کاکی گه‌نده‌ڵ له‌ سه‌ره‌وه‌ی یاسایه‌ -به‌شی سیهه‌مم- کۆمه‌ڵایه‌تیی و سایکۆلۆژیی"دز ئه‌گه‌رده‌سه‌لاتدار بێت ساحێب ماڵ ده‌گرێی"

Monday, 02/05/2011, 12:00

1324 بینراوە





دڕێژه‌ی بابه‌تی کاکی گه‌نده‌ڵ. ئه‌و به‌رپرسه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌ باسه‌که‌ی له‌گه‌ڵ من که‌ له‌ به‌شی دووهه‌م دا خوێندتانه‌وه‌ گوتی که‌ ده‌بێت شوکری خواکه‌م که‌ خۆمیان نه‌گرته‌وه‌، بێشک ئه‌م وشه‌یه‌ وشه‌یه‌کی کورته‌ به‌ڵام واتاکه‌ی(مانا) باسێکی زۆرهه‌ڵده‌گرێ.
په‌ندێکی کوردی هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت کاری خراپ مه‌که‌و له‌ خوداش مه‌پاڕێره‌وه‌، لێره‌دا بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که‌ ئه‌گه‌ر کارێکی خراپ نه‌که‌یی پێویست به‌ پاڕانه‌وه‌ له‌ خواش ناکات و خوا سزات نادات به‌ڵام له‌ یاسایی گه‌نده‌ڵه‌کاندا ئه‌گه‌ر تاوانیش نه‌که‌یت دیسان ده‌تووانن مرۆڤ وه‌ک تاوان بار سزا بده‌ن.

هه‌ر وڵاتێک به‌گوێره‌ی گه‌شه‌یی فیکری و کۆمه‌لایه‌تی دانیشووانی ئه‌و وڵاته‌ یاسایه‌ک ده‌نووسێته‌وه‌ و به‌ پێی ئه‌و یاسایه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌و چوارچێوه‌ جوگرافییایه‌ هه‌لسوکه‌وت ده‌که‌ن و هیچ وڵاتێک نییه‌ که‌ بێ یاسا بێت یان خۆ له‌ یاساکه‌یاندا یاساییی بێت که‌ مرۆڤێکی بێتاوان سزا بده‌ن مه‌گه‌ر هه‌ڵه‌یه‌کی لێکۆلینه‌وه‌یی له‌ ئاراد دا بێت.
گه‌لی کوردیش له‌ کوردستاندا وه‌ک به‌شێکی ئه‌م گلوباڵه‌ (جیهانه‌) بێشک یاسایه‌کی هه‌یه‌ و له‌و یاساش دا نه‌نووسراوه‌ که‌ به‌رپرسانی حوکمه‌تی ئه‌گه‌ر پێیان خۆش بێت ده‌تووانن خه‌ڵکی بێتاوان سزا بده‌ن یان مافی ڤێتۆیی یاسایان هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌ر له‌ وڵاته‌ دا که‌ کوردستان بێت به‌رپرسێکی ئاسایش ئه‌و هه‌قه‌ به‌ خۆی ده‌دات که‌ به‌ هاووه‌ڵاتییک یان گه‌شتیارێک بڵێت شوکری خواکه‌ که‌ خۆت نا‌گرین. لێره‌دا ئه‌و که‌سه‌یی که‌ ده‌ڵێت شوکری خواکه‌ که‌ فلان شت رووی نه‌دا له‌ واقعدا له‌ وشه‌ی خوا وه‌ک وه‌سیله‌یه‌ک که‌ڵک وه‌رده‌گڕێت و له‌ ڕووانگه‌ی وردبینییه‌وه‌ ده‌ڵێت شوکری من یا گه‌نده‌ڵی سه‌ره‌وه‌ی من بکه‌ که‌ ڕێگات پێده‌دین تا هه‌ناسه‌ به‌کێشیت، ئه‌وه‌ له‌ بیرنه‌که‌ین که‌ هه‌موو گه‌نده‌ڵێک بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتووانێت له‌ کاری گه‌نده‌ڵی خۆی دا سه‌رکه‌وتووبێت، ده‌بێت گه‌نده‌ڵ په‌روه‌ریش کات چوونکه‌ هیچ که‌س ناتووانێت به‌ ته‌نیا گه‌نده‌ڵیکات و له‌و کاره‌ دا بۆماوه‌یه‌ک سه‌رکه‌وتوو بێت.

هه‌روه‌ک له‌ سه‌ره‌وه‌ باسکرا هه‌موو وڵاتێک یاسایه‌کی هه‌یه‌ به‌ڵام له‌ وڵاتانی جیهانیی سێهه‌م دا یاسا کتێبێکی به‌سته‌زمانه‌ که‌ ڕێزی خۆیی نییه‌ و زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ که‌ به‌شێوه‌یه‌ک کارمه‌ندی کاروباریی کۆمه‌ڵایه‌تین یان له‌گه‌ڵ مرۆڤ سه‌روکاریان هه‌یه‌ نازانن له‌و کتێبه‌ دا چ نووسراوه‌، له‌وه‌ش ده‌چێت که‌ زۆربه‌یان نه‌زانن ئه‌ندازه‌یی ئه‌و کتێبه‌ که‌ ناوی یاساییه‌ چه‌نده‌، خودی ئه‌م ناشاره‌زاییه‌ له‌ زۆر بواردا کێشه‌ خوڵقێنه‌ و هۆکارێکه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و کاربه‌ده‌ستانه‌ خۆیان به‌ یاسا بزانن.
بۆ نموونه‌ کابرایه‌کی گه‌شتیاری ئه‌مریکایی ده‌ڕوات بۆعێراق بۆ به‌سرا و له‌وێ تووشی کێشه‌یه‌ک ده‌بێت بۆ سکاڵا ده‌ڕواته‌ لای به‌رپرسێکی ئه‌و شوێنه، ئه‌م دوو مرۆڤه‌ یه‌کتر ناناسن و له‌ دوو ‌‌روانگای جیاوازه‌وه‌ باس ده‌که‌ن، کابرایی ئه‌مریکایی بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌ عێراق وڵاتێکه‌ و به‌ دڵنییاییه‌وه‌ هه‌ر نه‌بێت هێندێک یاسایی خزمه‌تگوزاریی کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌یه‌ و ئه‌م به‌رپرسه‌ش که‌ سه‌روکاری له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌‌ به‌ گوێره‌ یاسا کومه‌ڵایه‌تیی ئه‌م وڵاته‌ له‌گه‌ڵم ده‌جووڵێته‌وه‌ و به‌پێی ئه‌و بیرکردنه‌وه‌یی خۆی له‌گه‌ڵ کاکی به‌رپرس ده‌دوێت، به‌ڵام به‌رپرسی جێگای باس کابرایه‌که‌ که‌ روانگه‌ و مه‌نتیقی له‌ قۆناغێکی دیکه‌دایه‌ و له‌عاله‌می خۆی دا ده‌ژی و کاتێک کابرایی ئه‌مریکایی باسی وشه‌ی یاسا ده‌کات پێی وایه‌ ده‌سه‌ڵات وهێزی لێزه‌وت ده‌کات، ڕووانگه‌ی کاکی به‌رپرسی ده‌سه‌ڵاته‌که‌یه‌تی که‌ به‌ هستی پێشوویی ... له‌و ده‌سه‌ڵاته که‌ڵک وه‌رده‌گڕێت و‌ وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌. مرۆڤ دوو گوێ و یه‌ک ده‌می هه‌یه‌ یانی ده‌بێت بتووانێت ئه‌ونده‌ که بڕیارده‌دات و قسه‌ده‌کات دوو ئه‌ونده‌ گوێ بدات، به‌ڵام به‌رپرسانی وڵاتانی دواکه‌وتوو به‌ ده‌ستوردان بارهاتوون گوێکانیان ته‌نیا له‌کاتی تاریف له‌ خۆیان یان بۆ وه‌رگرتنی بابه‌تی دژی گه‌لی وه‌ک سیخوری له‌ پێناو خۆشخزمه‌تی دا ئاوه‌ڵایه‌ و تووانی بیستنیان هه‌یه‌. له‌ هه‌رحال دا ئه‌م دوو مرۆڤه‌ ناتووانن باسێکی ڕێکوپێکی یان هه‌بێت و له‌ ئاکامدا شێوه‌ به‌رخوردێک له‌ نێوانیاندا ڕووده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کابرای فه‌رزی ئه‌مریکایی شانس یاریکات و به‌رپرس فه‌رزی شاره‌زایی له‌ کاروباری کۆمه‌ڵایه‌تیی دا هه‌بێت له‌ دیالۆگه‌‌که‌ له‌زه‌ت ده‌بن و کێشه‌یه‌کیش ڕوونادات.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ له‌ کوردستاندا هێندێک که‌س شاره‌زایانه‌ یان ساکارانه‌ به‌مه‌به‌ستی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هه‌رچه‌شنه‌ ناره‌زایه‌تییه‌ک ده‌ڵێن ئه‌و خه‌ڵکه‌ چاوه‌ ڕووانن که‌ کوردستان ببێت به‌ ئوروپا!!
من کابرایه‌کی کوردم ئه‌گه‌ر هه‌زار ساڵی دیکه‌ بژیم و ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بم دیسان من کوردم و کولتووری خۆمم هه‌یه‌ و خۆشم به‌ خزمه‌تکاری شوانێکی کوردیش ده‌زانم و جێگوشوێنی خۆم له‌ خواره‌وه‌ی هه‌موو تاکێکی به‌شه‌ره‌ف ومرۆڤ دۆستی کورد ده‌بینمه‌وه‌، ژیانم له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان شتێکی زۆره‌ملێه ‌و قه‌ت بابه‌ته‌ رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی کوردستان و ئه‌و ژنیگه‌ که‌ خۆم تێدا ده‌ژیم تێکه‌ڵ ناکه‌م و‌ ئاواش بیرناکه‌مه‌وه‌ که‌ کوردستان ده‌بێت له‌م قۆناغه‌ دا وه‌ک ئوروپا بێت و ده‌زانم ئه‌گه‌ر وه‌زع ئاوا پێش بڕوات سه‌د ساڵی دیکه‌ش هه‌ر کۆرپه‌یه‌ و وه‌ک ئه‌مریکا و ئوروپایی ڵێنایه‌ت به‌ڵام ئه‌وه‌ ئاواتی منه‌ که‌ کوردستان له‌ ئوروپاش پێشکه‌وتووتربێت. جاڕێکیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان رۆیشتم بۆ دوکانێک بۆ کڕێنی مه‌وادی خوارده‌مه‌نی کابرایه‌کی ناسراوم بینی که‌ یه‌ک ‌عه‌ره‌بانه‌ مریشکی نێزیک به‌ ئیکسپایر بوونی کڕێ بوو خه‌ڵکیش به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌یر ته‌ماشایان ده‌کرد و منیش ئه‌و کرده‌وه‌م پێگران بوو له‌ کابرام پرسی له‌وه‌ ده‌چێت که‌ گرانی هاتبێت به‌ڵام من ئاگادارنه‌بم، له‌ جواب دا گوتی بۆ پێت وایه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ نازانن من کوردم، ئه‌وه‌شم لاگران بوو، گوتم ئه‌وه‌ تۆ له‌ ڕووانگه‌ی خۆته‌وه‌ کورد ته‌ماشا ده‌که‌یت به‌ڵام ئێمه‌‌ له‌ نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ که‌متر نیین، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌م هه‌بێت که‌ کوردستان وه‌ک ئوروپا بێت گوناهم نکرده‌وه‌ ده‌تووانن چاوێک به‌ مێژو و تاریخی کورد دا بگێرن که‌ به‌ته‌مه‌ن تر له‌ ئه‌مریکایه‌ و له‌ مێژه‌ باسی سوسیالیزمی علمی، کاپیتالیزم، دیموکراسی و سه‌ربه‌ستییان کرده‌وه‌، که‌وابێت ئه‌گه‌ر لاوێکی کورد چاوه‌ڕوانییه‌کی ئه‌وتۆیی هه‌بوو نابێت پێمان وابێت که‌ گوناهێکی گه‌وره‌ی کرده‌وه‌، ئێمه‌ش ده‌تووانن ئوروپا و ئه‌مریکایه‌کی گونجاو له‌گه‌ڵ کولتوور و ئه‌و چوارچێوه‌ جوگرافییایی خۆمان دروستکه‌ین به‌ مه‌رجێک ڕێگامان بده‌ن تا هێندێک ئاڵوگوری فیکر پێش بێنین و ده‌ستی چه‌پاوچی له‌ وڵاته‌که‌مان کۆتا که‌ین.

ئه‌و پرسیاره‌ بۆ من زۆر گرنگه‌ که‌ بزانم بۆچی بۆ کوردێک، عه‌ره‌بێک یان هه‌رکه‌سێکی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست گوناهه‌ که‌ چاوه‌ڕوان بێت وڵاته‌که‌یی عه‌داڵه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی تێدا بێت و یاسا سه‌روه‌ر بێت، داخۆ کێشه‌ له‌ چ دایه‌؟
کابرایه‌کی ئوروپایی و کابرایه‌کی عه‌ره‌ب هه‌ر دووکیان مرۆڤن و له‌ باری فیزیکییه‌وه‌ وه‌ک یه‌که‌ن، ره‌نگی ره‌ش و سپی هه‌ر دووکیان هه‌ر ره‌نگن، به‌ڵام بۆ ده‌بێت ره‌نگی ره‌ش به‌ ناشیرین چاوی لێکرێت و ره‌نگه‌کانی دیکه‌ به‌باش، بۆ ده‌بێت بۆ کابرایه‌کی ئوروپی یان ئه‌مریکایی باس له‌ یاسا به‌ جێبێت به‌ڵام بۆ کابرایی عه‌رب عه‌یبه‌؟ کێشه‌ له‌ چ دایه‌؟
من ده‌ڵێم ئه‌مه‌ پرۆژه‌یه‌کی نادیاره‌ (نامه‌رعییه‌) بۆ مه‌به‌ستێکی تایبه‌تی و، به‌ده‌ستی فراسیونێک له‌ مافیایی ناوچه‌یی یان دسپوتیسمه‌وه‌ وسازکراوه‌ بۆ به‌رده‌وام کردنی ده‌سه‌ڵاتی چه‌وسێنه‌ره‌وه‌ی خۆیان، ئه‌و دسپوتیسمانه‌ هاوبیرانییان فیکری خه‌ڵک سه‌رکووت ده‌که‌ن، له‌ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی وشه‌کان وه‌ک میکانیزمێک که‌ڵک وه‌رده‌گرن تا خۆیان حوکمه‌ت که‌ن، هێندێک خه‌ڵکیش هۆشیارانه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان یان ساکارانه‌ له‌م گه‌وره‌کردنه‌وه‌یی دا هاوکاریتان ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن خۆ زۆرنابات که‌ په‌لتان ده‌گرن و فڕیان ده‌ده‌نه‌ ئه‌شغاڵدانی مێژو وه‌ و له‌ شوێنه‌که‌یان مه‌نتیق یانی مرۆڤی ئاکادیمیک داده‌نێن تا ئه‌گه‌ر منیش خراپ بیرم که‌رده‌وه‌ ئه‌و له‌ ڕێگای مه‌نتیقه‌وه‌ وابکات که‌ خۆم بدۆزمه‌وه‌، نازانم ئوروپا چی هه‌یه‌ واکوردستان، ئێران وعه‌ره‌بستان نییانه‌؟ ئه‌م که‌موکورییانه‌ که‌ی چاره‌ سه‌ر ده‌کڕێن و چۆن؟

دڕێژی ته‌مه‌ن و چه‌رمه‌سه‌ری ژیان ئه‌و ئه‌زموونه‌یان به‌ من به‌خشێووه‌ که‌ وه‌ک کابرای فه‌رزی ئه‌مریکایی بیرم نه‌که‌مه‌وه‌ و ئاگاداری خۆم بم، به‌ڵام ئه‌وه‌ بیرکردنه‌وه‌ی کاکی گه‌نده‌ڵ بوو که‌ له‌گه‌ڵ ئاره‌زوه‌کانیدا به‌رخوردیانکرد، به‌کورتی و کوردی چاوه‌ ڕووانی کاکی گه‌نده‌ڵ له‌ مامه‌ پیره‌ ئه‌وه‌ بوو که‌ کڕنۆشی بۆ به‌ڕێت و بڵێت گه‌ورم خۆمم خزانته‌وه‌ته‌ گه‌نده‌ڵخانه‌که‌ت که‌ به‌ گه‌وره‌یی خۆت یارمه‌تیی ئه‌م خزمه‌تکاره‌یی خۆت بده‌یت و کێشه‌که‌م چاره‌سه‌رکه‌یت، به‌ڵام مامه‌ پیره‌ وشه‌ی یاسای به‌زاردا هات که‌ له‌گه‌ڵ هه‌ستی ده‌روونی کاکی گه‌نده‌ڵ که‌ خۆی له‌ سه‌ره‌وه‌ی یاسا ده‌زانی یه‌کیان نه‌گرته‌وه‌، یان خۆ ده‌بێت له‌ هه‌ڵوێستێکی ئاوا دواکه‌وتووانه‌ وه‌ک میکانیزمێک بۆ چاوپۆشیکردنی من له‌ دوربینه‌که‌ که‌ڵکی وه‌رگرتبێت.
زۆربه‌یی به‌رپرسانی ئێستاکه‌ی ده‌سه‌ڵات ئاوا بار هاتوون ئاواش بیر ده‌که‌نه‌وه‌ و ناتووانن وبۆیان سه‌خته‌ که‌ هێندێک وشه‌ قبووڵ که‌ن، کاکی گه‌نده‌ڵ هه‌روه‌ک خوی باسی کرد یاسا و ڕێسا هه‌ربۆ خۆیه‌تی و هه‌ر چۆن که‌ پێی خۆش بێت واده‌کات و ڕوونه‌ کاتێک که‌ من باسی یاساکه‌م یانی سه‌روه‌رێک به‌ناوی یاسا بۆ ئه‌و دروست ده‌که‌م ئه‌وه‌ش له‌ حاڵێکدا که‌ چه‌ند که‌سی دیکه‌ له‌ ژوره‌که‌دابن.
کاکی گه‌نده‌ڵ له‌گه‌ڵ هستی ده‌رونی خۆی ده‌که‌وێته‌ مناقشه‌ و له‌ ئاکامی ئه‌و مناقشه‌ ده‌روونییه‌ دا پێکدادانێکی فیکری له‌ مێشکی دا ڕووده‌دات، به‌کورتی له‌ مێشکی خۆیدا گوتوویه‌تی بروانه‌ ئه‌م مامه‌ پیره‌ چه‌ند ڕووداره‌ وا لای من که‌ وه‌ک یاسا جێکه‌وتووم باسی یاسا ده‌کات و ئه‌گه‌ر له‌م قبووڵ که‌م ئه‌وانه‌ش که‌ گوێگرن پڕڕوو ده‌بن، یان خۆ باسکردن له‌ یاسا له‌ لایه‌ن کابرایه‌کی نه‌ناسراوه‌وه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌و چه‌ند که‌سه‌دا به‌ سه‌رشۆڕیی بۆخۆی ده‌زانێ و له‌ ئاکامی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ دا ناتووانێت به‌ سه‌ر هستی ده‌رونی خۆی دا زاڵ بێت و ده‌ڵێت شوکری خواکه‌ که‌ خۆت ناگرین و به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێ کردنی فیکری ناپاکی کاری ئاسایشه‌کانی کۆنیرۆڵی پاسپۆرت له‌ فڕۆکه‌خانه‌دا به‌ئه‌ستۆ ده‌گڕێت و داوای پاسپۆرته‌که‌ی من ده‌کات.
ئه‌و وشه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێت شوکری خواکه‌ خۆت ناگرین شتێکه‌ که‌ له‌ ده‌رونی ئه‌و گه‌نده‌ڵه‌ دا ده‌ڵه‌ ده‌کات (ده‌ڵاندنی نهێنی ده‌رونی ئه‌وه‌) به‌کورتی یانی ئه‌و مرۆڤه‌ له‌و کارانه‌ی کرده‌وه‌ و ئه‌زموونی ته‌واوی له‌و کاره‌دا هه‌یه‌.

کابرایه‌ک به‌منی گوت واباشه‌ ده‌ست له‌ گه‌ڕان به‌ دوای ئه‌و دوربینه‌ دا هه‌ڵگرم، پرسیارم کرد بۆچی، وتی کاکی خۆم کێشه‌یه‌کت بۆ دروست ده‌که‌ن، پرسیارم کرد مه‌سه‌له‌ن چۆن، گوتی ئه‌وانه‌ له‌ سازکردنی په‌روه‌نده‌ بۆ خه‌ڵک ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ و زۆرکه‌سی بێتاوان و بێکه‌سیان بێچاره‌ کرده‌وه‌ و ئه‌گه‌ر لوله‌یه‌ک تریاک له‌ گیرفانت خه‌ن چ ده‌که‌یت!؟
ئیمکانی هه‌یه‌ که‌ ئه‌و کابرا وا ڕێنمایی منی ده‌کرد بۆخۆی هیچ تاوانێکی وای به‌ چاوی خۆی نه‌دیتبێت و ئه‌وه‌ی وه‌ک شایعه‌یه‌ک له‌و‌ کۆمه‌گادا بیستبێت، به‌ڵام هه‌ر شتێک که‌ له‌ کۆمه‌ڵگادا ناوبانگی هه‌بێت ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌ک بوونی"شی" هه‌بووبێت. ئه‌گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌کی ڕوون تر مه‌به‌ستم باسکه‌م ده‌بێت بڵێم به‌داخه‌وه‌ کاکی گه‌نده‌ڵ و گه‌نده‌ڵه‌کانی وه‌ک ئه‌و هه‌رنه‌بێت له‌و کۆمه‌ڵگادا شێوه‌ کێشه‌یه‌کی ده‌روونیان دروستکرده‌وه‌ که‌ ئاکامی نیگه‌تیفی له‌سه‌ر تاکی بێده‌سه‌ڵاتی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ‌داناوه‌ و بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واره‌ مه‌نفییه‌کانی ده‌بێت زۆر پرۆژه‌ی شاره‌زایانه‌ سازکڕێت تا ترسی ده‌سه‌ڵاتدارانی گه‌نده‌ڵ له‌ سه‌رشانی خه‌ڵکی بێده‌ڕه‌تان که‌مکڕێته‌وه‌.
له‌ ڕووانگه‌ی منه‌وه‌ ئه‌و گه‌نده‌ڵانه‌ی که‌ وه‌ک کاکی گه‌نده‌ڵ ده‌که‌ن هه‌موویان ده‌بێت وه‌ک تاوانبار مه‌حکه‌مه‌ کڕێن، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و تاوانبارانه‌ ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه‌ و بێتاوانان و بی ده‌سه‌ڵاتان مه‌حکه‌مه‌ ده‌که‌ن.
ئه‌م بڕگه‌ باسه‌ پێویستی به‌ باسی زیاتر هه‌یه‌ به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی که‌ خوێنه‌رانی به‌ڕێز زیاتر ماندونه‌که‌م کورتم کرده‌وه‌.
چاوه‌ڕوانی به‌شی چواره‌م بن له‌ ژێرناوی کاکی گه‌نده‌ڵ له‌ سه‌ره‌وه‌ی یاسایه‌" لێدوان و چاوه‌ڕووانیی"
ماندونه‌بن.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە