راگەیاندنی هاوبیرانی كوردایەتی سەبارەت هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی هەرێم

Saturday, 18/05/2013, 12:00

1555 بینراوە


ئەم هەڵبژاردنەی 2013 دوای تێپەڕبوونی 22ساڵ دێت بەسەر دامەزراندنی قەوارە سیاسیەكەى باشوورى كوردستاندا ، ئەم ماوەیەش بەسە بۆ دووركەوتنەوە لە كەموكورتی و هەڵەو ناتەواویەكانی پێشترو ئەمجارە هەڵبژاردنێك ئەنجامبدرێ كەهەم لەگەڵ بارودۆخی نەتەوەكەماندا گونجاوبێ و هەم لە ئاستی هەڵبژاردنی وڵاتانی پێشكەوتوودابێ . 
بەباوەڕی ئێمە ،هەڵابژاردنێكی لەوجۆرە، ئەبێ ئەم مەرجانەى تێدابێ :
1- هەڵبژاردنی پەرلەمان لەسەر شێوەى بازنەییبێ نەك ریژەیی.بۆ ئەوەى هەر دەنگدەرێك بزانێ كێ هەڵئەبژێرێ و كێ ئەبێتە نوێنەری و لە ناو پەرلەمانیشدا هەمیشە چاودێریی ئەو نوێنەرەى خۆی بكات و بزانێ تا چەند چالاكەو سوورە لەسەر جێبەجێكردنی ئەركەكانی خۆی . لەم شێوە هەڵبژاردنەشدا مەترسیی تەزویر زۆر كەمترە ، ئەوەش بەخۆپاڵاوتنی تاكەكەس ئەبێ(هەركەس بۆناوچەكەى خۆی) نەك بە لیست . بەپێچەوانەی شێوەى رێژەیی كە بە لیستە(بۆ هەموو هەرێم) و نەدەنگدەر ئەزانێ كێ نوینەرێتی و نە هەڵبژێردراویش ئەزانێ نوێنەری چ ناوچەیەكە، مەترسیی تەزویریشی زۆر لیئەكرێ وەك لەهەڵبژاردنەكانی پێشتردا بینیمان .
2- بنكەی دەنگدان بۆ هەر دەنگدەرێك دیاریبكرێ و بۆی نەبێ لە بنكەیەكیتر دەنگ بدات.
3- ئەنجامی هەر سنووقێكی دەنگدان لەهەمان رۆژدا ئاشكرا بكرێ .
4- بارمتەیەكی كەم لە هەر پاڵیوراویك وەرگیرێ كە لە نیو ملیون دینار زیاتر نەبێ.
5- لە ئەگەری هەڵبژاردن بەرێژەیی و بەلیست، ئەم خاڵانە رەچاو بكرێ :
ا- لیستی كراوە یا نیوەكراوە نەك داخراو. 
ب- بڕی بارمتە لە دوو ملیۆن دینار زیاتر نەبێ بۆ هەر لیستیك.
پ- رێژەى 7% كەمكرێتەوە بۆ 1%
ئەوانە ، سەرباری ئامۆژگارییە ئاساییەكانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان .
6- هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لەلایەن خەڵكەوەبێ نەك پەرلەمان و ئەم پێشمەرجانەشی تێدابێ:سەربەخۆبێ یا دەس لەپارتییەكەی بكێشێتەوە،هیچ هێمایەكی گەندەلیی لەسەرنەبێ،جێدەستی لەخەباتی نیشتمانی و نەتەوەییدا دیاربێ،ئاستی رۆشنبیرییەكەی باڵابێ ،خێڵخوازی و ناوچەگەرێتیی نەكردبێ،پابەندبوونی خۆی بەم بوارانەوە رابگەینێ: سەروەریی یاسا،ئاڵوگۆڕی دەسەڵات،دەسپاكی،خەبات لەپێناوی سەربەخۆیی كوردستان و ئازادیی كوردا،ئاشكراكردنی سامانی خۆی.
ئێمەى هاوبیرانی كوردایەتی ئامادەیی خۆمان پیشانئەدەین بۆبەشداریكردن لە خۆپاڵاوتندا بە هەركام لەو دوو شێوەو مەرجانەى سەرەوە . بەپێچەوانەی ئەو مەرجانەی سەرەوەش، بەشداری لەخۆپاڵاوتندا ناكەین ، بەڵام لەهەموو بارێكدا بەشداریی لە دەنگداندا ئەكەین و ئاشكرایئەكەین دەنگ بەو لایەنە ئەدەین كە بیرو بەرنامەی لە ئیمەوە نزیكبێ ، بەتایبەتی لەم بوارانەى خوارەوەدا:
ا- وەستان دژی هەر كەرتبونێكی قەوارە سیاسیەكەی باشوری كوردستان ، یا زیاتر بەستنەوەی بە داگیركەرانی كوردستانەوە.
ب-گێڕانەوەى ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەى هەرێم بەرێگەى یاسایی، ئەگەر نا، ئەوا لەرێی هێزە وە. 
پ- كۆتاییهێنان بەپاوانكردنی ئەو جۆرە پارتایەتییەی بووە هۆی شەری ناوخۆ و تاڵانكردنی سامانی كوردستانو دروستبوونی هەموو جۆرەكانی گەندەڵی وچاوپۆشین لە پاشماوەكانی رژێمی بەعس.
ت- داڕشتنەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بەجۆرێك كە سنوری سروشتی و مێژوویی باشوری كوردستانی تیا دیاری بكرێت.
ج- هەموو داهاتەكانی كوردستان بچێتە گەنجینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە داهاتەكانی بەرهەمە نەوتیەكانەوەو دەستی حیزبەكان لەسەر ئەو داهاتانە هەڵگیرێو بنەمای "ئەمەت لەگوێ بوو؟" پەیڕەوبكرێ بۆ نەهێشتنی گەندەڵی.
خ- دامەزراندنی سوپایەكی بەرگری یەكگرتوو و پڕچەككردنی بەهەموو جۆرە چەكێكی بەرگریی ئەم سەردەمە.
د- مانەوەی باشوری كوردستان لەم قۆناغەدا بەلكاوى بە دەوڵەتی عیراقەوە ، بەندە بەوەوە ، كە پەرلەمانو حكومەتی ناوەندی لە بەغدا دانبنێن بە سنوری سروشتی و مێژوویی كوردستانو گەڕانەوەی ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستانو داننان بە مافی چارەنووسی نەتەوەكەماندا.
ر-كورد یەك نەتەوەیەوكوردستان یەك نیشتمانەو هەموو دەستكەوتێكی سیاسی و ئابووری ئاراستەبكرێ بۆ یەكێتی كوردو سەربەخۆیی و یەكگرتنەوەى كوردستانو ئازادیو یەكسانی كورد.
ز- جاڕدانی سەربەخۆیی باشووری كوردستان لە نزیكترین هەلی گونجاودا .
ئەوانە ، سەرباری رەچاوكردنی بنەماكانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و مافی كەمینەكان و عیلمانی و یەكسانیی هەردوو رەگەزو جیاكردنەوەى دەسەڵاتەكان و بیمەی بیكاری و دادی كۆمەڵایەتی و ...هتد
7-داواش لە هەموو هاوبیران و رۆشنبیران و هەموو تاك و كۆمەڵێكی نەتەوەیی نەتەوەكەمان ئەكەین باری سەرنج و پشتگیریی خۆیان بۆ ئەم راگەیاندنە بنێرن بەهۆی ئەم ئیمەیلەوە[email protected] یا بە مەسیجیك بۆ 07710132210


لەگەڵ رێزمان
هاوبیرانی كوردایەتی
باشووری كوردستان - 17/5/2013




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە