بۆ كچێكی ڕەشپۆش

Thursday, 01/09/2011, 12:00

1737 بینراوە






ئەم هۆنراوەیە ساڵانێ لەمەوبەر نوسراوە وەسیەتی شۆڕشگێڕێكی شەهیدە بۆ عاشقەكەی بەداخەوە گوزارشت لەو ڕەوشە دەكات كەتاهەنوكە كوردستانی تێدایە

ئازیزەكەم

ئەگەر ئەوین دەتهێنێتە سەر گۆڕەكەم

تكادەكەم

بڕۆ وێڵبە بەدوای خوێنی گەشی ونما

لەسەر چیا بڵندەكان

لە هەوراز و لە نشێوا

لە ناوەندی سنورەكان

لە هەرخاكێ خوێنی منت دۆزیەوە

نەمامی هیوا بڕوێنە

هەر لەوێدا شورایەكی پۆڵاینی بەدەوردا بنەخشێنە.



ڕەشپۆشەكەم

ئەگەر ئەوین دەتهێنێتە سەر گۆڕەكەم

تكادەكەم

بڕۆ وێڵبە بەدوای بۆنی منا

لەجێژوانمان

لەبن بەرد و لە ئەشكەوتان

لە هەرجێیەك بۆنی منت ناسیەوە

تێر ماچیكە

یادەوەری ساڵانی زووی پێباسبكە.



ئازیزەكەم

ئەوێ ڕۆژێ من تامەزرۆی ئەوینت بووم

تكادەكەم ئەمێستاكە

بەدوای مانای ئەوینداری منا وێڵبە

ڕووە و ئاسۆ و كێوی بڕوا

ئەسپی هیوای لێتاوبدە.



ڕەشپۆشەكەم

من شەهیدبووم لەپێناوی ئازادی تۆ

تكادەكەم

وەفاداری خۆت بنوێنە

تادەتوانی ڕوو لە جیهان

پەیامەكەم بگەیەنە.



ئازیزەكەم

ئەگەر ئێستاش وەكو جاران خۆشت دەوێم

باگۆڕەكەم دوور بێ لەوان

باگۆڕەكەم سەنگەرت بێ بۆ بەرگری

دواسنووربێ بۆ نیشتیمان.

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە