کیژە مەحرومە بێنازەکانی بنەماڵەی بارزانی و سۆرانی مامە حەمە

Saturday, 21/07/2012, 12:00

2596 بینراوە


ئەی کیژە چاوجوانە ئەسمەر و پێست سپی و ڕەنگ گەنمەکانی بنەماڵەی بارزانی سڵاوتان لێبێت ، کە ئەم سیفەتانە بە باڵاو ڕۆخسارتاندا هەڵدەدەم هیچ کائینێک لەم ووڵاتەدا نازانێت ڕەنگی پێست و قەبارەی چاو و بەرزی و کورتی باڵاتان چەندە، ده‌زانم ته‌نانه‌ت قەدەغەیە شەیتانیش بێتە خەوتان ، پیاوم ئەوێت بە خەویش شەیتانی ببێت پێتانەوە.
 ئەی کیژە بێ ناونیشانەکانی بنەماڵەی بارزانی ..!
 هیچ نیگەران مەبن گەر کاتبی نفوسیش بە چاوی بەستراوەوە دەفتەر نفوسی بۆ دەرهێنابن مەگەر هاوەڵی مامانەکە بۆ خۆی بزانێت بە چ ڕەزالەتێک مامانەکە ناوکی دوای لەدایکبونتانی بڕێ بێت و بەترس و لەرزەوە لە ناوبێشکەدا قوماتی کردوون.
من دەزانم ئێوەی خوشک و کەسوکارمان لە ڕووبەری فراوانی تەلبەندکراوی سەری ڕەشدا لە زیندانی زیندانیترن، باش دەزانین ئێوەش خۆزگە دەخوازن وەک کیژانی بێمنەتی ئازادیی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و کەرکوک، کە دەچنە بازار بە کەماڵی خواستی خۆتان یەک تۆپەڵ بنێشتی کوردی لە سینیی گێڕێکی بنێشت فرۆش بنێشت بکڕن.
ئێوەی تەلبەندکراو بە ستەمی یەک بەیەکی پۆستدارەکانی بنەماڵەی بارزانی لە مەسعودەوە بگرە تا بچوکترین بەتەمەنی بنەماڵەکەتان، ڕێگەتان پێ نادەن بۆ کڕینی یەک لوولە گۆڵەبەڕۆژەش دنیای دەرەوەی ماڵەکانتان ببینن.
من لە ماڵە هەژارەکەماندا لە شاری کەرکووک خەریەکی نووسینی هۆنراوەیەکی نوێ بوم بۆ ئازادی کیژەکانی بنەماڵەی بارزانی، دایکم لەسەر بەرماڵەکە نوێژی بۆ تەمەن درێژی منی سۆرانی تەمەن بەهار دەکرد، جەڕەسی ماڵە داگیرکراوەکەمان لێیدا، بەرەو دەرگاکە چووم، کە دەرگاکەم کردەوە لوولەی کڵانشیکۆفی سیخوڕێکی بنەماڵەی بارزانی کە لە دوای ئاشبەتاڵەوە بە خەویش شەیتانی نەبوبوو بە کەرکوكەوە خڵتانی خوێنی کردم.
من خەونی ئازادکردنی کیژانی بنەماڵەی بارزانیم سپارد بە هاوڕێم سەردەشت عوسمان و هەموو ئەوانەی خەریکی بنیاتنانی شانەی نوستوو بوون بۆ شوڕش و ڕاپەڕین.

ڕزگار ساڵح
ئەنیشخەدە
٢١-٧-٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە