ئێلخانیزادە و موهتەدی هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵەیەکی نوێ دەدەن؟

Saturday, 01/02/2014, 12:00

1807 بینراوە


گومان لەوەدا نییە پارچە بونی هەرحزبێکی کوردی زیانێکی گەورەی سیاسی گەیاندوە بە دۆزی گەلەکەمان لە هەموو بەشەکانی کوردستان. بەڵام بەداخەوە زۆر جاریش کارەکتەرە سیاسیەکانی کورد خۆیان بەدەستی خۆیان دوژمنیان کردوەتە دۆستی خۆیان کاتێک هەستیان بە خۆیان کردوە شکستێکی گەورەیان بە دۆزی گەلەکەیان گەیاندوە، سەرئەنجام گەیشتونەتە ئەو بڕوایە دەبێت کارەکتەرە سیاسیەکانی کورد هەمووکات بەدوای سازشی نەتەوەیی و یەک بوندا بگەڕێن و هیچکات دوژمنانی گەلی کورد بە دۆستی کورد نەزانن.
ماوەیەکە لێرەو لەوێ دەبیسترێ و دەبینرێت هەوڵەکانی لە یەک نزیکبونەوەی هەردوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەردەوامە، بەڕێبەرایەتی (عومەری ئیلخانیزادە و عەبدوڵڵای موهتەدی) بەڵام نازانرێت ئایا ئەو هەوڵانە کە لەلایەن هەردوو باڵی کۆمەڵەوە دراون و دەدرین تاچەندە، توانیویانە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبرچاوبگیرێت؟ و خاڵی هاوبەشان تیا بەدی بکرێت بۆ یەک خستنەوەی ڕێزەکانی ماڵی کۆمەڵە؟
گەلی کورد لە هەلومەرجی ئێستادا پێویستی بەیەکگرتنەوەو یەکخستنەوەی نێوماڵی ڕێزەکانی هەموو حزبە کوردستانیەکانی هەرچواربەشی کوردستان هەیە بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. یەک خستنەوەی نێوماڵی کورد و ڕێزەکانی نێو حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەئێستادا وەکو زەرورەتێکی سیاسی پێویستە سەرجەم حزبەکانی ڕۆژهەڵات ڕاوەستەی لەسەر بکەن و کاری جیدی بۆ ئەو مەسەلەیە بکرێت بەکردار نەک بە گوتار، ئەمەش بەشێوەی دیالۆگێکی نەتەوەیی و یەکتر قبوڵکردن دەبێت و هاوکات نابێت هیچ حزبێکی سیاسی لەوی تر خۆی بەگەورە بزانێت و بڵێت من نوێنەری تەواوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم چونکە ئەوە ڕاست نییە و هەڵەیەکی گەورەیە لە بیرکردنەوەی سیاسیدا. دیاری کردنی حزبی یەکەم و پڕ جەماوەرترین حزب لە داهاتوودا و لەنێو گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەبینرێت و دەردەکەوێت، نەوەک لە دەرەوەی ڕۆژهەڵات.
کۆمەڵە و هەموو حزبە سیاسیەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کورستان هەموو پێگەوخەباتی سیاسی خۆیان هەبووە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی کۆمەڵە و دیموکراتی ساڵانی ئینقلاب و دوای ئینقلاب، بەداخەوە کە ئێستا پێیان دەوترێت کۆمەڵەکان و دیموکراتەکان. کۆمەڵە و دیموکراتی ڕابردوو لەگەڵ کۆمەڵەکان و دیموکراتەکانی ئێستا لە ڕووی پێگەو خەباتی سیاسیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان، جیاوازیەکی زۆریان هەیە. بۆیە ناکرێت پێگەوخەباتی سیاسی کۆمەڵەو دیموکراتی ساڵانی ڕابردوو فەرامۆش بکرێت، ناشکرێت کۆمەڵەکان و دیموکراتەکانی ئەمساڵانەی دوای بەچاوی کۆمەلەو دیموکراتەکانی ڕابردوو سەیربکرێن.
گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمووکات چاوەڕوانی لە یەک نزیکەبونەوەو یەک خستنەوەی نێوماڵی ڕێزەکانی حزبەکانی ئەوبەشەی وڵاتن. بۆیە دەنگۆی لە یەک نزیکبونەوەی ڕێزەکانی هەردوو باڵی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بەڕێبەرایەتی عومەری ئێلخانیزادە و عەبدوڵڵای موهتەدی هیوایەکی نوێ ئەبەخشێتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. پێشموایە یەک خستنەوەی ڕێزەکانی ماڵی کۆمەڵە دەبێتە وەرچەرخانێکی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، هاوکات هیوایەکی گەورە بە ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبەخشێت.
شەپۆلی گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەئایندەیەکی دوور یا نزیک ئێرانیش دەگرێتەوە بۆیە دەبێت هەرچی زووترە هەوڵ بدرێت بۆ یەک خستنەوەی نێوماڵی ڕێزەکانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەوەی هەموو هێزەسیاسیەکانی ڕۆژهەڵات لەبەرەیەکدا بتوانن مافەڕەوا ئینسانیەکانی گەلەکەمان لەڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستەبەر بکەن، بەپێچەوانەوە هیچکات گەلەکەمان ناگاتە مافەڕەواکانی خۆمان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە