لەبەرامبەر فەرامۆشكردن و پشت گوێ خستنى شارى كۆیەو ناحیەكانى

Saturday, 12/02/2011, 12:00

757 بینراوە


كۆمەڵەى كارى دیموكراتى بەیاننامەى كۆمەڵەى كارى دیموكراتى
لەبەرامبەر فەرامۆشكردن و پشت گوێ خستنى شارى كۆیەو ناحیەكانى
سەرۆكایەتیەكانى هەرێم پەرلەمان حكومەتى كوردستان
جەماوەرى سەربەرزى شارى كۆیەو ناحیەكانى سنورى قەزاى كۆیە
كەس و كارى شەهیدان و ئەنفال كراوان
روناكبیران ..ڕۆشنبیران ...هونەرمەندان
لاوان و گەنجانى قوربانى بارودۆخە ناهەموارەكان
خوێندكاران و قوتابیان
سیاسەت مەداران و كاربەدەستانى پەروەردەى فەرهەنگ و ئەدەبیاتى كۆیە
ڕێكخراوەكانى كۆمەڵگەى مەدەنى
لاى هەموان ڕون و ئاشكرایە شارى كۆیە یەكێكە لە شارە دێرینەكانى كوردستان ، ئەم شارە خاوەن زانست و زانیاریە فەرامۆشكراوە زیاتر لە4000 ساڵ تەمەنیەتى،سەردەمانێك شارى كۆیە لیوا بووەو مەڵبەندێكى گەورەى بازرگانى نێوان نەك تەنها پارێزگاكانى كوردستان بووە بەڵكو ڕۆلى بازرگانى كۆیە لەعێراق بەگشتى كارى گەرى خۆى هەبووە و كاروان سەرای بازرگانە گەورەكانى ناوچەكە بووە ,بەڵگەش بۆئەم راستیە شوێنەوارە مێژوویەكانى كۆیەن بەنموونە چوارتاقانى كۆیە.
شارى كۆیە لەروى سیاسیەوە پێگەى پێگەیاندنى دەیان و سەدان سەركردەى دیارى كوردستان و عێراقی ئێستابووە .
لەڕوانگەى ئاینیەوە كۆیە رەمزى پێكەوەژیانى ئاینەكانى ئیسلام و جولەكەو مەسیحى بووەو دەیان كەڵەزاناى وەك (مەلاى گەورەى كۆیەو مەلاقادرى سێگردكان و مەلا محمدامین چۆم حەیدەریە.
لەروى ئەدەبیاتەوە ئینكارى ناكرێت كۆیە ناوبانگى شارى ئەدەب و هونەرى بۆ خۆى پچریوەو لەومەیدانەشدا بەكردار توانیویەتى ئەسپی خۆى تاوبدا ، حاجى گەورە شاعر و دڵدارى ئەی رەقیب و تایەر تۆفیق و مامەسێوە ناسنامەى بوونى ئەم ئەدەبیاتەن.
لەرووى قوربانى دانەوە كۆیە قوربانى دەستى ڕژێمە فەرمان رەواكانى عێراق بووە،لەسەردەستى ڕژێمە دیكتاتۆرەكانى عێراق كۆیە كراوە بەناحیەو تەق تەق بەلادێ و دێگەلەش لەگەل زەوى تەخت كرا.
كوردستان بەگشتى شایەتى ئەو راستیەن كەلەڕوى قوربانى شەرى ناوەخۆش ، كۆیەو ناحیەكانى دەوروبەرى بەهۆی هێلى تەماسی نێوان هەردوو ركابەرى ئەو كات گەورەترین زەرەرمەندى ئەو شەرە نەویستراوە بوون .

بەڕێزان.......
بەڵێنى یەك لەدواى یەكى بەرپرسەباڵاكانى هەرێمەكەمان و جێ بەجێ نەكردنى ئەو بەڵێنانە و بگرەپشت گوێ خستنیان و خوێندنەوەمان بۆ ئەو مێژووە پڕاو پڕ لە سەروەرى و قوربانیدانە زادەى نوسین و لەدایك بوونى ئەم بەیاننامەن و هیچی تر.....
لەساڵى 1993 و لە كۆبوونەوەیەكى فراوانى بەرپرسێكى سیاسی لەهۆلى لاوانى كۆیە ،بەڵێنى بوون بەپارێزگاى كۆیە بەخەڵكى كۆیە درا،ئەمە مشتێك بوو لەخەروارى بەڵێنەكانى بەپارێزگا كردنى كۆیە لەكاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەكاندا، بەڵام ئەم بەلێنانە نەك تەنها جێ بەجێ نەكرا بەڵكو بەیەكجارى ئەم بەڵێنەو خزمەتكردنى كۆیە فەرامۆشكرا.هەربۆیە ئێمە لە كۆمەڵەى كارى دیموكراتى وەك لێپرسراویەتى سەرشانمان ، كە كۆیە بەخۆمان و خۆشمان بەكۆیە دەزانین ئەم بەیاننامەیە بڵاو دەكەینەوەو بڵێنیش دەدەین كەچیتر لەئاست ئەم فەرامۆشكردنە بێدەنگ نەبین.
جەماوەرى ئازیزى شارى كۆیە ....
تەق تەق ى تێكۆشەر ...ناحیەكانى شۆرش و ئاشتى و سێگردكان و سكتانى خاوەن ئەنفال و شەهید....
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ئەنجومەنى وەزیرانى حكومەتى هەرێمى كوردستان بریارى دا هەڵەبجەى شەهید و رانیەى دەروازەى راپەرین و سۆران بكات بە ئیدارەیەكى سەربەخۆ .ئێمە وێراى دەست خۆشیمان بۆ ئەم بڕیارەى حكومەتى هەرێمى كوردستان ،لەهەمان كاتیشدا پیرۆزبایی زۆرمان بۆ ئەم سێ ئیدارەیە ڕادەگەیەنین و بەمافێكى رەواى ئەوان و بەئەركێكى لەمێژینەى حكومەتى دەزانین.ئەوەى لەم بڕیارەدا وەك كەموو كورتى بینیمان و دەمانەوێت قسەى لەسەر بكەین و لێی بێ دەنگ نەبین ، فەرامۆشكردنى شارى كۆیە بوو لەم بڕیارەدا كەنەك وەك خۆیان بەڵێنیاندابوو نەكرا بەپارێزگا، بەڵكو ئیدارەیەكى سەربەخۆیان پێ رەوانەبینى ، جیا لە هەموو كوردستان تائێستا كۆیە وەك قەزاكانى تر سەیرناكرێت و لەزۆر لایەنەوە ئاسەوارى دووە ئیدارەیی پێوە دیارە .
شارى كۆیە زۆرى بە حكومەت بەخشیوەو حكومەت كەمى پێ بەخشیوە ......ڕۆژانە بەبەر چاوى هەموو خەڵكى ئەم شارە و لەناو دلى شارەكەدا نەوت دەردەهێندرێت و بەتانكەر بەرەو سنورەكان دەروات ، كەجگە لە ژینگە پیس كردن و بۆن و وێرانكردنى ڕێگاكانى نەبێت هیچى ترى بۆكۆیە نیە .
لەم بەیاننامەیەدا كۆمەڵەى كارى دیموكراتى ئەم چەند خاڵە دەخاتە ڕوو تادەسەڵات بەخۆى دا بچێتەوەو ئاوڕى ئاوەدانكردنەوە لەشارى كۆیەو دەوروبەرى بداتەوە.
1. پێویستە شارى كۆیەش وەك هەریەك لەم سێ ئیدارەیەى سەربەخۆییان پێدراوە وەك ئیدارەى سەربەخۆ ڕابگەیەندرێت و ئاسەوارى دووئیدارەیی تیایدا نەهێلدرێت.
2. شارۆچكەى تەق تەق بكرێت بەقەزاو بەڵێنى لەمێژینەى دەسەڵات بۆ كردنى بەقەزا جی بەجێ بكرێت.
3. هەوڵبدرێت وەك هەر ناوچەیەكى ترى عێراق سیاسەتى پیترۆ دۆلار لەسنورى قەزاى كۆیە جێبەجێ بكرێت.
4. ئەوپرۆژانەى لەروى كشتوكالى ناوچەكانى هەولێرو سلیمانى و دهۆكى گرتوەتەوە ، وەك سندوقی پلاستیكى و كارگەى كشتوكاڵى ستراتیژى و كارگەى پێستەو لەقتونان و پرۆژەى گەورەى بەخێوكردنى ئاژەل ، سنورى كۆیش بگرێتەوەو ئاوڕێكى بەپەلە لە خەلكى زولم لێكراوى لادێكان بدرێتەوە.
5. ئاوردانەوەو چارسەركردنى خراپی ڕێگاو بان و تونێلى هەیبەسولتان و باشكردنى ئاوو كارەبا و دروستكردنى پارك لەناو شار و ناحیەكان.
6. پێك هێنانى لیژنە بۆلێپرسینەوە لە بەرپرسانى كەم تەرخەم لەئاست پرۆژەكانى تەواو نەكردن و شكست هێنانى(پاركى هەواوان- وێران بوونى پاركى هاموون- ڕێگاى كۆیە هەرمۆتەو ڕێكاى دوو سایدى دەم رەزان تەوانەبوونى پرۆژەى ئاوى بۆگد كۆیە لەوادەى خۆى -تونێلى هەیبەسولتان تەواو نەكردنى پرۆژەى جوانكار سەرچاوەى ئاوى حەمامۆك .
7. بەجێ گەیاندنى بەڵێنى دروستكردنى خانو بۆ كەسوكارى ئەنفال كراوان و مۆنۆمێنتى ئەنفال لەدەشتى كۆیە.
لەكۆتاییدا كۆمەڵەى كارى دیموكراتى داوا دەكات بە زوترین كات بەدەنگ ئەم خاڵانەوە بێن و كۆیەى تورەو نیگەران لەحكومەت و دەسەڵات ئاشت بكەنەوە ، لەگەڵ بڵاوكردنەوەى ئەم بەیاننامەیەش كۆمەڵە هەڵمەتى واژوو كۆكردنەوە دەست پێدەكات و داوا لە هاوڵاتیان دەكات هاوكارى تیمەكانمان لە گەرەك و ناو شارى كۆیەو ناحیەكانى سنورەكەبكەن تازۆرترین ئمزا كۆبكرێتەوە ، لەهەمانكاتدا دواكارین لە ڕێكخراوەكان و دەزگاو دامەزراوەكانى كۆمەڵگاى مەدەنى بەنوسراو پشتیوانى خۆیان بۆ ئەم بەیاننامە دەربرن و هەلوێستى پشتیوانى دەربڕن.
لەكاتى پێویست و بەدەنگەوەنەهاتنى داواكاریەكانى ئەم بەیاننامەیە كۆمەڵەى كارى دیموكراتى پەنادەباتە بەر خۆپیشاندان و سەرجەم ڕێگاكان لەپێناو خزمەتكردنى خەلكى تێكۆشەرى ئەم سنورەو ڕێگەنەدان بەچی تر فەرامۆش كردنیان .
سەركەوێ ئیرادەى پۆڵاینى خەڵكى كۆیەو ناحیەو لادێكانى سنورەكە
بەرەو ئیدارەیەكى سەربەخۆ بۆ شارى كۆیە
هەرسەركەوتوو بن

كۆمەڵەى كارى دیموكراتى
كۆمیتەى تەنفیزى
كــۆیـــە
11/2/2011


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە