "وەزارەتی رۆشنبیری و ئەكادیمیای كوردستان"، لە خەمی ئەو سەرەوت و سامانە بن، هەولی كۆكردنەوەو پاراستنیان بدەن.
لە 2005 هەموو سالێك لەشاری هەولێر "پێشانگای ئیتالی" دەكرێتەوە، كارێكی باشە، مۆبیلیات، مۆدە، جل و بەرگ و خواردن و مەڕمەڕی ئیتالی پلەی یەكیان لەسەر ئاستی جیهان هەیە. رۆژ دوای رۆژ كۆمپانیاكانی ئیتالی روو لە هەرێم دەكەن، گرێبەستی كورسی قوتابخانەكان، دروستكردنی 3 سایلۆی نوێ، میترۆی هەولێر بە 2 ملیارد دۆلار، هەندێ كۆمپانیای دەرهێنانی نەوت دەستیان بەكار كردوە ... هتد. ئەگەر بێت بە پرۆسەو میكانیزمی شەفافدا بڕۆن و مەبەست زۆركردن و باشكردنی خزمەتگوزاری هاولاتیان بێت مایەی دەستخۆشی لێكردنە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە