فرسەتی ئاشتی و هەنگاوەکانی تورکیا‏

Thursday, 10/12/2009, 12:00

1455 بینراوە


پێش هەموو شتێک دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم قسەو باس و جوڵانەوەی دەسەڵاتدارانی تورک و باس کردنیان دەربارەی پرسی کورد، ‌‌خەڵاتێک یاخود دیارییەک نیە کە ئەوان بەگەلی کوردی ببەخشن، بەڵکو ئەم باسکردن و دان پیادانانە بە کورددا لە ئەنجامی‌ خەباتی بێ وچانی گەلی کوردی تێکۆشەرە لەباکوری ووڵاتدا. هەر لێرەشەوە پێویستە ئەوە بزانرێت کە دەوڵەتی تورکیاو AKP تاکو ئێستا هیچیان نەکردووەو سەرەڕای ئەمەش کردویانەتە ئەو هەراو هۆریایەو شەڕە قسەی نێوان AKP و GHP و MHP، مەسەلەکەش ئەوەیە کە پارتی گەلی کۆماری و پارتی نەتەوە پەرست تەنها باسکردنی پرسی کوردیان پێ تاوانە، چونکە لەبیرو بۆچوونی ئەوانەدا ئەم وووڵاتەی کە بەهەڵە ناوی نراوە تورکیا تەنها هی تورکە، تورکیا ووڵاتی هەموو نەتەوەو پێکهاتەکانە کەلەو خاکەدا دەژین. چونکە ئەوانە خاوەنی ئەو بیروباوەڕەن کە تەنها مافێک گەلانی غەیرە تورک هەیانە ئەوەیە کە تەنها خزمەتکردنە بەگەلی تورک و بەس.

بەڵام ئەوەش گرنگە کە بۆ یەکەمجارە لەمێژووی تورکیادا پرسی کورد ببرێتە ناو پەرلەمانی تورکیا. ئەمەش خۆی لەخۆیدا گۆڕانێک و وەرچەرخانێکی گەورەیە لەتەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد لەباکوور، کەئەوەی لەسەر شانی بووە کردوویەتی و ئەوەش بکەوێتە سەرشانی لەداهاتوودا ئەنجامی دەدات.

لەم بارەیەوە گەلی کورد تەڤگەری ئازادییەکەی باوەڕی بەچارەسەری تەواوەتی هەیە کە ڕێبەر ئاپۆ لە نەخشەی ڕێگادا بەڕوونی باسی کردووە نەوەکو چارەسەری ناکامڵ و نیوەچڵی. جا لێرەدا ئەگەر تورکیا باسی هاتنەوەی گەریلاکانی سەرچیاو خۆبەدەستەوەدانیان دەکات ئەوە خەیاڵیان خاوە. چونکە گەلی کورد بەردەوامە لەخەبات و تێکۆشان تاکو بەدیهێنانی سەرکەوتنی یەکجارەکی. هەروەها دەبێ دەسەلاتدارانی تورکیا باش بزانن کە ئەوان لەکاتێکدا باسی ئاشتی دەکەن دەبێ وازبهێنن لە هەڕەشەو کوشتن و بڕینی خەڵکی سڤیل و ڕەخنەگرتن لە DTP کە کاتێ DTP پێشوازی لە نوێنەرانی ئاشتی کرد لەسەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر کەلەسەر پێشنیاری ڕێبەر ئاپۆ لە مەخموورو قەندیلەوە بەرەو تورکیا گەڕانەوەو تورکیا پێی ناڕەحەت بوو. لێرەدا گەڕانەوەی پەیامبەرانی ئاشتی لە مەخموورو قەندیلەوەو لەدواییشدا لە ئەوروپا نیازپاکی گەلی کورد دەردەخات بۆ چارەسەری. بۆیە پێویست ناکات بەهەڵە لێکدانەوەی بۆ بکرێت و بڵێن ئەوانە خۆیان بەدەوڵەت ڕادەست دەکەنەوە، هیوای ئەوە بخوازن کە گەریلاکانی سەر شاخ چەک دابنێن، ئەوە خەونی شاعیرانەیانە. چونکە گەلی کورد بەردەوام دەبێت لە خەبات و تێکۆشان تا ڕۆژی بەدیهێنانی سەرکەوتنی یەکجارەکی......دەبێت دەسەڵاتدارانی تورکیا بەهۆش خۆیاندا بێنەوەو دەستبەرداری سیاسەتی دووفاقەیی بن و بەڕاستی بێنە مەیدان بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی پرسەکە. لەلایەکەوە باسی چارەسەر دەکەن و لەلایەکی ترەوە ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەن، ئەمە بەڵگەی بێتوانایی و نەشارەزایی سەرکردەکانی گەلی تورکە لە ئاست پرسە چارەنووسسازەکانی تورکیاو باکووری کوردستان.

بۆیە بەڕ ای من دەوڵەتی تورکیا جارێ تەنها لەقۆناغی قسەکردندایەو پرسی کوردیشی پێ چارەسەر ناکرێت بەڵکو دەیەوێت دووبەرەکی بخاتە نێو کوردانەوەو تەنها بە قسە وەک جارانی پێشوو بیەوێ رای ناوخۆو دەرەوە بخەڵەتێنێ.

هەر بۆیە لەم دووڕیانەدا یان ئەوەتا چارەسەری تەواوەتی پرسەکە لەگەڵ لایەنی کوردی *DTPو PKk* کە نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی گەلی کورد دەکەن یان ئەوەتا ڕوودانی شەڕێکی خوێناوی سەرتاسەری لە تورکیا تا ئەو کاتەی دەوڵەتی تورکیا جۆک دادەدا بەرامبەر ئیرادەی گەل و دەست دەکات بەدانوستاندنی راستەقینە لەگەڵ نوێنەرانی گەل.
10 12 2009

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە