ئیزرائیلەکەی بارزانی و تاڵەبانی

Sunday, 22/05/2011, 12:00

1353 بینراوە






یەکێتی لەدایک بووی پەرچەکرداری کەموکوڕی و هەڵەو تاوانی نیشتمانی پارتی بوو . پەشیمانی ئاغای تاڵەبانی لەڕابردووی و پەشیمانییە لە بوون لەپێناو هەڵەو تاوانی نیشتمانی .
ساڵی ١٩٩٣ وەزیری ناوخۆی فەرەنسا ، لەسەر گەندەڵی لێپێچینەوەی لەگەڵ کرا، دادگای باڵای ئەو وڵاتە یەک ملوێن دۆلاریان بەسەردا ساخکردەوە ، لەو کەینوبەینەدا ڕۆژێک لەگەڵ شۆفێرەکەی ڕوو لەدارستانێکی نزیک پاریس دەکات . جەنابی وەزیر دادەبەزێت و داوا لە شۆفێرەکەی دەکات : چاوەڕوانی بکات و تۆزێکی تردەگەڕێتەوە ، پاش کەمێک تێپەڕبوونی بەنێو دارستانەکە ، شۆفێرەکەی گوێبیستی تەقەیەک دەبێت ، ئەویش یەکسەر پۆلیس ئاگاداردەکاتەوە . کاتێک پۆلیس دێنەسەری ! تەماشادەکەن فیشەکێک بەسەروەیەتی و بەدەمانچەکەی خۆی ! خۆی کوشتوە ... ئەم مرۆڤە خۆی کوشت و کۆتایی بەتەمەنی خۆی هێنا لەپێناو ئەوەی چیتر نەکەویتە بەردەم پرسیارەکان ، چیتر لەبەرامبەر گەل ونیشتمان پچوکتر و پچوکتر نەبێتەوە ... بەڵام لەلای ئێمە حیزبەکان سەروەتەکانیان بێژومارە ، سەرانی پارتەکان ڕۆژبەرڕۆژ سەروەتەکانیان هەڵدەچێت ، ڕۆژ نییە گوێمان لە وشەی گەندەڵی نەبێت ، چونکە ئەمانە وەک جەنابی وەزیر بەهەست و خۆبە بەرپرسیار نازانن ، بۆیە گوێمان لە خۆکوشتن و کۆتایی تەمەنی هیچ سەرکردەو وەرزیرێک یان بەرپرسێکی ئەم نیشتمانە لای ئێمەنابێت ....
پاش ئاشبەتاڵ ، سێ گروپ و ڕێکخراو بوونیان هەبوو بۆ بەردەوامی شۆڕش . کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ڕێکخراوێکی سیاسی نێهینی بوو لەمەیدانەکەدا کاری ڕێکخراوەیی دەکرد ، لەساڵی ١٩٧٠ دامەزرا ..
لە ١٧/٥/١٩٧٥ دا هەشتاوحەوت کادری پارتی دیموکراتی کوردستان ، لەشاری ئورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبونەوە ، بریاریاندا هەنگاوبنێن بۆ پارتێکی شۆڕشگێر وەک ئەڵتەرناتیڤێک بۆ پارتی . بەڵام بەربەستی گەورە لەبەردەمیان ، ئێران و بنەماڵەی بارزانی بوو ، پاش ئەوەی پرسیان بەبارزانی کرد ئەویش ڕێی پینەدان ، بەناچاری بڕیاری خۆ بەدەستەوەدانیان هەڵبژارد بەڕژێمی ئەوسای عێراق تالەوڕێیەوە دەست بەکاری نهێنی بکەن و پاشان بیر لە خەباتی چەکداری بکەنەوە ..
گروپی سێهەم چەند گەنجێکی خوێنگەرم لەناوچەی باڵەکایەتی و قەندیل دوور لە ڕێکخراوەیی یاخی ببوون لە حکومەت و درێژەیان بەخەباتدا ..
قسەکەی ئاغای تاڵەبانی کەچەند جارێک لە چەند موناسەبەتێکدا دووبارەی دەکاتەوەو دەڵێت : پەشیمانم لەجیابوونەوەم لەبارزانی . ئەم وتەیە دەمان خاتە کەناری ئەو گومانەی کە دامەزراندنی یەکێتی بەشێک بێت لەو گەمەسیاسەی سەرەداوەکە بە فاکتی ڕاستیەکە دەگەیەنێت ، کەکۆتایەکەی پەشیمانییە .. ئەم ڕستەیە پێکهاتەی وشە نییە ، بەڵکو ماسییەو لە گۆمی پیلاندا مەلە دەکات . دەمان گەیەنێت بەو پەرتوکە تۆز لێهەڵنیشاوەی کەلە ناو شۆڕشدا هەر ڕۆژەی ڕستەیەکی دەنوسرایەوەو بەچرپەچرپ و بۆڵەبۆڵی نێو کۆڕو کۆبونەوەکانی تاک بەتاکی پێشمەرگە دەوترا .. کارەساتی هەکاری دەستی تاڵەبانی لەپشت بوو !!! شەهیدکردنی ئارام دەستی تاڵەبانی لەپشت بوو !! شەهیدکردنی مامەڕیشە دەستی تاڵەبانی لەپشت بوو ‌هتدد !! ..ئەم وشانە لەلایەن هاوڕێیانی کۆمەڵەوە ئەوساتانە بەگویماندا دەدرا کەشۆڕشگێران بووین ، بەڵام ئەوسا بەچەوتی تێی دەگەیشتین و ئەمڕۆ بەڕاستی بۆمان دەردەکەوێت ...
یەکێتی لەناوچەی سەوزدا لەدایک بوو ، لەوەدەچێت هەر لەویاشدا کەنەفتی سەرجێگابێت ،، چۆن ؟ ..
کێ تاوانباری کۆتایی هێنانی ئەو ڕیکخراوەی کە نزیک بەچل ساڵ تەمەنیەتی (هەڵەکان ، یان لەنێو تەمومژی پیلان و دەستی ڕەشدا ، یان هەر لەسەرەتاوە بۆئەوە دروست بوو کە تەمەنی کۆتایی بێت) ؟؟..
تاڵەبانی بەنەفەسێکی درێژوو بەپاڵپشتێکی ناوخۆیی و دەرەکی گەیشتە ئەو ڕستەیەی کەپەشیمان بێت لە ڕابردووی ، سەرەتای ئەم ڕستەیە لەوەدەچێت لەپێش لەدایک بوونی یەکێتیدا نوسرا بێت و دوواپیتیشی بۆپێش ماڵئاوایی هەڵگیرا بێت !!.
لەهەڵەیەکدا دەشێت پەشیمانی بچێژرێت، بەڵام بۆ مێژوویەک خۆکوشتن و دەروازەی پڕگومانە . هیج کەسێک لەپشت داڕمانی یەکیتییەوە نییە ، جگە لە سازش و هەڵەسیاسییەکانی تاڵەبانی نەبێت .. ئەوانەی زوو درکیان بەم سازشەی تاڵەبانی کرد ، خۆیان پاراست لەچارەنوسێکی ڕەش ... یەکێتی لەهەناوی هەڵەو کەموکوڕی و تاوانە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی پارتییەوە لەدایک بوو ، شیاو نییە سازش لەسەربنەمای بکرێت و پەشیمانی بخوازیت بۆ مێژویەک کە پڕبێت لەهەڵەوکەموکوڕی و تاوانی نیشتمانی..
بزوتنەوەی گۆڕان لەو دەروازەوە سەری دەرهێنا کەیەکێتی چووە قاوخەکەی خۆی ، ئێستا هەمان تواناو کەفوکوڵی گۆڕاندن بەهەمان فۆڕمی هەستانەوەو گڕبەشەوەزەنگی پاش ئاشبەتاڵ بەجەستەی گۆڕان دەسپێردرێت ؛ هەمان کێش و نرخی هەستانەوە ، چەمکی ململانییەکان و یەکلایکردنەوەی گەمەکە لەئەستۆی گۆرانە ، کردنەوەی دەروازە جیهانە داخراوەکە لەدەستی گۆڕانە . دەکرێت گۆڕان چی بکات و لەکوێی چارەنوسی سیاسی و نیشتمانی و نەتەوەی کوردەوە بێت ؟ ..
..یەکێتی و شەڕی ناوخۆ..
یەکێتی بەدرێژایی تەمەنی تا پێش ڕوخانی سەدام هیچ کاتێک نەلەڕووی سیاسی و نەلەڕووی سەربازییەوە لەبەرامبەر پارتیدا شکستی نەهێناوە ، هەمیشە بڵانسی هێز بەلای پارتیدا تێک شکاوە . بەمێژووی جەولەی شەڕی ناوخۆی پاش ڕاپەڕین پارتی پەنای بۆ داگیرکەران بردوەو هێزی ناوچەکەی کردۆتە بەشێک لە ململانییە ناوخۆییەکە. چەندین جار پەنای بۆ تورکیا بردووە لەپێناو بڵانسی هێز ، تائێستا پاشماوەی ئەو هێزانە لەناوچەکانی بامەڕنی و کانی ماسی و سەری ڕەش لە سەرخەرجی قوتی خەڵکی کوردستان بەردەوامن لەپارێزگاریکردنی پارتی . بۆردومانی قەڵادزێ و ناوچەی هەورامان و هەڵەبجە ، بەشە هاوکاری ئێران بوو بۆ پارتی بۆ بڵانسی هێز . پەنا بردنی پارتی بۆ تورکیا و ئێران خەونی پارتی نەهێنایەدی ، بەڵکو پەنای بەناو دوژمنە سەرسەختەکەی برد کەسەدامە ، لە٣١ ئابدا هێزێكی گەورەی دوژمن بەتانک و زرێپۆش و چەکی قورسەوە پەلاماری هەولێریاندا ، لێرەدا بڵانسی هێز بۆلای پارتی گۆڕا ، چارەنوسی شەڕ بۆ پیلان و بەشێک لەشەڕی ساردی نەجەنگ و نەئاشتی ملی نا .
یەکێتی لەماوەی شەڕی ناوخۆدا پەنای بۆهێزی دوژمن نەبرد لەڕووی یارمەتی مرۆییەوە ، ئەوەی ڕوویدا لەهینانی پاسدار بۆ سەربارەگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان / ئێران بوو ، نەک بۆ تێگلاندنی شەڕی ناوخۆی خۆی و پارتی .

.. پارتی و شەڕی ناوخۆ..
پارتی وەک هێزێکی سیاسی و نیشتمانی لە هاوکێشە نەتەوەییەکاندا بەکردار بوونی نییە ، ستارتیجی پارتی شاڕێی ڕزگاریی نیشتمان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا نییە . بەڵکوو بیری پارتی زاڵکردنی بنەماڵەو دەسەڵاتێکی دەستەودەستە . هەموو دروشم و هەنگاوە نیشتمانییەکانی بۆئامانجی تەسکی بیرکردنەوە ستارتیجییەکەیەتی کە کۆیدەکاتەوە لە خاڵێکدا، ئەم خاڵە لەپاش ١٧ شوباتەوە خستییە سەر تەبەڵەو بەرزی کردەوە ..
پارتی وەک حیزب هێندەی فۆڕمی هەوڵگری و بەکارهاتووی هەڵگرتووە وەک هێزێکی سیاسی و ڕێکخراوەیی بوونی نییە . هیچ کاتێک ڕەفتاری سیاسی یەکناگرێتەوە نەلەگەڵ حیزب نە گەڵ نیشتمان .. نەیتوانییوە وەک خۆڕست ببێتەوە حیزب و هێزێكی نیشتمانی . لەڕووی ڕێکخراوەییەوە هیندەی پەنای بردووە بۆ ترساندن و تۆقاندن نیوهێندە پەنای نەبردووە بۆ کۆکردنەوەی خەڵک لە ڕێگای بیری نیشتمانی و ڕێکخراوەییدا . پارتی لەپاش ئاشبەتاڵ (دە) هێندەی لەشکری دوژمن کوردی کوشتووە ، ئەوە ئەو ئاراستەیە کە پارتی جیا دەکاتەوە لە ناوەڕۆکی نیشتمانی نەتەوەیی . پارتی زۆر بەئاسانی توانیویەتی بەهۆی گرێبەستە نهێنییەکانییەوە دوژمنانی گەلەکەمان ڕاپێچی بەرەی جەنگی خۆیی و هێزە کوردییەکان بکات و بەپەیامێکی تۆقاندن و بە میدیایەکی گەورە فاکتی نانیشتمانی خۆی بکاتە نیشتمانی ..

کۆتایی گەمەکە

بەهۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە ، لەگەڵ ئەزمونی تێڕوانەکان بۆ چل ساڵەی دەسەڵاتی ئەم دوو هێزە ، لەوە نزیکمان دەکاتەوە کە لە پیسیدا نەشونما دەکەن و لە پاکیدا کۆتایی بەتەمەنیان دێت .. شەڕی ناوخۆ پیسترین و نابەجێترین هەنگاوی نامرۆڤانەو نا نیشتمانیانەی ئەم دوو هێزەیە کەتیایدا نەشونمایان دەکرد و درێژەیان بەتەمەنیان دەدا ؛؛ بۆیە بەهەر ئاڵۆشییەکیان لەبەرامبەر هەنگاوێکی سیاسی و یاساییدا بادەدەنەوەو خالێک دادەنێن و دەست بە بەردەوامی بونیاتی خۆیان دەکەن کەشەڕی ناوخۆیە ...
دیموکراسیی ئەو جوبرائیلە ڕۆح هەڵكێشەیە کەسیاسەت ناردویەتی بۆ سەرانی دیکتاتۆر ، لەم چەمکەدا ژیانەوەو کۆتایی هاتن بەدی دەکرێت ، ژیانەوە بۆ گەلانی داخراو و کۆتایی هاتن بۆسەرانی تاکڕەو و نانیشتمانی . باهۆزی دیموکراسی لەبن دەرگای کورددایە ، بە دیوێکیاندا لەئامەدەباشیدایە بۆڕۆحکێشانی بیرو ئەفکاری دەسەڵاتی تاكڕەوی ئەمڕۆی کورد ، بەدیوەکەی تریشدا بەهاندێکی زێڕینە بۆتاکی کورد کەخۆی بناسێت و بەرچاویشی ڕوونبێت لەوەی دەسەڵات لەچ خەمێکی سیاسی خۆیایدایەو و ئەمانیش لەکوێی هاوکێشە نەخشەبۆکێشراوەکەدان ..
دیموکراسی لەکوردستان بۆتە تۆپکی ژیانیی و مەحاڵە چیتر بتوانین لەوە زیاتر قبوڵی وتارە ڕەنگینەکانی دەسەڵات و مەهزەلەی سیاسی چەندین ساڵەی کەڵەکەبوویان بکەین . ئیتر ناتوانین ڕوو بۆ دواوە وەرگێڕین و بەچاوی ڕێزەوە بۆ تاوانە سیاسی و ئیداری و نانیشتمانیەکانی ئەوان بڕوانین . ناشکرێت سەرۆکێک بەفێڵ و خەش بێتە سەر حوکم و ناوی لێ بنێن سەرۆکی شەرعی . ناتوانین لەبەرامبەر وشەی تەزویرو سەرکردەی تەزویردا سەرچۆک بکەوین . ئەوسا لەوەتێدەگەین و بەرچاومان ڕوونە کە پارتی و یەکێتی چین و چ ماڵێكن لە مەیدانی سیاسی کوردستانا . دەبینین جگە لەو سەدو چلوپینج هەزار لەشەکر و ئاسایش و هێزی بەناو دژەتیرۆرەی ناوچەی بەناو سەوز کەبەزۆر ڕاپێچی سەرسندوقەکان دەکڕێن و بەدڵی ئەوان دەنگ دەبێت بدەن .. پارتی هەوپەیمانیشی بەهەمان شێوە ، ئەوەی لەوان دوورە تەنها مرۆڤی نۆرماڵی ئەم وڵاتەیە ، ئەوانەن کەبەهیج شێوەیەک ئەمانەیان پێ قبوڵ نییە ، خاڵی زۆرینە تەنها تەزویرە ، لێرەدا تەزویر بۆتە سوناسی دەسەڵات و بەلوتکەی مەبەستی دەگەیەنێت ، بۆتە لەجیاتی و بەناشەرعی وەکیلی خەڵکە و لەباتی ئەوان دەنگ دەدات .
لەدیموکراسیدا وەکالەتی دەنگدان نییە ، کۆمەڵێک تەوەر هەیە کەدەسەڵاتی هاوشێوەی ئەم دەسەڵاتە شمولییەی لای ئێمە لێی ڕێگرە ، وەک سەرژمێری و ئالییەتەکانی ئاسانکردن و سەربەستکردن و چاودێری وورد بۆ دەنگدان ، ئەمە پردی یەکەمی نزیک بوونەوەی مەرگی دەسەڵاتە. بەنیشتمانکردنی هێزی چەکدارو پۆلیس و ئاسایشە ، دەربازبوونی کاڵاکانی نیشتمانە لەگورگی حیزبدا ، ئەوە پرسی دووەمی نزیک بوونەوەی مەرگی ئەوانە .. دامەزراندی دادگایەکی باڵای نیشتمانی ئازاد ، کەتاوەنبارانی ئێستاو ڕابردو داهاتوو نیشتمان تیا تۆماربکرێت ، ئەمەش پردی سێهەمە .. هۆشیاری تاکی کورد لە بوجەو بە شەفافکردنی بوجە ، ئەمەش پردی چوارەمە .. لەنێوان دیموکراسیدا مرۆڤەدڕندەکان و مێشک غەشەکان بۆسەر پردی مەرگ دەچن و خەونی پڕ چاوچنۆکییان کۆتایی دێت و فتیلەی تاوان و ژیانی تەزویریان دەکوژێتەوە ..

خۆشخەیاڵن یان خۆشخەیاڵین

جەمال موبارەک ڕووبەڕووی پرسیارێک دەبێتەوە: ئایا لەپاش ئەوەی لەهەڵبژاردنی ئەمدواییەدا % ٩٠ دەنگەکانتان هێنا ، نەتان دەزانی کەگەلەکەتان بەو شێوەیە لێتان بێزارە. لەوەڵامدا دەڵێت نەخێر ئێستاش باوەڕ ناکەم .. کابرا دەپرسێت ئێستاش باوەڕناکەیت ، لەوەڵامدا دەڵێت : بەڵێ ...
بەڵێ ئێمە خۆش خەیاڵ نیین بەڵکو واقع بینین ! دەبینین و شیتاڵی دەکەین لەبیرمان نەچووە ، هەڵبژاردنی یەکەمی ساڵی ١٩٩٢ پارتی و یەکێتی زیاتر لە
دوو ملوێن دەنگ و ڕەنگیان هەبوو لە کوردستان ، ئەوسا و ئێستا لە ڕووی سەرژمێرییەوە ، ئێستا و ئەوسا لە ڕووی ڕێزو خۆشەویستی بەدوواچونی خەڵک بۆ ئەوان . ئەوساو ئیستامان لەڕووی تێگەیشتن و تێنەگەیشتنمانەوە . ئەوسا و ئیستامان لەگەڵ خۆش باوەڕیمانەوە ، ئەمانە ئەو پۆنتانەن کەلەسەرەتاداین بۆئەوەی لە ئێوە بیزار ببین و تێتان بگەین . لەدوای ڕاپەڕینەوە تا هەڵبژاردنەکانی ٢٥ /٧/ ٢٠٠٩ تێتان نەگەیشتبین ئەوا ئێستا تێتان دەگەین کە بەرنامەو تێڕوانتان بۆ ئێمە چییە ؟ .. دەبینین لەناوچەی سەوزدا لەئێستادا گەر بەحوکمی عەسکەرتارییەت نەبێت ئێوە بەدیموکراسییەت ناشەرعین ، ئێوە لەوناوچەیەدا بەو 145000 چەدارەی کەهەتانە بەناشەرعیانە 287000 دەنگتان هێنا لەبەرامبەر زیاتر لە ملوێنێک دەنگ . پارتی لە ساڵی ١٩٩٢ دا لەپارێزگای دهۆک دا دووهێندەی سەرژمێریی دانیشتوانەکەی دەنگی هێنا ، گرنگ ئەوەیە تێتان نەگەیشت بووین ! ئەوا تێتانگەیشتین ،، شێڕمان بۆ بگرن هەر بەترسنۆکتان دەزانین و زەمەنی باوەڕکردن بەسەرچوو ..

 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە