هێرۆ خان دەرزى ئاژەنین بۆ تاله‌بانی بكە!

Monday, 03/09/2012, 12:00

1766 بینراوە


پاش ئەوەى چەند دەفتەر دۆلاریكى لەگەڵ خویدا بردەوە دكتۆر هۆرجۆنى ئەكتەر دووبارە هاتەوە سلێمانى ئەمجارە بەتەنیا نییه‌ بەڵكو تیمیكى پزیشكى هیناوە بۆ سەردانى نەخوشخانەكان و كردنى دەرزى ئاژەنین بۆ نەخوشەكان، هەر ئەمەش واى كرد لە 29/8 رۆژانە نەخۆشى داماو روو ئەكەنە مەلبەندى ڕاهینان بۆ ئەوەى دەرزى ئاژەنینان بۆ بكرێت بەڵام بەختەوەر ئەو كەسەیە كە كەسێك لە تەندروستى بناسیت بۆ ئەوەى واستەى بۆ بكرێت سەرەى بۆ پیشبخریت به‌ڵام ئایا نەخۆش بەیەكجار چارەسەرى نەخۆشیەكەى بۆ ئەكریت ؟
بە كارێك لە سلێمانی لەجادەى قەناتەوە گوزەرم كرد قەرەبالغیەكى زۆر زۆر هەبوو بینم لە سەرشەقامەكە چەندین ئوتومبیل جام تاریكى رەقەم هەولێر لەبەردەم نەخوشخانەى راهینانى سروشتى وەستابون لەگەل ئۆتومبیلیكى پۆلیسى فریاكەوتن و ئۆتومبیلى جەنابى وەزیرى تەندروستى جگە لەوەى خەڵكیكى زۆر لەو ناوە بوون كاتیك پرسیارم كرد وتیان ئەوە هۆرجونى ئەكتەرو تیمە پزیشكییەكەن خەریكى دەرزى ئاژەنین بۆ نەخۆش تا ئیرەو گریمان واى دابنین ئەمە شتێكى ئاساییە كە هەرچەندە ئاسایی نییه‌ بۆیە لەو راوانگەیەوە دەمەوێ تیشك بخەمەسەر چەند خالێك :
1- ئەگەر زانستى پزیشكى لەكۆریا هیندە پیشكەوتووە بۆچى دادە هیرۆى خانمى یەكەمى مەڵبەند تیمێكى پزیشكى كۆرى بۆ تاله‌بانى مێردی ناهێنێته‌ قەڵاى سەوز بەدەرزى ئاژەنین چارەسەرى نه‌خوشییه‌کانی تاله‌بانی بكات لەجیاتى ئەلمانیا كەوا نزیكەى دوومانگەدا بارودۆخى نائارامى سیاسیى عیراق و كوردستانى جێ هێشتووە بە بیانووى چارەسەرەوە لە ئەلمانیایە؟ یان بۆچى تاله‌بانی رووى نەكردە كۆریا، چونكە برواو متمانەى بە سیستەمى تەندروستى و توانستى پزیشكانى كورد نییه‌؟
2- وەزیرى تەندروستى و بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى سلێمانى تەنها بۆ ماستاو لە پیناوى بەرژەوەندى شوێنى كارەكانى خویان بەجێ هیشتووە دواى هۆرجونى ئەكتەرو تیمە پزیشكیە كەى كەوتوون، چونكە ئەوانیش دەیانەویت فیرى ئەو زانستە بن كە كورییەكان هەیانە لە بوارى ئاژەنین و سودى لى ببینن لە بوارەكانى خویاندا بۆنمونە كاكى جەنابى وەزیر دەیەوێت ئیتر لەوزەتێن بە دەرزى ئاژەنین چارەسەر بكات و كاكى بەڕێوەبەر دكتور میران ئیواران لە كلینكى راوێژكارى حكومى نەخۆشیەكانى پێست لە ڕێگەى دەرزى ئاژەنینەوە چارەسەربكات . قسە قسە ئەهێنیت دەكرێت لێرەوە پرسیار لە كاكى بەڕیوەبەر بكەین بە چ رێنماییەك ئیواران لە كلینكى ڕاویژكارى دەوام ئەكەیت مانگى بۆ دووسەعات كاركردن زیاتر ملیونیك دینار دەخەیتە گیرفانتەوە كاتیك رینماییەكان ڕیگات پى نادات ئەو كارە بكەیت؟
3- لەم خاڵەدا پرسیاریك لە پزیشك و ستافى تەندروستى ئەكەم چۆن ئەوە قبوڵ ئەكەن وەزیرى تەندروستى و مەڵبەندى رێكخستنى سلێمانی بەبیانووى بانگهیشت كردنى ئەم تیمەوە كە تەنها لە پێناوى پەردە پۆش كردن و سەردانى یەكەمجارى هۆرجۆن لە لایەن خانمى یەكەمى مەلبەندەوە كە دەنگدانەوە و پەرچەكردارێكى سلبى هەبوو لەسەرى تەنانەت بووە جیگەى رەخنەى زۆر ئەو هەموو خزمەتە پیشكەش بە چەند بیگانەیەك ئەكەن هەر لە ئۆتومبیلى ئاخر مودیل و خواردن و شوێنى حەوانەوە ...ئایا ئەوان چییان پێیە لە بوارى زانستى پزیشكى لەوەى ئێوە زیاتربێت؟ ئایا ئەگەر تیمێكى ئێوە لە پزیشك و كارمەند رووبكەنە كۆریا ئەوەتان بۆ ئەكرێت؟ یان تەنها مەبەستیانە تانە لە بەهرەو تواناى زانستى پزیشكى ئێوە بدەن .... بەڵگەشم بۆ ئەم قسەیەم وەزیرى تەندروستى لە دیمانییه‌كى ئاوێنە مەگەزین دەڵێت: (حەز بەوە دەكەم، كە هەموو پزیشكەكانى كوردستان بە چەشنى پزیشكەكەى زنجێرە دراماى كۆرى (پزیشكى ئەفسانەى هۆرجۆن) مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكاندا بكەن .

ئەمەش لینكى هەواڵه‌کە:

د. رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید: له‌ناو وه‌زیره‌ قه‌ڵه‌وه‌كاندا له‌پله‌ی‌ دوهه‌مدام


4- كێ دەڵێت ئەم تیمەى هاتوونەتە سلێمانى پزیشكن ؟ كى بڕوانامەكانیانى بینوه‌؟! تابزانین پزیشكن یان شتێکی تر؟ با بزانین ئه‌وانه‌ لە چ بواریك تایبەتمەندن، که‌وا خزمەتى خەڵكى خۆیان بەجێ هیشتووە رایانكردووە بۆ سلێمانى خزمەتى خەلكى بیگانە ئەكەن بەبى بەرامبەر؟ ئایا ئیمە وەكو نەتەوەى كورد چ میژوویەكى هاوبەشمان هەیە لەگەل كۆرییەكاندا؟ یان چ پەیوەندییەكى وامان هەیە تا وا لە چەند پزیشكیك بكات بێن خزمەتى خەڵكى ئێمە بكەن بە بێ بەرامبەر؟ ئەگەر وایە بۆ تەنها دێنە سلێمانی؟ ئەى وه‌زیری ته‌ندروستی بۆ بیری له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌ که‌ ئه‌و وه‌زیری هه‌رێمه‌ ، نه‌ک هی سلێمانی؟ بۆ داوای نه‌کرد ئه‌وانه‌ بێنه‌ هه‌ولێر و ئه‌م چۆته‌ لایان؟ بۆ نەخۆشەكانى هەولێرو دهۆك بۆ بێبەش بن لەم زانستە گرنگەى چارەسەركردنه‌ بەڕێگەى دەرزى ئاژەنین؟
له‌ كۆتاییدا قسەم ئەوەیە كە ئەگەر لەتیروانینى وەزیرى تەندروستى و بەڕێوەبەرى تەندروستى و هیرۆ برایم ئەحمەدەوە بێت، که‌ تەنها بەیەك جار كردنى دەرزى ئاژەنین چارەسەرى تەنانەت شیرپەنجەش ئەكرێت، كەواتە دەبێت بلیین خوا رەحم بە سیستەمى تەندروستى ئەم هەرێمە بكات لە سەردەستى ئەمانه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە